بۆچی ئاڵای کۆماری کوردستان بە ئاڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانیین؟

یەکسانی
21-10-2022

بابەتی ئاڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان

هەموو نەتەوەیەک و وڵاتێک خۆی بە ئاڵا و هێماکانی خۆی دەناسێنێت و بابەتی ئاڵا پێوەندیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ شوناسی گەلان و تەنانەت شوناس و پێناسەی تاکەکان. ئاڵاکانی جیهان هێمای وڵاتان و نەتەوەکانی جیهانن. لە هەمان کاتدا لە جیهان زۆر گەل هەن کە ئاڵا و سیمولەکانیان بە فەرمیی نەناسراون و بە زۆر ئاڵای نەتەوەیەکی زاڵ یان داگیرکەر یا لە زۆر شوێن ئاڵای گرووپێکی ئایینیی یان ئایدۆلۆژییک لەسەر گەلانی ژێردەستدا سەپێندراوە. جیا لەوەش هەندێ نەتەوەی وەک عەرب و فارس و تورک چەندیین ئاڵایان هەن کە بە گشتی لێک نزیکن بەڵام ڕێک وەک یەک نیین.

 لە بابەت ئاڵای کوردستانەوە کۆمەڵێک ئاڵا و سیمبول هەن کە لە جووڵانەوە و ڕاپەڕیینە مەزنەکانی کوردستانی گەورە و لە هەر دەرفەتێکی مێژوویی تایبەتدا کە کوردی بەشێک یان ناوچەیەکی کوردستان هەلی ڕزگاریی خۆی و ڕاماڵیینی داگیرکەری لەم بەشە دیوە، ئاڵایەکی تایبەتیان بەکار هێناوە. ئێستاش هەر کامێک لەم ئاڵا و سیمبولانە بۆ ئێمە جێگەی ڕێزن و وەک بەشێک لە مێژووی کورد چاویان لێ دەکەین.

لە بابەت ئاڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان یەکەم لایەنی کوردستانیی بووە کە ئاڵای پەسەندکراوی کۆماری کوردستانی، تا پەسندکرانی ئاڵایەکی تر لە لایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک لە ڕۆژهەڵات، وەک ئاڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسیوە و لە ساڵی ٢٠١٢وەش هاوپێچی ئارمی کۆمەڵەی یەکسانیی کردووە و بەکاری هێناوە. هاوکات لە بەرنامەی کۆمەڵەی یەکسانییشدا بە ڕوونیی ئاماژەی بەم بابەتە کردووە. ئێستا دەبیینیین ڕۆژ بە ڕۆژ تاک و لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەم ڕاستییە دەگەن و ئێمە وێڕای خۆشحاڵییمان لەم بووارەوە، دەستخۆشییش لە هەموو ئەو تاک و لایەنانە دەکەین کە ئاڵای کۆماری کوردستان وەک ئاڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەسند دەکەن و بەکاری دێنن.

شایانی باسە کە ئێمە ڕێزمان بۆ ئاڵای هەموو بەشەکانی ئێستای کوردستان هەیە و پێمان وایە کە ئاڵایەکی هاوبەشی کوردستان پێویستیی بە ستراتیژیی هاوبەش لە لایەک و هەروەها ڕەخساندنی بەشداریی هاووڵاتیانی هەر چوار بەشی کوردستان، یا لانیکەم پێویستیی بەشداریی هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان هەیە کە تا ئێستا هەلێک لەم بووارەوە نەڕەخساوە. تا ئەو کاتیش ئێمە وەک لایەنێکی ڕۆژهەڵاتیی، وەک وەفایەک بۆ کۆماری کوردستان و وەک پاراستنی پرەنسیپ، ئاڵای پەسندکراوی هەر بەشێکی کوردستان بە ئاڵای ئەم بەشە دەزانیین و ڕێزی لێ دەگریین. هەر کاتێکیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵایەکی تر لە لایەن خەڵکەوە یان لە لایەن نوێنەرانی خەڵکەوە پەسند کرا، ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وەک ئاڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێزی لێ دەگریین. تا ئەو کاتەش هیچ ئاڵایەکی تر کە بەهۆی بەرژەوەندیی حیزبیی و تاکەکەسیی و لایەنیی پەسند کرابێت، لە سەرووی ئاڵای پەسندکراوی کۆماری کوردستان نابینیین.

شەکاوە بێت ئاڵای کۆماری کوردستان!

#ژن، ژیان، ئازادی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، ناوەندی ڕاگەیاندن

 

٢٧٢٢/٠٧/٢٩ی کوردی

٢٠٢٢/١٠/٢١ زایینی