بەداخەوە هاوڕێ ڕەسوو زوورمەندی پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کۆچی دوایی کرد
یەکسانی
04-02-2025

هاوڕێ ڕەسوو بەهاری ساڵی ١٣٤٠ی هەتاوی لە گوندی بێشاسپ لە ناوچەی سەردەشت لە بنەماڵەیەکی هەژار چاوی بەدنیا هەڵێنا. هاوڕێ ڕەسوو بە هۆی دەستکورتی خێزانەکەی بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان هەر لە تەمەنی منداڵیەوە وێڕای دایک و باوکی شانی دایە بەرکاری وەرزێری و کرێکاری و لە تەمەنێکی زۆرکەمدا لەگەڵ ژیانی پڕ لە ژانی خەڵکی کەمداهاتی ناوچەی سەردەشت بەرەو ڕوو بوو و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا ڕۆژبەڕۆژ جیاوازیە چینایەتیەکان و چەوساندنەوەی نەتەوایەتی هەستی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرانی لە لای ئەو کوڕە هەژارە بەهێزتر دەکرد.
دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی و پەرەسەندنی خەباتی ئاشکرای لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڕێ ڕەسوو کە پێشتر باوكی ئەندامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بوو، پەیوەندی بە ڕێکخستنی ناوچەی سەردەشتی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانەوە دەکات و وەک پێشمەرگەی ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوەی کوردستان باوک و کوڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بارگاکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجی دەکەن. بە هۆی نیشتمانپەروەریی و کۆمەڵێک تایبەتمەندی مرۆڤدۆستانە لەناو هاوڕێ و هاوسەنگەران و خەڵکی چەوساوە و ئازادیخواز ویەکسانیخوازدا خۆشەویست و ڕێزلێگیراو بوون.
دوای ئەوەی کە هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیر دەکەنەوە و کاتێک لە شاری سەردەشت نزیک بوونەوە، هاوڕێ ڕەسوو بەجێگای ئەرکی پێشمەرگایەتی شێوەیەکی دیکەی خەباتی پێ دەسپێردرێت و تا لە ژیاندا بوو، وێڕای بەسەربردنی ژیانێکی شەرافەتمەندانە، وەفادار بە ڕێبازی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دەمێنێتەوە.
بەداخەوە هاوڕی ڕەسوو لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا لە ڕێکەوتی ٢/١١/١٤٠٣ی هەتاوی بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە گوندی بێشاسپ کۆچی دوای کرد.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕی ڕەسوو زوورمەندیەوە سەرخۆشی لە بنەماڵە وکەسوکاری هاوڕێی کۆچکردوو ڕەسوو زوورمەندی دەکات و خۆی بە هاوبەشی غەمیان دەزانێ.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی
٢٨ی جانیوەری ٢٠٢٥