هێمن و فرمێسک و تاقەدار!

کاوە سوور
17-4-2016

مەهاباد مزگێنی پێ بوو بۆ بەیانی، بە کەسێشی نەدەگوت. تەنیا ئەوانەی کە یان بنەماڵەی شێخ و سەید و یان بنەماڵەی حیزبیی بوون سووسەیەکیان زانیبوو. بەڵام خۆ من هیچ بۆرە خزمایەتی, بگا لە رێگای حەز لێکەریشەوە بەوان نەدەگەیشتم، چڵۆن بۆنم کردبوو. شەو ڕاشکا، خۆی لە بەریەک رادەکێشا، منیش هاتووچۆی سەربان و بن هەیوانم دەکرد و دەچوومەوە ناو جێگا، دیسان جینگڵم دەدا. لە مێشکی خۆم دەمهێناو دەمبرد، شار سەر لە کازیوە تا ئەنگۆرە چۆن رادەخوشێ، چ دیمەنێک ساز دەکات ، چ وێنەیەک پێشان دەدات؟ چۆن فرمێسک و بزەی ئەو دیمەن و وێنە لە ناو شانۆیەکدا ئاوێتە دەکا و دەردەخات؟ بێژی شار بۆ مەی منداڵ و مێرمنداڵ، بۆ مەی گەرم و گوڕ وکوڕوکاڵ، دیلانێکی بە چێژ ساز بکات بڵێی ئەو شارە مێژووی " دایکی نشتمان" لە سەر پەردەیەکی سروشتی خەیاڵاوی دووپات کاتەوە؟ دەڵێی شار رابوردووە کوژراوەکانمان ئەم چەلەش بۆ وەبەر ژیان بێنێتەوە؟ یان گەرای کۆرپە ساواو تاقانەکەی کۆماری کوردستان بە خەیالیش پێ بگرێتەوە؟ شەو ڕا ناکات ، رۆژ ڕا نابێت!

بەیانی داهات! بەیانی داهات و من لە جینگڵدان رزگارم هات. رۆژ هەڵات! رۆژی مەهاباد هەڵات! ئەوانەی لەو شارە نەژیابن چێژی تینی هەتاوی بەرەبەیانی ئەو شارە وەکی من نازانن، چونکە بەو کرچ وکاڵییە زۆرم رۆژهەڵات لە زۆر شاران لە بەیانا دا دیبوو، بەڵام زەردەی بەیانی ئەم شارە لە ناو درزی هە چوار مەمکی" زاوا بووکان" " شیرن تەشی دەرێسێ" و " ناڵەی جوودایی" شێر دابوو . "زاوابووکان" تۆند تۆندلە ناو تەشقی ئاسمانا، نێوانی " شیلاناوێ" و شاری بە هەر چوار دەستان "رۆژ"یان بۆ ئەو "رۆژ"ە وەستاندبوو و تێیان دەگەیاند و پێیان دەگەیاند کە" رۆژ" نا بێ "رۆژ" بەجێ هێڵێ . دەبێ سەر چۆپی ئەورۆی شار وێنەکێش کات تا درەنگانێکی شەوێ، ئینجا بیداتەوە بە مانگەشوێ. " تاقەداریش" لەوبەری ڕا بەژن و باڵای لە لایەک لە تاو شینگێڕی بۆ "پردی سوور" و لە لایەکیش چاوەرێ و تامەزروێ توونێتی شکانی بە فرمێسیکی " هێمن" پێچەوانەی لانکەکەی زاوابووکان خۆی رادەژاند و دەستی بۆیان رادەداشت و رادەوەشاند و بە زمانی خۆیان تێدەگەیاندن کە ئەوە ، دەرکەوانی رزگاربووی کەونی شار و یەکەمیشە کە گەڵای بە سەر هێمن دا دەوەرێنێت. " سارم و میرقاز" لە لاشانی بێشکەی هێمن ( لاچین و شیلاناوێ) بزەیان بۆ زاوابووکان دەوەشان و باللۆرەیان لێ دەدا: ئێمە تاقەدارمان باش لێ دیارە، لە چاو هەموو خەڵکی ئەو شارە. " خەزایی و کانی شێخان" سوور هەڵگەراو ، بە تیشکی هەتاو، بە جووتە خۆیان گورجووگۆڵ دەکرد لای خوارووی شار بۆ " شاروێران" بە لەنجەیان خۆیان دەلەنگاند. "بەردەسپیان" کۆنە چاڵە بەفری شاری، بە نازەوە تاقەداری چاوبز دەدا و دەیگوت گەر " لە بەهاران خۆشە زمزیران" دەرکەوت، من دەیبینم . ئەوانە هەر هەموویان لە چوار لاوە بە چوار مەشقە ئەم شارەیان لە ئامێزی خۆ ناوە، بۆیە داگیرکەر گەر بێتوو تەواوەتی گیانلەبەرانی مەهابادێ راپێچ بکات. شاری لە دەست وان پێ دەر نایەت.

ئەو رۆژە لە ژێر رۆژدا، رۆژی داهات، خەڵکی شاری لە چوار لاوە بەرەو تاقەدار جمەی دەهات! پاڵەپەستۆ ونارەنار و دەنگەدەنگ هەرسێک لە ناو یەکدا هێزیان دەدا! هەنگاوەکان گوڕەیان دەهات! با بگەینێ تا " هێمن " نەهات، چاک دەزانین لە سەردەشتێ تا تاقەدار هەموو خەڵکی لادێ وگیاوگۆڵ ودەشت و گوڵزار، هێمن رادەگرن جار بەجار، لەسەرەخۆیی هێمن وخوێندنەوەی تا دەگاتێ دەبێتە ئێوار.

هەر چاوێک ببووە هەزارچاو، لە دوورڕا تۆزیان دەپێوا و لەنەکاوا حەنێکی(ماشێن) سپی هێدی هێدی و نەرمەکوتان بە بێ تۆز هات. دەتگۆت لە پێشان پلانی بۆ دارێژراوە! بێ یەک و دوو لە راست تاقەدار سەری داخست و دەرکەری ناوەراستێ کراوە! لەولا و لەولای یەک دوو کەسیش هاتنەخوارێ. هیمنێکی چاو خەواڵوی لێوبەبزە و نە باڵابەرز و نە زۆریش کورت و نە قەڵە و نە گەلەک رەقەڵۆکە، نەیدەزانی ڕوو لە کێ کا! هەست و بەخێرهێنانی ئاپۆرایی بە کوتنەوەی:

"کوردەواری ئەی ولاتە جوانەکەم!

رۆڵەکەم، باوانەکەم، خێزانەکەم!

ئەی ئەوانەی قەت لە بیرم ناچنەوە!

ئێستا بم بینن بڵەی بمناسنەوە؟

دێم و دێم و دێم و دێم ودێم ودێم ودێم"

..................................................

کە دێتی ئەو دیمەنە هێمن، نێوقەدی دەر هێنا لە ماشێن، لێی بڕا بزە و پێکەنین و لە گەل ئێمە دەیکوتەوەو و بە فرمێسکان کردی بە شین! تا هەنووکە سەد مخابن نەمدیتەوە ئەو رۆژە نە بە وێنە و نە بە فیلم . هێمن و فرمێسک و تاقەدار، تێکەڵ بوون لە گەڵ باوەشی شار!

......................................................................................

نەورۆزی ٢٠١٠

کاوە سووور