مامۆستایان و خەڵکی ناڕازی بە سەرکوت بێدەنگ ناکرێن

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
17-06-2022

لە دەرئەنجامی سیاسەتی دیکتاتۆرانەی کۆماری ئیسلامی، لە چل وسێ ساڵی ڕابردوودا، کۆمەڵانی خەڵکی ژێردەستە و چەوساوە بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی خۆیان لە کردەوە دژە مرۆڤایەتیەکانی دەستەڵاتدارانی ئێران دەربڕیوە. بەڕێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی دەستەڵاتی خۆیان بەردەوام بە توندوتیژیی و گرتن و کوشتن خۆپیشاندانی خەڵکی ناڕازیان سەرکوت کردووە. تا ئێستا بە تاوانی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتی چەندین چالاکوانی مەدنیان گرتووە، کە لە سیناریۆ چەواشەکاریەکاندا ڕووی ڕاستی رووداوەکانیان گۆڕیوە و بە تۆهمەتی بێ بنەما خەڵکی مافخوازیان تاونبار کردووە کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ حوکمی ناڕەوایان بە سەردا سەپاندوون. بەداخەوە بەشێکی زۆر لەو کەسانە لە ئەشکەنجەخانەکاندا گیانیان لە دەستداوە و بەشێکیشیان ئێستا بە ئازارەوە ماوەی حوکمەکەیان بە سەر دەبەن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆماری ئیسلامی تا ئێستا نەیتوانیوە دەنگی خەڵکی ناڕازی بێدەنگ بکات.

ماوەیەکە لە ژێر دەستەڵاتی نادادپەروەرانەی کۆماری ئیسلامیدا نەهامەتیەکانی خەڵکی هەژاری ئیران بە گشتی و ڕۆژهەلاتی کوردستان و بلوچەستان بە تایبەتی زۆر زیادیان کردووە. گەندەڵی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، قۆڕغکاریەکانی سووپای پاسداران، گرانی و بێکاری، کەمی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران کە بەشی دابینکردنی لانی کەمی پێداویستیەکانی ژیانیان ناکات، لە لایەکی دیکەشەوە سزاکانی سەر ئێران ژیانی پڕ لە ئازاری خەڵکیان لە گەڵ چەندین کێشەی ئاڵۆز بەرەوەروو کردووە.  سەرەڕای هەموو ئەوانەش هەڵوێستی نابەرپرسیارانەی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و کەم داهاتی تووڕە کردوە، لەو چوارچێوەیەدا ماوەیەک لەمەوپێش مامۆستایانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشێکی گرنگ و کەمداهاتی ناو کۆمەڵگان، لە پێناو گەیشتن بە داخوازە ڕەواکانیان بە شێوەیەکی هێمنانە هاتنە سەر شەقامەکان و داوایانکرد مووچەیان بۆ زیاد بکرێت، خوێندن و پەروەردە بە خۆڕایی بێت، دەرمان بێبەرامبەر بۆ هەژاران دابین بکرێت، مامۆستایانی زیندانی کراو ئازاد بکرێن،... لە بەرامبەردا دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە جێگای ئەوەی گوێ لە داخوازەکانی مامۆستایان بگرن گوتیان ئەو داواکاریانە دروشمی لایەنە کۆمۆنیستەکانن. بەوشێوە دەستەڵاتدارە خۆسەپێنەکان وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان ڕەوایەت بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندران دەدەن.

دوای ئەوەی کە دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گوێیان بە ویست و داخوازەکانی مامۆستایان نەدا، لە ڕێکەوتی٢٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی بەرامبەر بە ١٦/٦/٢٠٢٢ی زاینی مامۆستایانی ناڕازی بە وەڕێخستنی خۆپیشاندانێکی هێمنانەی بەربڵاو لە زۆربەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتنەوە سەرشەقامەکان و بۆ چەندەمین جار داوای مافی ڕەوای خۆیان کردەوە. دیسان کار بەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە بری جێبەجێکردنی داخوازەکانی مامۆستایان هێزە سەرکوتگەرەکانیان ڕاسپارد کە مامۆستایانی ناڕازی سەرکوت بکەن. لە ئاکامدا هیزە سەرکوتگەرەکان دوور لە یاسا و ڕەوشتی مرۆڤایەتی بەربوونە گیانی مامۆستایانی ناڕازی، کە وێڕای لێدان و سوکایەتی پێکردن، زیاتر لە سەد مامۆستای دیکەشیان دەستگیر کرد و ڕەوانەی بەندیخانەکانیان کردن.

ئێستا لە ئێران و هەموو ئەو هەرێمانەی کەوتونەتە ژێر دەستەلاتی کۆماری ئیسلامی سیاسەتی دژە مرۆڤانەی برسیکردنی خەڵک لە پێناو چەند مەبەستی تایبەتیدا بەڕێوە دەبرێت. لە لایەک بۆ سەرگەرمکردنی خەڵک و ڕاکەڕاک بە دوای دابینکردنی بژیوی ژیان و نەپڕژانە سەر کاری ڕامیاری و نەبوونی کات بۆ خۆ پێگەیاندن و گەیشتن بە زانست و پێشکەوتنی گشتی، لە لایەکیتر بە مەبەستی مل کەچکردنی خەڵک بۆ دەسەڵات وەک تاکە سەرچاوەی داهات، لە لایەکیتر بۆ ئەوەی خەڵکی ناڕازی ناچار بێت کۆچ بکات بۆ دەرەوەی وەڵات و مەیدان بۆ کۆماری ئیسلامی چۆڵ بکەن، لە لایەکیتر بۆ ناساندنی ڕۆژئاوا وەک هێزێکی زاڵم و مەزڵوم نیشاندانی خەڵک بە هۆی کاریگەریەکانی ئابڵۆقەی ئەمریکا لە سەر کۆماری ئیسلامی، هەروەها بە مەبەستی هەڵخڕاندنی هەست و سۆزی خەڵکی ئیران و ڕاکێشانی سەرنجی ڕای گشتی بە ئامانجی دابینکردنی پشتیوانی ناوخۆیی و دەرەکیی بۆ درێژەدان بە دەستەلاتی نادادپەروەرانەی کۆماری ئیسلامی.

لە بارودۆخێکی لەو شێوەدا، بۆ هەموو لایەک جێگای پرسیارە کە بۆ کۆماری ئیسلامی دەتوانێت چەندین هێز و ڕێکخراوی توندڕەوی لایەنگری خۆی لە سەرتاسەری دنیا بە زیادەوە پڕچەک بکات و پارە و هەموو کەلوپەلی شەڕ و تێچووی کردەوە ترۆریستیەکانیان بۆ دابین بکات، کە لە هیچیان کەم نەبێت. بەڵام لە ناوخۆیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەوەندە کەم بێت کە بەشی ژیانێکی ئاسایی نەکات. لە کاتێکدا پڕۆسەی خوێندن و فێربوون و پەروەردە کاتێک بە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆیدا بەرەوپێش دەچێت کە دەستەڵاتی بەڕێوەبەری ژیانێکی شایستە و کەش و هەوایەکی ئارام بۆ مامۆستایان دابین بکات و ماف و شکۆیان پارێزراو بێت.

ئێمە لە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان خۆپیشاندانی مامۆستایان و خەڵکی زوڵم لێکراوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو گەیشتن بە داخوازەکانیان بە مافی ڕەوای ئەوان دەزانین و پشتیوانیان لێدەکەین. پەلاماری دڕندانەی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران شەرمەزار دەکەین. بەکارهێنانی توندووتیژیی لەگەڵ مامۆستایانی بێچەک، گرتنی خەڵکی نارازی و ئەشکەنجەدان و حوکمدانیان بە کردەوەیەکی ناڕەوا و قێزەونی ترسەنۆکانە دەزانین.

ئێمە پێمان وایە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ترسیان لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی خەڵکی ناڕازی هەیە و بۆ مانەوەی خۆیان لە سەر کورسی دەستەڵات دەست لە هیچ کردەوەیەکی دڕندانە و ماڵوێرانکەر ناپارێزن. بۆیە پێویستە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی ماف پێشێلکراو لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان لە هەڵمەتگەلێکی گشتگیردا هاوکار و پشتیوانی یەکتر بن و بە یەکەوە بەرپەرچی سیاسەتی دیکتاتۆرانەی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە، بە ئیرادەی خۆیان ویست و داخوازەکانیان بەسەر دەستەڵاتداراندا بسەپێنن و بەڕیوەبەرانی کۆماری ئیسلامی ناچار بکەن کە هەموو مامۆستایان و خۆپیشاندرانی زیندانی کراو ئازاد بکەن.

سەرکەوێ ئیرادەی مامۆستایان و خەڵکی ماف پێشێلکراو و ناڕازی

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٧/٦/٢٠٢٢ی زاینی

٢٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٢ی کوردی