کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پشتگیریی مانگرتنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
29-9-2022

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان پشتگیریی مانگرتنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات 

خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هەر وەک ئاگادارن، سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی، بنکە و بارەگاکانی چەندین لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان کەوتنە بەر پەلاماری مووشەکیی و پەهبادیی ڕێژیمی تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی کە لەم هێرشانەدا بەداخەوە دەیان کەس لە پیشمەرگە و ژن و مناڵی سیڤیلیش شەهید و برینداربوون. هاوکات چەندیین ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سێڤیل و تەنانەت خوێندنگەی مناڵانیش بوونە ئامانجی ئەم هێرشە دڕندانەیەی کۆماری ئیسلامی و خاپوور کران.

ئاشکرایە کە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی کە لە بەرامبەر سەرهەڵدانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و ئەم ناڕەزایەتیی و سەرهەڵدانە بەریینەی خەڵکی وەزاڵەهاتوو لە سیاسەتە تیرۆریستییەکانی دەستەوەستان بووە، بۆ تۆڵە ستاندنەوە لە خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی لە لایەک و بەلاڕێدابردنی سەرنجی خەڵکی ئێران و جیهان لەم شۆڕشە نوییەی خەڵک لە لایەکی تر، بۆ خۆقوتارکردن لەم شۆڕشە جەماوەرییە سەراسەرییە و درێژکردنەوەی تەمەنی و بەردەوامیی لە سیاسەتە شکستخواردووەکانی، دەستی بۆ ئەم جینایەتە بردووە. بەڵام وەک لە ڕابردووشدا ئەم سیاسەتە شکستخوادوەی تاقیی کردۆتەوە، تەنیا کەوتۆتە بەر نەفرەت و تۆڵەی زیاتری ئازادییخوازان و یەکسانییخوازانی کوردستان بە تایبەتیی و ئێران بە گشتیی و زیاتر لە پێشوو سووک و ڕسوا بووە.

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، وێڕای مەحکوومکردنی دووبارەی ئەم هێرشە دڕندانەیەی کۆماری ئیسلامی، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو هێز و لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتیی و ناڕەزایەتیی سەراسەریی دژ بە ڕێژیم و داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی خەباتکار و خۆڕاگر دەکەین کە بە یەکگرتووییەوە ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەر بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن، بە مانگرتنی گشتیی و داخستنی دووکان و بازاڕ و قوتابخانە و ئیدارەکان، یا هەر شێوازێکی تر و لە هەر شوێنێک کە بە گونجاوی دەزانن، وەڵامی جینایەتەکانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسامیی  بدەینەوە و جارێکیتر یەکگرتوویی و ناڕەزایەتیی خۆمان بە جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامیی بەم ڕێژیمە و بە هەموو دونیا نیشان بدەین.

سەرکەوێت خەباتی یەکسانییخوازانەی خەڵکی کوردستان.

‌کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی

٢٩/٠٩/٢٠٢٢ی زایینی