بۆ پێشەوە بەرەو مانگرتنی گشتیی ٣ی ڕێبەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

یەکسانی
20-01-2025

خەڵکی سەربەرز و تێکۆشەری کوردستان

مێژووی ئەم خاکە هەر لە دێرزەمانەوە دەگەڵ خۆڕاگری و خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی تێکەڵ بووە. لە سەروبەندی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی شکۆمەندی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، جارێکی¬تر دەبینین کە بڵێسەی ئاگری بەرخۆدان هێشتا لە دڵی هەموو کوردێکی ئازادیخوازدا تین دەدا. خەڵکی کوردستان سەرەڕای هەموو سەرکوت و هەڵاواردن و لەسێدارەدانێک هەرگیز لە ئایدیا و خولیای ڕاستەقینەی خۆیان کە هەمانا سەربەخۆیی و ئازادی بووە، پاشەکشەیان نەکردووە. دەرکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی، دوو چالاکڤانی مەدەنی و سیاسی کورد، نیشانەی ترسی گەورەی ڕەژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامییە لە هزر و هەستی نەتەوایەتیی گەلی کورد. ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان هاودەنگ و یەکگرتوو دەگەڵ هەموو لایەن و ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستان، ئەوپەڕی پشتگیری خۆمان بۆ مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٢ی ژانویەی ٢٠٢٥) لە کوردستان و تەواوی ئێران، وەک ڕێکارێکی نیشتمانی و هەمەلایەنەی دژ بە ڕژیم کە بە ئاراستەی یەکڕیزی و هاودەنگیدا تێدەپەڕێ، ڕادەگەیەنین.

ئەم یەکدەنگییە تەنیا بزووتنەوەیەک بۆ دەڕبڕینی ناڕەزایەتی دژ بە سزای سێدارە نییە، بەڵکو زایەڵەی دەنگی مێژوویی نەتەوەیەکە کە بە هەموو ڕەنگ و هزر و ڕەوتە جیاوازەکانییەوە لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا تێکۆشان دەکات و لە هەمان کاتیشدا پەیامێکە بۆ دوژمنان کە جیاوازیی نێوان دەنگ و ڕەنگەکانمان هەرگیز نەبۆتە لەمپەر بۆ یەکگرتوویی و هاوخەباتیی دژ بە داگیرکەر و دیکتاتۆرەکان. خەباتێک کە ڕەگوڕیشەی لە ناخماندا داکوتاوە بۆ ئازادی

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

ئێوە میراتگری مێژوویەکن کە هەمیشە ئاڵای دادپەروەری و ئازادی بەرزکردۆتەوە. ئێستا کاتی ئەوەیە جارێکی تر نیشان بدەین کە دەنگی کوردستان دەنگی ئازادی و شکۆی مرۆڤە و هەرگیز بێدەنگ نابێت. ڕژیمی سێدارە لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە، هەمیشە بە سەرکوتکردنی چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا، لە سێدارەدانی دەنگ و سیما بەرچاوەکان و سیاسەتی هەڵاواردن لە کوردستان و چاندنی تۆی نەفرەت لە ناو گەلانی ئێراندا، هەوڵی بێدەنگکردنی خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستانی داوە. بەڵام کوردستان، بە مێژووی درەوشاوە و پڕ لە شانازیی خەبات بۆ ئازادی، هەمیشە پێچەوانەکەی سەلماندووە. سەپاندنی نامرۆڤانەی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادیدا نەک هەر نیشانەی سیاسەتی ترسنۆکانەی ڕژیمی ئیسلامییە، بەڵکو بەردەوامیی هەوڵێکی سیستماتیکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادی لە کوردستاندا.

ئەم شێوە هەڵسوکەوتە ترسنۆکانەی ڕژیم بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر کە ئامانج لێی چاوترسێنکردنی چالاکڤانانی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەی کورد و هەموو ڕزگاریخوازانە. بەڵام ئەمجارەش خەڵکی کوردستان وەک هەمیشە بە هاودەنگیی و یەکگرتوویی خۆیان و هاوخەباتی دەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسیەکان، ئەم پڕۆژە قیزەونەی تاران پووچەڵ دەکەنەوە.

مانگرتنی گشتی: هێمای یەکڕیزیی و بەرخۆدان

مانگرتنی گشتی ٣ی ڕێبەندان دەرفەتێکە بۆ خەڵکی کوردستان کە جارێکی تر هاودەنگیی نەتەوەیی خۆیان نیشان بدەن. ئەم مانگرتنه تەنیا ناڕەزایەتییەک له بەرامبەر سزای سێدارە نییه، بەڵکو پەیامێکی ڕوونه بۆ حکوومەتی تاران و هەموو جیهان کە خەڵکی کوردستان هەرگیز له خەبات بۆ ئازادی و دادپەروەریی و مافە ڕەواکانی خۆی ناوەستێ و لێرەشەوە دیسان بانگهێشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین- کرێکاران، مامۆستایان، قوتابیان، جووتیاران، ژنان، خانەنشینان، و کارمەندان و بازاڕییان- بۆ بەشداریکردن لەم مانگرتنەدا. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان ئامرازێکی بەهێزە بۆ لەرزاندنی بەردی بناغەی ڕەژیمی کۆماری ئیسلامیی.

هاودەنگی گشتگیر: کلیلی گۆڕانکاری

هەروەها داوا لە تەواوی خەڵکی بەشەڕەفی ئێران دەکەین پشتیوانی ئەم مانگرتنە بن و دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ دەنگی ئازادیخوازیی کوردستانەوە. ئەم خەباتە تەنیا بۆ کوردستان نییە، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی ئێرانە کە تامەزرۆی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتین. ئازادی و دادپەروەری تەنیا کاتێک بەدی دێت کە نەتەوەی کورد و هەموو نەتەوەکانی تری ئێران پێکەوە هاوکار بن بۆ کۆتایی هێنان بە تەمەنی نەگریسی پڕ لە ستەم و نادادپەروەری ئەم ڕەژیمە گەندەڵە. هاودەنگی و یەکڕیزیمان دەبێتە هێمای هێز بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی ئازاد و دادپەروەرانە.

بڕووخێ ڕژیمی کۆنەپەرەستی ئیسلامیی!

بژی بەرخۆدانی پەخشان عەزیزی و وەریشە مورادی و هەموو زیندانییانی سیاسی!

بژی یەکدەنگی و یەکڕیزیی خەبات لە شاخ و شار!

بژی بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانەی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و یەکسانی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ٣٠ بەفرانباری ١٤٠٣ بەرانبەر بە ٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٥