وتار
سیروان کاوسی
سیروان کاووسی
سەربەست ئازاد
سەربەست ئازاد
سیروان کاووسی
سەربەست ئازاد
هۆمەر
سەربەست ئازاد
سەربەست ئازاد
ڕێبوار حەسەن
کاوە سوور
ڕێبوار حەسەن
وەرگێڕانی بۆ كوردی: رەزا مەنوچەهری
سیروان کاوسی
ڕێبوار حەسەن

facebook Yeksani on Facebook

چەند سەرنجێک لەسەر ساڵی ٢٠١٧ و ساڵی تازەی زاینی!
سەربەست ئازاد

auImg

 

 

چەند سەرنجێک لەسەر ساڵی ٢٠١٧ و ساڵی تازەی زاینی!

 

 لە ساڵی ٢٠١٧ی زاینیدا، لە سەر ئاستی دنیا بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی، کۆمەڵێک رووداوی سیاسی و سەربازی روویان دا کە زۆربەیان بۆ کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و نەتەوە بندەستەکان زیان بەخش بوون و لە بەرژەوەندی سیستەمی نادادپەروەری سەرمایەداری و دیکتاتۆرە  کۆنەپەرستەکاندا بەرەوپێشەوە چوون. بێگومان بەرەوپێشچوونی ئەو ڕەوتە هەڕەشەیەکی ترسەناکە بۆ سەر دێموکڕاسی و ماف و ئازادیەکانی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی بەشمینەتی ناو کۆمەڵگا. ئەوەی کە بەڕەی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازی  پاشەکشێی کردوە و ڕەوتی دیکتاتۆری بەرەو پێشچووە، بە واتای ڕێک و پێکی سیستەمی بەڕێوەبەری و بە توانایی دەسەڵاتداران و دیکتاتۆران  نیە، بەڵکو  نیشانەی ئەو ڕاستیەیە کە تاکتیک و پلان و بەرنامەی کار و خەباتی بەرەی ڕزگاری و ئازادیخوازی لە ئاستی پێویستدا نیە  و هەڵە و کەم و کۆڕی زۆری تێدایە.

 

 ئەوەی کە پەیوەندی بە ژیان و خەباتی خەڵکی کوردستانەوە هەیە، بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان لە زۆر لاوە پێشکەوتووە، کە ئەو پێشکەوتنانە بوونە مڵکی خەڵکی کوردستان و جارێکی دیکە بەرەو دواوە ناگەرێنەوە، کە لێرەدا باس کردنیان پێویست نیە. بە مەبەستی کەم کردنەوەی کەم و کۆڕیەکان و پێشکەوتنی زیاتر ئاماژە کردن بە هێندێک لە هەڵە و کەم و کۆڕیەکان ئەرکێکی نیشتمانی و هەنووکەییە. وەک چۆن ساڵی ٢٠١٧ی زاینی بۆ خەڵکی کوردستان، ساڵێکی پڕ لە کێشە و رووداوی تاڵ و ناخۆش بوو، کە کاریگەری نەگەتیڤیان لە سەر کۆی خەڵکی کوردستان داناوە. لە باکوری کوردستان دوای ئەوەی لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە مەبەست شەڕهەڵگریسێندرایەوە، چەندین کەسایەتی سیاسی و پاڕڵمانتار و خەڵکی نیشتمانپەروەری کورد دەستگیر کران و حوکمی ناداد پەروەریان بە سەردا سەپێندرا. زۆر لە سەرۆک شارەوانیەکانی باکوری کوردستان بە زۆر لە سەر کار لابران و کەسانی نابەرپرسیان لە جێگا دانران. دەسەڵاتدارانی تورکیا لە سەر ئاستی ناوخۆ و دنیای دەرەوە بە گشتی دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام خەریکی پەلاماردان و جێبەجێکردنی پیلانی تازە و   بەرەوپێشبردنی سیاسەتی شۆڤێنیستی و سەپاندنی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەیانن، لەو پێناوەدا پەنا بۆ هەموو ڕێگایەک دەبەن و دەست لە هیچ سەرەڕۆیی و کردەوەیەکی دوژمنکارانە ناپارێزن . لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانە لە باکوری کوردستان بە هەمان میتیۆدی ساڵانی پێشوو بێگۆرانکاری بەردەوام لە ناو سەنگەری خەباتێکی پر لە فیداکاری و سەختدا بەرەورووی ئەو هێرشە سەربازیانە دەبنەوە کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بە چەند مەبەستی دیاری کراو بەڕێوە دەچن.

 

لە باشووری کوردستان دوای ئەوەی کە حکومەتی عێڕاق توانی بە هاوکاری دەرەکی بە سەر داعشدا سەرکەوی، هەوڵیدا وەک دەسەڵاتێک خۆی دەرخات. هەرچەند لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان ڕۆڵیان هەبوو لە گەیاندنی حکومەتی عێڕاق بەو ڕۆژگارەی ئێستای، کە بتوانی بوار بۆ داگیرکەرانی کوردستان بڕەخسێنی کە سەرڕای ناکۆکیەکانیان، لە دەوری یەکیان کۆ بکاتەوە و بە گەلەکۆمێ هێرش بکەنە سەر دەسەڵات و دەسکەوتەکانی خەڵکی باشووری کوردستان. لە بەرامبەردا لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان بە هۆی گیرۆدە بوون بە پەتای لە خۆ ڕازی بوون و گەندەڵی، بە هۆی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی نەیانتوانی دام و دەزگاکانی بەڕێوەبەری بکەنە دامەزراوەی نیشتمانی و نەیانتوانی کۆدەنگی پێکبێنن و یەک هەڵوێست بن بۆ بەرەوروو بوونەوەی روداو و پێشهات و کۆی مەترسیەکان، بەڵکو زیاتر لە یەک دابڕان. بۆیە بە پیلانی هاوبەشی داگیرکەران، دیسان کۆمەڵانی خەڵکی باشووری کوردستان لە گەڵ ژیانێکی سەخت و پڕ لە ئازار بەرەوروو بوونەوە و دۆزی ڕەوای خەڵکی باشووری کوردستان چەند قۆناغ بەرەو دواوە گەرایەوە، کە کاریگەری نەرێنی لە سەر هەموو کوردستانیان دانا.

 

لە ڕۆژ ئاوای کوردستان دوای ئەوەی کچ و کوڕە شەڕڤانە کوردەکان ڕۆڵی سەرەکیان گێڕا لە تێکشکاندنی داعش و ڕزگارکردنی رووبەرێکی زۆر لە خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سووریا، داگیرکەران دەیانەوێت بەر بە پێشکەوتنەکانی ڕۆژئاوی کوردستان بگرن. دەسەڵاتدارانی سووریا خەریکی خۆ گیف کردنەوەن بۆ هێرش کردنە سەر دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ئێران و تورکیە بە هاوکاری هێندێک لایەنی نابەرپرس هەوڵدەدەن بۆ لە بار بردنی دەسکەوتەکانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، مەبەستیانە دوو بەرەکی لە نێوان خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان درووست بکەن، بە هاندانی بەشێک لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ بەشداری کردن لەو کۆنگرەیە کە گوایە بۆ چارەسەری کێشەی سووریا هەر جارەو لە شوێنێک دەبەسترێ، بەڵام ڕێگری لە بەشداری پەیەدە لەو کۆنگرەیە دەکرێت. لە گەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرە ڕۆیانە سنوری ڕۆژئاوی کوردستانیان بەزاندوە و ڕاستەوخۆ دەست لە کار و باری ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان وەردەدن. یوئێن و ووڵاتانی دەرەوش لە منگە منگێکی شەرمنانە زیاتر رۆڵێکی روونیان نیە بۆ کشانەوەی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەر گرتن لە هێرشی ڕژیمی سووریا. مەترسی ئەوە هەیە کە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان بکرێتە قوربانی ڕێککەوتنی ژێر بەژێری دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، یا بەرژەوەندی هاوبەشی دوو زلهێزەکەی دنیا. بەڵام لە بەرامبەردا هیچ کۆ دەنگیەکی نەتەوەیی و پڕۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی نیە بۆ بەر پەرچ دانەوەی پیلانی دووژمنکارانەی داگیرکەران لە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامی کە دیکتاتۆرانە دەستی بە سەر دەسەڵاتدا گرتووە، ماف و ئازادیەکانی هەموو ئەو خەڵکەی پێشێل کردوە کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژیمەدا دەژین. کۆماری ئیسلامی بەشی زۆری داهاتی ئێران لە بەشی سەربازی خەرج دەکات و بەشێکی زۆریش دەداتە گروپە توندڕەوەکانی لایەنگری خۆی لە ناوچەکە، بۆیە لە ناوخۆی ئێران گرانی و بێکاری و برسیەتی و... بە شێوەیەکی بەرچاو ژیانی لە خەڵک تال کردوە. کۆماری ئیسلامی بە بیانووی ڕێگری کردن لە هاتنە ناوەوەی پیلانی دەرەکی، کە گوایە دەست لە کار و باری ناوخۆی ئێران وەردەدەن، هێزێکی زۆری لە سنوورە زۆرەملیەکان جێگیر کردوە. بە شێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ملیتاریزە کردوە، حکومەت نیزامی ڕانەگەیەندراوی بە سەر شار و گوندەکاندا سەپاندوو. هێزە داگیرکەرەکان بە بیانووی جۆراوجۆر چالاکانی مەدەنی، خەڵکی نیشتمانپەروەر، کاسبکار و کۆڵبەران دەگرن و دەکوژن، بە مەبەست گرانی و بێکاری و ترس و تۆقاندن و بێمتمانەیان لە کوردستان بڵاو کردۆتەوە،... کۆماری ئیسلامی سەرەڕای چەوساندنەوە و هەوڵدان بۆ جینۆساید کردنی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژایەتی بەرژەوەندیەکانی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات و دەست لە کاری ناوخۆی باشوور و باکور و ڕۆژئاوای کوردستان وەردەدات، کێشە و ئاژاوە و دووبەرەکیان لە ناودا دروست دەکات. لە بەرامبەردا زۆر لە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی چاو لە کار و کردەوە دووژمنکاریەکانی کۆماری ئیسلامی دەنوقینن. لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش  توشی پەتای لە خۆ ڕازی بوون و یەکتر پەراوێز خستن و قسەی زل و دروشمی بێکردوەوە بوون. هێندێک لە لایەنەکان چاوەڕوانی هێزی دەرەکین دەست لە کۆماری ئیسلامی بوەشێنی یا لە ناوخۆدا خەڵک لە رژیم ڕاپەڕی و ئەوانیش پشکێکیان پێببڕێت، هێندێکیشیان بە سەر دوو ڕەوتی ناو گۆڕەپانی کوردستاندا دابەش بوون و وزەی خۆیان لە کێبەرکێیەدا بە کار دێنن کە لە بەرژەوەندی دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا نیە. لەو ناوەدا بە هەموویان خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کردۆتە قوربانی، بۆیە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی خەبات لە ڕؤژهەڵاتی کوردستان  لاواز بوووە.

 

ساڵی ڕابردوو، لە دەرئەنجامی بوونی هەڵە و کەم و کۆڕیی زۆر و نەبوونی کۆدەنگی نیشتمانی لە ناو گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، کاروانی خەباتی ماف خوازانەی خەڵکی کوردستان توشی کۆمەڵێک شكست هات و کۆمەڵێک دەسکەوت لە دەست چوون. پێویستە هەموو دڵسۆزان و نیشتمانپەروەرانی کوردستان دامەزراوەیەکی نیشتمانی پێکبێنن، دوای دەست نیشانکردنی گشت کەم و کۆڕیەکان، لە پێناو ڕزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی و مافە ڕەواکانی خەڵک کوردستاندا، پێداچوونەوەیەکی هەمەلایەنە بە سەرهەموو لایەنەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا بکەن. پێویستە  ئێمەی خەڵکی کوردستان باشترین وانەی بەنرخ لەو شکستانەوە فێر بین کە لە ڕابردوودا بە سەرماندا هاتن، هەوڵبدەین لە خەباتی داهاتووماندا لە کات و شوێنی پێویستدا بۆ بەدەست هێنانەوەی ماف و ئازادیە پێشێڵکراوەکانمان کەڵکیان لێ وەرگرین. پێویستە لە زوترین کاتدا، لە سەر بنەمای پەروەردەی نیشتمانی بە شێوەی زانستی هەوڵبدرێت بۆ بردنە سەری وشیاری نیشتمانی و وشیاری ڕامیاری تاکەکانی خەڵکی کوردستان، تا بە ئیرادەی لە بن نەهاتوویان وزەی خۆیان بۆ سەرکەوتن و پاراستنی دەستکەوتەکان بە کار بێنن. ئەوەش بەوە دیتە دی کە لە داهاتوودا هەموو دانیشتوان کوردستان بتوانن بە شێوەیەکی یەکسان کەڵک لە  دەستکەوت و هەموو لایەنە خزمەتگوزاریەکان وەرگرن و سیستەم و دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و بە هی خۆیان بزانن و لە سێبەری ئەوەواندا ئاسایش ومافەکانیان پارێزراو بن.

 

لە کۆتاییدا وێڕای پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی زاینی لە هەموو مرۆڤایەتی و لە خەڵکی ستەمدیدە و ڕزگاریخوازی کوردستان، هیوادارم ساڵی ٢٠١٨ی زاینی ساڵی یەکێتی و سەرکەوتنی هەموو چەوساوەکان و ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بێت. ساڵی سەقامگیر بوونی ئاشتەوایی، دێمـوکڕاسی، ئازادی، سەروەری یاسا، مافی مرۆڤ، یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و کۆتایی ئازارەکان بێت. بەو هیوایە ساڵی تازە لە دەرئەنجامی پێشکەوتنی شارستانیەتی کۆمەڵگا بە گشتی سەرەتای سەردەمێکی نوێ لە پاراستن و پاک ڕاگرتنی  ژینگە بێت.

 

سەربەست ئازاد

 

١/١/٢٠١٨ی زاینی        

 

 


Start
Comment
Name:  
‌Email:
Comment‌:  
 

تایبەتی پێشوو
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
All Rights reserved to Yeksani.info