لە چلەمین ڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینییدا، ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوون و ئیرادەی  خەڵکی شۆڕشگێڕ دەگرین!

یەکسانی
25-10-2022

لە چلەمین ڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینییدا، ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوون و ئیرادەی  خەڵکی شۆڕشگێڕ دەگرین!

 ٤٣ ساڵ پێش ئێستا کۆماری ئیسلامی دەستی بە سەر بەرهەمی خەباتی کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بلوچستان، عەرب، تورک، فارس،... داگرت. لەو ماوە درێژەدا ئەو خەڵکەی بە ناچاریی لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ژیاون، هیچ کات هەستیان بە ئەمنیەت نەکردووە، بۆیە بەردەوام ناڕەزایەتیی خۆیان لەو ڕێژیمە دەربڕیوە. ئێستا کە لە دەرئەنجامی زوڵم و زۆریی لە ڕادە بەدەر و بە هۆی کردەوە قێزەونەکانی کۆماری ئیسلامی خەڵکی ماف پێشێلکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بلوچستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستەڵاتی ئەو ڕێژیمە جامی سەبریان پڕ بووە، خۆڕسکانە و بە یەکەوە هاتوونەتە سەر شەقام و بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکەن و دەڵێن کۆماری ئیسلامیمان ناوێ.

خەڵکی چەوساوەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا تووشی چەندین نەهامەتی بوون، ئەوەندە تینووی ئازادیین کە سەرەڕای توندوتیژیی و چاوسوورکردنەوەی ڕێژیم، ٤٠ ڕۆژە لەسەریەک درێژە بە خۆپیشاندان دەدەن. لەو ماوەیەدا بە بەردەوامیی لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە پەلاماری خۆپیشاندەران دراوە کە وێڕای شەهید کردنی زیاتر لە ٣٠٠ کەس، کە ژمارەیەکی بەرچاویان مناڵ و گەنجن، بە هەزاران کەسی دیکەشیان بریندار کردوە و بە هەزارانیشیان دەسبەسەر کردووە. لە گەڵ هەموو ئەوانەشدا خەڵکی ناڕازیی ئیرادەیان ئەوەندە بەرزە کە بە دەستی بە تاڵ بەرەوڕووی چەکداری دڕندەترین هێزی ڕێژیم، واتە سوپای پاسداران بوونەتەوە.

 لە بەرامبەردا بەرێوەبەرانی کۆماری ئیسلامی لە لایەک بە مەبەستی زیاتر هاندانی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ پەلاماردانی خەڵکی ناڕازیی و لە لایەکی تر بۆ ڕەواییدان بە گرتن و کوشتنی کۆمەڵانی خەڵکی مافخواز دەڵێن ئەوانە ئاژاوەگێڕ و تیرۆریستن و دەستی دەرەکییان لە پشتە، بە مەبەستیش بە دیاریکراویی باسی ئیسڕائیل و ئەمریکا و سعوودییە دەکەن بۆ ئەوەی هەست و سۆزی لایەنگرانیان لە ناو خۆ و دەرەوە بورووژێنن، تا بە هانای کۆماری ئیسلامییەوە بێن و بۆ دژایەتیی خەڵکی ناڕازیی کەڵکیان لێ وەرگرن.

  بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ناڕازیی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی لە ناوڕۆکدا هەڵگری چەندیین پەیامی پیرۆزە. بۆیە  ئەو ڕەوتە بۆتە جێگای بایەخ و سەرچاوەی ئەزموون لێوەرگرتن و بۆتە جێگای هیوای زۆر لایەن.  بێگومان بە تێپەڕینی کات پشتیوانیی زیاتر بۆ بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی چەوساوەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پەیدا دەبێت. بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێت بە لێزانی ئەو پشتیوانییە بەرفراوانتر بکرێت و بخرێتە خزمەت بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان و سەجەم گەلانی چەوساوە لە ئێران.

 

جێگای خۆیەتی لە ئێستادا هەموومان داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنی تری پێوەندییدار بکەین و هەوڵ بدەین فشار کە بخرێتە سەر کۆماری ئیسلامیی کە گیانی بریندارەکان و ئەو خەڵکە زۆرەی بە تاوانی بەشداریی لە خۆپیشاندانەکان گیراون، پارێزراو بێت.

ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی خەڵکی ناڕازیی دەست لە هیچ کردەوەیەکی دوژمنکارانە ناپارێزێ و بە هەموو شێوەیەک تۆمتباریان دەکات بۆ ئەوەی ڕەوایی بە توندوتیژیی و سەرکوتەکەی بێنێت. لەم بووارەوەش پێویستە هەموو لایەک ئاگاداری پیلان و هەوڵی تێکدەرانە و چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی بیین و نەهێڵیین درز بکەویتە ناو یەکهەڵوێستییی کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازیی لە لایەک و لایەنە سیاسیەکان لە لەیەکی تر.

خەڵکی ناڕازیی لە قۆناغی دەستپێکەوە تا ئێرە پڕۆسەکەیان باش هێناوە. بۆیە پێویستە لێرە بەدواوەش هەموو ئەو لایەن و کەسایەتیاینەی هەست بە بەرپرسیاریەتیی دەکەن، بۆ زیاتر ڕێکخستن و بەرەوپێشبردنی ئەو بزووتنەوە  جەماوەرییە بەربەریینە، بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەستن وهاوکاری یەکتر بن و نەهێڵن ئەو ڕەوتە بەرەو دواوە بگەڕێتەوە. لە ئێستا دا قۆناغەکە وا دەخوازیت کە هەموو لایەک بە کردەوە، بە نیشتمانپەروەریی و بەپەرۆشەوە، خۆیان بۆ یەكێتیی و یەکهەڵوێستیی لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی بسەلمێنن وهەمووان لە کولاندنەوەی کۆنەبریین و تانەوتەشەر و زەقکردنەوەی هەر جۆرە ناکۆییەک خۆ بپارێزن. کاتی ئەوەیە بە هەوڵ و هیممەتی هەموومان کاراونی خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوەی ئازادیخواز و یەکسانییخواز بە ڕێرەوی ڕاستەقیینەی خۆیدا، بە ئاڕاستەی ڕزگاریی و بەرەو ئەو قۆناغە ببەین تا هەموومان تێیدا ئازاد بیین و بتوانیین بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆمان بدەین و نە‌هێڵیین مێژوو بە نەرێنیی ڕابردوو دووبارە بێتەوە.

لە کۆتاییدا لە چلەمین ڕۆژی گیانبەختکردنی ژینادا، سەری ڕێز و نەوازشمان بۆ گیانی ژینای نەمر و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگەی ئازادیی و یەکسانیی کوردستان و ئێران دا دەنوێنیین و هیوای زوو چاکبوونەوەی بریندارەکان و ئازادیی گیراوەکان دەکەین. هاوکات ڕێز لە هەوڵ و ماندووبوون و ئیرادەی  خەڵکی شۆڕشگێڕ دەگرین و هیوای بەردەوامیی و ماندوونەبوون تا ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و گەلانی ڕاپەڕیو لە ئێران دەخوازیین.

نەمریی بۆ ژینا و ژیناکانی کوردستان!

سەرکەوێ خەباتی ڕزگارییخوازنەی خەڵکی شۆڕشگێری کوردستان و گەلانی ستەملێکراو لە ئێران

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٧٢٢/٠٨/٠٣

٢٠٢٢/١٠/٢٥