تارمایی و شەبەنگی ٢ی ڕێبەندان، گەڕاوەتەوە ئاسۆ و ئاسمانی کوردستان

یەکسانی
20-01-2025

٧٩ ساڵ لەمەوبەر کۆماری کوردستان بەبێ ئامادەکاریی پێویست و لە نەکاو و لە سەردەمێکی زۆر دژواردا ڕاگەیاندرا. لە سەردەمێکدا کە کۆمەڵگەی کوردستان هێشتا لە قۆناغی دەرەبەگایەتییدا بوو و ئاستی خوێندەواریی خەڵک و ژێرخانی ئابوورییش لەوپەڕی خراپیی خۆیدا.

ئەگەرچی بە کۆتییهاتنی شەڕی دووەمی جیهانیی و تێکشکانی فاشیزم، زەمینەی ڕزگاریی نەتەوە ژێردەستەکان لە ئاستی جیهانییدا لە جاران لەبارتر بوو، بەڵام دامەزراندن و پاراستنی دەوڵەت لەو سەردەمەی کوردستان و لەو پانتاوە بچووکەی کە بەدەست کۆمارەوە بوو، و بەو سوپا شپرز و ناکارمەیەی کە بووی و بەو پێکهاتە چینایەتییەی کە هەموو جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی لەدەستدا بوو، کارێکی ئاسان نەبوو.

کۆماری کوردستان هەرچەندە کەمتر لە ساڵێک تەمەنی کرد و بە لەسێدارەدانی پێشەوا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی تری باڵای حکوومەت، کۆتایی پێ هات، بەڵام کۆمار بووە هەوێنی گەشەسەندنی خەباتی ڕزگارییخوازیی گەلی کورد و  ئەو چرایەی کە لە چوارچرای مەهاباد دوژمن هەوڵی دا بۆ هەمیشە بیکوژێنێتەوە، بووە چلچرای ئومێدی ڕزگاریی و سەربەخۆیی و تا ئێستاش لە ئاسمانی شۆڕشی کوردستاندا دەدرەوشێتەوە.

ئەمڕۆکە پاش تێپەڕبوونی ٧٩ ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا، کوردستان لە هەموو کات زیاتر هەل و زەمینەی سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی مۆدێرن و دێموکراتیکی بۆ هاتۆتە ئاراوە. کوردستان کە ئەمڕۆکە کۆمەڵگەیەکی شارنشین و مۆدێرن و پێشکەوتووە، لە ڕۆژاوا خاوەن کیانێکی تۆکمە و بەهێزی دانپیانەنراوەکە لە هەموو ئەو ساز و کارانە بەهرەمەندە کە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک پێویستن. باشووری کوردستان سەرەڕای گەندەڵییەکی بەربڵاو و پاشڤەچوونێکی فەرهەنگیی زۆر، خودی فەرمییبوونی دەسەڵاتەکەی، ئیمتیازێکی گەورەیە بۆ بەدەوڵەتبوونی کوردستان.

 باکووری کوردستان هەرچەندە ڕەوتە سیاسییە بەهێزەکەی خاوەن ستراتیژییەکەی سەربەخۆییخوازانە نیە، بەڵام بەهۆی ڕیشەداربوونی خواستی سەربەخۆیی لەو دەڤەرە و قورساییەک کە ئەم بەشەی کوردستان هەیەتیی، هەروەها بە هۆی گۆڕانی هاوکێشە سیاسیەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ڕژیمی فاشیستیی تورکیە بۆ لەخشتەبردنی کورد سیناریۆی گفتوگۆ و پرۆسەی ئاشتی هێناوەتە گۆڕێ.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەلی کورد بە پێشەنگایەتیی ژنان و لاوانی جەسوور، ئاڵای شۆڕشێکی یەکسانییخوازانەی فرەڕەهەندیی لە ئاستی ئێراندا لەدەستدایە. شۆڕشێک، کە لە ئاستی جیهانییدا سەرنج و هاوسۆزیی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و ئامادەیە لە هەلێکی گونجاودا شێوازی خەبات لە بەرگرییەوە بگوازێتەوە بۆ هێرش.

کۆماری ئیسلامیی  پاش ڕووخانی ڕژیمی ئەسەد و لە پەلوپۆکەوتنی دەستوپێوەندەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەندەی تریش لە کۆمەڵگەی ئێراندا پێگەی لاواز بووە و گەندەڵیی و قەیرانگەلێکی قووڵ و چارەهەڵنەگریی ئابووریی و سیاسیی ناوخۆیی و جیهانییش هێندە شپرزی کردووە، کە ئەگەری زۆری هەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا توندتر لە جاران بکەوێتەوە بەر شەپۆلی شۆڕشی ژینا.

لەم بارودۆخەدا ڕۆژهەڵات پێویستیی دەستبەجێی بە پێکهێنانی بەرەیەک هەیە کە هەموو لایەنە سیاسیەکان لە دەوری ئامانجێک کە دیاریکردنی مافی چارەنووسە کۆ بکاتەوە. بەرەیەک کە بە دامەزراندنی کۆمسیۆنە سەرەکییەکانی، پێشوەختە دەست دەبات بۆ داڕشتنی بەرنامە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات جا لە یاسای بنەڕەتییەوە بگرە تا دەگاتە پەروەردەوە و پێکهێنانی سوپای نیشتیمانیی و هەموو جومگەکانی بەڕێوەبەریی وڵات.

لە سبەی ڕۆژی نەمانی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵکی ئێمە، پێویستە بە سوودوەرگرتن لەو ئەزموونەی کە پاش ڕووخانی ڕژیمی شا لە ڕۆژهەڵات هاتە پێشەوە، بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموونی بەڕێوەبەریی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، دەست بەرن بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دێموکراتیکی جەماوەریی سەرتاسەریی ناحیزبیی، بە بەشداریی بەرینی کۆمەڵانی ژن و پیاوی کوردستان.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

ڕەنگە وڵاتی ئێمە هیچ کات هێندەی ئەمڕۆ لە یەک کاتدا دوژمنەکانی ئاوا لاواز نەبووبن و هیچ کاتیش هاوکات لە چەند بەشی کوردستان هێندە بواری گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کورد نەڕەخسابێ. ئەمڕۆ کوردستان لە هەموو بوارەکانی ئابووریی و سەربازیی و فەرهەنگییدا لە ئاستێکدایە کە بتوانێت هەوڵی سەربەخۆیی بدات. بۆیە زۆر گرنگە هاوکاریی و هاوخەباتی هەمەلایەنەی خۆمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان بۆ سەربەخۆیی لە گوفتار و هەست و سۆزەوە بگەیەنینە ئاستێکی هەرە بەرزی کرداریی! ئەمڕۆکە هەموو بەشەکانی کوردستان لە وەها دۆخێکدان کە لە هەموو بوارەکانی مرۆیی، ئابووریی و تەنانەت سەربازییشدا بتوانن باشترین هاوکاریی یەکتر بکەن لە پێناو  سەربەخۆیی کوردستان و ٢ی ڕێبەندانێکی سەردەمییانە و یەکسانییخوازانە، ٢ی ڕێبەندانی ژن، ژیان، ئازادی!  

پیرۆزە ٢ی ڕێبەندان ساڵیادی دامەزرانی کۆماری کوردستان!

بڕووخێ کۆماری داگیرکەری ئیسلامیی ئێران!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣

٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٥