پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کورستان بە بۆنەی یەکی ئەیار

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
01-05-2021

لە یەکی ئەیاردا، پیرۆزبایی لە هەمووکرێکارانی جیهان دەکەین و دەستی ماندووی هاوخەباتییان دەگوشین. شانازی بەو هەوڵ و تێکۆشانەوە دەکەین کە کرێکاران لە سەردەمانێکی دژواردا بە لێبڕاویی شێلگیرانەی خۆیان بەرەنگاری زوڵم و ستەمی دیکتاتۆران بوونەوە و لە ئاکامدا یەکی ئەیاریان وەک ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار لە مێژوودا تۆمار کردووە.

 یەکی ئەیار بەرهەمی ڕەنج و تێکۆشانی نەپساوەی کرێکارانە، کە لە مێژووی خەباتی چینایەتییدا گرنگی و تایبەتمەندیەتی خۆی هەیە. بۆ بەرز ڕاگرتن و بەزیندوویی هێشتنەوەی ئەو یادە لە هزروبیری چەوساوکاندا، مافی هەر تاکولایەنێکی ماف پێشێلکراوە کە خۆیان بەخاوەنی ئەو دەستکەوەتە بزانن و لە ڕەوتی بەرەوپێشبردنی خەباتدا کەڵک لەو ئەزموونە وەربگرن و دەستکەوتی زیاتر بخەنە سەر خەرمانی دەستکەوتەکانی بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەکانی پێشوو کە لە بەرژەوەندی کرێکاران و گشت خەڵکی چەوساوەدا بن.

 لە کوردستان بەهۆی دەستەڵاتی دیکتاتۆرانە و بیروبۆچوونی شۆڤێنیستی هاوشێوەی داگیرکەران هەلومەرجێکی نەخوازراو بۆ کرێکاران خوڵقاوە. بەشێکی زۆر لە کرێکاران بە هۆی دەستکورتیی ماددی لە گەڵ کۆمەڵێک کێشە و دەستڕانەگەیشتن بە پێداویستیەکانی ژیان بەرەوڕوون. ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی کوردستان کارێکی دیاریکراویان نیە،  بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان لە دەرەوەی دامەزراوە حوکوومیەکاندا هەر ڕۆژە لە شوێنێک بەدوای کاردا دەگەڕێن. بەشێکیان پەنا بۆ کاری وەرزیی و کورەخانەکان یا کۆڵبەری و کاری گران و مەترسیدار دەبەن، ئەگەر بەهۆی ڕووداوە سرووشتیەکان یا لە کاتی کار کردندا تووشی هەر پێشهاتێکی وەک کەمئەندام بوون یا مردن ببنەوە، بیمەی بێکاری و قەربووکردنەوە نایانگرێتەوە.

 زۆرێک لە کرێکاران شوێنی نیشتەجێبوونیان نیە و کرێخانوو باری سەرشانیان قورستر دەکات، یا لە بێداهاتیان منداڵەکانیان ناتوانن هەموو قۆناغەکانی خوێندن تەواوبکەن، تەنانەت لە توانایاندا نیە چارەسەری نەخۆشیە مەترسیدارەکانیان بکەن. لە وەها بارودۆخێکدا کرێکاران لە گەڵ هەموو ئازارەکانیان بەردەوام ترسی لە کار دەرکردن و بێکار مانەوەیان هەیە. لە هەر حاڵتێکدا کە کرێکاران بێکار بن نە هەلی کاریان بۆ دەڕخسێندرێت نە قەرەبوو دەکرێنەوە. یاسای کار لە لایەن دەستەڵاتدارانەوە داڕێژراوە کە لەبەرژەوەندی هەموو کرێکاراندا نیە. لە سەروی هەموو ئەوانەشەوە لەدەرئەنجامی بیروبۆچوونی فراوانخوازیی دەستەڵاتداران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  کراوەتە مەیدانی شەڕ و ناکۆکیی چەند لایەنە و تاقیکردنەوەی چەکی پێشکەوتووی وێرانکەر و کۆمەڵکوژ. بەوشێویە چواردەوری کوردستان بۆتە ناوچەیەکی پڕ لەکێشە و ناسەقامگیر.

 سەرمایەدارە چاوچنۆکەکان دەستیان بەسەر سەرچاوەکانی داهاتداگرتووە، کاربەدەستە گەندەڵەکان زۆربەی کار و جموجۆڵە بازرگانیەکانیان قۆرغ کردووە، بە پێی بەرژەوەندی خۆیان نرخی کەلوپەلەکان دیاری دەکەن و بڕیار لەسەر چارەنووسی خەڵکی هەژار دەدەن. لە ئاکامدا خەڵکی هەژار بەتایبەت کرێکارانی کوردستان بە گشتی باجی ئەو بارودۆخە دەستکردە دەدەن و ژیانێکی پر لە ئازار بەسەر دەبەن.

 ئەوەی کە ئاماژەی پێکرا بەشێکی کەمە لە ژیانی کۆڵەمەرگیی و پڕ لە کارەساتی کرێکاران کە دەستەڵاتی داگیرکەران و سیستمی سەرمایەداری بەسەریدا سەپاندوون. کرێکارانی کوردستان بە هۆی ڕێگریی دەستەڵاتداران و زۆری نەهامەتیەکانی ژیانی ڕۆژانەیان ناتوانن وەک پێویستە بەردەوام بە ئەرکە چینایەتیەکانی خۆیان هەستن و بەشداری لە  هەموو ئەو خۆپیشاندان و چالاکیانەدا بکەن کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان  پێویستن.

بەداخەوە لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیش بەهۆی بەرژەوەندی حیزبیەوە کرێکارانیان لە یەک دابڕیوە، بەشداری لە هەر چالاکیەکدا بکەن دەبێ مۆرکی حیزبی خۆیانی پێوە بێت. ئەو کرێکارانەی کە لەناو ڕێکخستنە حیزبیەکاندان ئەگەر لە دەرەوەی چوارچێوەی حیزبی بەشداری لە هەر چالاکیەکدا بکەن بە شکاندنی پەرەنسیپی حیزبی تۆمەتبار دەکرێن و دەخرێنە ژێر لیپرسینەوە.

کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان

لایەنی داکۆکیکار لە ماف و ئازادیەکانی چەوساوەکان

گرنگە هەموو لایەک ئەو ڕاستیە بزانن کە کرێکارانی کوردستان وێڕای ئەوەی کە لەچەند لاوە دەچەوسێندرێنەوە بە سەر چەند لایەنی سیاسیشدا دابەشبوون و لە ڕەوتی بەرەوپێشبردنی خەباتدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کۆسپ دەبنەوە. تەنانەت زۆر جار بەرەوڕووی یەکتر دەکرێنەوە و زیان بەیەکتر دەگەیەنن.

بۆیە پێویستە کرێکارانی کوردستان سەرەڕای جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی و ڕەگەزیی و ئینتمای حیزبی لە مەڕ پاراستنی دەستکەوتەکان و گەیشتن بە داخوازە چینایەتیەکانیان یەکهەڵوێست بن. داوا بکەن کە یاسای کار گشتگیر بێت، هەموو کرێکاران لە بیمەی بێکاری و قەرەبوو و مافی خانەنشینیی و هەموو لایەنە خزمەتگوزاریەکان سوودمەند بن ... هەوڵبدەن داخوازەکانیان لەچەند خاڵی هاوبەشدا ڕێکبخەن و بە هاوخەباتیی و تێکۆشانی بەردەوام بە سەر لایەنی بەرامبەریاندا بسەپێنن، بە یەكێتی و وشیاریی سیاسی خۆیان بەرپەرچی پیلانەکانی سەرمایەداران ودەستەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان بدەنەوە.

کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان کە داینەمۆی ڕاپەرین و شۆڕشن پێویستە فشار بۆ لایەنە سیاسیەکان بێنن کە هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەموو تایبەتمەندیەکانی کوردستان لەبەر چاو بگرن. لە بەرامبەر خەڵکی هەژار و چەوساوەی هەموو پێکهاتەکانی کوردستاندا هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن، کاری ڕۆژانە و چالاکیە سیاسیەکانیان بە شێوەیەک بن کە یەکێتی و هاوخەباتی لەناو کرێکاران وخەڵکی بەشمینەتدا بەهێز بکات و کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی کرێکاران و سەرجەم زەحمەتکێشانی کوردستان هەبێت. بەومەرجە بەشداری لە خەباتی هەر لایەنێکدا بکەن کە بەکردەوە پشتیوانی لە ویست و داخوازەکانی کرێکاران و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێش و کۆڕ وکۆمەڵە چینایەتیەکان بکەن. بەوشێوەیە  ڕەوتی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە ڕامیاری، ئابوری، کۆمەڵایەتیەکان پێش بخەن و لە هەموو لایەکەوە بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن بڕۆن.

 ئێمە لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دژی هەر چەشنە چەوساندنەوەیەکی مرۆڤ بەدەست مرۆڤین. هەر جۆرە ماف پێشێلکردنێکی چینایەتیی، نەتەوایەتیی،  رەگەزیی و... بە ناڕەوا دەزانین. لە پێناو ڕزگاری و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان تێدەکۆشین، ئامانجمان چەسپاندنی سیستەمێکی دادپەروەرانەی سەردەمیانە و گشتگیرە، تا "دای بڕێژین کۆشکی یەکسانی ژیان"   لەسەر ئەو بنەمایە لە هەر شوێنێک خەباتی ڕەوای کرێکاران و پێکهاتە چەوساوەکان هەبێت پشتیوانی لێدەکەین، وەک هاوخەباتی خۆمان  هەوڵ و ماندووبوونیان بەرز دەنرخێنین، شانازی بە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانیانەوە دەکەین و پاراستن و گەشە پێدانیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین.

دووبارە جەژنی جیهانی کرێکاران لە هەمووچەوساوەکان پیرۆز بێت.

سەرکەوێ خەباتی مافخوازنە و یەکسانیخوازانەی کرێکاران

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١ی ئەیاری ٢٠٢١