پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە یادی یەکی ئەیاردا

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
01-04-2022

 

یەکی ئەیار ڕۆژی جیهانی چینی کرێکار لە هەموو کرێکارانی سەر گۆی زەوی پیرۆز بێت. لە یادی یەکی ئەیاردا ڕێز و سڵاو ئاڕاستەی بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان و زیندانیانی سیاسی دەکەین، دەستی ماندووی کرێکاران و ڕەنجدەران دەگوشین، هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی ڕەوای کرێکاران و سەرجەم چەوساوەکان بە ئاوات دەخوازین.

 بە پانتایی دنیای مرۆڤایەتی  لە هەر شوێنک کە هەژمۆنی سیستمی سرمایەداری بەسەر بەڕێوەبردنی ئیدارەی ووڵاتدا زاڵ بێت، کۆمەڵانی خەڵک بەگشتی دەچەوسێندرێنەوە و بە شێوەیەکی سەرەکی مافی کرێکاران پێشێل دەکرێت. لەناو زۆربەی کۆمەڵگاکان بە هێندێک جیاوازیەوە ئازار و داخوازیەکانی کرێکاران هاوشێوەی یەکترن و ڕێگای چارەسەری کێشەکانیان لەیەکەوە نزیکن. بەڵام لە کوردستان کرێکاران کە ماندووترین و بێمافترین مرۆڤی سەرزەوین، دایم "دەستی ماندوویان لەسەر زگی برسییە"! و ماوەیەکی زۆرە کۆمەڵێک کێشەی ئاڵۆز و بەئازاریان بەسەردا سەپێندراوە، لە چەند لاوە کۆسپێکی زۆر لەسەر ڕێگای تێکۆشانی ئەو چینە چەوساوە هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی. ناکۆکی نێوان ئەولایەنە سیاسیانەش کە بەقسەی خۆیان پارێزگاری لەمافی کرێکاران و چەوساوەکان دەکەن، ماف پێشێل کراوەکانی لەیەک دابڕیوە و کۆمەڵێک کێشەی لاوەکیان بۆ دروست کردوون.

چواردەستەڵاتی دیکتاتۆر کەپێکهاتوون لەنەتەوە وئاینی و فەرهەنگی لەیەکجیاواز، بەزۆر ووڵاتی کوردانیان دابەش و داگیرکردووە. ئەو داگیرکەرانە کە هەر هەموویان خاوەنی بیر و هزری دواکەوتانەی شۆڤێنیستین، لە ناو خۆیاندا لەسەر زۆر بابەت بە یەکەوە ناکۆکن، بەڵام بۆ دژایەتی خەڵکی کوردستان هاوکار و یارمەتی دەری یەکترن و هەموو کات خەون بە جینۆساید کردنی خەڵکی کوردستانەوە دەبینن. ئەو دەستەڵاتدارە پاوانخوازانە چەندین ساڵە لە دنیایەکی چەقبەستوودا بەدەوری بازنەیەکی سواودا دەسووڕێنەوە، بەردەوام کێبەرکێیانە بۆ بوون بە هێزی یەکەم لە ناوچەکەدا. کێشەی چاوبڕینە خاکی ژێر دەستەڵاتی یەکتر و پاشگەز بوونەوە لە ڕێکەوتنەکانی پێشوو، زەق کردنەوەی جیاوازی نێوان مەزهەبەکان و تێکەڵ کردنیان بە کاری سیاسی و سیستمی بەڕێوەبەری، شەڕ و تێکهەڵچوون لە سەر کۆنەقین و سنوور بەزاندن و بەرژەوەندی ئێستا، خەرج کردنی بەشی زۆری داهاتی ووڵات بۆ دەست ڕاگەیشتن بە چەکی پێشکەوتوو و بەهێزتر کردنی هێزی سەربازی، خۆ هەڵواسین بە بەرەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و شەڕی بە وەکالەت بۆ زلهێزەکان،... هەموو ئەوانە چەند جار دووبارە بوونەوە، کە کرێکاران هیچ بەرژەوەندیەکیان لەو بارودۆخە ناهەموارەدانیە، بەڵام ناچارن لە ناویدا بژین. هەموو ئەو ناکۆکی و بەگژیەکداچوونانە بوونە کۆسپ لەسەر ڕێگای گەشە کردنی ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگا بەگشتی و ناوچەکەی بەدواکەوتوویی هێشتۆتەوە. کرێکارانی کوردستان لەهەمووان زیاتر باجی ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرە دەدەن و کاریگەری خەراپی لەسەر ژیان و ماف و ئازادیەکانیان داناوە.

کرێکارانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ماف و ئازادیەکانیان پێشێل دەکرێن، کاتێک کە داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن داخوازیەکانیان بۆ جێبەجێ ناکرێن، لە سەر بەشداری لە ڕێوڕەسمی یەکی ئەیار و خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە باردۆخی خەراپی ژیانیان سزا دەدرێن. تەنانەت مافی ڕادەر بڕینیشیان پێڕەوا نابینرێت، بە پێکهێنانی هەر کۆڕ و کۆمەڵێکی تایبەت بە خۆیان بە تاوانبارهەژمار دەکرێن و دەکەونە بەر پەلاماری هێزە سەرکوتگەرەکان، تۆهمەتی بێبنەمایان دەدرێتە پاڵ و دەگیرێن و دەخرێنە زیندانەکان، دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر حوکم دەدرێن و زۆریان ئیعدام دەکرێن.

داگیرکەران لە حاڵەتی ناچاریدا نەبوبێت، مەبەستیان نەبووە کوردستان بە پیشەسازی بکەن و هەلی کار بۆ کرێکارانی کوردستان بڕخسێنن. بۆیە بەشێکی زۆر لە کرێکارانی کوردستان لە دەرەوەی کارخانە و دامەزراوە حوکمیەکان شاروشار بە دوای پەیدا کردنی کاردا دەگەڕێن، تا لە جوجەخانەکان، گاوداریەکان، کۆمپانیا ئەهلیەکان، کاری بیناسازی یا کرێکاری وەرزی وەک دروێنە، باغ چنین، پەتاتە هەڵقەندنەوە،...  دەستیان لە کارێک گیر دەبێت. کە هەر یەک لەو کارانە کێشە و گیروگرفتی تایبەت بەخۆیان هەیە و لایەنی لەشساغی کرێکارانیانتێدا ڕەچاو نەکراوە. لە ئەگەری پێشێلکردنی مافی کرێکاران لە لایەن خاوەن کارەوە یا روودانی هەر رووداوێکی کارەساتباردا، یاسایەک نیە کە پارێزگاری لە مافی کرێکارانی زیان بەرکەوتوو بکات. دەستەڵاتی بەڕێوەبەریش لەو کاتانەدا خۆی بە بەرپرسیار نازانی، بۆیە کرێکارانی کوردستان بەدەست ژیانێکی تاڵ و چەند ئازارەوە دەناڵێنن.

لە کوردستان بە هۆی بێکاری و گرانی و زۆر بوونی ڕێژەی پێداویستیەکانی ژیان، خەڵک لە گەڵ ژیانێکی تاڵ رووبەروو بووە، بۆیە خەڵکێکی زۆر لە ناچاریان پەنا بۆ کۆڵبەری دەبەن و  بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان پەنجا بۆ حەفتا کیلۆ کەل و پەلی بازرگانی لە پێناو کرێیەکی کەم بە کۆل هەڵدگرن و شەوانە دوور لە چاوی هێزە سەرکوتگەرەکان چەند کیلۆمیتر بە ڕێگای هەوراز و نەشێوی هەڵدێردا دەڕۆن. ئەو کۆڵبەرانە سەرەڕای ئەوەی کە لە دوارۆژدا تووشی کۆمەڵێک ئازار و کێشەی لەشساغی دەبن،  زۆرجاریش رووبەرووی رووداوی سروشتی دەبنەوە، لە شەوی تاریکدا مینیان پێدا دەتەقێتەوە یا دەکەونە بەر دەستڕێژی گوللەی هێزە ئەمنیەکان و بریندار و کەم ئەندام دەکرێن و هێندێکیان گیان لەدەست دەدەن. لە کوردستانە خێر لە خۆ نەدیوەکەی ئیمە نەبێت لە کام جێگای دیکەی دنیادا مرۆڤ بەو شێوە بژیوی ژیان دابین دەکات؟

ئەو بارودۆخە قەیراناویە کە بە هۆی سیاسەتی داگیرکەرانی شۆڤێنیست وکۆمەڵێک سەرمایەداری چاوچنۆک لە ناوچەکە پێکهاتووە، ئەرکی سەرشانی کرێکاران و پارێزەرانی مافی چەوساوەکانی هەر چوار بەشی کوردستانی زیاتر و گرانتر کردووە. بۆیە بەردەوام هەوڵدان بۆ پارێزگاری لە خۆ کردن و دەستەبەر کردنی ماف و ئازادیەکان وەک پێداویستیەکی ژیان لەئارا دابووە، کرێکاران و خەڵکی چەوساوەی کوردستان لەو ڕێگایەدا زۆر ماندوو بوون و باجی زۆریان داوە، کە پاشخانێکی سیاسی دەوڵەمەندوو و پڕ لە ئەزموونیان بۆ ڕێبوارانی ناو کاروانی خەباتی چەوساوەکانی کوردستان بەجێ هێشتووە. بێگومان کەڵک وەرگرتن لەو ئەزموونە گەورەترین یارمەتیدەرە بۆپێشخستنی خەباتی کرێکاران و چەوساوەکانی کوردستان.

ئێمە لەسەربنەمای بە پەرۆشیمان بۆ چارەسەر کردنی کێشەی هەموو چەوساوەکان، پێمان وایە خەباتکاران لە کوردستان پێویستیان بە بەخۆداچونەویەکی هەمە لایەنە، داهێنانێکی نوێ و ڕێکار گەلێکی تایبەت هەیە، کە لە گەڵ تایبەتمەندیەکانی کوردستان و ئاستی گەشەی کۆمەڵگا بگونجێت. لە کوردستان مادام  ویست و داخوازەکان هاوشێوەی یەکترن، مەرج نیە کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی چەوساوە پەیوەندی ئۆرگانیکیان بە یەکەوە هەبێت، بەڵکو دەکرێت بە ڕێزگرتن لە جیاوازی پێکهاتەی نەتەوەیی، ئاینی، ڕێکخراویی و بۆچوونی سیاسی یەکتر، لە هەڵمەتێکی گشتگیردا قۆلی هیمەتی لێ هەڵماڵن و شانبدەنە بەر تێکۆشانی هاوبەش، هەمووان بە یەکەوە ڕەوڕەوی خەبات لە سەر بنەمای پلانی تۆکمەلە پێناو ئامانجە هاوبەشەکان بەرەو پێش بەرن. لە سەر ئەو بنەمایە، لەم قۆناغەدا، ئەرکی هەنووکەیی سەرشانی کرێکاران وخەڵکی چەوساوە و خەباتکارانی پێشڕەوە بۆ گەیشتن بە دوا ڕۆژێکی روون کە ئامانجی هەمووانی تێدا بێتەدی، بریتیە لە: 

١- هەوڵدان بۆ زیاتر بردنە سەری ئاستی هوشیاری کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە بەگشتی و کەڵک وەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەبات بە پێی پێداویستی قۆناغەکان.

٢- هەوڵدان بۆ نوێگەری لە خەباتدا و بە کرەدەوە هەوڵدان بۆ جێخستنی کەلتووری یەکتر قەبووڵکردن و تێکۆشانی هاوبەش لە ناو هەموو چەوساوەکان بە تایبەت کرێکاران.

٣- پێویستە کرێکاران و گشت چەوساوەکانی کوردستان سەرەڕای ئەندامیەتیان لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان و هەبوونی بیروڕای جیاواز، لەسەر داخوازە هاوبەشەکان و پرسە چارەنووس سازەکان هاوهەڵوێست بن و بە کردەوە پشتیوانی لە یەکتر بکەن، لە هیچ کات و شوێنێک بە لاوازی رووبەرووی سەرمایەداران و دەستەڵاتداران نەبنەوە.

٤- پێویستە بەڕێوەبەری سەندیکاکان و نوێنەری  کرێکاران و زەحمەتکێشان لە هەموو شار و ناوچەکان پەیوەندیەکی بەردەوامیان لە گەڵ یەکتر هەبێت، لە هەر چالاکی و پێشهاتێکدا هاوکار و پشتیوانی یەکتر بن، هەڵبدەن بە یەکەوە داخوازیەکانی کرێکاران بە سەر سەرمایەداران و دەستەڵاتی بەڕێوەبەریدا بسەپێنن و بە هەمان شێوە بۆ پاراستن و گەشە پێدانی دەستکەوتەکان تێبکۆشن.

٥- پێویستە کۆی کرێکاران و فەرمانبەران داوا بکەن کە ڕێژەی مووچە و حەقدەست بە شێوەیەک دیاری بکرێت کە بەشی ژیانی  خێزانەکانیان بکات.

٦- پێویستە کریکاران بە گشتی فشار بخەنە سەر دەستەڵات کە هەلی کار بۆ هەموو ئەو کەسانە بڕەخسێنی کە خوازیاری کار کردنن، ئەگەر کار نەبوو بیمەی بێکاریان پێبدرێت.

٧- پێویستە کرێکاران فشار بۆ دەستەڵات بێنن کە ئەو بڕگەیە بە یاسای کارەوە زیاد بکەن. ( هەموو ئەو کرێکارانەی کە لە دەرەوەی دامەزراوە حوکمیەکان کار دەکەن وەک کرێکارانی دیکە لە هاوکاریەکانی حکومەت سودمەند بن و لە تەمەنی دیاری کراودا خانەنشین بکرێن.

٨- مافی کرێکارانە بە چەند ساڵ جارێک یاسایکار بەپێی گۆڕانکاریەکان و هەلومەرجی سەردەم بە شێوەیەکی پێشکەوتووتر دابڕژیتەوە و ئەرک و مافی کرێکاران دیاری بکرێن و بە کردەوە جێبەجێ بکرێن.

لە ڕوانگەی ئێمەوە لە هەر شوێنێک خەباتی کرێکاران سەرکەوتوو بێت، کاریگەری ئەرێنی لەسەر تێکۆشان و ژیانی گشت هەژاران دادەنێت، بۆیە پشتیوانی لە خەباتی کرێکاران و هەوڵدان بۆ پاراستن و گەشە پێدانی دەستکەوتەکانیان ئەرکی سەرشانی هەموو چەوساوەکان و خەباتکارە مرۆڤ دۆستەکانە. هیوادارین یادی یەکی ئەیار ببێتە هاندەڕێک بۆ یەكێتی و هاوخەباتی کرێکاران و هەموو ماف پێشێلکراوەکانی کوردستان بەگشتی، بەو هیوایە گشت چەوساوەکان پێکەوە پشت ئەستوور بە ئیرادەی خۆیان لە پێناو ڕزگاری و بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی  سەربەخۆ، ئازاد، یەکسان و پێشکەوتوودا تێبکۆشن. ئێمە وێڕای شانازی کردن بە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی کرێکاران، پشتیوانی لە خەبات و داخوازی کرێکاران و چەوساوەکان دەکەین و خۆمان بە بەشێک لە خەباتی هەموو ماف پێشێل کراوان دەزانین. دوو بارە لە یادی یەکی ئەیاردا پیرۆبایی لە هەموو کرێکاران دەکەین و هەر هەوڵ و ماندوو بوونێکیان بۆ بەرەو پێشبردنی خەبات بەرز دەنرخێنین.

 

سەرکەوێ خەباتی کرێکاران و چەوساوەکان

پیرۆز بێت یادی یەکی ئەیار

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١/٤/٢٠٢٢ ی زاینی

١١ی گوڵانی ٢٧٢٢ی کوردی