بەیاننامەی کۆمەڵەی یەکسانی بۆ ئیدانەکردنی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی

یەکسانی
12-01-2025

بەناوی ئازادی و یەکسانی

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دەرکردنی حوکمی دڕندانەی سێدارە بۆ چالاکوانی مەدەنی و سیاسیی کورد، پەخشان عەزیزی بە توندی شەرمەزار دەکات. ئەم حوکمە ناڕەوایە نموونەیەکی ڕوونی سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیکی دژ بە ژنان و نەتەوەی کورد و هەموو ئازادیخوازانی ئێرانە.

پەخشان عەزیزی، هێمای خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری و یەکسانی، تەنیا بەتاوانی داکۆکیکردن لە مافی ژنان و نەتەوەی کورد و دژایەتیکردنی بەرانبەر بە ستەمی ناڕەوای کۆماری سێدارەی ئێران، ئەمڕۆ بەرەوڕووی سزای سێدارە بۆتەوە کە هیچ ئامانجێکی جگە لە سەپاندنی تیرۆر و بێدەنگکردنی دەنگی مافخوازانەی خەڵکانی ستەملێکراو نییە.

بەندکردن و ئەشکەنجەدان و حوکمی سێدارە، بەشێکە لە ستڕاتێژیی نامرۆڤانەی دەسەڵاتی تاران کە ساڵانێکە بەسەر نەتەوەی کورد و چالاکانی مەدەنی و سیاسیدا سەپێنراوە. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگای ئێران لە قەیرانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا نوقم بووە، ڕژیمی سێدارەی ئیسلامی بە جێگەی وەڵامدانەوە بە داخوازییە ڕەواکانی خەڵک، وەک هەمیشە پەنای بۆ سەرکوت و گرتن و لەسێدارەدانی بەربڵاو بردووە. بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی لەسێدارەدان بەتایبەتی لە کوردستاندا، بەڕوونی سیاسەتی توندوتیژیی ڕژیم لەدژی گەلانی ستەملێکراو دەردەخات. ئەم کردەوانە نیشانەی لاوازیی و بێهێزیی ڕژیم لە دامرکاندنەوەی قەیرانەکان و هەوڵدان بۆ مانەوە بە دروستکردنی کەشوهەوای ترساندن و سەرکوتکردنە.

ئێمە جارێکی تر جەخت لەوە دەکەینەوە کە حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی نەک هەر هێرشکردنە سەر ئازادیەکانی تاک و مافی مرۆڤە، بەڵکو هێرشکردنە سەر هەموو کۆمەڵگای مەدەنی و بزووتنەوە ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازەکانە. سەرکوتکردنی چالاکوانانی مەدەنی، گرتن و کوشتنی خۆسەرانە، ئەشکەنجەدان و دەرکردنی حوکمی قورس لە دژی ناڕازییان و نەیارانی سیاسی، تەنیا بەرخۆدان و خەباتی نەتەوەی کورد و هەموو ئازادیخوازانی ئێران بەهێزتر دەکات.

لەم ساتە هەستیارەدا داوا لە هەموو ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و ڕاگرتنی ئەم حوکمە ناڕەوایە لە ئێران، ئەرکە مرۆییەکانی خۆیان بەجێ بهێنن. هەروەها داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و ڕەوتەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکەین بە یەکڕیزیی و یەکدەنگیی لە دژی ئەم سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە بووەستنەوە.

کۆمەڵەی یەکەسانیی کوردستان پێیوایە چارەنووسی کوردستان و ئێران تەنیا بە یەکگرتوویی و درێژەدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ئازادی و یەکسانی و دیموکراسی دەگۆڕێت. ڕژێمە پاوانخوازەکان ڕەنگە بتوانن دەنگی تاکەکان تا ئاستێک بێدەنگ بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئیرادەی گەلان تێکبشکێنن. بەدڵنیاییەوە هەروەک مێژوو نیشانی داوە خەڵکی نەترس و شۆڕشگێری کوردستان لە ئەگەری هەرچەشنە خەتای ڕژیم بۆ بەکردەوەیی کردنی حوکمی سێدارەی پەخشانی کوردستان، چاونەترسانەتر لە جاران دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان و شارەکان دەکەنە جەهەنەمی ڕژیمی تاران.

لە کۆتاییدا وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی نیگەرانی سەبارەت بە دەرکردنی حوکمی سێدارە بۆ چالاکوانی کورد پەخشان عەزیزی، جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆمان بە خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی ڕادەگەیەنین و بە قووڵی باوەڕمان وایە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد و گەلانی ئێران کە ئێستا تەنانەت لە زیندانەکانیشدا هاوتەریبی شەقامەکان و بگره بەهێزتیش دەچێتە پێشەوە، بەئاکام دەگات و دیکتاتۆرەکان و لایەنگرانیان درەنگ یا زوو لە دادگای خەڵکدا وەڵامدەر دەبن.

بژی ئازادی و یەکسانی و هاوخەباتیی گەلان!

بژی بەرخۆدانی سێشەممەکانی نا بۆسێدارە!

بڕووخێ ڕژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامیی ئێران!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی

١٢ی ژانویەی ٢٠٢٥