پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
14-3-2022

هەشتی مارس ڕۆژ جیهانی ژن لە ژنانی جیهان و کوردستان بە گشتی پیرۆز بێت. 

دەرئەنجامە خەرپەکانی سیستمی سەرمایەداری، شەڕ و ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناەڕاست و لێکەوتە نەگەتیڤەکانی ئەو بارودۆخە ناهەموارە، سیاسەتی شۆڤێنیستی داگیرکەرانی کوردستان، کۆت و بەندی دەستەڵاتی پیاوسالاری،... بە هەموویان دۆزخێکیان بۆ ژنان پێکهێناو.

ئێستا لە کوردستان ڕۆژانە ژنان بە هۆی ژن بوون مافەکانیان پێشێل دەکرێن، بەردەوام سوکایەتیان پیدەکرێت، بە شێوەی جیاوز تەندوو و تیژیان بەرامبەر دەکرێت و دەکوژرێن، وەک وەسیلەی پارە پەیدا کردن بە کار دەهێندرێن، لە هەموو بوارەکاندا جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان مافی ژن و پیاو، تەنانەت بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگا بە هەموو مافەکانی ژنان ئاشنا نین. شەڕفرۆشی داگیرکەران بە خەڵکی کوردستان، ناکۆکی ناوخۆیی لایەنە سیاسیەکان، ناسەقامگیری کوردستان بە گشتی باری سەر شانی ژنانیان قورستر کردووە، بۆیە ڕۆژانە لە گەڵ ژیانێکی تاڵ و بە ئازار بەرەوروو دەبن و بەشێک لە ژنان لە بێئاسۆیی پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن.

لە دژی ئەو زوڵم و بێمافیە ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی  کوردستان بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادیەکانیان بە شێوەی لە یەک دابڕاو دەستیان بە خەباتکردووە، کە  لە چوارچێوەی ئیدئۆلۆژی حیزبی لەیەک جیاوازدا تێکۆشانی خۆیان درێژە پێداوە. ئەو ژنە تێکۆشەرانە ماندوو نەناسانە بەشدار بوون لە شێوەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان کە چەندین شاداستانی پڕ لە سەروەریان تۆمار کردووە. لە کاتێکدا ئێش و ئازارەکانی ژنان هاوشێوەی یەکترن و مافی هەموویان وەک یەک پێشێل دەکرێت بەڵام بەداخەوە جیاوازی هزروبیری حیزبایەتی ڕێگر بووە کە ژنانی کوردستان ببنە خاوەن دامەزراوەیەکی گشتگیر و ڕێگا چارەیەکی هاوبەش کە وەڵامدەرەوەی هەموو داخوازە ڕەواکانی ژنان بێت. کاروانی تێکۆشانی ژنان بە هەموو ئاستەنگیەکانی سەر ڕێگایەوە بەردەوامە و تا ئێستا چەندین ژنە کوردی شۆڕشگێڕ لە پێناو ڕزگارکوردستان و بەدەست هێنانەوەی ماف و ئازادی بۆ ژنان " تەوار" ئاسا گیانی خۆیان بەختکردووە و چوونە ریزی کاراونی نەمران.

ئێمە وێڕای ڕێز گرتن لە هەوڵ و ماندوو بوونی هەموو ئەو ژنانەی کە لە پێناو گەیەشتن بە مافە ڕەواکانیان تێدەکۆشن، دەستکەوتی خەباتی گشتیان بەرز دەنرخێنین و پارێزگاری لێکردن و گەشە پێدانیان بە ئەرکی سەر شانی هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دەزانین. لەو ڕوانگەوە پێمان وایە هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە دیاردەی توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان، بنبڕ کردنی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، هەڵاواردن و پێشێل کردنی مافی ژنان، سوکایەتی کردن بە ژنان و هەموو ئەو ناهامەتیانەی کە بەهۆی ژنبوون بەرۆکی نیوەی کۆمەڵگای کوردستانیان گرتووە ئەرکی هاوبەشی هەر تاکێکی مرۆڤ دۆست و پێشکەوتنخوازە. لە سەر ئەو بنەمایە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هەولبدەن بۆبەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری تاکی کورد بەگشتی. پێویستە ژنانی هاوچارەنووس ئەندامی هەر حیزب و لایەنێک بن لە سەر پرسە گرنگەکان و ڕێکارەکانی چارەسەری یەکدەنگ و هاوهەڵوێست بن. هەمووان بە یەکەوە داوای یاسای پارێزگاری لە مافی ژنان بکەن و بە وردی چاوەدێری جێبەجێکردنی بکەن. دووبارە لە یادەوەری هەشتی مارسدا پیرۆزبایی لە تێکڕای ژنانی سەرگۆی زەی دەکەین.

سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و پێشکەوتنخواز

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٨/٣/٢٠٢٢زاینی

١٧ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ کوردی