پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە یادی ٨ی مارسدا

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
08-03-2021

 

لە یادی ٨ی مارسدا  ڕۆژی هاوپشتی خەباتی ژنانی جیهان، پیرۆزبایی ئەو یادە مێژوییە لە ژنانی سەرگۆی زەوی بەگشتی و ژنانی کوردستان بە تایبەتی دەکەین، وێڕای ڕێز گرتن لەو یادە پشتیوانی لە خەبات و ماندووبوونی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز دەکەین کە لەم بارودۆخە ناهەموارەی ئێستای جیهان و کوردستاندا  لەپێناو دابینکردنی ماف و ئازادیەکانی ژنان  و دامەزراندنی دەستەڵاتێکی دادپەروەرو کۆمەڵگایەکی یەکسان و پێشکەوتوودا تێدەکۆشن، بەشانازییەوە خۆمان بە بەشێک لەو خەباتە دەزانین.

لە سەردەمی ئێستادا کە لەو ووڵاتانەی کوردستانیان داگیرکردووە قەیرانی فەرهەنگی و ئابوری، گران بوونی پێداویستیەکانی ژیان و زۆربوونی ڕێژەی بێکاری ژیانی  بەشێکی زۆرلەکۆمەڵگای لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی بەردەوام بەرەورووکردووە، کۆمەڵێک دیکتاتۆر دەستیان بەسەر دەستەڵاتدا گرتووە و هەموو سەرچاوەکانی داهاتیان قۆرغکردووە و هیچ کامیان لەبەرامبەر کۆمەڵگادا هەست بەبەرپرسیاریەتی ناکەن. لە وەها بارودۆخێکدا چەند شێوەی دیکەی زوڵم و زۆری لەسەر ژنان سەری هەڵداوە، کە بە هۆیانەوە ڕؤژانە ژنان توشی کێشەی ئاڵۆز و سوکایەتی پێکردن دەبنەوە، لە ئاکامدا ڕێژەی خۆ کوشتن و جیا بوونەوە و پەنابردن بۆ کاری نایاسایی بەرزدەبێتەوە و ژمارەیەکی زۆر لەژنان بە گشتی دەبنە قوربانی و بە هۆی ژنبوون لە مافی سروشتی ژیان بێبەش دەکرێن.

بۆ پێشگرتن لەو ڕەوتە ترسناکە لەکوردستان کە رووحم بەهیچ لایەک ناکات، هەر وەها بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانی ژنان، پێویستیمان بە خەباتێکی نوێ و زانستی و گشتگیر هەیە کە دوور بێت لە بەرژەوەندی تەسکی کەسی و حیزبی و کۆڕ و کۆمەڵی تایبەت کە بە هەنگاوی داهێنەرانە سنووری ناوچە و پێکهاتە لەیەک جیاوازەکان تێپەڕێنێت، بە کردەوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا جێبەجێ بکرێت و دەستکەوتەکانی بەهاوبەشی بپارێزرێن وگەشەیان پێبدرێت.

سەرکەوێ خەباتی ژنان و پیاونی یەکسانیخواز

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٨ی مارسی ٢٠٢١ی زاینی