سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی ناڕازی، بە سەر ڕێژیمی ملهوڕی کۆماری ئیسلامیدا

سەربەست ئازاد
27-10-2022

 کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێیان خۆش نەبوو ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە چلەی ژینا ئەمیینی بەڕێوە بچیت، بۆیە هێزێکی زۆریان لە ناو شاری سەقز و دەوروبەری جێگیر کردبوو کە نەهێڵن خەڵک لەو بۆنە ماتەمیینەدا بەشداریی بکەن و بە ئارەزووی خۆیان یادی ژیناکەیان بکەنەوە. بۆیەش هەرچی لەدەستی هات بۆ سەرنەگرتنی ئەم چلە پڕشکۆیە، کردی. کەچی سەرەڕای بەربەستێکی زۆری هێزە سەرکوتکەرەکان، بە بەشداریی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، کەڕنەڤاڵی ڕێزگرتن لە چلەی ژینای بە ناهەق کوژراو، بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو. واتا خەڵکی ناڕازیی کوردستان بە ئیرادەی خۆیان توانیان  شکستێکی گەورە بە هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بێنن. هێزە سەرکوتکەرکانی کۆماری ئیسلامیش لە دۆڕان و سەرشۆڕی زیاتر هیچی تریان  بۆ نەمایەوە.

سەرکەوتنی ئەو چالاکییە لە چلەی ژینا ئەمینییدا، ئەو ڕاستییە دەر دەخات کە هەرکات خەڵکی چەوساوە و ستەمملێکراو یەکگرتوو بن و هەموو بەیەکەوە دەست بۆ هەر کارێک بەرن، ئەگەر کارەکە زۆر قورسیش بێت دەتوانن بەسەریدا زاڵ بن. وەک چۆن لە چلەمین ڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمیندا، ئیرادەی خەڵکی ناڕازی لە سەقز بە سەر ملهوڕیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا سەرکەوت.

وەک تێکۆشەرێکی ڕێگەی ئازادی و وەک ئەندامێکی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دەستخۆشیی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ئەو چالاکییەیان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە برد. ئەوان بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان پەیامێکی پڕ واتایان بە هەموو لایەک گەیاند، وانەیەکی بە نرخیشیان فێری ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کرد، کە تەنیا بە یەكێتی و یەکهەڵوێستی دەتوانن بە ئامانجەکانیان بگەن.

بژی یەکێتی و یەکهەڵوێستی خەڵکی ناڕازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمەکانی دیکەی ژێر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی .

سەربەست ئازاد

٢٧/١٠/٢٠٢٢