ژیانی بە ژان و پڕ تراژیدیای خەڵکی کوردستان تا کەی؟

سەربەست ئازاد
12-5-2017

 

بە داخەوە لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، زۆر لە تاکتیکەکان لە سەر بنەمای زانستی و بە پێی بەرژەوەندی نیشتمانی  دا نەڕژاون. زۆر جار بڕیار و چالاکی و تاکتیک و پەیوەندییەکان لە خزمەت ستراتیژدا نەبوون. بە پێچەوانە ستراتیژ کراوەتە  قوربانی تاکتیک و بەرژەوەندی حیزبی، وەک پێویست کار بۆ بنیات نانی پڕۆژەی ستراتیژی و نیشتمانی  نەکراوە. تا ئێستا  لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پەیماننامەیەکی ناو خۆیان واژۆ نەکردوە، کە هەموویان  ڕێزلە یاسا بگرن، بە کردەوە دێموکراسی جێبەجێ بکەن، شەڕی ناوخۆ بە تاوان ئەژمار بکەن، لە مەڕ شێوەکانی خەباتی مەدەنی و خەباتی چەکداری، مافی ژن، جیای ئاین لە سیاسەت، پەیوەندی لە گەڵ داگیرکەران، لۆبی کوردی لە هەندەران... یەک هەڵوێست بن. بەڵام زۆر جارهاوپەیمانیان لە گەڵ ئەو لایەنە سیاسیە غەیرە کوردانە پێک هێناوە کە لە گەڵ حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان ناکۆکیان هەبووە. لە کۆتایشدا کاتێک ئەو لایەنانە سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە، لە بەڵێنی خۆیان پەشیمان بوونەتەوە، ئەوانیش وەک داگیرکەرانی پێشوو وردە وردە دەستیان بە پێشێل کردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان کردۆتەوە، تا بوونەتە دیکتاتۆری عەیار بیست و چوار و زۆر نابەرپرسانە هەڵسوکەوتیان کردوە و هیچ ماف و ئازدیەکیان بە ڕەوای خەڵکی کوردستان نەزانیوە.  لە ڕابردوودا لایەنە سیاسیەکانی کوردستان  چەندین جار لە کات و سەردەمی لە یەکجیاوازدا بە مەبەستی ڕێککەوتن لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستان لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستان چوونەتە  سەر مێزی وتوێژ . بەڵام هیچ یەک لەو وتوێژانە سەرکەوتوو نەبوون و دەسکەوتێکی پایەداریان بۆ خەڵکی کوردستان بە دەست نەهێناوە. تەنانەت دوا ئاکامی زۆرێک لە هاوپەیمانی و وتوێژەکان  زۆر بە گران  لە سەرخەڵکی کوردستان وەستاون، زیانی گەورەیان بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان گەیاندوە. لەو پەیوەندیەدا وێڕای دانی باجێکی زۆر، گەڵیک دەرفەتی باش و کاتی زێڕین لە دەست خەڵکی کوردستان چووە، کە بە چەندین ساڵ جارێک  ئەو هەل و دەرفەتانە  بۆ خەڵکی کوردستان دەڕەخسێن، دەبێ زۆر چاوەڕوان بین تا جارێکیتر هەلێکیترمان بۆ دەڕەخسێ.

  لە سەردەمی نوێدا ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کاتیک خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران ڕاپەرین، کۆماری ئیسلامی بە ڕیبەرایەتی خومەینی دەستی بە سەر دەسەڵاتدا داگرت. لەو سەردەمەدا کە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگارکرابوو، جۆڵانەوەیەکی بەرفراوان و چالاک لە مەیدانی خەباتدا بوو. کۆماری ئیسلامی  بە مەبەستی خۆ بە هێز کردن و کات بە سەر بردن تاکتیکی وتوێژ لە سەر مافەکانی خەڵکی کوردستانی بە کار هێنا، لە گەڵ چەند لایەن وەک نوێنەری ئەو کاتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە وتوێژکرد. هێندێک لە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان ئەو بانگەوازەیان بە هێند وەرگرت و بە گەرمی بە پیریەوە چوون، لە شاری مهاباد میوانداری نوێنەری کۆماری ئیسلامیان کرد. لایەنە کوردیەکانی بەشدار لەو وتوێژەدا، بە پێی  بۆچوونی خۆیان، داخوازی خەڵکی کوردستانیان لە چەند خاڵدا کۆ کردەوە و داوایان لە کۆماری ئیسلامی کرد کە بۆیان جێبەجی بکات. بە جێگای خۆپێگەیاندن و لە دەوری یەک کۆ بوونەوە و داڕشتنی بناغەی دەسەڵاتێکی خۆجێی، چاوەڕوانی کۆماری ئیسلامی بوون مافەکانیان بۆ دابین بکات. (شایانی باسە ئێستا هیچ لایەک وەک پێویست خۆی بە خاوەنی هەموو خاڵەکانی  ئەو داوکاری نامەیە نازانن!) کۆماری ئیسلامی ئێران کاتێک بە تەواوی دەستی بە سەر ئێراندا گرت و جێ پێی خۆی قایم کرد، گوێی بە داخوازی و مافەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەدا، لە ماوەیەکی کەمدا شەڕی بە سەردا سەپاندن و لە " سنە و پاوە و نەوسوودەوە" دەستی بە جینایەت لە گەڵ خەڵکی کوردستان کرد و فەرمانی جیهادی لە دژی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند و بە کردەوە جێبەجێی کرد.

کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی یەک دەست کردنی دەسەڵات زۆربەی جودا بیر و حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ئێرانی بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان پاڵ پێوەنا. لە گەڵ ئەوەشدا  بە بەرنامە دەستی بە داگیرکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. خەڵکی خۆشی لە خۆ نەدیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیسان کەوتنەوە ژیر چەپۆکی دیکتاتۆرێکی دیکە بە ناوێکی تر. کۆمارێ ئیسلامی لە پاداشتی هاوکاری و هەوڵدانی خەڵکی کوردستان بۆ روخاندنی ڕژیمی پاشایەتی، زوڵم و چەوساندنەوە و سەرکوت و ئەشکەنجە و ترس وتیرۆری بە دیاری بۆ هێنان. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای هەست کردن بە ناورۆکی سیاسەتی دژە کوردی  کۆماری ئیسلامی، بەو  بیر و بۆچوونە نامۆ بوون کە ئەو ڕەوتە تازە بە دەسەڵات گیشتوە دەیویست بە سەریاندا بسەپێنی. بۆیە بە پێی توانایان بۆ بەرگری لە خۆ کردن و پاڕاستنی دەسکەوتەکانیان دەستیان بە تێکۆشان کردەوە و بەرەو روی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەبوونەوە. بەڵام بە داخەوە لەو کاتە ناسکەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەڕی ناوخۆی هەڵگیرساند و کۆمەڵەش درێژەی بەو شەرە خۆ کوژیەدا. مخابن ئەو دوو هێزە تا ئێستاش بە فەرمی داوای لێ بووردنیان لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکردووە. لە  ئاکامدا ڕۆژهەلاتی کوردستان کرا بە مەیدانی پێنج شەڕی لە یەک جیاوازی نێوان حیزبی دێموکڕات و کۆمەڵە، کۆماری ئیسلامی و خەڵکی کوردستان ، کۆماری ئیسلامی و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، کۆماری ئیسلامی و حکومەتی ئیراق، لە سەروی هەمووشیانەوە شەڕی کۆماری ئیسلامی شیعە مەزهەب لە گەڵ مەزهەبی  سوننە و ئاینەکانی تر. بەو شێوە نەهامەتی هەموو ئەو شەڕە ماڵ وێرانکەرانە یەخەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان گرت و ژیانیان لێ تاڵتر کردن.

دوای شەڕ لە گەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و داگیرکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەربەدەر کردن و گرتن و کوشتنی چەندین پێشمەرگە و خەڵکێکی زۆری مەدەنی، تیرۆرکردنی ئەندامی لایەنە سیاسیەکان، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە سەر بنەمای پشت بەستن بە دروشمی " دێموکڕاسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان" یەک لایەنە و بە تەنیا  و تەنانەت بە بێ ئاگاداری لایەنی سێهەم کە ئەمنیەتی بەشداربووان بپارێزی، لە گەڵ دەسەڵاتیکی دیکتاتۆر و ترۆریستپەروەری وەک کۆماری ئیسلامی بە نەهێنی دەچێتە سەر مێزی وتوێژ! دەسەڵاتێک کە هەموو یاسا و پرەنسپیە ئەخلاقی و نێونەتەوەییەکانی ژێر پێ خست و لە  سەر مێزی وتوێژدا لە ڕێکەوتی ٢٢ی پوشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاویدا نەمر"دکتۆر عبدولڕەحمان قاسملوی" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ڤیەن پایتەختی ئوتریش تیرۆر کرد.

 لە کاتێکدا تازە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر چەپۆکی ڕژیمی پاشایەتی ڕزگاریان ببوو، دڵخۆشیەکی زۆر لە ناخی خەڵکی ناوچەکە سەری هەڵدا، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا، دیسان ماف و ئازادیەکانیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کەوتنەوە بەر هەڕەشە. لە کاتێکدا  کە تازە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دامەزرابوو، ئایا کاتی ئەوە بوو کە نەمر " مامۆستا سەید ڕەشیدی حوسێنی"  کەسایەتی سیاسی ونوسەر و شارەزا لە وێژەی کوردی وخاوەن هزر و بیری کوردستانی و سکرتێری کۆمەڵەی یەکسانیی، لە گەڵ چەند هاوڕێێکی کەمدا ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕی چینایەتی یەکیتی جووتیاران  لە گەڵ ئاغا خاینەکانی کوردستان بێت و لە شەڕێکی نابەرابەردا لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاویدا گیان بەخت بکات؟ ئەگەر ئەو سەرکردە دڵسۆزەی کوردستان کە دایم پشتیوانی ڕاستەقینەی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەموو چەوساوەکان و ئاڵا هەڵگری سەربەخۆیی کوردستان بوو، لە ژیاندا مابا، بە لێهاتوویی خۆی و بە نوکی پێنووسەکەی دەیتوانی خزمەتێکی زۆر بە خەڵکی بەش مەینەت و کێشەی ڕەوای خەڵکی کوردستان بکات. بەڵام بە شەهید بوونی ئەو سەرکردە ماندوو نەناسە زیان بە  هەموو چەوساوەکان  گەیشت.

لە باشووری کوردستان هەر کات دەوڵەتی ئێراق لاواز بووبێت پەنای بردۆتە بەر تاکتیکی "موفاوەزات"، لایەنەکانی کوردستانیش بە سینگ فراوانی پێشوازیان لەو هەڵوێستەی کار بە دەستانی ئێراق کردوە. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێراق هەر کات بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون پەشیمان بوونەوە و پەلاماری خەڵکی کوردستانیان داوەتەوە. تەنانەت دوای ڕاپەرینی ١٩٩١ی زاینی کە حکومەتی ئێراق لە سەر لێواری مەرگ بوو، لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان  لە ناو هەموو شێوازەکانی خەبات تاکتیکی وتوێژ لە گەڵ حکومەتی بەعسی ئێراقیان هەڵبژارد! کە دیسان هیچ بەرهەمێکی بۆ خەڵکی کوردستان نەبوو. ئەو ڕژیمە لە سەرە مەرگیشدا خەریکی چەواشەکاری و دژایەتی کردنی خەڵکی کوردستان بوو.  تا لە ساڵی ٢٠٠٣ی زاینی حکومەتی بەعسی ئێراق بە یەکجاری روخا و لە دوای خۆی چەندین کێشە و ئاژاوەی بۆ خەڵکی ئێراق و باشووری کوردستان بە جێهێشت. لەو سەردەمەدا کە سوپای تۆکمە و پڕ چەکی ئێراق لە بەر یەک هەڵوەشابوو، سەرە ڕای هەموو کەم و کۆڕیەکانی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەنیا هێزێکی ڕێکخراو بوو کە لەو کاتدا بتوانی بارو دۆخی دەورەی گۆڕانی دەسەڵات کۆنترۆڵ بکات. مخابن لەو کاتەدا بە جێگای ئەوەی  پێشمەرگەی  هەموو لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان بکرێت بە یەک هێزی پێشمەرگەی هاوبەش و کەم و کۆڕیەکانی چارەسەر بکرێن، سوپایەکی نیشتمانی لێ دروست بکرێت، وەک دامەزراوەیەکی نیشتمانی بخرێتە خزمەت پاڕاستنی بەرژەوەندی  گشتی خەڵکی کوردستان، سەرڕای هەبوونی بەری کوردستانی، هەر لایەنە و بە تەنیا هەوڵی دەدا خۆی بە هێز بکات و دەست بە سەر شار و ناوچە و دەروازەی سەر سنوورەکان و بنکەی گومرگ و کێو و دۆڵی زیاتر دا بگری. هەر لە سەر ئەو دەست بە سەر داگرتنەی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ کردنی شوێنە جیا جیاکان، سەر لەنوێ ناکۆکی دروست بۆوە. لەو سەر دەمە هەستیارەدا، هەوڵدرا جەلال تاڵەبانی وەک  یەکێک لە سەرکردە بە ئەزمونەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی کە دەیتوانی ڕۆڵی هەبێت لە ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی باشووری کوردستان، لە پێناو بەرژەوەندی کاتی لە هێزی پێشمەرگە داببڕەرێت و لە ٦/٤/٢٠٠٥ی زاینی بە سەرۆک کۆماری ئێڕاق هەڵبژێردراو و لە بەغدا وەک سەرۆک کۆماری ئێڕاق ئەرکدار کرا. لەو بارودۆخە شێواوەی ئێراقی ئەوکاتدا بەرەوروی چەندین کێشەی ئاڵۆز بۆیەوە و شانی دا بەر چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێراق. لەو کاتەدا لە لایەن لایەنە سیاسیە دەستڕۆیشتوەکانی باشووری کوردستانەوە هەوڵدرا حکومەتی ئێراق ڕێکبخرێتەوە و سوپا تێکروخاوەکەی سەر لە نوێ بنیات بنرێتەوە. دوایش هەر ئەو سوپایەی کە بە هاوکاری لایەنە سیاسیەکانی باشووری کوردستان ڕێکخرایەوە، بوو بە هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی کوردستان.  لە کۆتایدا نەک کار بۆ ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو و سوپای نیشتمانی نەکرا، بەڵکو بە فەرمانی لایەنە سیاسیەکان هێزی پێشمەرگە تووشی شەڕی ناوخۆ بوو. شەڕی نێوان " یەکیتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دێموکڕاتی کوردستان" و شەڕی هاوبەشی"پارتی دێموکڕاتی  کوردستان و یەکیتی نیشتمانی کوردستان" لە گەڵ " پارتی کرێکارانی کوردستان" و شەڕی نێوان " حکومەتی هەرێم " و هێندێک لە " لایەنە ئیسلامیەکانی"  پێکرا. بە داخەوە ئێستاشی لە گەڵ بێت دوای بیست و شەش ساڵ دەسەڵاتی خۆجێیی لە باشوری کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە فەرمانی لایەنە سیاسیەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حیزبی دەجۆڵێندرێت و بۆ چاوترسێنکردنی لایەنێکی دیکەی کوردستان بە کار دە‌هێندرێت! بۆیە دوای چەندین کارەسات و تراژیدیا، پێویستە هەر تاکێکی پێشمەرگەی کوردستان واتای ناوی پێشمەرگە و ئەرکی سەر شانی و ڕادەی دەسەڵات و مافەکانی خۆی بزانی. لەو چوارچێوەدا خزمەت بە خاک و خەڵک و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستان بکات، هەر جۆڵە پێکردن و کار و فەرمانێک کە لە دەرەوەی بەرژەوەندی نیشتمانی بوو قەبووڵی نەکات و دژایەتی بکات. وەک سەمبووڵ نەتەوەیی پارێزەری  ئازادی بێت و کەسایەتی خۆی  وەک نیشتمانپەروەرێک بە پاکی بپارێزی و دژی گەندەڵی بێت، داوای سەروەری یاسا و بە کردەوە جێبەجێکردنی دێموکڕاسی و پێکهێنانی سپای نیشتمانی و سیستمێکی دادپەروەرانە و سەربەخۆیی کوردستان بکات.

لەو کاتەوە کە پارتی کرێکارانی کوردستان لایەنی چالاک و بەرچاوی ناو مەیدانی خەبات لە باکوری کوردستان بووە، ڕاستە بەردەوام لە گەشە کردن و بەرفراوان بوون دابووە و زۆر  کاری بە نرخ و داهێنانی جوانی کردوە، بەڵام  بێ هەڵە و کەم و کۆریش نەبووە. سەرتا بەشی زۆری ئەو کەسانەی لە دەوری پارتی کرێکارانی کوردستان کۆبوونەتەوە بە هۆی بیری کوردستانی و سەرربەخۆییخوازی ئەو پارتەوە بووە. مخابن هەنووکە ستراتیژی پەکەکە بۆ زۆرێک لە خەڵکی کوردستان روون نیە. ئەوەی کە ئێستا بە چاو دەبینرێت  وزە و توانا و هەزینەیەکی زۆر بۆ ئامانجێکی دیکە پێچەوانەی بیری سەربەخۆییخوازی بە کار دێت.  بەڵام هیچ لە هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی تورکیا نە گۆڕاوە. تەنیا هێندێک لایەن نان و پیوازی پێوە دەخۆن و شۆڤێنیستەکانی تورکیاش هەرچی لە دەستیان هاتوە کردویانە، ئەوەی کە نەیانکردوە لە دەستیان نەهاتووە، نەک خاتری پەکەکەیان گرتبێت و روحمیان بە خەڵکی کوردستان کردبێت، چوون داوای سەربەخۆیی ناکەن لە زوڵم و زۆری خۆیان بۆسەر خەڵکی کوردستان کەمیان کردبێتەوە. داگیرکەرانی کوردستان لە ناوەرۆکدا هەموویان یەک بابەتن، کاریان بەوە نیە خەڵکی کوردستان سەر بە کام لایەنی سیاسیە و داوای چی دەکات، گرنگ ئەوەیە کوردە، لە هەر دەرفەتیک کە بۆیان بڕەخسێت هەوڵی لە ناو بردنی خەڵکی کوردستان دەدەن، دایم خەون بە جینۆساید کردنی خەڵکی کوردستانەوە دەبینن. خۆ ئەگەر داوای سەربەخۆیش کرابا هەر ئەو باجەمان دەدا کە لە ڕابردوو داومانە. بۆیە لە جێگای خۆیدا نیە کە ئەو وزە و توانا زۆرە لە پێناو " خودموختاری یا فیدڕاڵی یا کۆنفیدراڵی" بە کار بهێندرێت و ئەو هەموو قوربانیەیان بۆ بدرێت. لە کاتێکدا ئەو شێوە چارەسەرانە بۆ خەڵکی کوردستان ڕزگاری یەکجاری نیە، کورد بە نەتەوە سەردەستەکانی تورک، فارس، عەرب و ووڵاتەکانی تورکیا، ئێران، ئێراق، سووریاوە گرێ دەداتەوە.  کە لە ڕاستیدا چوار پێکهاتەی لە یەک جیاواز و پێنج ووڵاتی هاوسنورن، هەموویان خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندی و بەرژەوەندی خۆیانن و هیچیان حازر نین بە خاتری چاوی جوانی کورد واز لە کەمترین بەرژەوەندیی خۆیان بێنن. کە واتا بۆچی خەڵکی کوردستان دەست بەرداری هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی خۆی بێت کە مافێکی سروشتی خۆیەتی و بە زۆر لێی زەوت کراوە؟

  ئایا پارتی کرێکارانی کوردستان بەو پێگە و ئەو ئیمکاناتە زۆرەی کە هەیەتی، لە کاتی پیلانە هاوبەشەکەی دەسەڵاتدارانی تورکیا و سوریا بەڕێز"عەبدوڵڵا ئۆجەلانی" لە ناو خۆیی کوردستان پێ ندەپارێزرا؟ مەخابن بە بێ دڵنیا بوون و وەرگرتنی گرەنتی لە شوێنێکی باوەڕپێکراو کە بەڕیز ئۆجەلان وەک سەرکردەیەکی دیاری کورد بپارێزێت، ڕێگای کۆچ بەرەو هەندەرانیان هەڵبژارد، کە لە گەلە کۆمەیەکی ناجوانمێرانەدا لە ڕێکەوتی ١٥/٢/١٩٩٩ی زاینی لە نایروبی پایتەختی کینیا دەستگیر کراو  ڕادەستی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کرایەوە.  لەو کاتەوە  گرتن و لە بەندیخانە هێشتنەوەی بەڕیز ئۆجەلان ئازار و کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و پارتی کرێکارانی کوردستان بە تایبەتی  بە دواوە بوو. دەسەڵاتدارە ڕەگەز پەرستەکانی تورکیا وەک کارتی فشار بۆ سەر خەڵکی کوردستان ئەو سەرکردە کوردە ئازار دەدەن، کە ئەوە سووکایەتییە بە هەموو خەڵکی کوردستان.

 پارتی کرێکارانی کوردستان چەند جار یەک لایەنە داوای ڕاگرتنی شەڕ و بە ئاشتی چارەسەر کردنی دۆزی ڕەوای خەڵکی باکوری کوردستانی لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا کردوە. بەڵام دەسەڵاتدارنی تورکیا گوێیان بۆ  بانگەوازی ئاشتیخوازانەی لایەنی  کورد نەگرتوە، وایان لێکداوەتەوە کە لایەنی  کورد بە هۆی لاوازی داوای  ئاشتی لەوان دەکات، بۆیە زیاتر پەستانیان خستۆتە سەر خەڵکی باکوری کوردستان و پەلاماری پارتی کرێکارانی کوردستانیان داوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ی زاینی پارتی بەناو داد و گەشە پێدان بۆ گەیشتن بە چەند ئامانجی تایبەت لە هەوڵێکی چەواشەکاریدا، لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ماوەیەک درێژەی بە وتوێژ دا.  خۆیان وا  نیشان دەدا کە هەوڵدەدەن بۆ بە ئاشتی چارەسەر کردنی  کێشەی خەڵکی باکوری کوردستان، کاتێکیش کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە ئامانجی خۆیان گەیشتن پڕۆسەی ئاشتیان پەک خست. بە مەبەست شەریان بە سەر خەڵکی باکوری کوردستاندا سەپاندەوە. بە داخەوە ئەو وتوێژەش وەک چەندین وتوێژیتری نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و داگیرکەران هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵکی کوردستان بە دواوە نەبوو. بەڵام لە دەرئەنجامی بڕیاری هەڵە و دیسان دڵسافی لایەنی کورد، کە لە روی سۆزداری تێکەڵاوی روداوەکان بوون، بێ گوێ دانە ڕۆڵی شاراوەی میت، لە پێشهاتەکانی کاتی وتوێژ نزیک بوونەوە. بۆیە زۆر کەسایەتی دڵسۆز و نیشتمانپەوەر و کار لە دەستهاتووی بە کەڵک بۆ خەڵکی هەژاری تورکیا و باکوری کوردستان، لە لایەن کار بەدەستانی تورکیاوە دەستنیشانکران و دوای گیران و ڕاپێچی بەندیخانەکانی تورکیا کران، کە بە لە دەستدانی هەر یەکێک لەو کاسایەتیانە زیانێکی گەورە بە خەڵکی کوردستان و مرۆڤایەتی دەگات.

لە ڕۆژئاوای کوردستان  لە ٢٠١١ی زاینیەوە کچان و کوڕانی ئەو هەرێمە بە  لە خۆ بردوویی و ئیرادەی خۆیان سەرنجی هەموو لایەکیان بە لای خۆیاندا ڕاکێشاوە. ئەوەی کە بۆتە هۆی ئازاری  کوردستانیان، سەرهەڵدانی ناکۆکیە لە ناو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و دوور کەوتنەوەی دەسەڵاتی بەرێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستانە لە بیری سەربەخۆییخوازی.  بە تایبەت کاتێک لە کۆتایی مانگی ١٢/٢٠١٦ی زاینی لە کۆنفرانسێکدا کە لە ڕەمێلان بەسترا، سیستمی فیدڕاڵی ڕؤژئاوای کوردستان کرا بە سیستمی " فیدڕالیزمی باکوری سووریا" لە کاتێکدا پێشتر لە کوردستان ئەو هاوپەیمانەتیە و ئەو شێوە ڕێگا چارەسەرە  تاقی کراونەتەوە و ئاکامی باشیان نەبووە  و هیچ لە کێشەکانی خەڵکی کوردستانیان چارەسەر نەکردوە. لە وانەیە ئەو تاکتیکە لە داهاتوودا کێشەی تر بخوڵقێنی. ئەزموونی ڕابردوو پێمان دەڵێت ئەو سیاسەتە لە داهاتوودا ئاکامی باشی نابێت. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هاوپەیمانی دوو لایەن لە سەر ئەو بنەمایە بێت کە پارتی یەکیتی دێموکڕات بۆ ڕزگارکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، وێڕای هەوڵدان بۆ لە دەوری یەک کۆ کردنەوەی هەموو لایەنە کوردیەکان، هاوکاری لە سوپایی سووریایی دێموکڕات وەرگری بۆ گەیشتن بە مافەکانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، بە هەمان شێوە بۆ ڕزگار کردنی سووریاش هاوکاری سوپای سووریای دێموکڕات بکات. پێویستە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و دەسەڵاتی ئەو هەرێمە ورد بین و دووربین بن، هەڵەیەکی بچووکی ئێستا دەبێتە هۆی دانی باجێکی گەورە لە داهاتوودا. بۆیە زەرورە پشوو درێژ بن و لێکدانەوەی زۆریان هەبێت، بە بێ وەرگرتنی گەرەنتی بۆ پشتیوانی لە دوا ڕۆژیان، پشت بە هیچ یەک لە دەسڵاتەکانی ناوچەکە و دنیای دەرەوە نەبەستن.  

بە داخەوە خەڵکی کوردستان ئەو کات کە سەرکردە بە توانا و کەسایەتیە لێزان و خاوەن بەهرەکان لە ژیاندان وەک پێویستە قەدریان نازانن و کەڵک لە ڕۆڵ و کاریگەریەکانیان وەرناگرن. بە هەڵسوکەوتی نابەجێ لە گەڵیاندا، یا دەیانکەن بە دێکتاتۆر یا دەیانکەن بە گەندەڵ و سەرمایەدار، یا لە بێ بەرنامەیی و نەبوونی دامەزراوەی نیشتمانی و دوور نەبینی لە کار و چالاکی نا پێویستدا بە کوشتیان دەدەن. دوای بە  بەشێک لە تایبەتمەندیەکانیاندا هەڵدەڵێن، کە هیچ سوودێکی بۆ ئەوان و  نەوەی ئێستا و داهاتوو نیە. لە هەر شوێنک کە کەسایەتیەکی لێزان لە هەر بوارێک دا هەڵکەوت و لە سەر ئاستی ناوخۆ و هەندەران ناسرا و دان بە زانستەکەی دانرا، بە تەنیا مڵکی بنەماڵە و حیزب و لایەنێکی دیاری کراو و داخراو نامێنی، بەڵکو دەبێت بە سامانی گشتی یا دەبێت بە مڵکی چین، نەتەوە، ووڵات تەنانەت جیهانیش. بەڵام حیزبە کەلاسیکەکانی لای خۆمان لە بەر نەبوونی پڕۆژەی ستراتیژی ونەبوونی دامەزراوەی نیشتمانی و بە هۆی بێ پلانی و بەرچاوتەنگیان، ئەو مرۆڤە گەورانە بچوک دەکەنەوە بۆ ئاستی مانەوە لە چوار چێوەی تەسکی بنەماڵەیی و حیزبی و ناوچەیی و لە کۆتایدا دەیانکەن بە کۆیلەی مادە و گرێدراوی کورسی و پلە و دەسەڵات! کە لە وەها بارودۆخێکدا، وەک پێویست کەڵک لە توانا و لێزانی و ئەزموونی کەڵەکە بووی چەندین ساڵەیی کەسایەتیە خاوەن بەهرەکان وەرناگیرێت، تا لە پڕ لە دەست دەچن، دوای کاتێک بۆشایی ئەو کەسایەتیانەیان بۆ پڕ نابێتەوە، بۆ کاتی لە دەست چوو پەشیمان دەبنەوە. نمونەی زیندوو، ئایا پێویست بوو "دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو" لە گەڵ کەسێکی پلە نزمی کۆماری ئیسلامی لە سەر مێزی وتوێژ دابنیشی، بە بێ بەشداری لایەنی سێهەم کە بتوانی ئەمنیەتی کۆبوونەوەکە و گیانی بەشداربووان بپارێزی؟ ئایا هیچ ڕێگا چاڕەیەکیتر نەبوو بۆ پاراستنی "عەبدوڵڵا ئۆجەلان" لە پیلانە هاوبەشەکەی تورکیا و سووریا، جیا لە بە قەدەر سپاردنی ئەو سەرکردە کوردە؟ ئایا ڕەوا بوو وزە و توانا وئەزمونی "جەلال تاڵەبانی" بۆ بەرژەوەندی کاتی لە دەرەوەی کوردستان بە کار بهێندرێت و بۆ چارەسەری کێشەی نێوان لایەنە عەربە دژ بە یەکەکان و ڕێکخستنەوەی حکومەتی لە بەریەک هەڵوەشاوی ئێراق تەرخان بکرێت و باشووری کوردستانیش  بە دەست کێشە ناوخۆیەکانەوە بناڵێنی و لە زۆر بوارەوە پێویستی بە ڕاوێژکاری بیانی بێت، کە نیو هیندەی جەلال تاڵەبانی شارەزاییان لە سەر بارودۆخی کوردستان نیە؟ ئایا نەدەکرا " مامۆستا سەید ڕەشید حوسێنی"  بپارێزرێت و روبەرووی مەرگی نابەوەخت نەبیتەوە؟ ... ئەرێ گەلۆ، باشتر نەدەبوو کە ئەو کەسایەتیانە  و چەندانی تری لەوشێوە بپارێزرابان و لە چەند دامەزراوەیەکی نیشتمانیدا ئەرکدار کرابان، هەر یەک بە پێی لێزانی خۆی ئەرکی پەروەردە کردن و پێگەیاندنی نەوەی نوێیان گرتبا ئەستۆ. ئایا نەدەکرا وەک " مەڕجەعێک "کەڵک لە توانا و ئەزمونی کەڵەکە بووی چەندین ساڵەی ئەو کەسایەتیانە و ئەوانی دیکەی لەو شێوە وەرگیرابا،  بۆ چارە سەرکردنی چەندین کێشەی ناو خۆیی و دەرەکی کە ڕۆژانە بەرەوروی خەڵکی کوردستان دەبنەوە؟  ئێمەی کورد زۆر سەرکردەی بە توانا و کەسایەتی لێزان، زۆرهەلی ڕەخساوی باشمان  لە دەست داوە. واتا ژیانی خەڵکی کوردستان ناخۆش و بە ژان بووە و بەو هەموو کارەساتە یەک لە دوای یەکانەش کوردستان بۆتە مەڵبەندی پڕ ترژیدیا و زیان بە هەموو شێوەکانی خەباتی ڕزگاریخوازانە و لایەنەکانی ڕامیاری، شارستانی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، ژینگە،... گەیشتوە. بەڵام وەک پێشنیان دەڵێن "زەرەر لە نیوەش بگەرێتەوە هەر باشە". پێویستە خەڵکی کوردستان کۆمەڵێک وانەی گرنگ لە رووداو و پێشهاتەکانی ڕابردوو وەرگرن، بە هەمان ڕێچکەی پر لە کارەساتی پێشوودا ملی ڕێگا نەگرن. ئاماژە کردن بەو کەم و کۆڕیانە، بە مەبەستی پشتیوانی یا دژایەتی هیچ لایەک نیە، تەنیا ئامانج ئەوەیە کە هەموو لایەک بە خۆماندا بچینەوە و هەڵە و کەم و کۆڕیەکانی ڕابردوو دووبارە نەبنەوە. تا بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بکەویتە سەر ڕاستە هێڵی خۆی و قۆناغ بە قۆناغ بەرەو سەرکەوتن بڕوات و زووتر بە ئامانجەکانی ڕزگاری نیشتمانی، ووڵاتێکی سەربەخۆ، کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان و پێشکەوتوو بگات. ئێستا لە ناو خەڵکی کوردستاندا زۆر سەرکردەی بە توانا و خاوەن ئەزموون و کەسایەتی لێزانمان لە زۆر بواردا هەیە. کە پێویستە خەڵکی کوردستان وەک یەکێک لە سامانە بە نرخەکانی نیشتمان سەیریان بکات، لە سەر بنەمای هەوڵدان بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی ستراتیژی و هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی، لە هەوڵی پاراستن و ئەرکدار کردنی هەموو ئەو کەسایەتیانەدا بێت لە  چەند دامەزراوەیەکی نیشتمانیدا، کە نەوەی ئێستاو داهاتوو کەڵک لە زانست و ئەزموونەکانیان وەر بگرن.

 

٥/٥/٢٠١٧ی زاینی

سەربەست ئازاد