هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان سەبارەت بە پەیامەکەی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان

Yeksani
06-03-2025

پاش دوو دیداری نوێنەرانی پارتی ئازادی و یەکسانی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵیی و سەردانی ئەو نوێنەرانە لە باشووری کوردستان و بینینی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێم و لایەنە ئیسلامییەکانی باشووری کوردستان، کورتە پەیامێک کە بە دەستوخەتی بەڕێز ئۆجەلان نووسرابوو لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەدا لەلایەن نوێنەرانی دەم پارتیەوە لەبەردەم مێدیاکانی تورکیەدا و لە ڕووی جەماوەرێکی بەرین لە خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستان کوردی و تورکی خوێندرایەوە. لەو پەیامەدا کە جگە لە تورکیە، لە لایەن دەوڵەتانی تری داگیرکەری کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە دەوڵەتانی تریش پێشوازیی لێ کرا، ئۆجەلان ڕوون و ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنێت کە سەردەمی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕووخانی سۆڤیەتەوە کۆتایی هاتووە و داوا لە پەکەکە دەکات هەرچی زووتر کۆنگرەیەک ببەستێ و چەک دابنێن و "تێکەڵی کۆمەڵگە و دەوڵەت ببنەوە".

ئۆجەلان لە سەرەتای پەیامەکەیدا ئاماژە بە زەمینە و سەردەمی دامەزرانی پەکەکە دەکات، کە سەردەمی "ڕیاڵ سۆسیالیزم" و سەردەمی جەنگی سارد و توندوتیژییەکان بوو و لۆمەی ڕژیمی تورکیەش دەکات کە ئەوسا دانی بە ڕاستینەی کورددا نەدەنا و ئازادی دەربڕین و ڕامان  نەبوو. ئۆجەلان لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت: پاش هەڵوەشانەوەی سۆسیالیزم و شکستی سیاسەتی نکۆڵییکردن و دەستپێکردنی سەردەمی کرانەوە و لە تورکیە، ئیتر پەکەکەش زەروورەتی بوونی خۆی لەدەست داوە و ئەم ڕێکخراوە، کە لە دوا ساتەکانی ژیانی خۆیدایە دەبوو چەند دەیە لەمەوپێش خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان  دێتە سەر باسی "مێژووی هەزار ساڵەی برایەتیی کورد و تورک" کە بە وتەی ئۆجەلان مێژووێکە کورد و تورک بۆ خۆپاراستن لە هێزە هەژموونگەراکان هەردەم بە پێویستیان زانیوە لە نێو هاوپەیمانییەکی دڵخوازانەدا بن و پێی وایە کە لە دوو سەدەی ڕابردووی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا هێزە هەمژموونگەراکان هەوڵیان داوە ئەم "برایەتیی و هاوپەیمانییە" تێک بدەن و "سیاسیەتی تەکڕەهەندیانەی (دەوڵەت)یش پرۆسەی تێکدانی ئەم برایەتییە دڵخوازانەیەی کورد و تورکەی خێراتر کردووە. ئۆجەلان لێرەدا ئەنجامگیرییەک دەکات و دەڵێت: ئێستا کە ئەم پەیوەندیە مێژووییەی برایەتیی کورد و تورک زیانی پێ گەیەندراوە، ئەرکی سەرەکیی ئەوەیە بە ڕۆحی برایەتیی و یەکێتیی و بەبێ پشتگوێخستنی باوەڕەکان سەرلەنوێ ئەو پەیوەندیە ڕێک بخرێتەوە.

ئۆجەلان بۆ چارەسەری ئەم "کێشە سەرەکییە" کە بە وتەی ئەو تێکچوونی برایەتیی و هاوپەیمانیی دڵخوازانەی کورد و تورکە ئەلتەرناتیڤی (کۆمەڵگەی دێموکراتیک) پێشنیار دەکات و پێ وایە کە پەکەکە وەک  درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی یاخیبوون و توندوتیژییەکانی مێژووی "کۆمار" پێویستە هەم چەک دابنێت و هەم خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.

بەداخەوە ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ڕاشکاوانە هەموو داخوازییە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستانی لە هەموو فۆڕمێکدا ڕەد ڕەت دەکاتەوە و تەنانەت بەدەستهێنانی مافە فەرهەنگییەکانیش بە ناسیۆنالیستیی دەزانێت و ڕوون و ڕاشکاوانە دەڵێت: "دەوڵەت ــ نەتەوە  جیاجیاکان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە کەلتوورییەکان کە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەیەکی مێژوویی."

ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا و لە پێناو کۆمەڵگەی دێموکراتیکی تورکیەدا، پشتگیریی داخوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی سوپێر فاشیستی تورکیە و ئۆدوغانی سەرکۆماری هاوقەتاری باخچەلی دەکات، کە داوایان کردبوو ئۆجەلان بچێتە پەرلەمانی تورکیە و لەوێوە داوای چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی بکات و ئەمەش ناو دەنێ پرۆسە، بەڵام بە وشەیەکیش ڕوونی ناکاتەوە پرۆسەکە چیە و چۆنە و دەڵێت: "منیش لەم پرۆسەیەدا بانگەوازی چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتیی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ."

لە دوا دێڕەکانی پەیامەکەیدا ئۆجەلان دیسانەوە دەگەڕێتەوە سەر باسی چەکدانان و دەڵێت:" تا وەک ئەو کۆمەڵگە و پارتە هاوچەرخانەی تر بە زۆرەملیی کۆتاییتان پێ نەهێندراوە ئێوەش هەمووتان دڵخوازانە کۆنگرەیەک ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەمووتان کۆببنەوە و چەکەکانتان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێننەوە. "

ئێمە هیوادارین مەبەستی ئۆجەلان لە (هەمووان) ڕۆژاوای کوردستان نەبێت، کە ئەمڕۆکە ڕژیمی فاشیستیی تورکیە لەلایەن ڕۆژاوای کوردستانەوە زیاتر هەست بە مەترسیی دەکات و ئامانجی سەرەکیی ئەو ڕژیمە لەناوبردنی ئەزموونی شۆڕشگێرانەی ڕۆژاوای کوردستانە.

پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بەداخەوە لە ڕووی ناوەرۆکەوە هیچی تێدا نیە، جگە لە هەندێ لۆمەی دەوڵەتی تورکیە و سەرکۆنەکردنی پەکەکە و وەلانانی هەر چەشنە داخوازییەکی نەتەوایەتیی گەلی کوردستان و دەستووردان بە پەکەکە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندەوە. لە ڕووی داڕشتن و فۆڕمیشەوە پەیامەکە زۆر تێکەڵپێکەڵ و ناڕۆشنە.

ئێمە لەوە تێ دەگەین کە بەڕێز ئۆجەلان لە ماوەی ٢٦ ساڵ ڕاگیرانی لە زیندانی تاکەکەسیدا و لەژێر گوشاری بەردەوامی دەمودەزگا سیخوڕییەکانی تورکیە و وڵاتانی تردا و لەو گۆشەگیرییە توند و دوورودرێژەشدا کە ساڵانێکە بەسەریدا سەپاوە ئاساییە کە دۆخی دەروونیی و تەندروستیی باش نەبێت و ئەگەری زۆری هەیە کە بەهۆی زیندانەوە وەک پێویستە ئاگاداری دنیای دەرەوەی نەبێت، بۆیە لێرەدا ئەوەی کە پێویستە ڕەخنەی دۆستانە و دڵسۆزانەی توندی لێ بگیردرێت ئۆجەلان نیە، بەڵکو پارتی کرێکارانی کوردستان و هەدەپن، کە هەر کامەی بە شێوەی خۆی بە دەم ئەم سەناریۆیەی ڕژیمی تورکیەوە چووە و بە بێ مەرج و بێ هیچ داخوازییەک، تەنها و تەنها بۆ ئاشتی و ئەویش ئاشتی لەپێناو هیچدا لە هەوڵی "پرۆسەی ئاشتی و گفتوگۆدان".

ڕەخنەکە ئەوەیە کە چۆنە بە هێنان و خوێندنەوەی وەها پەیامێک مل بە وەها ئاشتیەک دەدەن و لە پێناو ئەم بەناو ئاشتیەشدا دەست لە هەموو ئامانج و داخوازییەکانی گەلی کورد و بزووتنەوەکەی هەڵدەگرن و تەنانەت خۆسەریی و ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەریی فەرهەنگییش ڕەد دەکەنەوە.

ئاشکرایە کە ئەم پەیامە و ئەم سیاسەتە بە واتای سفرکردنەوەی ئامانجەکانی شۆڕشی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستانە و ئەمەش لە ڕاستییدا درێژەی سیاسەتێکە کە پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵانێکە گرتوویەتە بەر: لە سەربەخۆییەوە بۆ کۆنفدرالیزمی دێموکراتیک و لەوێشەوە بۆ خۆسەریی و ئینجا بۆ برایەتیی گەلان و دامەزراندنی نەتەوەی دێموکراتیک و ئەمڕۆش بۆ ڕەتکردنەوەی تەنانەت مافە فەرهەنگییەکانیش.

پرسێکی تر کە جێی سەرنج و ڕەخنەیە ئەوەیە کە ئەم پرۆسەی بەناو ئاشتییە لە پشتی پەردەکانی زیندانەوە دەکرێت و لە هیچ ئاستێکدا خەڵکی کوردستان لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئاگادار ناکرێنەوە. ڕێکخراوێک و کەسانێک هاتوون بۆ خۆیان لەسەر چارەنووسی نەتەوەیەک بڕیار دەدەن و ئەم بڕیارەشیان داوەتە دەستی کەسێک کە خۆی چارەگە سەدەیەکە لە زیندانی تاکەکەسیی دوژمنێکی غەداری فاشیستدایە.

جێی داخە کە ئەمڕۆکە سەرەڕای بەهێزیی شۆڕشی کوردستان لە باکوور و بەتایبەتیی لە ڕۆژاوای کوردستان، سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لاوازیی داگیرکەرانی کوردستان لە سووریە و عێراق و ئێران و تەنانەت تورکیەش، لە کاتێکدا کە هیوای گۆڕانکاریی باش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەستی پێ دەکرێت، لە سەردەمی بەهێزی کورد و لاوازیی دوژمنانیدا، پارتی کرێکارانی کوردستان و هەدەپ بە زمانێکی لاواز لەگەڵ دوژمن دەدوێن و ئاستی داخوازیی و ئامانجەکانی بزووتنەوەی کوردستانیش کە بەدەستهێنانی مافی چارەنووسە، ڕۆژ بە ڕۆژ دادەبەزێنن.

ئێمە هیوادارین پارتی کرێکارانی کوردستان مل بە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە نەدات و سەناریۆی دوژمن پووچەڵ بکاتەوە. ئەگەر بەڕاستی ڕژیمی فاشیستیی تورکیە لە پلانیدا بێت گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکات، ئەوا پێویستە داخوازییگەلێک، کە ئامانج و داخوازییە نەتەوایەتییەکانی خەڵکی کوردستان بن بخرێنە سەر مێزی دوژمن و گفتوگۆش ڕاستەوخۆ و دوولایەنە و ئاشکرا بێت، نەک لە ڕێگەی زیندانەوە. پێویستە بەر لە دەستپێکردنی هەر چەشنە گفتوگۆیەک، پێشمەرجی سەرەکیی کورد، بۆ نموونە ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و لەناوینادا بەڕێزان ئۆجەلان و دەمیرتاش وڕاگرتنی شەڕی دژی ڕۆژاڤای کوردستان بێت.

بژیی یەکڕیزیی کوردستانیی دژی داگیرکەران!

هیوای سەرکەوتن بۆ بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستانی داگیرکراو لە هەموو بەشەکانی!

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٦ی مارسی ٢٠٢٥