پیلانی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ پەلاماردانی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
11-10-2022

 

 

پیلانی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ پەلاماردانی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لە باشوور!

لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژیمی جینایەتکاری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بە هەموو شێوازەکانی تیرۆر و کوشتن و ڕاوەدوونان، لە هەموو ئامرازەکانی سەردەم بۆ بێدەنگکردنی بەرەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ لەناو خۆی وڵات و چ لە دەرەوە کەڵکی وەرگرتووە و لە هیچ کردەوەیەکی نامرۆڤانەش لەم پێناوەدا درێخیی نەکردووە.
بۆردومان و هێرشی مووشەکی و پێهبادی و ڕفاندن و تیرۆری خەباتکارانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان بەشێک لە پیلانی دڕندانەی کۆماری ئیسلامیی بووە و ئێستاش لێی بەردەوامە. ئاشکرایە ئێستا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەتاو ئازاری ناوخۆ و هەستانەوەی خەڵک لە سەراسەری کوردستان و ئێران ئازارێکی زۆر گەورەتر و زیاتری پێ گەیشتووە، بە تەمایە بەم بیانووە بە شێوەیەکی بەریینتر و ئاشکراتر پەلاماری باشووری کوردستان و لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لەوێ بدات.
ئاپۆرای خەڵکی سڤیلی ناڕازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە قوڵایی ئێران و تەنانەت لە تارانی ناوەندی بڕیاری کۆماری ئیسلامییدا بەردەوامە و خەڵکی ناڕازی لە ٤٣ ساڵ جینایەت وستەمی ئەم ڕێژییمە تیرۆریستپەروەرە، خرۆشاونەتە سەر شەقام و بە وتنەوەی دروشمی شۆڕشگێڕانە، بە هوتاف کێشان و چەپڵە لێدان، سەرتاپای پێکهاتەی کۆماری ئیسلامییان ڕاچڵەکاندووە و کۆی پارێزەرانی ڕژیمی خوێنڕێژیان لە گەڵ ترسێکی زۆر بەرەوروو کردۆتەوە. بۆیە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی بارودۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی ئێران و بە مەبەستی چەواشەکاری، هەوڵدەدەن لەم کاتەدا بەرەیەکی شەڕی ڕاستەوخۆ دروست بکەن تا سەرنجی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ژێردەستیان و هەروەها سەرنجی خەڵکی دونیا لەسەر داماویی خۆیان و جینایەتەکانیان بەلاڕێدا بەرن.
بەڕیوەبەرانی کۆماری ئیسلامی لە سەر بنەمای بیری شۆڤێنیستی دەیانەوێت بە بیانوی هەبوونی بارەگای لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناو باشووری کوردستاندا، خاکی هەرێمی کوردستان بکەنە مەیدانی ئەو شەڕە دڵخوازەی خۆیان و لە پەنا ئەو شەڕەدا زیان بە کۆی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بگەیەنن و ئاژاوەیەکی نوێ لە ناوچەکە هەڵگریسێنن تا هەموو لایەکی پێوە سەرقاڵ بکەن.
بەڵێ کاربەدەستە ملهوڕەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێت بە پێی بەرژەوەندیی خۆیان شێوە و مەیدانی خەبات بۆ لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری بکەن و لە خەباتی ڕآستەقینە دووریان بخەنەوە. لەولاشەوە هەست و سۆزی بەشێک لە خەڵک و بەتایبەت فریوخواردوو و بەکرێگیراوەکانیان بورووژێنن و ڕاپەرینی خەڵکی ناڕازیان پێ سەرکوت بکەن.
لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی بۆ ڕەواییدان بە پەلاماردانی باشووری کوردستان، پەستانی خستۆتە سەر بەڕێوەبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بارەگای لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورئ ڕۆژهەڵات دوور بخاتەوە. گوایە ئەگەر حکومەتی هەرێم ئەو داواکاریەی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ نەکات، سوپای پاسداران هێرشی بەریین دەکاتە سەر بارەگای لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور.
ئەوەی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی نایزانێ یان خۆی لێ گێل دەکات ئەوەیە کە ئەندامانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قاڵبووی ناو مەیدانی خەباتی گەلەکەیانن و لەناو دڵی خەڵکی خۆیان دان و لە هەر شوێنێک بن ئەرکی خۆیان بۆ ڕزگاریی نیشتمانەکەیان بەجێ دەگەیەنن. ئەوان کۆر و کچی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و ئەگەر ڕەوانەی ئەو سەری دنیاش بکرێن خەڵکی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕیار و ڕاسپاردەکانیان جێبەجێ دەکەن، بە تایبەت لە ئێستادا کە پێشکەوتنی تکنۆلۆژیا ئاسانکاری بۆ هەموو لایەک کردووە. هەر بۆیەش خەونی کۆماری ئیسلامی بۆ لێکدابڕینی خەڵک و پێشمەرگە قەت نایەتە دی.
لە کاتێکدا لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لە پێناو ڕێزگرتن لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی حکومەتی هەرێم و پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکی باشووری کوردستان باجی زۆریان داوە، پێویستە بەڕێوەبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەچنە ژێر باری ئەو داواکارییە نابەجێیەی کۆماری ئیسلامی و زۆر بە ڕوونی و بە توندی لەبەرمبەریدا بوەستنەوە.
بێگومان ئەگەر ئەو داوایەی کۆماری ئیسلامی جێبەجێ بکرێت، لە داهاتوودا زۆر مەرجی دیکە بە سەر حکومەتی هەرێمدا دەسەپێنن و ئەمەش زیانێکی گەورەی دەبێت بۆ کۆی خەباتی خەڵکی کوردستان و بۆ ڕزگاریی لە ژێر دەستی داگیرکەران. هاوکات پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان و بەتایبەت لایەنەکانی ڕۆژهەڵات هاوکاری یەکتر بین و بە یەکەوە خەبات بکەین و هاوئاهەنگ بین بۆ پووچەڵکردنەوی پیلانەکانی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا.

بڕووخێت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی!
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ی کوردی
١١/١٠/٢٠٢٢ی زاینی