پێویستە لەگەڵ خەڵکی خۆمان ڕاستگۆ بیین و نوێنەری راستەقیینەی داخوازیی و مافە ڕەواکانیان بیین!

یەکسانی
25-11-2022

خەڵکی خۆڕاگری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

ڕۆشنبیران و چالاکوانانی شارستانی!

حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات!

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بە سەر دەستپێکی خۆپیشاندانەکانی گەلانی چەوساوەی ژیر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە پێشەنگایەتیی خەڵکی شۆڕشگێڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ژنان و پیاونی خاوەنهەڵوێست، بێ ماندووبوون ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە بەرفراونکردنی خۆپیشاندانەکان و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی داخوازەکانی خەڵک بەرزتر بوونەوە تا گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئێستا ڕۆژانە خەڵکی ڕاپەڕیو پێکەوە بە دەنگی بەرز دروشمی نەمانی کۆماری ئیسلامی دەڵێنەوە و بێزاریی خۆیان لەو سیستەمە دواکەوتووە دەر دەبڕن. کۆمەڵانی خەڵکی ناڕازی لە هەموو ئەو نەتەوانەی کە ٤٣ ساڵە دوور لە ویستی خۆیان لە ژێر دەستەڵاتی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیدا ژیانێکی پر لەئازار بەسەر دەبەن، ئێستا لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆبوونەتەوە و بە یەکەوە ئەویش بە گشتیی دوو داخوازیی روخاندنی کۆماری ئیسلامیی و پێکهێنانی سیستەمێکی دێموکراتیک و یەکسانییخوازنەیە لە ژێر دروشمی ژن، ژیان، ئازادی.

هاوخەباتی و پشتیوانیی لێککردنی گەلانی مافپێشێلکراوی کورد، بەلووچ، عەڕەب، تورک، فارس و هتد و گشت چەوساوەکان و هەوڵدانیان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسڵامی، ئەرێنییە و لایەنێکی درەوشاوە و هیوابەخشی شۆڕشی ئێستای پێکهاتە جیاوازەکانی ژێر دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامییە. بەڵام ئەوە بەس نییە و پێویستە هەوڵ بدرێت ئەو پێوەندی و هاوکارییە بەهێزتر و گشتگیرتر بکرێت بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی. ئاشکرایە تا ئێستاش بەشێکی زۆر لە فارس و تورک و تەنانەت عەرەبیش لە جوگرافیای ئێراندا نەهاتوونەتە مەیدان و ئەمەش وای کردووە باجی ئەم شۆڕشە زیاتر کورد و بەلووچ بیدەن. لەوەش گرنگتر پاراستن و گەشە پێدانی یەکهەڵوێستی یەکسانییخوازانە بۆ قۆناخی دوای نەمانی کۆماری ئیسلامی. پێویستە هەموو یەکسانییخوازان و لایەنگرانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی بەیەکەوە هەوڵ بدەن لە پێناو ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی ئازاد، کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان بتوانن بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن و کۆی چەوساوەکان بە مافە ڕەواکانیان بگەن.

پێویستە خەڵکی مافخواز بە یەکگرتوویی خۆیان ڕێگە نەدەن هیچ لایەنێکی نادێموکراتیک دەست بەسەر دەستکەوتی خەباتی خوێناویی و بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونی ئەواندا بگریت. وەک چۆن ئێستا هەموو لایەک چاویان بڕێوەتە هەوڵ و هیممەتی خەڵکی ناڕازی بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی، پێویستە ئاواش هەموو ویست و داخوازە ڕەگەزیی و چینایەتیی و نەتەوایەتییەکانی خەڵکی مافپێشێلکراو دەستەبەر بکرێن.

لە سەر ئەو بنەمایە داوامان لە کۆمەڵانی خەڵکی نارازیی و ڕۆشنبیران و هەموو ئەو کەسانەی هەست بە بەرپرسیارییەتی دەکەن لە ناوخۆ و لەدەرەوەی وڵات، وێڕای هەوڵدانیان بۆ پتەوترکردنی پێوەندیی نێوانیان و بەرەوپێشبردنی خەباتی هاوبەش، فشار بۆ لایەنە سیاسییەکانیش بێنن کە لە دەوری پلاتفۆڕمێکی هاوبەش کۆ ببنەوە کە ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان بە گشتیی و چەوساوەکان بەتایبەتیی بێنیتە دی. پێویستە هەر ڕێککەوتن و بڕیاردانێک کە پێوەندیی بە چارەنووسی کۆمەڵانی خەلکی مافپێشێلکراوەوە هەیە، بە شێوەیەکی شەفاف و بە ڕاوێژ لە گەڵ نوێنەری ڕاستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە و بە ئاگاداریی هەموو لایەک بێت. ئاشکرایە کە خەڵکی ناڕازی و ڕاپەڕیو بە هیچ ڕێکەوتنێکی پشتی پەردە ڕازی نابن. لە وەها حاڵەتێکدا هەر لایەنێک کە گوێی لە داخوازیی خەڵکی دڵسۆز و بەپەرۆش نەگرت، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو لایەنە دیکتاتۆری دوا ڕۆژە و پێویستە هەر لە ئێستاوە خەڵکی ناڕازیی حیسابی خۆیان لە گەڵ ئەو لایەنانە یەکلا بکەنەوە و دوای دروشمە بریقەدارەکانیان نەکەون، چوون هەر لایەنێکی خۆپەرست و تاکڕەو دەبێتە دیکتاتۆر، زوو یا درەنگ دەکەویتە بەر نەفرەتی کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە.

سەرکەوێ خەباتی گەلانی چەوساوە و یەکسانییخواز!

ژن، ژیان، ئازادیی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان!

٢٥/١١/٢٠٢٢