چاوخشاندنێک بەسەر دۆخی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەرکە هەنووکەییەکانمان
یەکسانی
15-01-2025
![](/artImgs/1490.jpg)
پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەسپێکردنی شەڕی نوێی نێوان ئیسرائیل و حەماس و حیزبوڵڵای لوبنان کە بە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ کرد و بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل و وێرانبوونی غەزە، ئەمڕۆکە حەماس و حیزبوڵڵا نیوەگیان بوونە و ڕژیمی ئەسەد لە زبڵدانی مێژوودایە و کۆماری ئیسلامییش شکستێکی ئابڕووبەرانەی بەسەردا سەپاوە.
ڕووخانی دەسەڵاتی فاشیستیی سووریە و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی کاتیی دیمەشق لەلایەن گرووپە ترۆریستە ئیسلامییەکانەوە، لە ئەنجامی تێشکانی حەماس و حیزبوڵڵا و بەرەی ناسراو بە مقاوەمە بوو بێت یان بە پلانێکی ناوچەیی، نێودەوڵەتیی یان لە ئەنجامی هەردووکیانەوە ڕوویدابێت، سەرەنجام هاوکێشەی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانی لەو دەڤەرە گۆڕیوە و کۆماری ئیسلامیی لە سووریە دەرپەڕاندووە و ڕووسیەی پشتیوانی ئەسەدی خستۆتە دەرەوەی گۆڕەپانەکە و ڕێگەی گەیاندنی هاوکارییە لۆجیستیکییەکانی لە حیزبوڵڵا بەستووە و ڕۆژاوای کوردستانیشی لەگەڵ دۆخێکی نوێ و هەستیار و لە هەمان کاتدا گرنگیش ڕووبەڕوو کردووە.
لە ڕۆژاوای کوردستان ئێمە ئێستا لە دۆخێکداین کە هەم زێڕینە و هەم هەستیار و جێی مەترسییشە. ڕۆژاوای کوردستان ئەمڕۆکە دەسەڵاتێکی تۆکمە و بەهێزی هەیە کە لەلایەن کۆمەڵانی بەرینی خەڵكەوە پشتگیرییەکی بەریینی لێ دەکرێت و ڕۆڵی دەوڵەتێکی دانپیانەنراوی بەهێزیش دەبینێت. ئەم دەسەڵاتە لە ڕووی سەربازیی و دیپلۆماسیی و زۆر بواری ترەوە قورسوقایمە، بەڵام لە گفتوگۆ و دانوستانی لەگەڵ هەر دەوڵەت و لایەنێکدا پێویستە داخوزییەکانی خۆی ڕاشکاوانە فۆرمۆلە بکات و ڕای بگەیەنێت کە ئێمە لە ڕۆژاوا دەسەڵاتێکی خۆسەرمان هەیە بە جوگرافیا و دەسەڵاتی سیاسیی خۆی و بە هێزی سەربازیی خۆی بە فەرهەنگی سیاسیی خۆیەوە. چەکدانان و توانەوە لە ناو دەسەڵاتێکی عرووبەی ئیسلامیی داگیرکەردا و لەپاڵ تورکیەیەکی ئیخوانی سوپێر فاشیستدا، خەونێکی داگیرکەرانە کە هەرگیز نایەتە دی.
ڕۆژاوای کوردستان پێویستە بزانێت کە لەم دۆخە نوێیەی کە بە ڕووخانی ڕژیمی بەعس هاتۆتە ئاراوە، ئەمریکا چیتر ناتوانێت ڕێگە بدات تورکیەی ئیخوانیی وەک جاران لەسەر پەتی ڕووسیە و ناتۆ یاریی بکات و بە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئیخوانییش لە سووریە زیادەڕەویی زۆر بکات و سنووری خۆی ببەزێنێت. هەروەها ڕۆژاوا پێویستە ئەوە بزانێت کە ئیسرائیلیش ناتوانێت بوونی دەسەڵاتێکی ئیسلامیی لە سووریە قوبووڵ بکات و بە بوونی زلهێزێکی ئیخوانیی ــ داعشیی وەک تورکیەش فرە دڵخۆش نیە.
ئەگەر بێت و لە ئەنجامی ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا کورد بتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسەڵاتی خۆی دابمەزرێنێت و باکووری کوردستان بێتە ناو گۆڕەپانی ڕاپەڕینێکی جەماوەرییەوە، ئەگەری دابەشبوون و لاوازبوونی تورکیەش یەکێک لە گۆڕانکارییە گرنگەکان دەبێت. ئەمڕۆکە ئیسرائیل لە ناوچەکە خۆی وەک زلهێزێک دەبینێت و زۆرجار باس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەکات. خۆڕاگریی ڕۆژاوای کوردستان ئێجگار گرنگە، کە ئێمە لەم بوارەوە زۆریش نیگەران نین. دەسەڵاتی ڕۆژاوا هەم لە پشتگیریی جەماوەریی بەهرەمەندە و هەمیش لە پشتگیریی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە ئەمڕۆکە زیاتر لە جاران بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان پشتگیریی دەسەڵاتی خۆسەریی ڕۆژاوا دەکەن.
ئێستاکە فۆکووسی ئیسرائیل لەسەر لێدانی حووسیەکانە و پێ دەچێت نۆرە بگاتە حەشدی شەعبی و ئیسلامییەکانی تری عێراق و ئینجا ڕاستەوخۆ نۆرەی ئێران بێت و تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە کە ئیسرائیل دەردێک بە سەر سەرانی کۆماری ئیسلامیی بێنێت کە بەسەر حیزبوڵلا و حەماسی هێنا، ئەویش بە سوود وەرگرتن لە دەستێک کە لەناو دەمودەزگا جۆراوجۆرەکانی ئێراندا هەیەتی و بە سوود وەرگرتن لە تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی جەنگیی. دوور نیە کە ئیسرائیل لە ناوەندە ئەتۆمیەکانی ئێران بدات و ئەمەش کۆماری ئیسلامیی ناچار بە وەڵامدانەوە بکات و شەڕەکە پەرە بستێنێ و پای ئەمریکاش بێنێتە ناوەوە. لە وەها دۆخێکدا کۆماری ئیسلامیی کە پێگەیەکی لە کۆمەڵگەی ئێراندا نەماوە و گەندەڵیی و قەیرانگەلێکی قووڵ و چارەهەڵنەگریی ئابووریی و سیاسیی ناوخۆیی و جیهانییش بیناقاقای گرتووە، دەکرێ بکەوێتەوە بەر شەپۆلی شۆڕشی ژینا و لە ماوەیەکی کورتدا ناچار بە جێهێشتنی کوردستان بێت.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە ئێستاکە زیاتر لە هەر کات لەسەر هەست بین و ئامادەباش. ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە ڕۆژاوای کوردستان دەیبینین لە سبەی ڕۆژێکی نەچەندان دووردا لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدات. ئێمە لەم بەشەی کوردستان خەڵکێکی خوێندەوار و وشیار و یەکگرتوو و تا ڕادەیەکی باشیش ڕێکخراومان هەیە، بەڵام خاڵی لاوازی ئێمە، ئەگەر بەر لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامیی فریای خۆمان نەکەوین، هەمان پرژوبڵاویی و ناڕێکخراویی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتە و نەبوونی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ سبەی ڕۆژی ڕۆژهەڵات، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت و لایەنە سیاسیەکان هەروا نابەرپرسانە لەگەڵ ئەم بابەتە هەڵسوکەوت بکەن، ئەوان بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابنە پێشەوا و پێشەنگ، دەبنە پاشەنگ. ڕۆژهەڵات پێویستیی دەستبەجێی بە پێکهێنانی بەرەیەک هەیە کە هەموو لایەنە سیاسیەکان لە دەوری ئامانجێک کە دیاریکردنی مافی چارەنووسە کۆ بکاتەوە. بەرەیەک کە بە دامەزراندنی کۆمسیۆنە سەرەکییەکانی، پێشوەختە دەست دەبات بۆ داڕشتنی بەرنامە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات جا لە یاسای بنەڕەتییەوە بگرە تا دەگاتە پەروەردەوە و پێکهێنانی سوپای نیشتیمانیی و هەموو جومگەکانی بەڕێوەبەریی وڵات.
لە سبەی ڕۆژی نەمانی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی ئێمە، پێویستە بە سوودوەرگرتن لەو ئەزموونەی کە پاش ڕووخانی ڕژیمی شا لە ڕۆژهەڵات هاتە پێشەوە، بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی بەڕێوەبەریی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، دەست بەرن بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی جەماوەریی سەرتاسەریی ناحیزبیی، بە بەشداریی بەرینی کۆمەڵانی ژن و پیاوی کوردستان بۆ ئەوەی دەسەڵات لەلایەن حیزبانەوە قۆرخ نەکرێ و کەلێنێک نەکەوێتە نێوان خەڵک و دەسەڵاتەوە. لێرەدا ئەرکێکی گەورە و گران دەکەوێتە سەر شانی لایەنە چەپەکانی ڕۆژهەڵات و ڕەوتی چەپ لەو بەشەی وڵات کە هەوڵ بدات بە پشتگیریی بەرینی کۆمەڵانی خەڵک بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازیی کوردستان بەهێز بکات و هەموو لایەنە سیاسیەکان لە دەوری خواستی دیاریکردنی مافی چارەنووس کۆ بکاتەوە و هەوڵ بدات ئەو قەوارەیەی کە دادەمەزرێت، لە ئاستی ئێران و نێودەوڵەتییدا بە فەرمیی بناسرێت و دانی پێدا بنرێت.
باکووری کوردستان پێویستە هێز و تواناکانی خۆی بناسێت و بزانێت کە بێهێز نیە و گفتوگۆ لەگەڵ داگیرکەر، ئەویش داگیرکەرێکی فاشیست بە نەرمبێژیی و برایەتیی کورد و تورک ناکرێت. باکوور پێویستە داخوازییەکانی خۆی بەنووسراو بخاتە بەردەم کۆمەڵگە و سەر مێزی دوژمنیش. ئەوەی لە گفتوگۆ و دانوستانەکاندا ڕۆڵ دەبینێت دروشمی جوانی خوشک و برایەتیی گەلان نیە، بەڵکو هێز و هزرە! کورد وتوویەتی: مشت لە درێشە دەگەڕێتەوە. ئەم گفتوگۆیانەی کە ئێستا لە ڕێگەی بەڕێز ئۆجەلانەوە بەڕێوە دەچن جێی نیگەرانی ئێمە و خەڵکی کوردستانن. ئۆجەلان ٢٥ ساڵە لە زیندانە و لەژێر دنیایەک گوشاری دوژمناندایە و ڕەنگە وەک پێویستە ئاگاداری دنیای دەرەوەی زیندان نەبێت. ڕژیمی فاشیستیی تورکیە ئەگەر مەبەستیەتی بووایە گفتوگۆ یەکی پاک و ڕاستەقینە لەگەڵ کورد بکات، دەبوو ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەستەی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد پێکهاتوو لە ڕێبەرایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان و نوێنەرانی سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی باکوور دابنیشێت. ئێمە پێمان وایە ئەوەی لە باکوور ناویان ناوە گفتوگۆ و پرۆسەی ئاشتی، سیناریۆیەکە لە چەشنی ئەو سینارۆیەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ بە دەسپێشخەریی ئەردۆغان بەڕێوە چوو.
هێزی سەربازیی کورد لە باکووری کوردستان هێزی لەشکریی باکوورە، بۆیە چ ئەمڕۆ و چ سبەینێش باسکردن لە چەکدانانی گەریلا بۆ نوێنەرانی کورد لە گفتوگۆکاندا دەبوو هێڵی هەرە سوور بێت. باکووری کوردستان دەبوو بۆ سەلماندنی نیازپاکیی تورکیە مەرجی ئازادکردنی ئۆجەلان و هەموو زیندانیانی سیاسی باکووری کوردستانی هێنابا ئاراوە و خوازیاری ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکانی تورکیەش بووایە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان.
دوو پەیڤێکیش سەبارەت بە باشوور. جێی داخە کە کۆمەڵانی خەڵکی باشووری کوردستان ڕێگە دەدەن کە بەشێک لە دەسەڵاتی باشوور بە زمانی ئەردۆغان قسە بکات. بەداخەوە ئەم دەسەڵاتە نەک یاریدەدەری ڕۆژاوا نیە، بەڵکو دەروازە بازرگانییەکانیشی بەڕووی ڕۆژاوادا داخستووە ئەویش لە کاتێکدا کە ئەو بەشەی وڵاتی ئێمە، ڕۆژانە فوراتێک خوێنی سیڤیل و شەڕڤانەکانی پێشکەشی ئازادی و ڕزگاریی کوردستان دەکات. جێی داخە کە کۆمەڵانی خەڵکی باشوور ڕێگە دەدەن کە لایەنە ئیسلامییەکانی ئەو دەڤەرە بێ هیچ شەرم و شکۆیەک، ڕاشکاوانە پشتگیریی تورکیەی داگیرکەری باکووری کوردستان دەکەن. ئەمڕۆکە حەشدی شەعبیی گوێلەمستی ئێران خەریکە کونە مشکی لێ ببێتە قەیسەری. وا پێ دەچێت تەمەنیان درێژ نەبێت. باشوور دەتوانێت لەسەر پێ بێت لانی کەم بۆ وەرگرتنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی "هەرێم".
خەڵکی قارەمان و یەکسانییخوازی کوردستان!
ڕەنگە وڵاتی ئێمە هیچ کات هێندەی ئەمڕۆ لە یەک کاتدا دوژمنەکانی لاواز نەبوون و هیچ کاتیش هاوکات لە چەند بەشی کوردستان هێندە بواری گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کورد نەڕەخسابێ. ئەمڕۆ سەردەمێکی زۆر گرنگە لە دیرۆکی ئێمەدا و کورد لە هەموو بوارەکانی ئابووریی و سەربازیی و فەرهەنگییدا لە ئاستێکدایە کە بتوانێت هەوڵی سەربەخۆیی بدات. بۆیە پێویستە لە گرنگیی سەردەمەکە تێ بگەین و هاوکاریی و هاوخەباتی هەمەلایەنەی خۆمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە گوفتار و هەست و سۆزەوە ببەینە ئاستێکی بەرزی کرداریی!
ئەگەر خەڵکی باشوور وەک ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات بۆ چارەسەری پرسی نەتەوایەتیی کوردستان بێنە گۆڕەپانەکەوە، زەمینەی ئەوە هەیە لە هەلێکی زێڕینی مێژووییدا کە ڕەنگە لە ئایندەیەکی نەچەندان دووردا بۆ کوردستان بێتە پێشەوە، بتوانین پارچەکانی ئەو سێ بەشەی وڵات لێک گرێ بدەینەوە و خەندەکەکانی ئەو بستۆکانەی دوژمن ناوی ناون سنوور، بۆ هەمیشە کوێر بکرێنەوە.
بژی یەکێتیی و هاوپشتیی و هاوخەباتیی کردەیی خەڵکی کوردستان
لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا و
لە باکوورەوە بۆ باشوور!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاویی
١٤/١/٢٠٢٥