دروشمە هاوبەش و جیاوەزاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە شۆڕشی یەکسانییخوایی ژینادا!
ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
02-11-2022
لە شۆڕشی ئەم جاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە گشتیی کۆمەڵێک دروشمی یەکسانییخوازانە و شۆڕشگێڕانە دراون و دەدرێن کە لە بەشەکانی تری ئێرانیش دووپاتە دەکرێنەوە. هاوکات کۆمەڵێک دروشم دراون کە تەنیا لە کوردستان دووپاتە کراونەوە و مەیلی خەڵکی کوردستانیان بۆ خواستی جیاواز دەر بڕیوە. هەروەها چەند دروشمێکیش هەن کە تەنیا لە شارە فارسنشیینەکان دەوترێنەوە کە ژمارەیەکیان داوای ئازادیی گیراوان و زیندانییکراوانن و ژماریەک دروشمیش زیاتر جنێودان بە سەرانی ڕێژیم یا دروشمی پیشەیین (سێنفین). ئاوڕدانەوەیەک لەم دروشمانە کە لە ڕاستییدا ئاوینەی خواستەکانی خەڵکن، گرینگیی زۆریان هەیە و پێویستە شرۆڤەیان بکەین.
لێرەدا بێ ئەوەی بمهەوێ زۆر بە قووڵیی بچمە لێکدانەوەی ناوەرۆکی دروشم و داخوازییەکان، سەرنجتان بۆ هاوشێوەیی خواستەکان و جیاوازییان لەم دروشمانەدا ڕادەکێشم و لێکدانەوەی قووڵیان بە ئێوە دەسپێرم، بەم تێبینییەوە کە هەوڵ دەدەم دروشمە فارسییەکان زۆر نەکوردێنم تا ڕیتمی درووشمەکان زۆر نەشێوێنم.
ئەم دروشمانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی تری ئێران هاوبەشن، زیاتر دروشمی یەکسانییخوازانە وهەروەها دروشمگەلێکیش کە خوازیاری نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و سیستەمی گەندەڵ و کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامیین کە بریتیین لە:
ــ ژن، ژیان، ئازادی!
ــ مەرگ بۆ دیکتاتۆ!ر
ــ مەرگ بۆ خامنەیی!
ــ خامنەیی قاتڵە، ویلایەتی باتڵە!
کۆماری ئیسلامیی، ناخوازیین، ناخوازیین!
مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی!
ــ مەرگ بۆ بەسیجی!
ــ مەرگ بۆ سپاهی!
ــ بەسیجیی جیرەخۆر، ئاخیریەتی زۆری بخۆ!
ــ مەرگ بۆ ستەمگەر، چا شا بێت و چ ڕێبەر!
هاوکات لە کوردستان، جیا لەم دروشمانەی سەرەوە کۆمەڵێک دروشم دەدرێن کە تەنیا لە کوردستان دووپات دەکرێنەوە و مەیلی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و بێزارییان لە داگیرکەریی دەسەلمێنن. ئەم دروشمانە بریتیین لە:
ــ کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان!
ــ هەتا کوردێک بمێنێ، کوردستانیش دەمێنێت!
ــ دایە مەگری بۆ ڕۆڵە، شەرتبێ بستێنیین تۆڵە!
ــ مەرگ بۆ جاش!
ــ ئەی جاشی حەرامزادە، ڕەنجی کوردت بەبا دا!
هەرەوەها:
ــ وتنەوەی سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب"!
ــ وتنەوەی سروودی "ئەی شەهیدان"!
ــ وتنەوەی سروودی "بەتەنیا جێم مەهێڵن"!
هەروەها چەند دروشمێکیش هەن کە لە بەشەکانی تری ئێران و بەتایبەتییش لە شارە فارسنشیینەکان دەوترێنەوە کە ژمارەیەکیان داوای ئازادیی گیراوان و زیندانییکراونن و ژماریەک دروشمیش زیاتر جنێودان بە سەرانی ڕێژیم یا دروشمی پیشەیین . ئەم درووشمانە بریتیین لە:
ــ ئێمە هەموو مەهسایین، بجەنگە تا بجەنگیین! (وەرە مەیدان شەڕ بکەین!)
ــ زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت!
ــ خوێندکاری زیندانی، دەبێت ئازاد بکرێت!
ــ ئیسلاحتەڵەب، ئوسوولگەرا (کۆنەپارێز) ئیتر تەواو بوو ماجەرا(ئیتر کۆتاییتانە)!
ــ ئاخوند بڕۆ ون بە!
هەروەها چەند دروشمێکیش کە زیاتر جنێو بوون بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم. جیا لەوەش کۆمەڵێک دروشم بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کوردستان لە لایەک و گرێدانەوەی کوردستان لە ئێران لە لایەکی تر دەدرێن. ئەم دروشمانەش بریتیین لە:
ــ کوردستان، کوردستان، چاو و چرای ئێران!
ــ لە کوردستان تا تاران خوێنیین تەواوی ئێران!
لە کوردستان تا تاران، یەکێتیی یەکێتیی (ئیتتحاد، ئیتتحاد)
بە گشتی خەڵکی کوردستان کە ناوەندی ئەم شۆڕشە و سەرچاوەی شۆڕشەکەشن، نیشانیان داوە کە وێڕای بەرژەوەندیی هاوبەش و پێویستیی هاوکاریی لەگەڵ نەتەوەکانی تری ژێر دەسەڵاتی جوگرافیای ئێران بۆ ئامانجی یەکسانییخوازیی و هاوپشتیی بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم لە ئێران، هاوکات نەیانشاردۆتەوە کە کوردستان خواست و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. جیا لەوەش بە هاوبەشیی هەموو شارەکانی جوگرافیای ڕۆژهەڵات لە ماکۆوە تا دەگاتە لۆرستان، سەلماندوویانە کە ئەم جوگرافیایە سەرەڕای دابەشکردنی ڕێژیم لە ئوستانگەلێکی مەبەستدار و جیاکەرەوە و لە ژێر ناوی جیاوازەوە، بەڵام دووبارەش کوردستان هەر کوردستانە و هاوئاهەنگە لە مانگرتن و درووشمدان و هاوداخوازیی بوون و بەمەش مۆرکی تایبەتیی خۆیان لەم شۆڕشە داوە و لێی بەردەوامن.
بژی شۆڕشی یەکسانییخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
سەرکەوێ خەباتی هاوبەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەسەر ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێراندا!
ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
٢٠٢٢/١١/٠٢