لە ئاڵای کۆماری کوردستان و ئاڵای باشوور کامەیان ئاڵای ڕۆژهەڵاتە؟

ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
28-11-2022

 

لە ئاڵای کۆماری کوردستان و ئاڵای باشوور کامەیان ئاڵای ڕۆژهەڵاتە؟

دوێنێ ٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ باسێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان ورووژا لەسەر بابەتی ئاڵای کۆماری کوردستان کە گوایە پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش ئەم ئاڵایەی وەک ئاڵای ڕۆژهەڵات پەسندە تا ئەو کاتەی ڕۆژهەڵاتییەکان شتێکی تر دیاری دەکەن. بە بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک شڵغەی مێش و ژەنگەسوورانت لە نێو ئەندامانی حدکا دا بڵاو کردبێتەوە پێی تووڕە و ئاڵۆز بوون و ڕەخنەیان لێی گرت و بە نانەوەی دووبەرەکی لە ڕۆژهەڵات تاوانباریان کرد! بۆچی؟ ئایا ئاڵای کۆمار، ئاڵای پەکەکەیە؟ ئایا ئاڵای کۆمار یان کۆماری کوردستان ستراتیژی پەکەکەیە؟ خۆزگەم دەخواست ئەمە ستراتیژی پەکەکەش بووایە بەڵام ئاخر بۆ دەبێ ئەندامانی حدکا بە بەرزکردنەوەی ئاڵایەک سەخڵەت بن کە گەورەترین پشتیوانی ئەم کۆمارە حیزبی دێموکرات بووە و شانازییشی پێوە دەکات هاتا ئێستاش؟!

من ئەندامی پژاک و پەکەکەش نییم و لایەنگری کۆمەڵەی یەکسانییم بەڵام بەداخەوە ئەندامانی حدکا وایان لێ هاتووە هەر هەڵوێست و بۆچوونێک کە پژاک بۆ پشتگیری ڕۆژهەڵات  و نزییکبوونەوە لە حیزبەکانی تر بیگرێت، ئەگەر ئەم هەڵوێست و بۆچوونە تەواو لە بەرژەوەندیی ڕۆژهەڵات و یەکگرتووییش بێت و هیچ پێوەندییەکی بە فکری پەکەکەوەش نەبێت، هەر دژی ئەوێستنەوە!. بۆ وێنە زۆر یەک لە ئەندامانی حدکا کە تا ئێستا خۆیان ئاڵای کۆماری کوردستانیان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بەرز دەکردەوە و ڕەخنەیان لە حدکا و کۆمەڵە ئەگرت کە بۆچی ئاڵای کۆماریان وەلا ناوە، بەڵام هەر کە بیستیان پژاکیش وەک کۆمەڵەی یەکسانی ئەم ئاڵایە بە ئاڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت، لێی هەڵگەڕانەوە و دژی وەستاونەوە. ئەوان کە تا ئەوڕۆ تەنانەت ڕەخنەیان لە هەموو دیسکۆرسێکی کوردستانی گەورە دەگرت و حەزیان لە نەخشەکەشی نەدەکرد و هەزار و یەک شێر و ڕێویان دەهێناوە کە "هەر بەشێکی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیە کە دەبێ لەبەرچاوی بگرین"! کەچی  ئێستا بوونەتە لایەنگری بەناو ئاڵای کوردستانی گەورە و هەڵدانی ئاڵای کۆمار بە نانەوەی دووبەرەکیی ناوزەد دەکەن! باشە هەر ئێوە نەبوون تا ساڵێک لەمەوبەر گوێی خەڵکتان بە "ڕۆژهەڵات مێحوەریی" کەڕ کردبوو؟ ئەدی ئەو چەمکەتان بۆ هەر لەبیریش نەماوە؟

کورد وتەنی "بەڕاستی حەنتییکەن" لەم کوردایەتییە! دەی بەخوا خۆشتان بێت و ترشتان بێت، لە کۆتاییدا کوردی ڕۆژهەڵات هەر ئاڵای کۆمار بەرز دەکەنەوە و ئێوەش هیچ چارەیەکتان نییە بێجگەلە قبووڵکردنی، کەوایە ئەوندە خۆتان لەبەر چاوی کوردی ڕۆژهەڵات ناشیرین مەکەن و مەیکەن بە بابەتی دروشمی ژن، ژیان ئازادی کە حاشاتان لە سەرچاوەکەی کرد!

لە بابەت باشووری کوردستانەوە، باشووریش و ئاڵاکەشی لەسەر سەر و سەرچاومانە بەڵام ئێمەی ڕۆژهەڵاتیی بەر لە ئاڵای باشوور، ئاڵای خۆمان هەبووە کە لە کۆماری کوردستان پەسند کراوە و لەو سەردەمیشدا کە کوردەکانی باشوور بەرەوپیری کۆماری کوردستانەوە هاتوون، ئاڵاکەشیان قبووڵیان کردووە و بۆ ماوەیەک پارێزگارییشیان لێی کردووە. ئیتر دواتر کەسانێک ئاڵاکەیان گۆڕیوە و وەک ئەوەی باشووریان لێ کردووە، پیرۆزیان بێت و ئێمە نیین کە ئاڵای کوردستانمان گۆڕیبێت، بەڵکو ئەوان بوونە. هیچ مەرجێکیشمان بۆ کەس دانەناو و کەسیشمان تاوانبار نەکرد کە بۆچی ئاڵای کۆمار پەسند ناکەن یان هەڵی نادەن. هیچ کێشەیەکیش نییە ئەگەر ئەو ئاڵایەی باشوور، یان هەر ئاڵایەکی دیکە ئەگەر لە داهاتوودا کۆدەنگیی خەڵکی بەشەکانی تری کوردستان یان لانیکەم لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بوو، وەک ئاڵای کوردستانی گەورە بناسرێت.

لە کۆتاییدا پێویستە بگوترێت کە لە دونیادا دەیان نەتەوە هەن کە چەندیین ئاڵایان هەن و هەموو دونیاش وەک خۆیان قبووڵی کردوون. لەوانەش فارس و عەرەب و تورک کە چەندیین وڵات و ئاڵایان هەن و کەسیش ئەوی تر تاوانبار ناکات کە دووبەرەکیی خستۆتە ناویان بەهۆی ئاڵای بەش یان وڵاتەکەی خۆی.

شەکاوە بێت ئاڵای کۆماری کوردستان!

ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی

٢٢/١٠/٢٠٢٢