بانگەوازێکی دڵسۆزانە بۆ هەموو نیشتمانپەروەران و، بۆ هەموو حیزبەکانی رۆژهەلات!
سیروان کاووسی
10-10-2022
بانگەوازێکی دڵسۆزانە و دڵپاکانە بۆ هەموو نیشتمانپەروەران
و، بۆ هەموو حیزبەکانی کوردستان (رۆژهەلات)!
ماوەی زیاتر لە سێ حەفتەیە میدیای نێودەوڵەتی و کۆڕوکۆمەڵەی سیاسیی نێودەوڵەتی باس لە سەرهەڵدان و شۆرشێکی تازە دەکەن لە دژی رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران!
ماوەی زیاتر لە سێ حەفتەیە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو ئێران بووە بە گۆڕەپانی خۆپێشاندان و بەربەرەکانێی جەماوەریی لە دژی رژێمی کۆنەپەرست و تێرۆریستی ئێران. بڵێسەی ئەم بۆرکانە گەورەیە بە بۆنەی شەهیدکردنی دڕندانەی ژینا ئەمینیی لە شاری سەقزی خوێناوی و لە رۆژهەلاتی کوردستان سەریهەڵدا و، لە ماوەی چەند رۆژێک وەک پووش و ئاگر بە هەموو ئێراندا بڵاو بووەوە.
لێرەدا بەرە و ئۆپۆزسیۆنی فارس لە دەرەوەی وڵات، بە هاوکاریی ''بی بی سی فارسی'' و ''دەنگی ئەمریکا بەشی فارسی'' و چەندین کەناڵی دیکەی فارسزمانەکان لە دەرەوەی وڵات هەوڵیانداوە پرسی کورد وەک نەتەوە لە ژێر درۆشم و بەرنامەی سیاسیی خۆیان بشارنەوە و، بە ناوی خەباتی هاوبەش بۆ رزگاری و ئازادیی ئێران لە قەلەمی بدەن. ناوی ''ژینا''یان گۆڕیوە بۆ مهسا و وێنەی ژینا لە سەر نەخشەی ئێران دادەنێن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بە کوردیش بڵێن: کە کورد ئێرانین و کێشەی کورد و گەلانی ئێران یەک کێشەیە، ئەویش رووخانی رژێمی ئیسلامییە لە ئێران!
گەلی فارسی دەسەلاتدار کە زیاتر لە سەت سالە سیاسەتی سەرکوت و فریودانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی پێڕەو کردووە، بە تەمایە ئەمجارەش لەژێر درۆشمی خەباتی هاوبەش بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامیی، سەروەری و دەسەلاتی خۆی بە سەر کورد و گەلانی دیکەی ئێراندا رابگرێت.
ئەزموونی دەیان ساڵەی خەبات و قوربانیدانی رابردووی کوردستان پێمانیدەڵێ، نابێ چیدیکە ببین بە پاشکۆی بەرنامەی ئۆپۆزسیۆنی رژێمەکانی داگیرکەر. نموونەی باکووری کوردستانی سەردەمی ئەتاترکی خوێنڕێژ، رووخانی رژێمی پاشایەتیی لە ئێران لە ساڵی 1979، هەروەها نموونەی زەق و پڕ لە تاوانی ساخکردنەوەی دەوڵەتی عێراقی دوای رووخانی رژێمی گۆڕ بەگۆڕی سەددام حسێن کە بەدەستی حیزبەکانی باشوور دامەزرایەوە، بەڵگەی بە هێزن بۆ زانینی ئەزموونی سەرنەکەوتووی پێکەوەژیانی هاوبەش لەگەڵ گەلانی باندەستی کورد لە چوارچێوەی جۆگرافیای سیاسیی وڵاتانی داگیرکەر.
کاتی هاتووە پەند و وانە لە درۆشم و بەرنامەی دەیان سالەی سەرنەکەوتووی خۆدموختاری و فیدراڵی و ... لە چوارچێوەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بهێنین. دەرفەت و هەلێکی مێژوویی دیسان بۆ کورد هاتووەتە پێشەوە کە بتوانێت بە درۆشم و بەرنامەی نەتەوەییەوە پێ بنێتە سەر شاڕێی خەباتی پیرۆزی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان کە تاکە رێگەیە بۆ کۆتاییهێنان بە کۆیلەتی و سیاسەتی تواندنەوەی رەگەزی و خاک و جێنۆسایدی هەمەچەشنەی کوردستان.
ئەرکی نەتەوەییەکانی کوردستانە لەم رۆژە هەستیار و مێژووییەی رۆژهەڵاتی نیشتمانەکەمان، لە هەر رێگەیەکەوە دەتوانن هزر و هۆشیاریی نەتەوەیی لەنێو چین و کۆمەلانی خەڵکی کوردستاندا بڵاو بکەنەوە.
لێرەدا جارێکیتر بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی بەرەو ڕووی حیزبەکانی کوردستان بووەتەوە کە بڕیاری مێژوویی بدەن بۆ پێکهێنانی بەرە یان نێوەندێکی کوردستانی، سەرۆکایەتییەکی سیاسی و سەربازیی هاوبەش دامەزرێنن، هێزی پێشمەرگە بکەن بە یەک هێز، ناوی بنێن لەشکری رزگاریی کوردستان. دەستوورێکی کاتیی ئامادە بکرێ وەک بناخەیەک بۆ ئامادەکردنی پێگەکانی نێوەندی دەسەلاتدارێتیی کوردستانی، میدیایەکی هاوبەش دامەزرێنن کە زمانڕەوشی نێوەندی کوردستانی و دەنگی هەموو چین و پێکهاتەکانی نەتەوەی کورد بێت لە رۆژهەلاتی نیشتمان. بە کردەوە پێشانی بدەن لە ئاست بەرخۆدان و داخوازیی مێژووی و رەوای نەتەوەکەتانن! بە کردەوە بیسەلمێن چاوەڕوانی ئەوە نین بچنەوە سەر خوان و سفرەی حازر، وەک جاران نایکەنەوە بە شەڕەگەڕەک و شەڕەشار و شەڕی زاراوە و نێوچەگەرێتی!؟
حیزبەکانی رۆژهەڵات بە پژاکیشەوە پێویستە لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەکەیان واز لە ناکۆکی و چەندبەرەکیی بهێنن! پێڕەوکردنی هەر بەرنامەیەکی سیاسیی، جگە لە بەرنامەی یەکگرتنی نەتەوەیی بە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان، دەچێتە خانەی خیانەتی مێژووی و تاوانێکی مێژوویی گەورەیە بە خوێنی شەهیدانی کوردستان و پەکخستنی ئامانجی لە مێژینەی کوردە بۆ گەیشتن بە رزگاریی یەکجارەکی و دامەزراندنی دەولەتی سەربەخۆی کوردستان!
هەر شەکاوەبێت ئاڵای بەرز و پیرۆزی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان!
هەزاران سڵاو و چەپکە گۆڵ پێشکێشی مەزاری ژینا ئەمینی بێت، وەک پێشەنگ و رێبەری راپەڕینی نوێی نەتەوەکەمان!
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی رێگەی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان!
سیروان کاوسی
9/10/2022