پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی یەکی ئەیار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
01-05-2020

 

پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی یەکی ئەیار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران

لەیادی یەکی ئەیاردا، ڕۆژی جیهانیی هاوپشتیی کرێکاران، پیرۆزبایی لە کرێکارانی جیهان بە گشتیی و کرێکارانی کوردستان بە تایبەتیی دەکەین و  دەستی ماندوویان دەکوشین. لەو یادە مێژووییەدا دووپاتی دەکەینەوە کە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامی چەوساوەکان لە پێناو ڕزگاریی و گەیشتن بە مافەکانیان بەرز دەنرخێنین و خۆمان بە هاوخەباتی گشت چەوساوەکان دەزانیین.

قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی جیهان کە سیستەمی سەرمایەداریی لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە لەپشتی زۆربەی ئەم قەیرانانە بووە، پشکی شێری زیانەکانی بەر چینی چەوساوەی کۆمەڵگە و بەتایبەت کرێکاران کەوتووە. یەک لەو قەیرانانەی دوایی کە کرێکاران لە ساڵی ڕابردوودا باجێکی گەورەیان بۆ داوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆڕۆناوە بووە کە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو بارودۆخە کرێکارانی لە گەڵ ئازاری بێکاری و نانبڕان بەرەوروو کردووە. دیارە بارودۆخەکە بۆ کرێکارانی کوردستان بە گشتیی و وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، لە هەمویان زیاتر لە ئێستادا لە ئێران کە پێشتریش گەمارۆی ئابووریی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر بووە و کرێکاران لە بییمەی بێکاریی و زۆر لە بییمە کۆمەڵایەتییەکان بێبەشن، زۆر قورسترە.

 مخابن لە کوردستان کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی هەژار کە لە ژێر دەستەڵاتی دیکتاتۆرانەی داگیرکەراندا لە مافە چینایەتیی و مرۆڤایەتیی و نەتەوایەتییەکان بێبەشن، لە بەر بێ ئیمکاناتی ناتوانن وەک پێویست خۆیان لە مەترسی هیچ ڕووداوێکی مەترسیدار بپارێزن. بۆیە لە گەم بارودۆخەدا ژیانی ڕۆژانەی کرێکاران و مرۆڤە هەژارەکان بەگشتی قورستر و تاڵتر بووە و ئەگەر ڕێگا چارەیەکی بنەڕەتیی بۆ ئەو بارودۆخە نەدۆزرێتەوە ڕوودانی کارەساتێکی مرۆڤی بە دوور نازانرێت.

لەڕاستید بەگرتنە پێشی کۆمەڵێک ڕێکاری وەک هاوکاری دامەزراوە خێرخوازیەکان و ئێن جی ئۆکان یا یارمەتی کاتیی دەستەڵاتدارن ژیانێکی شایستە بۆ کرێکاران و خەڵکی هەژار دابین ناکرێت. کرێکاران کە هێزی بەرهەمهێنەر و لایەنی ماندوو و زۆرینەی ناو کۆمەڵگان، شایانی بەزەیی پێداهاتنەوە نین، بەڵکو شایانی ڕێز لێنانن. چۆن دەبێت لە کاتی رووداوی سرووشتی یا بڵابوونەوەی ڤایرۆسێکی مەترسییدار یا لە هەر حاڵەتێکی نائاساییدا مووچەی کرێکاران ببڕدرێت و ئەوان باجەکەی بدەن؟ لە راستییدا دەبێ نەک هەر پێویستە گرفتەکانی کرێکاران بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێن، بەڵکو پێویستە هەموو مافەکانیان بەبێ کەم و کۆڕیی بە یاسا لە بەرژەوەندیی کرێکاران ڕێک بخرێن و لەناو دەستووری ووڵاتاندا جێگیربکرێن بە شێوەیەک لە هیچ کاتێکدا نەکەونە بەر هەڕەشە. پێویستە خەباتی کرێکاران و سەندیکاکان و کۆڕ و کۆمەڵە مەدەنییەکان و تەواوی یەکسانییخوازان بەو ئاڕاستەیەدا گەشەی پێ بدرێت.

 بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی مافخوازانەی کرێکاران و خەڵکی ماف پێشێلکراو، بۆ سەقامگیرکردنی ژیانێکی ئازاد و یەکسان و ئاسوودەی شیاوی مرۆڤایەتیی، بۆ پاڕاستنی دەسکەوتەکانی کۆمەڵانی خەڵكی چەوساوە پێویستیمان بەهاوکاری یەکتر و تێکۆشانی هاوبەش، هەوڵدانی بەردەوام، خەباتی زانستی، وشیاریی ڕامیاریی و ستراتیژییەکی ڕوون هەیە. بەبێ دەستەبەرکردنی ئەو پێشمەرجانە هەر هەوڵدانێکی بێ پلان و پەرتەوازە بۆ گۆڕانکاریی لە ژیانی کرێکاران و گشت پێکهاتە چەوساوەکان بێ ئاکام دەبێت. بۆیە پێویستە هەموو ئەو کەسانەی کە لە دەست نابەرابەریی و بێ مافیی و چەوساندنەوە وەزاڵە هاتوون بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان لە مەیدانی  کردەوەدا یەکهەڵوێست بین و بە پێی پێداویستیی قۆناخەکە، کەڵک لە میتیۆدەکانی خەبات وەرگرین و ڕەوڕەوی تێکۆشان قۆناغ بە قۆناغ بەرەوپێش بەرین .

بەرز و پیرۆز بێت یادی یەکی ئەیار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران!

سەرکەوێ خەباتی مافخوازانەی کرێکاران و کۆی پێکهاتە چەوساوەکان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١/٥/٢٠٢٠ی زایینی

 ١١ی گوڵانی ٢٧٢٠ی کوردی