هاوڕێ مەحەممەد ڕەئووف عەلینژاد ناسراو بە مەلا ڕەئووف، کادری دێرینی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان کۆچی دوایی کرد
ێەکسانی
10-03-2025

بەداخەوە لە شاری سەقزەوە هەواڵمان پێ گەیشت، کە دوێنێ ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاویی، هاوڕێی دێرینمان مەحەممەد ڕەئووفی عەلینژاد ناسراو بە مەلا ڕەئووف، لە شاری سەقز بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
هاوڕێ مەحەممەد ڕەئووف لە ڕێکەوتی ٣/١٠/١٣٣٤ی هەتاویی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە شاری سەقز لەدایک بوو.
هاوڕێ مەحەممەد ڕەئووف لە سەرەتای دامەزرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانەوە، واتە لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییەوە بە ڕێزەکانی یەکسانییەوە پەیوەست بوو و لە کۆنفرانسی دووهەمی یەکسانیی وەک ڕاوێژکاری سەرکردایەتیی هەڵبژێردرا. هاوڕێ ڕەئووف شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە و و پاک و بوێر و جێی متمانەی هاوڕێیانی یەکسانیی و هەموو هەڵسووڕاوانی چەپ و کرێکاریی شاری سەقز و دەوروبەریی بوو.
هاوڕێ مەحەممەد ڕەئووف عەلینژاد هەر لە دەسپێکی پەیوەستبوونی بە یەکسانییەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی لەگەڵ ڕێباز و ئامانجەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان مایەوە و لەم سێ ساڵەی کۆتایی تەمەنیدا کە بەهۆی جەڵدەوە لەسەر جێ کەوتبوو، زۆر جار دەیگوت: ببوورن هاوڕێیان، کە وەک جاران و وەک پێویستە لە توانامدا نیە ئەرکەکانی خۆم جێبەجێ بکەم.
دوێنێ ١٩ی ڕەشەمە تەرمی هاوڕێی نەمر مەلا ڕەئووف لە گۆڕستانی ئایچی شاری سەقز بە خاک سپێردرا.
کۆمەڵەی یەکسانیی و بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان، بە کۆچی دوایی هاوڕێ مەلا ڕەئووف، کادرێکی کارامە و شۆڕشگێڕێکی ماندووینەناسیان لەدەست دا. ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەم بۆنە خەمناکەوە، سەرەخۆشیی لە بنەماڵە و کەسوکاری هاوڕێ مەحەممەد ڕەئووف و هەموو هاوڕێیانی ڕیزەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان دەکات.
هەزاران سڵاو لە یاد و مێژووی پڕ لە شانازیی شۆڕشگێڕانەی هاوڕێ مەحەممەد ڕەئووف عەلینژاد و هەموو نەمران و گیانبەختکردووانی ڕێبازی یەکسانیی و ڕزگاریی کورستان.
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ی هەتاویی
١٠ی مارسی ٢٠٢٥