بۆردومانی شیمیایی شاری هەڵەبجە برینی هاوبەشی هەموو کوردستانە
یەکسانی
16-03-2025

ئەمڕۆ ٣٧ مین ساڵیادی بۆردومانی شیمیایی شاری هەڵبەجەیە، کە پاش بۆردومانی شیمیایی شاری سەردەشت دووهەمین هێرشی بەربڵاوی شیمیایی ڕژیمی فاشیستی بەعسی عێراق بوو بۆ سەر کوردستان، کە لە ١٦ی مارسی ١٩٨٨ بە بەرچاوی دنیای درۆیینەی بەناو دێموکراسیی ومافی مرۆڤەوە بەڕێوە چوو و بووە هۆی کۆکوژیی ٥٠٠٠ سیڤیل و بەرکەوتن و برینداربوونی دەیان هەزار کەس.
ڕژیمی فاشیستیی عێراق لە کۆتایی هەشتاکاندا بە بۆردومانە شیمیاییەکانی هەڵەبجە و سەردەشتەوە نەوەستا و لە زۆر دەڤەری تریش بۆردومانی شیمیایی پێشمەرگە و خەڵکی سیڤیلی کرد، لەوانە ناوچەکانی سەرگەڵوو و بەر گەڵوو و جەبەل گوجار و ماوەت و جافەران و سیرکو و بلی مەلەکان و هەڵەدن و یاخسەمەر و شێخوەسان و بالیسان و دۆڵی جافایەتی و شارباژێر و سەرکۆڵ و قەرەداخ و سێکانیان و گۆپتەپە و عەسکەر و سێوسینان و وەرتێ و ناوچەکانی بادینان و هەروەها بۆردومانی شیمیایی بارەگای پێشمەرگەکانی کۆمەڵەش لە گوندی بۆتێ.
لە کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و دەشتی شارەزووردا، تەنها باشووری کوردستان و تەنها خەڵکی سیڤیلی هەڵەبجە زیانمەند نەبوون، بەڵکو لەم بۆردمانە دڕندانەیەدا ٧٢ پێشمەرگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، ٧٢ پێشمەرگەی گوردانی شوانی کۆمەڵەش لە کاتێکدا کە بۆردومانی شیمیایی شەکەتی کردبوون، کەوتنە بەر هێرشی سوپای کۆماری ئیسلامیی و لە بەرخۆدانێکی قارەمانانەدا گیانیان بەخت کرد.
ئاشکرایە کە پڕۆسەی چەند ڕەهەندیی جینۆسایدی کوردستان لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجەوە دەست پێ ناکات و جینۆسایدی وڵاتی ئێمە مێژووێکی زۆر لەوە کۆنتری هەیە و بەداخەوە تاکو ئێستاش بەردەوامە. کارەساتەکانی هەڵەبجە و سەردەشت و ئەنفال و دەرسیم و ڕۆبۆسکی و قاڕنا و قەڵاتان، تەنها چەند نموونەیەکی بەرچاو و بەرجەستەی جینۆسایدی فیزیکیی خەڵکی کوردستانن. قەدەغەکردنی زمانی کوردی و داسەپاندنی زمانی داگیرکەران و هێرشی مێدیایی و تواندنەوەی فەرهەنگ و کەلەپوور و شوناسی کوردستانیی، دیوێکی تری ئەم جینۆسایدە فرەلایەنەن.
تا کوردستان سەربەخۆ نەبێت و تا دەسەڵاتێکی یەکسانییخوازانەی بەهێز لە کوردستان دانەمزرێت، تا کوردستان پارچەپارچە و داگیرکراو بێت، سێبەری شوومی جینۆسایدەکان وڵاتی ئێمە بەجێ ناهێڵێت، بۆیە ئەرکی هەموو دانیشتوانی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانیەتی، کە لە ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستاندا، یەکگرتووانە بۆ ڕزگاریی وڵات لە کۆکوژیی و داگیرکاریی و ژێرچەپۆکەیی نەتەوایەتیی تێبکۆشن.
بەرز و بەڕێز بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی هەڵەبجە.
بژی یەکێتیی و هاوخەباتیی هەموو بەشەکانی کوردستان.
ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٦ی مارسی ٢٠٢٥
٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ ی هەتاویی