پەیامی ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنەوە

یەکسانی
08-03-2025

ئەمڕۆ لە کاتێکدا بەپیر ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنەوە دەچین، کە تەنانەت لە پێشکەوتووترین وڵاتانی سەرمایەدارییش، کە لافی دێموکراسی و دادپەروەریی لێ دەدەن کە لە هەموو بوارەکانی ژیان دۆخی ژنان زۆر لە پیاوان خراپترە. فینلاند یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە بواری یەکسانیی ژن و پیاودا بە بەراورد بە وڵاتانی تر مێژووێکی پڕشنگاری هەیە، کەچی بەپێی ناوەندی ئاماری ئەو وڵاتە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لە فینلەند، مامناوەندیی داهاتی ژنان بە ڕێژەی لەسەدا ١٦ کەمتر بووە لە هی پیاوان و لە ئاستی جیهانییشدا لە سەدا ٢٢.

 بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆکە لە ئاستی جیهانییدا لە هەر ١٠ ژن یەکێکیان لەوپەڕی هەژارییدا دەژی و پێشبینیی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ لە سەدا هەشتی دانیشتوانی جیهان، واتە ٣٤٢.٤ ملیۆن ژن و کچ، داهاتی ڕۆژانەیان کەمتر لە ٢ دۆلار و ١٥ سێنت دەبێت.

ئەمڕۆکە ئامارگەلی دەوڵەتان لەسەر دۆخی نالەباری ژنان سەرسوڕهێنەرن. ئامارەکان لەوە دەدوێن کە ڕێژەی ژنانی پەرلەمانتار لە ئاستی جیهانییدا کەمتر لە سەدا ٢٥، ساڵانە نزیکەی ٤٧ هەزار ژن لە جیهاندا لە ئەنجامی لەباربردنی ناپارێزراو گیان لەدەست دەدەن. ساڵی ٢٠٢٣ لە ئاستی جیهاندا، نزیکەی ٥١١٠٠ ژن لەلایەن هاوسەر و کەسانی نزیکیانەوە کوژراون. واتا هەر ١٠ خولەک ژنێک لە ئەنجامی توندوتیژیی بە دەستی کەسێکی نزیکی خۆی دەکوژرێت، کە ڕۆژانە دەکاتە نزیکەی ١٤٠ کەس.

لەو وڵاتانەی کە دەوڵەت ئیسلامییە و سیستم لەسەر ڕێسمەی ئاپارتایدی جێندەریی دەچەرخێت، وڵات، زیندان و دۆزەخێکی ڕاستەقینەیە بەتایبەتی بۆ ژنان. کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە چەندسەرە ئاپارتایدییە. لەو دەوڵەتەدا ئاپارتایدی ڕەگەزیی و نەتەوایەتیی و جیاوازییە چینایەتییەکان زۆر بە زەقیی دەبیندرێن. لە ئێران زیاتر لە چوار دەیەیە کە پەروەردە ئاپارتایدیە، مێدیا ئاپارتایدییە و دەوڵەتیش ئاپارتایدیی. لە کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامییدا ژن مافی ئازادیی پۆششی نیە، خوێندنگاکانی کچان هێرشی شیمیاییان دەکرێتە، ژنان لە خوێندنی هەندێک لە بوارە زانستیەکان بێبەش کراون. بەپێی یاسای مەدەنیی ئێران، کچانی ١٣ ساڵە بە شوو دەدرێن و کچانی تەمەن ژێر ١٣ ساڵیش بە بڕیاری دادگا بۆیان هەیە هاوسەرگیریی بکەن. کۆماری ئیسلامیی لەم ساڵانەی دواییدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی، لە پاڵ سەرکوتی خوێناویی شۆڕشەکەدا هەوڵی داوە یاسای "حیجاب و عەفاف" لە پەرلەمان پەسەند بکات، کە بەهۆی ناڕەزایەتیی ژنان و خەڵکی ناڕازییەوە نەتواندراوە بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان لە ئاستی هەموو ئێراندا پێشەنگی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادین. شۆڕشێک کە لە ئاستی جیهانییدا دەنگی داوەتەوە و بووەتە جێی سەرنج و پشتیوانیی خەڵک و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ و بیروڕای گشتیی. ژنی کورد لەو بەشە لە وڵاتی ئێمە ئێستا نەک هەر لایەلایە بۆ کوڕەکەی ناکات، کە گەورە بوو  چەک بکاتە شانی و کوردستانی بۆ ڕزگار بکات، بەڵکو  خودی خۆی لە شەقامەوە تا خانەوادە و و شوێنی کار و زانکۆ و زیندان لە پێشی پێشەوەی خەباتە بۆ ڕزگاریی یەکسانییخوازانەی کۆمەڵگە لە داگیرکەر، بۆ ڕزگاریی لە ستەمی جێندەریی و نەتەوایەتیی و چینایەتیی و بۆ ڕزگاربوونی ڕیشەیی مرۆڤ لە هەر چەشنە ستەمێک. لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییەوە، پشتگیریی و هاوخەباتیی پیاوانی یەکسانییخواز لەگەڵ ژنانی شۆڕش، بووەتە دیاردەیەکی بەرچاو.

ئەگەر جاران لە ئێران باسی شۆڕشی یەواشەکیی دەکرا و لێر و لەوێ حیجاب، ئەم هێمای کۆنەپەرستییە لەلایەن ژنێکەوە لەم و لەو کۆڵان بەدارەوە دەکرا و تووڕ دەدرا، ئەمڕۆکە لەسایەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی کوردستانەوە،کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی پاشەکشەیەکی زۆری پێ کراوە و پێگەی دین و دەسەڵاتەکەی زۆر لاواز بووە و دەنگی زیندانیانی سیاسیی ژن، لە دەیان بەندیخانەی ئێرانەوە دەبیسترێ. دەنگی دلێری پەخشان عەزیزیەکان و وریشە مرادیەکان سپیدە قولیانەکان، لە سیاچاڵەکانی کۆماری سێدارەوە دەگاتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و پشتگیریی لێ دەکرێت.

لە ڕۆژاوای  قارەمانی کوردستان ساڵانێکە ژنانی وڵاتی ئێمە مایەی شانازیی هەموو ژنانی جیهانن و لە بەڕێوەبردنی وڵات و لە ڕیزەکانی شەڕڤانان و لە بەرەکانی جەنگی دژی داعش و تورکیەی فاشیستدا، مێژووێکی پڕ لە شکۆ و شانازیی بۆ ڕۆڵەکانی ئەمڕۆ و دواڕۆژمان دەنووسنەوە.

ژنان و پیاوانی یەکسانییخوازی کوردستان!

سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەندە بە کۆمەڵایەتییبوونەوەی هەرچی زیاتری شۆڕشەکە لە ئاستی هەموو ئێراندا. ئەم شۆڕشە هەرچەندە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمەگیرە و ژنان ڕۆڵێکی سەرەکیی تێدا دەبینن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هێشتا بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕش لە ئاستی ئێراندا ڕێگەمان لەبەرە. ئەمڕۆکە لە سایەی پێشڕەویی شۆڕش و لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شکستە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامیی، ڕژیمی ئاپارتایدەکان، شۆڕش خەریکە پێ دەنێتە قۆناغێکی تر و بۆیە، خۆڕێکخستنی زیاتری ژنان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گرێدانەوەی خەباتەکەمان بە تێکۆشانی ژنان و خەڵکی ئێران، بەتایبەتیی ئەو دەڤەرانەی کە وەک کوردستان چەندبارە ستەمیان لێ دەکرێت، گرنگییەکی تایبەتیی هەیە.

ژنانی قارەمانی کوردستان، دایکانی گیانبەختکردووانی شۆڕی کوردستان، پێشەنگانی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان خۆی بە بەشێکی جیانەکراوە لە خەون و خەباتی ئێوە دەزانێت و وێڕای ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی شۆڕش، بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی هاوخەباتیی ژنانی جیهانەوە ،گەرمترین پیرۆزباییتان پێ دەڵێ و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازێت. بەشداریی و قارەمانێتیی ئێوە لە شۆڕشی کوردستان، لە شۆڕشە مەزنەکەی ژن، ژیان ئازادییدا، زۆر هیوابەخشە! ئێمە دڵنیاین لە سۆنگەی پێشەنگیی و دلێریی ئێوەمان، شۆڕشی چەندڕەهەندیی کوردستان بە هەنگاوی زۆر بڵند دەچێتە پێشەوە! ئێوە، هیوای دواڕۆژێکی ڕوونی ژن و پیاوی ئەم وڵاتەن! شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە و یەکسانییخوازی ڕاستەقینە ئێوەن! سڵاوتان لێ بێ و دووبارە ٨ی مارستان پیرۆزبایی پێ دەڵێین!

بژی ٨ی مارس، ڕۆژی هاوخەباتیی ژنانی جیهان لە دژی سەتەم و زۆرداریی! 

بژی شۆڕشی ژینا، شۆڕشی کوردستان بۆ چەسپاندنی یەکسانیی و مافی چارەنووس! 

بڕوخێ کۆماری ئاپارتایدەکانی ئیسلامی ئێران!

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان  

٧ی مارسی ٢٠٢٥ 

١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاویی