هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە سەر بەناو هەڵبژاردنی پارلمانی ئێران

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
4-2-2020

 

 هەڵوێستی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە سەر بەناو هەڵبژاردنی پارلمانی ئێران

 

خەڵکی ئازادیخواز ومافخوازی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

 

لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بە هۆی سیستەمی دیکتاتۆریی لە لایەک و توندڕەویی و ئاژاوەگێڕیی مەزهەبیی لە لایەکی تر، هەم لەناوخۆ و هەم لە دەرەوەی ئێران تووشی قەیرانی ئابوریی و دەیان کێشەی ناوخۆیی و دەرەکیی بۆتەوە، ژیانی لە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تاڵتر کردووە. وەک لە هەمووانیش ڕوونە ئەم ڕێژیمە هیچ هەوڵێکی ئەرێنییشی لە بەرنامەی کاری خۆیدا نەبووە و نییە کە ببێتە چارەسەر یا جێگرەوەیەک بۆ ژیانی پڕ لە ئازاری کۆمەڵانی خەڵکی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. لە وەها بارودۆخێکدا هەڵبژاردنی یازدەهەمیین خولی پەرلەمانی ئیران، لە ژێر ڕێبەرایەتی کۆمەڵێک دەسەڵاتداری دیکتاتۆردا، تەنیا هەوڵێکە بۆ ڕەواییدان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بێگومان خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان باش لەبیریانە کە یەک ساڵی ڕابردوودا چەندیین جار بە شێوەیەکی زۆر ئاشتییخوازانە و بە مەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین لە سیاسەت و کردەوە ناڕەواکانی کۆماری ئیسلامی هاتنە سەر شەقامەکان و بێزاربوونی خۆیان لە سەرلەبەری سیستەم و تایبەتییش بەڕێوەبەری ئێستای ئێران بە هەموو دنیا ڕاگەیاند و بە وتنەوەی کۆمەڵێک دروشمی ڕامیاریی تازە و دەربڕینی ناڕزایەتی لە دەسەڵاتدارە پلەیەکەمەکانی ڕێژیم، کۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیان خستە ژێر پرسیار و داوای ڕووخانی ئەم ڕێژیمەیان کرد. کاتێک کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی هەستیان بە مەترسیی کرد، هێزە سەرکوتکەرەکانییان بە توندترین شێوە بەگژ خەڵکی وەزاڵەهاتوودا کرد و لەئاکامدا ژمارەیەکی زۆریان لە خەڵکی ناڕازی کوشت و بە هەزارانیشیان لێ دەستگیر کردن و لە بەندیخانەکاندا درانە بەرئەشکەنجە. 

لە سیناریۆی بە ناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامییدا، بەربژێرەکان تەنانەت لە چوارچێوەی ئەم ڕێژیمەشدا دەبێ بە چەندین فیلتێردا ڕەد بن کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەمەبەست ئەو بەربەستانەیان بۆ داناون. ئەوەتا تەنانەت شیاوبوونی زۆربەی بەربژێرە بەناو ریفۆرمخوازەکانیش لە لایەن دامودەزگاکانی پاراستنی ڕێژیمەوە رەد کراونەتەوە و بە ئاشکرا ڕێگە بۆ سەرکەوتنی بەربژێرە بناژۆخوازەکان خۆش کراوە. بێگومان لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەش فێڵ و تەزویرێکی زۆر لە بەرژەوەندی لایەنی دەستڕۆیشتووی ڕێژیم دەکرێت. بۆیەش خەڵک بەشدار بێت لەم بەناو هەڵبژارتنەدا یان نا، دەسەڵاتدارانی ئێستا براوەی هەڵبژاردنەکە دەبن. ئاشکرایە بە گۆڕانی دەموچاوەکانیش هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت و نانێک ناخرێتە سەر سفرەی خاڵی خەڵکی چەوساوە و بێجگەلە سەرکوتی زیاتر، پێدانی هیچ ئازادیی و مافێک لە ئارادا نابێت. واتا بەناو پەرلەمانی داهاتووش هەر وەک ئەوانەی ڕابردوو دەبێت و بڕیارێکی تێدا نادرێت کە لە بەرژەوەندی خەڵکی ئازادیخواز، چەوساوە و هەژاردا بێت.

 

هاووڵاتیانی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

 

کارنامەی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چڵ ساڵی ڕابردوودا نیشانی داوە کە ئەو ڕێژیمە هیچ ڕێزێک لە دەنگی خەڵک ناگری. ئەو دەسەڵاتە لە ناوەڕۆکدا دژی ماف و ئازادییەکانی کرێکاران، ژنان، کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و نەتەوە بندەستەکانە لە ئێران و تەنانەت لە ناوچەکەش. لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا باسکردنی دێموكڕاسی و هەڵبژاردنی نوێنەران بۆ پێشکەوتن و یەکسانیی و ئازادیی، بە تاوان هەژمار دەکرێن. بە دڵنیایەوە لە دوای پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنیش پەرلەمانی ئێران لە لایەن یەکێک لە کاراکتەرە پلەبەرزەکانی ئێستای کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە دەبرێت. کەواتا ئەم جۆرە پەرلەمانە تەنیا دامەزراوەیەکە بۆ ڕەواییدان و پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی کاربەدەستانی ئێستای ئێران و درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی و هەروەها دەرکردنی یاسا بە دژی خەڵکی جودابیر و ناڕازیی و چەوساوەیە. لە بارودۆخێکی ئاوادا، بەشدارییکردن لە شانۆگەریی بە ناو هەڵبژاردن، ڕاستەوخۆ خزمەت بە کۆماری ئیسلامی دەکات. بۆیە پێویستە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخواز و مافخوازی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەو جێگایەی کە بۆیان دەکرێت بەشداریی لە شانۆگەریی بە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانیی کۆماری ئیسلامییدا نەکەن بەڵکو بە هەموو شێوەیەک بایکۆتی بکەن.

 

بە هیوای ڕزگاریی و سەرکەوتنی ئیرادەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

 

٢/٢/٢٠٢٠ی زاینی