بۆلەڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوەیەکی هاوبەش پێکنایەت؟
ئازاد سەربەست
06-04-2025

بەمەبەستی دەستنیشانکردنی ئەوهۆکارانەی کە بوونەتە کۆسپ لەسەر ڕێگای پێکهێنانی دامەزراوەیەکی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوخشاندنێکی خێرا بەڕابردووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ئەوبەشە داگیرکراوەی نیشتمان، یارمەتیماندەدات کە باشتر کەموکۆڕیەکانی خۆمان ببینین و هەوڵبدەین ڕێگاچارەسەرێکی گونجاو بدۆزینەوە بۆ ئەو لەیەکدابڕاویەی کە ئێستا لەناو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە.
دەمێکە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و کەسایەتیە ڕەوشەنبیر و سیاسیە سەربەخۆکان بەتایبەتی بەردەوام داوا لەلایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن کەواز لەدژایەتی یەکتربێنن و لەپێناو بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و گەیشتن بەماف و ئازادیەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەیەکەوە شانبدەنە بەر خەباتێکی هاوبەش. لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەکاتی بۆنە و پێشهاتە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی دوای روودانی کارەسات یا لەوکاتانەی کەخەڵک بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەدەسەڵاتی داگیرکەرانەی کۆماری ئیسلامی دەڕژێنە سەرشەقام، هەموویان بەقسە زۆر بەگەرمی باس لەئاشتەوایی و یەکێتی و یەکهەڵوێستی دەکەن. ئارشیڤی ڕاگەیاندنی لایەنەکان شاهیدی ئەوڕاستیەن و بەتایبەتی لە هەموو کۆنگرە و کۆنفڕانس وپلەنۆمەکاندا پێداگری لەسەر یەکێتی و یەکهەڵوێستی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دەکەنەوە. بەڵام دوای ماوەیەک سارد دەبنەوە و لەکردەوەدا وەک ئەوەی کە پێویستە هەموویان وێکڕا کار بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکەن.
لایەنە سیاسیەکان و کۆماری ئیسلامی
ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە ڕاپەرینی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمەکانی دیکە بەسەر ڕژیمی پاشایەتی ئێراندا سەرکەوت. دوایی کۆماری ئیسلامی هەلپەرستانە دەستی بەسەر دەسەڵاتداگرت و چەند مانگ دوای بەدەسڵات گەیشتن ئەو ڕژیمەش دژی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد و بەگژ ئازادیخواز و مافخوازانداچۆوە و شەڕێکی نەخوازراوی بەسەر خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاند. هێزی پێشمەرگەی ڕانەهێندراوی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئیمکاناتی سەرتایی، بەڵام بە ورەیەکی بەرز لە بەرامبەر هێرشی هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا ڕاوەستان. دوای ئەوە هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەچەند لاوە پەلاماری کوردستانیاندا، لەبەرمبەردا هێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەکی کەڵاشینکۆف و قەناس و ئارپیجی بەرەورووی هێرشی هێزە داگیرکەرەکان بوونەوە و چەندین جار سپای زەبەلەح و پڕچەکی کۆماری ئیسلامیان بەچۆکداهێناوە و گەلێک شاداستانی پڕلەشانازیان لەمێژوودا تۆمار کردوە.
بەداخەوە لەو کاتە هەستیارەدا لە ناو هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو، کە لە ئاکامدا شەڕێکی ناڕوا بەسەر بەشێک لەهێزی پێشمەرگەی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانداسەپێندرا و لەیەککاتدا قورسایی دووشەڕی لەیەکجیاواز خرایە سەرشانی پێشمەرگەی لایەنە بەیەکەوە ناکۆکەکان. کاتێک پێشمەرگە گورزی لە هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەدا، لەلایەن خەڵکەوە بەگەرمی پێشوازیان لێدەکرا و گۆرێ و زەنگاڵ و دەستەوانەیان پێشکێشدەکرا و بابۆڵەنان و توێشووی بەتام و گەرمیان بۆ دەپێچرایەوە. هەر ئەو پێشمەرگانە کاتێک دەچوون بۆ شەڕی ناوخۆی کوردکوژی لە گەڵ توڕەیی و نەفرەتی خەڵکی چەوساوەی کوردستان بەرەوروو دەبوونەوە.
لەوماوەیەدا کە لایەنە سیاسیەکان لە ناوچە ڕزگار کراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، چ ئەوکات کە گیرۆدەی شەڕی ناوخۆ بوون، چ ئەوکات کە لە حاڵەتی نەشەڕ نەئاشتیدابوون نەیانتوانی لەدامەزراوەیەکی هاوبەشدا کۆببنەوە و بە یەکەوە سەرپەرشتی کاری ئیداری ناوچەکە بکەن، بەڵکو هەرلایەنە بەجیا بەپێی عەقل و بیروبۆچوونی خۆیان سەرپەرشتی ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەکرد. بەدرێژایی ئەوماویە هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام پەلاماری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەدا، تادەستیان بەسەر دوا گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گرتەوە. لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش وێڕای ئەوەی کە هەریەکە بە جیاجیا بەشێوەیەکی سوونەتی و بەبێپلان بەرگریان لەخۆدەکرد، بەڵام بەردەوام قۆناغ بە قۆناغ لە حاڵەتی پاشکشێدابوون، کە لەدوای خۆیان بێجگە لە چەند ژێرزەمینێکی ساد و خانووی لەقوروبەرد دروستکراو، هیچ شوێنەوارێکی ئەوتۆیان لەپاش خۆیان بەجێنەهێشت کە خەڵکی کوردستان و هێزەداگیرکەرەکانی کۆماری ئیسڵامی پێیسەرسام بن. بۆنموونە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان تونێلێیک یا سەنگەرێکی پتەو نابینی کە شوێنپەنجەی هێزی بەرگری لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێوەدیار بێت. لە ئاکامدا بەتێپەرینی کات وردە وردە هەموو ناوچە ڕزگارکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆر دەسکەوتی دیکەیان لەدەستدا. تەنیا دەسکەوتێک کە بۆیان مایەوە ئێستا هەموویان خاوەنی ئەزموونێکی زۆرن. جێگای خۆیەتی ڵایەنە سیاسیەکان بەپشت بەستن بەو ئەزموونە کەڵەکە بووە، چاوێک بەڕابردووی خۆیاندا بخشێنن و دەرس لەبێپلانی پێشوەختە و لە ناکۆکی ڕابردووی نێوانیان و لێکەوتە خەراپ و پڕلە تراژیدیاکانی شەڕی ناوخۆ وەرگرن و لە داهاتوودا چۆنیەتی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتر و شێوەی خەبات و تاکتیکیان بەپێی پێداویستی سەردەم بگۆڕن.
لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران بەدرێژایی تەمەنی خۆی ئەوەندەی بۆیکرابێت مافە سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتیەکانی خەڵکی کوردستانی پێشێلکردووە و زوڵمی لەکرێکاران، ژنان، گەنجان و ئاین و بیروڕا جیاوازەکان کردووە، بوون و بەرهەمی کوردستانی بەتاڵان بردووە،....هەرکەس و لایەنێکیش دژی سیاسەت و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بووبێت بێجیاوازی پەڵاماری داوە و دەستی لەهیچ کردەوەیەکی دووژمنکارانە لەدژی خەڵک و لایەنە سیاسیەکان نەپارستووە و ئەوەی لەدەستی هاتووە لەدژی خەباتکار وچالاکوان و خەڵکی کوردستان بەگشتی کردوویەتی، لەئاکامدا زیانی زۆری بە ژینگە و خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە. ئێستاش لەسەردەمی گەشەی تەکنۆلۆژیادا، کۆماری ئیسلامی لەهەوڵی بەدەستخستنی چەندجۆر چەکی پێشکەوتووی مرۆڤ کووژدایە و دەیەوێت لەپێناو مانەوەی خۆی خەڵک زیاتر سەرکوت بکات و زیانی زیاتریش بەهەموو ئەو لایەنانە بگەیەنی کە لەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ناڕازین.
هەرچەند کۆماری ئیسلامی بەهۆی هێزی سەرکوتگەر و بەزەبری چەک دەستی بەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگرتووە، بەڵام دوای چل و چوار ساڵ داگیرکاری هێشتاش پێگەیەکی ریشەیی لەڕۆژهەڵاتی کوردستان نیە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام "نایان" بەو ڕژیمە گووتووە و بەداگیرکەریان زانیوە. کۆی لایەنە سیاسیەکانیش هەر یەکە بەپێی توانای خۆیان بەربەرەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کردووە و بەوشێوازەی کە بۆخۆیان بەباشیان زانیوە خەباتیان کردووە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوایەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشاون، لەو پێناوەدا قوربانی زۆریانداوە و کۆمەڵێک قۆناغی سەخت و دژواریان بڕیوە. بەڵام هیچکامیان نەیانتوانیوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕزگار بکەن و دەسەڵاتی بەڕێوەبەری ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستەوە بگرن و ماف و ئازادیەکانی خەڵکی ناوچەکە دەستەبەر بکەن. تەنات نەتوانراوە ئەوەندە فشار بخرێتە سەر ڕژیم کە ناچار بکرێت سەبارەت بە مافەکانی خەڵکی کوردستان بیر لە وتوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتەوە. تەنیا بەمەبەستی زیانگەیاندن بەلایەنە سیاسیەکان سیاسەتی وتوێژی وەک تاکتیک بەکار هێناوە، نەک بەڕاستی ویستبێتی بە مەبەستی چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان بێتەسەر مێزی وتوێژ.
خۆ ئەگەر هەریەک لە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتەنیا بیانتوانیبا ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئسلامی ڕزگاربکەن و دەسەڵاتی بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەستەوە بگرن و دەسکەوتێک بۆ خەڵکی ناوچەکە بەدەست بێنن، لەسەر کەس ڕانەدەوەستان. لە شیکاریەکی گشتیدا هەموو هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بەوڕاستیە دەکەن کە لەداهاتووشدا هیچلایەک بەتەنیا ناتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی کۆماری ئیسلامی ڕزگار بکات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەماف و ئازادیەکانی خۆیان بگەن. چوون ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەبات بۆگەیشتن بەماف و ئازادیەکانی خەڵکی کوردستان پێویستی بە پشتیوانی زۆرینەی کۆمەڵانی خەڵک، پلان و ڕێکخستنێکی تۆکمە، پەیوەندی بەهێزی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی و کەرەستەی پێویست و پەیوەندیدار،....هەیە، کە لەئێستادا هیچیەک لە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانە نین کە وەک بەدیلێکی کاریگەر هیوای لەسەر هەڵبچێندرێت، کەواتە زەروورە بیر لە ئەلترناتیڤێکیتر بکرێتەوە.
ماوەیەکی زۆرە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو بارودۆخە نەخوازراوە بێزارن کە کۆماری ئیسلامی بە ئەنقەست وبەدیکتاتۆری بەسەریدا سەپاندوون. خەڵکی مافپێشێلکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوەڕوانن هەڵێکیان بۆ بڕەخسێ و بەگژ داگیرکەراندا بچنەوە و خۆیان لەو ئازارە دەستکردە ڕزگار بکەن و بەمافە ڕەواکانی خۆیان بگەن. ئەوان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە مەبەست و بە بەرنامەیەکی پێشوەختە داڕێژراو بەردەوام سووکایەتیان پێدەکرێت، بێکار و برسی دەکرێن، ڕەدوو دەنرێن، دەگرێن و ئەشکەنجە دەدرێن و دەکوژرێن، بەبیانووی جۆراوجۆرەوە جینۆساید دەکرێن. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەندەیان ئازار چاشتووە بۆ ڕزگار بوون لە ژیانی بەژانی ژێردەستی و گەیشتن بە ئامانجەکانیان چاوەڕوانی هیمەتی هەموو لایەکن. ئەوان تینووی ئازادی و ژیانێکی شەرافەتمەندانەی شیاوی مرؤڤی ئەم سەردەمەن. لەئێستادا بەڵێنی گەورە و درووشمی زریقەدار و بریقەدارو قسەی خۆش و دروشمی بێکردار هیچ لەژیانی پڕلەئازاری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناگۆڕی. ئەوەی بۆخەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرنگە یەکێتی و یەکهەڵوێستی خەڵک و لایەنە سیاسیەکان و دۆزینەوەی ڕێکارێکە کە بەکردەوە جێبەجێ بکرێت و لە ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕزگاریان بکات و گۆڕانکاری لە ژیانی پڕ لەئازاری ئەوان پێک بێت و گرەنتی پاراستنی دەسکەوتەکانی دواڕۆژیان بکات.
خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی شۆڕشی ژینادا و دواتریش بە تایبەت لە نەورۆزی ٢٧٢٤و ٢٧٢٥ی کوردی نیشانیاندا کە لەپێناو ڕزگار بوون لە ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، چەندە یەکگرتوو و لەخۆبردوون و زۆر لەپێشەوەی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. ئەوان بە هەموو لایەکیان سەلماند کەسڵ لەهیچ مەترسیەک ناکەنەوە و بۆ گەیشتن بەمافە ڕەواکانیان حازرن لەگیانی خۆشیان بگوزەرێن. گومانی تێدانیە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زیاتر لەوەی کە تائێستا کردوویانە لەدەستیاندێ و دەتوانن چالاکی زۆر گەورە بکەن و تەنانەت دەتوانن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێپی بە کۆماری ئیسلامی لێژبکەن و زەمینەی ئاڵوگۆڕ بخوڵقێنن. بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن ئەزموون و هوشیار و تێگەیشتوون، لەئێستادا بەدیلێکی بەهێز شکنابەن کە جێگای کۆماری ئیسلامی بگرێتەوە و بۆشایی ئەمنی و بەڕێوەبەرایاتی کاری ئیداری ناوچەکە پڕ بکاتەوە، بۆیە هێشتا هەموو توانای خۆیان بەکار نەهێناوە. لەئێستادا وێڕای بەزیندوویی هێشتنەوەی شۆڕشی ژینا کە پێداوستیەکی زەروریە، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی یەکێتی و یەکهەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەدیلێکی شیاو بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا ئەرکی لەپێشینەی هەموو لایەکە.
خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لەئێستادا کە بەشێک لەخەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێلایەنن و بەشێکیش بەسەر چەند لایەنی سیاسیدا دابەش بوون، هەریەک لەوبەشانە لەچوارچێوەی ڕێکخستنێکی دیاریکراودا بەپێی ئەو بیرو باوەڕە چالاکی سیاسی دەکەن کە لایەنە سیاسیەکان وەک بەرنامەی خۆیان دایانڕشتوە. بەدگمەن هەبووە ئەندامانی لایەنێک هەوڵیاندابێ بۆ جێبجەجێکردن و سەرخستنی بڕیار و پڕۆژەی لایەنێکیتر، واتا پڕۆژە و بڕیاری هەر لایەنێک تەنیا لەلایەن ئەو کەسانەوە جێبەجێ دەکرێن کە سەر بەلایەنێکی دیاریکراون. ڕێک لێرەوە زۆربەی کێشەکان سەرهەڵدەدەن، کاتێک کە لەدەرئەنجامی جێبەجێ کردنی بڕیارە لەیەکجیاوازەکان لەنێوان بەرژەوەندی لایەنەکان بەریەککەوتن روودەدات و لایەنەکان پڕۆژەی یەکتر ڕەددەکەنەوە و هەوڵدەدەن پڕۆژەی خۆیان جێبەجێبکەن و لەئاکامدا بەرەورووی یەکتردەبنەوە. ئەوبەشە لەخەڵکیش کە بێلایەنن جێبەجێکردنی بڕیار و پڕۆژە لەیەکجیاوازەکانی لایەنەکان بەئەرکی سەرشانی خۆیان نازانن. لێرەوە دەگەیەنە ئەو ڕاستیە کە ئێستا هیچلایەنێک نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان نیە، بۆیە مافی هیچلایەنێک نیە بەناوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە قسە بکات، خۆ ئەگەر لایەنێکیش بەناوێ هەموو خەڵکی کوردستانەوە قسە بکات وەک پێویست گوێی لێناگیرێت. لەبارودۆخێکی ئاڵۆزی لەوشێوەدا، کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە ڕێکخستن نەکراون، هەوڵدانی یەکلایەنەی هیچلایەنێک ناتوانی وەڵامدەرەوەبێت و ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی وهەمەلایەنە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکبێنی کە جێگای ڕەزامەندی هەموو خەڵک بێت. تەنیا ئەوکاتە بڕیار و ڕاسپاردەی لایەنە سیاسیەکان لە لایەن زۆرینەی خەڵکەوە وەک خۆیان جیبەجێ دەکرێن کە هەموو لایەنەکان لە دامەزراوەیەکی نیشتمانیدا کۆببنەوە و لە پێناو دەستبەرکردنی ماف و ئازادیەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەیەکەوە شانبدەنە بەر خەباتێکی هاوبەش. بەوشێوە لایەنە سیاسیەکان دەبنە جێگای هیوا و متمانەی خەڵک و دەتوانن پیلانی دووژمنکارانەی داگیرکەران پوچەڵ بکەنەوە و لایەنی دەرەکی و ناوەندە نێونەتەویەکانیش بەقەت قەبارەی خۆیان گرنگیان پێبدەن.
هەبوونی چەند حیزب و لایەنی سیاسی لەیەکجیاواز لە کوردستان کە بۆشایی سیاسی پڕبکەنەوە و بەڕاستی نوێنەرایەتی ڕەوتێکی دیاریکراو بکەن و حیزب وەک وەسیلە لەپێناو گەیشتن بە ئامانجێکی روون بەکار بهێندرێت و لەپێناو گەیشتن بە ستراتیژێکی دیاریکراودا تاکتیک و شیوە خەباتی خۆیان بگۆڕن بابەتێکی ئاساییە و دڵخۆشکەرە و نیشانەی زیندوویەتی و پێشکەوتوویی خەڵکی کوردستانە. بەڵام ئەوەی کە نائاساییە و مەترسیدارە حیزب بکرێتە ئامانج و بەپیرۆز بکرێت و ڕەخنە لێگرتنی بڤەبێت، یاحیزب جێگای خێڵ و عەشیرتەکانی ڕابردوو بگرنەوە و هەر حیزبە خاوەنی هێزی سەربازی و چەک و جبەخانە و بەندیخانەی تایبەتی خۆی بێت، یا حیزب بکرێتە وەسیلەی نان پەیدا کردن و دەست بەسەربەرهەمێنان و بازرگانیدا بگری و کەرتە خزمەتگوزاریەکان قۆرغ بکەن، ئەوە نیشانەی ئەوڕاستیەیە کە هێشتا کۆمەڵگای کوردستان وەک پێویست گەشەی نەکردووە و کاری ڕامیاری و حیزبایەتی کردن وەک ئەوەی کە پێویستە هەبێت، نیە، بۆیە بەردەوام لە نیوان حیزبەکاندا جیا لە کێشەی نێوان دوو بۆچوون، کێشەی لاوەکی دروست دەبن و رووداوی ناخۆش و زیانبەخشیان لێدەکەوێتەوە.
لە کوردستان کێشەی نێوان حیزبەکان ریشەیەکی مێژوویی هەیە، بەڵام دیارەدەیەک کە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات، ئەوەیە کە چەند حیزب بە چەند ناوی جیاوازەوە، کە لە ناوڕۆکدا یەک بیرو بۆچوون بن و لە پێکهاتەدا وەکویەک بن و تەنیا ناویان جیاوازبێت و لەسەر پلە و پۆست و بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات ناتەبابن و بۆجوان نیشاندانی حیزب و ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بەلای خۆیاندا، بەقسە باسی ئاشتەوایی، دێموکڕاسی، ڕێزگرتن لەبیروڕای جیاواز، مافی مرۆڤ ودەستەبەرکردنی مافی کرێکاران، مافی ژنان، مافی نەتەوەکان، سیستمێکی دادپەرەوەر و سیکۆلار بوون بکەن، بەڵام لە کردەوەدا خاڵ و بڕگەکانی ناو بەرنامەکەیان جێبەجێ نەکەن و بڕوایان بە تولیڕانس نەبێت و یەکتر قەبووڵ نەکەن و لە گەڵ یەکتر هەڵ نەکەن و بنەماکانی دێموکڕاسی پشتگوێ بخەن و توشی پەتای خۆ بە زلزانی و خۆپەرستی بن و ڕێزی لایەنی دیکە نەگرن و پێیان وابێت هەموو ڕاستیەکان لای ئەوانە و بەردەوام درێژە بەناکۆکی و دژایەتی لایەنی دیکە بدەن و نەیانەوێت لە پێناو بەرژەوەندی گشتیدا هێندێک لە خواستە حیزبی و بەرژەوەندیە کەسیەکانی خۆیان دابەزن. بەدڵنیایەوە ئەولایەنانە تا بەوشێویە بیر بکەنەوە و هێزووزەی خۆیان بۆ شکستپێهێنانی ڕەقیبە ناوخۆیەکان بەکار دێنن، بەهیچ شێوەیەک بەروەستی داگیرکەرانی کوردستان نایەن و دەبنە کۆسپیش لەبەردەم ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی لە کوردستان، کە هەموو لایەک تێدا زەرەرمەند دەبن.
خۆی لەڕاستیدا هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی کێشەی خەڵکی کوردستان لە شێوەکانی خودموختاری، فیدراڵی، کۆمفیدراڵی، سەربەخۆیی یا بەیەکەوە ژیانی ئارەزوومەندانەی پێکهاتە لەیەکجیاوازەکان لەژێر سێبەری دەسەڵاتێکی سوسیالیستیدا، کە هەریەک لەوشێوە چارەسەرانە بەپێی یاسای تایبەت بەخۆیان ڕێکدەخرێن، مافی خەڵکی کوردستانە و دەکرێ لە پێناو گەیشتن بەهەریەک لەو ئامانجانە حیزبێکی دیاریکراو هەبێت، بەڵام لۆژیکی نیە بۆ گەیشتن بەهەریەک لەو ئامانجە سیاسیانە چەند حیزبی سیاسی لەیەکچوومان هەبێت، چوونکە ناکرێ لە ووڵاتێکدا چەند شێوە خودموختاری و فیدراڵی و کۆمفیدراڵی و سەربەخۆیی و سیستمی سوسیالیستیمان هەبن. بۆیە ئەگەر لەیەک کاتدا چەند حیزب هەبن و هەمووشیان یەک مۆدێل بن و لەیەک کاتدا لە پێناو یەکێک لەو چارەسەرانەی ئاماژەیان پێکراوە خەبات بکەن، ئەوە ئەوشێوە حیزبایەتی کردنە هیچ بۆشاییەک لە گۆڕەپانی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان پڕناکاتەوە و ناچێتە خانەی کێشەی نێوان دوو هزروبیری لەیەکجیاواز، بەلکو نیشانەی ئەوەیە کە لەپشت ئەو شتانەی رووبەدەرەوە دەگوترێن، گیروگرفتی دیکە هەیە لەشێوەی غەرەزی شەخسی، بەیەکەوە نەگونجانی میزاجی کەسەکان، تەماحی دەسەڵاتی زیاتر و کێشەی بەرژەوەندی مەحفەل یا کەسی دەبنە هۆکاری لەیەکجیابوونەوە و پێکهاتنی حیزبێکیتر بە ناوێکیتر. بۆیە پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەوردی چاوەدێری کار و چالاکی لایەنە سیاسیەکان بکەن و هەرلایەنێک لە پێناو بەرژەوەند حیزبی و کەسی بەپێچەوانەی بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان جۆڵایەوە پشتیوانی نەکەن و بەئاشکرا پێیبڵێن تا خۆت نەگۆڕی بۆت نیە بەناوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە قسەبکەیت.
لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کۆمەڵێک مەرجیان هەیە بۆوەرگرتنی ئەندام، هاوووڵاتیانی کوردستان کە بیانەوێت لەناو ریزی لایەنەکاندا جێگای خۆیان بکەنەوە و لەگەڵیان شانبدەنە بەرخەبات، دەبێ هەموو ئەو بەرنامە و یاسا و پەرەنسیپانەیان قەبووڵ بێت کە حیزبەکان وەک مانیفیستی خۆیان دایانڕشتووە و کاری پێدەکەن، ئەگەر بەکردەوە ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکەن وەک ئەندام لەناو حیزبەکاندا جێگایان نابیتەوە. پێویستە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو بارەشەوە پێشەنگبن و هەر لایەنێک خاوەنی کۆمەڵێک یاسا و پەرەنسپ و تایبەتمەندی شۆڕشگێڕانە و بەرنامەیەکی پێشکەوتوو و ستراتیژێکی روون نەبێت، بەکردەوە دڵسۆزی خاک و خەڵک و ژینگەی کوردستان نەبێت، دژی شەڕی کورد کوژی ناوخۆ نەبێت و بڕوای بە تولڕانس نەبێت و ڕێز لە پێکهاتە و بیروڕای جیاوازەکان نەگرێت،.... پشتیوانی لێنەکەن و بە نوێنەری خۆیانی نەزانن.
وتوێژوهاوپەیمانی یەکلایەنە چارەسەرە؟
کارەسات ئەوەیە هێشتاش لە کوردستان لایەن هەبن لە ژێر کاریگەری ئەنانی بوونی زۆردا نەتوانن واز لە حیزبایەتی کەلاسیکی و ئەوشێوە خەباتە سوونەتیە بێنن کە لەسەری ڕاهاتوون و بەردەوام درێژە بەپاراستنی بەرژەوەندی تاکحیزبی و ڕەوتێکی داخراوی خۆپەرست بدەن و دژی فەرهەنگی فرە حیزبی بن و هەوڵبدەن بێئاگاداری لایەنەکانی دیکەی کوردستان پڕۆژەیەک داڕێژن کەپەیوەندی بەچارەنووسی هەموو خەڵکی کوردستانەوە هەبێت و بەتەنیاش بۆجێبەجێکردن وسەرخستنی پڕۆژەکەیان تێبکۆشن. کە ڕەخنەشیان لێبگیرێت، لایەن ڕەخنەگر بەخاین و بەهەبوونی دەستی بێگانە لە پشتی تاوانبار بکەن. دیارە ئەو سیناریۆیانەی کە بەتەنیا لەلایەن لایەنە تاکڕەو ولەخۆڕازیەکان هەوڵی جێبەجێکردنیان دەدرێت سەرکەوتوو نابن، بەڵام کێشە ئەوەیە لەئەگەری سەرنەکەوتن و شکستخواردنی پڕۆژە و چالاکی لایەنەتاکڕەوەکاندا خەڵکی کوردستان بە گشتی باجی شکستی ئەوان دەدەن.
لەئێستادا، کە قۆناغی ڕزگاری نیشتمانیە، لایەنە سیاسیەکان باس لەدێموکڕاسی و دەسڵاتێکی دێموکراتیک دەکەن، بەڵام بەداخەوە گوێ لە داخوازی زۆرینەی خەڵک نەگرن و نەتوانن یەکتر قەبووڵ بکەن و بۆ جێبەجێکردن و سەرخستنی پرۆژەکانیان ڕاوێژ لەگەڵ یەکتر ناکەن، کاتێک شکستیان هێنا داوای هاوکاری دەکەن. لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە لایەنێک هەوڵبدات بەتەنیا بەناوی هەموو خەڵکی کوردستانەوە وتوێژ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان بکات، یا لەهەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی دیکەی دەرەوەی کوردستاندابێت. مێژوو ئەوڕاستیەی سەلماندووە هەر لایەنێکی کوردستان بەبێ پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بەبێ ئاگاداری لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان بەتەنیا وتوێژ لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان بکات، یا بەتەنیا بچیتە ناو هەر هاوپەیمانەیەک لە دەرەوەی کوردستان تێدا سەرکەوتوو نابێت. لەبەر ئەوەی لایەنی بەرامبەر هەست بەوڕاستیە دەکات کە ئەو لایەنە نوێنەری هەموو خەڵکی کوردستان نیە و دەزانی لە کوردستان لایەنی دیکە هەن کە بەڕێککەوتنی ئەولایەنە ڕازینین، بۆیە زوو یا درەنگ ئەو ڕێککەوتنە یەکلایەنەیە هەڵدەوەشێتەوە. لەهەر وتوێژو هاوپەیمانیەکدا لایەنەکانی دەرەوەی کوردستان حیساب بۆ ئەوڕاستیە دەکەن کە لایەنێک لەکوردستان ڕێز لە هاوچارەنووسانی خۆی نەگری و لە گەڵیان نەگونجێ، کەڵکی بۆ ئەوانیش نابێت و پێانوایە ئەولایەنە لەهەر شوێنێک ئیمتیازی زیاتری پێبدرێت لەوانیش هەڵدەگەڕێتەوە، بۆیە وەک شەریکە بەشی ڕاستەقینە هەڵسوکەوتی لەگەڵ ناکەن و لەهەر شوێنێک پێویستیانبوو لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دێنن و ئەگەر کاریشیان پێنەما پشتی تێدەکەن. بۆیە ئەولایەنە تاکڕەوانەی لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی بەناوی خەڵکی کوردستانەوە پەنا بۆ هەر وتوێژ و ڕێککەوتنێک بەرن نابنە خاوەنی دەسکەوتێکی پایەدار، لە باشترین حاڵەتدا تەنیا شانسیان بەدەستهێنانی هێندێک دەستکەوتی کاتی دەبێت و لەکۆتاییشدا بەس پەشیمانیان بۆدەمێنێتەوە.
هەڵبژاردنی شێوەی خەبات، بەپێی پێداویستی سەردەم
لەڕابردوودا لایەنە سیاسیەکانی کوردستان زۆرێک لە میتیۆدەکانی خەباتیان بەکارهێناوە. خەباتی چەکداری لەشێوەکانی بەرگری لەخۆکردن، هێرشبردن و پارتیزانی، ژێرزەمینی و خەباتی سیاسی و مەدەنی لە شێوەکانی ڕێکخستنی ڕێکخراوە پیشەییەکان، مانگرتن، بایکۆتکردن، کۆڕەو، خۆپیشاندان، وتووێژ(موفاوەزات)و دیپلۆماسیان تاقیکردۆتەوە. دوای هەوڵدان و ماندووبوون و قوربانیدانێکی زۆر و ئێشووئازارێکی بەردەوام و ڕژتنی سێ رووبار لەخوێن و ئارەق و فرمێسک و روودانی چەندین بەسەرهاتی پڕلەتراژیدیا، ئێستا لایەنە سیاسیەکان و کەسایەتیە سیاسی و ڕەوشەنبیرەکانی کوردستان خاوەنی ئەزموونێکی زۆر بەنرخن لە میتیۆدەکانی خەباتدا. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە وێڕای کەڵک وەرگرتن لەوشێوە خەباتانەی کە ئاماژەیان پێکرا لەکاتوشوێنی پێویستدا، هەوڵبدەین خۆمان لەناو ئەوشێوە خەباتانەدا بدۆزینەوە کە لەئێستادا پێویستی سەردەم و چارەنووسسازن، وەک گرنگیدان بەخەباتی ڕەوشەنبیری نیشتمان، دەستەبەرکردنی پشتیوانی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە داخوازە گشتیەکان، ڕێکخستنی خۆپیشاندانی ملیۆنی لەوشووێنانەی کە ناوندەنێونەتەوەیەکانی لێیە و هەوڵبدرێت نوێنەرانی کورد لە ناوەندە نێونەتەوەیەکان وەک ئەندام وەربگیرێن، هەروەها خەباتی ئاشتوایی حیزبی، یەکێتی و یەکهەڵوێستی نەتەوەیی، دامەزراندنی دامەزراوەی نیشتمانی گشتگیری بانحیزبیش تاقی بکەینەوە.
بۆ پێویستیمان بەچارەسەری پێشوەختەیە
لەئێستادا ئەگەر بەهەر هۆکارێک کۆماری ئیسلامی بروخێ و دەسەڵاتی داگیرکەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەمێنی، لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو بارودۆخە پەرتەوازەی ئێستایانەوە کە هەریەک لەخەیاڵێکدا دەژی ناتوانن تاسەر دەسکەوت و بەرژەوەندیەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزن و گەشەیان پێبدەن. ئەگەر لەئێستاوە چارەسەرێکی یەکلایی کەرەوە نەدۆزریتەوە، دوورنیە کە لەداوی نەمانی کۆماری ئیسلامی لایەنە سیاسیەکان لەسەر بەرژەوەندی حیزبی و دەسەڵاتی زیاتر تووشی شەڕی ناوخۆ و چەندین کێشەیتر نەبن. لەحاڵەتێکی لەوشێوەدا کێشە چارەسەر نەکراوەکان زۆرتر و ئاڵۆزتر دەبن و چارەسەر کردنیان قورستردەبێت و کاتی زیاتریان دەوێت بۆ چارەسەرکردن. سەرەڕای هەموو ئەوانەش هەڕەجمەڕەج درووست دەبێت و شیرازەی ژیانی خەڵک تێکدەچی و ژینگەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەشێوێ و ڕێکخستنەوەی کارێکی ئاسان نابێت. جیالەوش لەدەرەوەی ئیرادەی لایەنە سیاسیەکان ڕەڕەوەی بەرەوپێشچوونی مێژوو لەسەرکەس ناوەستی و بەردەوام رووداو و گۆڕانکاری سیاسی تازە روودەدەن. جا ئەگەر لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵیان نەبێ لەدرووستکردنی گۆڕانکاری بە دڵنیاییەوە ئاکامەکەشی بەپێی خواستی ئەوان نابێت و لەکاروانی پێشکەوتنی کۆمەڵگای دەوروبەر بەجێدەمێنن، تەنانەت ئەگەر هەلەکە نەقۆزنەوە دەبنە هۆکاری لەدەستدانی ئەو دەرفەتەش کە لەدواڕۆژدا بۆ خەڵک و لایەنە سیاسیەکان دەڕخسێت. لەئەگەری هاتنەپێشی بارودۆخێکی لەوشیوەیەدا، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەجێگای ئەوەی لایەنە سیاسیەکانیان خۆشبوێت و ڕێزیان لێبگرن، ڕقیان لێدەبنەوە. چوون دەبێ دیسان چەندین ساڵیتر چاوەڕاونبن تاهەڵێکی تریان بۆ دەڕەخسێت. بۆیە پێویستە لە ئێستاوە هەوڵبدرێت چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان بکرێت و بۆ دواڕۆژ بەجێ نەهێڵدرێن و پێشوەختە پێش بەروودانی تراژیدیا و کارەساتی دواڕۆژ بگیرێت، تا دیسان ڕەنج بە خەسار نەبین.
لەئێستادا کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رووداو و ئاڵوگۆڕە سیاسیەکان بەشێوەیەکی خێرا روودەدەن، واپێشبینی دەکرێت کە ئەو رووداو و ئاڵوگۆڕە سیاسیانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش بگرنەەوە. لەکاتێکدا کە ئێستا بۆخەڵکی کوردستان و بۆ هەموو نەتەوە ژێردەستەکانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانییە، پێویستە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندین ئەگەر لەپێش خۆیان دانێن و بە یەکەوە خۆیان بۆهەموو ئەگەرەکان ئامادە بکەن و لەهەوڵی دابینکردنی ئەو پێداویستیانە دابن کە بۆ قۆناغەکانی ئێستا و دەورەی گوزەر و دواتریش پێویستن. ئێستا کاتی ئەوەیە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئیرادەی خۆیان دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش پێکبێنن و بەهەوڵ و ئیرادەی خۆیان ببنە خاوەنی ئەو هێزە کاریگەرەی کە بۆخۆی شێوەی خەبات و مەیدانی خەبات دیاری بکات، نەک لایەنی دیکە شێوەی خەباتی بەسەردا بسەپێنن و مەیدانی تێکۆشانی بۆ دیاری بکەن و بەئارەزووی خۆشیان هەرکات ویستیان سەرکوتی بکەن. پێویستە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو گەیشتن بەئامانجە هاوبەشەکان، بەیەکەوە و بەپشتیوانی خەڵکی کوردستان ببنە کارکتەری بەهێزی گۆڕەپانی خەبات و وەک پێشەنگ ڕۆڵیان هەبێت لە لەیەکنزیککردنەوەی نەتەوە ژێردەستەکانی دیکە لەدژی کۆماری ئیسلامی و پێشوەختە هەوڵبدەن بۆ ڕەخساندنی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ گۆڕانکاری و دابینکردنی ئەو هێزو وەسیلانەی کە بۆ پاراستن و گەشەپێدانی دەسکەوتەکان زەروورن و دواڕۆژێکی روون بۆ هەمووان گەرەنتی دەکەن.
ئەگەرلایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیانەوێت لەو بارودۆخە چەقبەستوەی ئێستا دەربازبن و دڵی خەڵکی کوردستان بە گشتی و لایەنگرانی خۆیان خۆش بکەن و بەڕاستی ببنە ئەو هێزەی کە جێگای متمانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت و ئەو لایەنە دەرەکیانەی کە دۆستی خەڵکی کوردستانن حیسابیان بۆ بکەن، داگیرکەرانیش نەتوانن بە ئارەزووی خۆیان سەرکوتیان بکەن، پێویستە هەرچی زووتر بیر لە پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش بکەنەوە، کە هەموو لایەنە سیاسیەکان لەخۆ بگرێت و بەیەکەوە لەپێناو ستراتیژێکی رووندا شانبدەنە بەر خەباتێکی فرەڕەهەندی هاوبەش. چوون ئەوە خواستی زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئێستاش کاتەکەی گونجاوە و درەنگە و زوونیە. پێویستە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکی پێشوەخت و گونجاودا هەستن بە پێکهینانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەشی بانحیزبی و بەشێنەیی بەرنامەی کار و پلانی تێر و تەسلی بۆ داڕێژن و ماوەیەک پێش رووخانی کۆماری ئیسلامی تاقیبکەنەوە و کەموکۆڕیەکانی چارەسەربکەن، نەک لەژێر فشاری هەلومەرجێکی نائاساییدا لەکاتێکی نەگونجاو بە پەلەپروزێ لەناچاری پەنا بەرنە بەر پێکهێنانی دامەزراوەیەکی سەقەتی پڕلە کەموکۆڕی، کە لە داهاتوودا لێکەوتەی نەگەتیڤی لێبکەوێتەوە و لەجیات دەستکەوت کێشەیتر بخوڵقێنی. لەبەر ئەوەی پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش هەم ئەرکە و هەم بەرپرسیاریەتیە، ئەوەندەی بە قسە ئاسانە بە کردەوە ئاوا ئاسان نیە. چوونکە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی پایەدار کە جێگای هیوا و ڕەزامەندی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت و بتوانی لە مەیدانی کردەوەدا ڕۆڵ و کاریگەری هەبێت، دەبێ بەپڕۆسە بێت، ئەوپڕۆسەش پێویستی بەکات و بیر لێکردنەوەی ورد و پلانی تۆکمە و بەرنامەیەکی گشتگیر و ستراتیژێکی روون،.... هەیە. بۆیە زەروورە جێبەجێکردنی ئەرکی پێکهینانی دامەزراویەکی نیشتمانی هاوبەش، پێش رووخانی کۆماری ئیسلامی بێت. لەبەرئەوەی کاتێک کە ئاڵوگۆر دروستبوو ئەرکی سەرشانی لایەنە سیاسیەکان زۆر دەبن و لەوانەیە بەهۆی هێندێک دەسکەوتی کاتی وەک پێویست نەپڕژێنە سەر وتوێژکردن سەبارەت بە یەکگرتوویی لایەنەکان و داڕشتنی پڕۆژەی هاوبەش بۆ داهاتوو. لەکاتێکدا لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ڕێگایەیان هەر لەبەرە کە لەچوارچێوەی دامەزراویەکی هاوبەش لەدەوری یەکترکۆببنەوە. چوون هیچکامیان بەتەنیا ناتوانن داگیرکەران لەکوردستان وەدەرنێن ودوایی سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، خەڵکیش بەرگەی ئەو هەموو دەسەڵاتە لەیەکجیاوازە ناگرن. کەواتا پێویستە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخواستی خۆیان لەسەر داوای خەڵکی کوردستان پێش ئەوەی ئاڵوگۆڕێک رووبدات دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش پێکبێنن و مەدالیایی شانازی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە نیشتمانیە بە نسیب خۆیان بکەن، نەک بەشەقی زەمانە و لەژێر چاوەدێری لایەنێکی بیگانەدا ناچار بکرێن دامەزراوەیەکی سەقەت پێکبێنن، دوایەش کە لەناوچەکە کۆتایی بە بەرژەوەندی هیزە دەرەکیەکە هات و ئەو هێزە دەرەکیە کاریگەرری لەسەر لایەنە بەزۆر بەیەکەوە لکێندراوەکانەوە نەما دامەزراوە سەقەتەکەش هەڵبوەشێتەوە.
کێ ڕەوایەت بە حیزبەکان دەدات
لە کاتێکدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوەیەکی نیشتمانی فەرمی دانپیانراو نیە، کێ ڕەوایەت بە لایەنە سیاسیەکان بدات، کە وەک حیزب لە گۆڕەپانی خەباتدا بەشداری بکەن. لەوانەیە هێندێک لایەن لەبەرنامەی سیاسی خۆیان ڕازیبن و خۆیان بەشۆڕشگێڕتر و پێشکەوتنخوازتر بزانن و بەکۆمەڵێک هۆکار یەکلایەنە ڕەوایەت بەخۆیان بدەن، کەئەوان خاوەنی کێشەی خەڵکی کوردستانن، هەروەها پێانوابێت ئەولایەنانەی کە لەباری ئیدۆلۆژیکی و سیاسی لەوان جیاوازن ئاستی داخوازە سیاسیەکانیان وەک پێویست نیە و بەبیانووی جۆراوجۆر مافی بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی کوردستانیان پێڕەوا نەبینن. بۆیە بەباشی نەزانن لەگەڵ ئەوان بچنە ناو دامەزراوەیەکی هاوبەش. لەکاتێکدا حیزب هەرچەند گەورەش بێت، بەتەنیا ئەومافەی نیە کە ڕەوایەت بە لایەنێکی دیکەی سیاسی بدات.
زۆر گرنگە لایەنێکی سیاسی خاوەن بەرنامەیەکی پێشکەوتوویی گشتگیر بێت و داکۆکی لە داخوازە ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات. بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەویە کە لایەنی سیاسی لەناورۆکدا بڕوای بەخاڵوبەندەکانی ناو بەرنامە ڕازاوەکەی بێت و بەکردەوە وەکخۆی جێبەجێان بکات و لەژیان و کاری ڕۆژانەی ئەندامەکانیدا ڕەنگبداتەوە و کۆمەڵانی خەڵک متمانەی تەواویان پێبێت و لەباری تەئۆریکی و پراتیکی لێڕازیبن و بەنوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانی بزانن. ئەوکات دەکرێ بگوترێ ئەو لایەنە ڕەوایەتی لە گەل وەرگرتووە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا کۆمەڵگا بە ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانەوە جوانە و مرۆڤایەتی بە هەبوونی بیروڕای جیاوازە پێشدەکەوێ. دەیخۆ ئەگەر هەموو خەڵکی کوردستان وەک یەک بیرمان کردبایەوە، کێشەمان چبوو، ئەوکات ئەو هەموو حیزبە لەیەکجیاوازانەمان نەدەبوو، دەمێک بوو یا ڕزگار ببوین یا تێداچووبووین. بەڵام ئەوە ڕاستی کۆمەڵگا و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانە کە خاوەنی بیروڕای لەیەکجیاوازن و تێڕوانینیان بۆ ژیان و ژینگە وهەوڵدانیان بۆ ڕزگاری ووڵات و بەڕێوە بردنی دەسەڵاتی سیاسی جیاوازە. هونەر لەوەدایە کە ڕێکارێکی گونجاو بدۆزریتەوە بۆ بەیەکەوە ژیانی هەموو ئەو کەسانەی کە دەنگ و ڕەنگ و بیروڕایان جیاوازە، بەڵام ئێش و ئازار و هیوایەتی ئێستا و دواڕۆژیان یەکە، هەمووشیان تێدکۆشن بۆ دەرباز بوون لەو ژیانە پڕ لەئازارەی کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بەسەریاندا سەپاندوون، بەڵام شێوەی هەوڵدانەکەیان جیاوازە. لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە لایەنی سیاسی دژی ماف و ئازادی خەڵک و داخوازە ڕەوکانیان نەبێت، ڕێکارە دروستەکە ئەوەیە کە ڕێگاچارەسەرێک هەڵبژیردرێت کە بەکردەوە جێبەجێ بکرێت و لەناو لایەنە ڕزگاریخوازەکاندا گرژی و بەگژیەکترداچوون روونەدات، بەڵکوو ڕێزی یەکتربگرن و هەموو لایەنە ئازادیخوازەکان هەست بەبوونی خۆیان و پارێزراوی شکۆی کەسی، ڕەگەزی، نەتەوەیی، ئاینی، پێکهاتەیی خۆیان بکەن، تا هەوڵدانی هەموو لایەنەکان لە پێناو ڕزگاری خەڵکی ماف پێشێلکراو وەسەریەک بخرێنەوە. چوون هەموو پێکهاتە و لایەنەکان بەتەنیا خۆیان تاقی کردۆتەوە و هیچکامیان بەهەوڵ و هیمەتی خۆیان نەیتوانیوە بەئامانجەکانیان بگەن. با ئەوجار بەهەرەوەزی و بەوەسەریەکخستنی هێزوتوانای هەموو لایەنە سیاسیەکان و دەستەبەرکردنی پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆمان تاقی بکەینەوە. کاتێکیش بە هەوڵ و هیمەتی هەموو لایەک ڕزگارمان بوو، هەوڵبدەین بۆ ڕەخساندنی کەش و هەوایەکی لەبار کەهەموو لایەنە بەشدار بووەکانی پڕۆسەی ڕزگاری بتوانن بانگەشە بۆ بیروبۆچوونی سیاسی خۆیان بکەن. ئەوکات هەر لایەنێک کە لەهەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیکدا توانی متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بەدەست بێنی، سەرکەوتنی پیرۆزبێت، باچوار ساڵ دەسەڵاتی بەڕێوەبەری لای ئەولایەنە بێت کە خەڵک ڕەوایەتی پیداوە، با لایەنە سەرنەکەوتوەکانیتریش لەو ڕۆژەوە تا چوارساڵیتر بە بەرنامە و کار و چاڵاکی سیاسی خۆیاندا بچنەوە و کەموکۆڕیەکانیان چارەسەر بکەن و بەهەموو توانای خۆیان بانگەشە بۆ بەرنامەی سیاسی خۆیان بکەن تا بتوانن لە هەڵبژاردنێکیتردا شانسی سەرکەوتنیان هەبێت. خۆ ئەگەر چەند لایەنێک لەچەند هەڵبژاردندا نەیانتوانی متمانەی خەڵک بەدەست بێنن، ئەوە تاوانی هیچلایەک نیە و پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و ئاڵوگۆر بەسەر بەرنامەی کار و سیاسەتی خۆیاندا بێنن، نەک ئۆباڵەکەی بخەنە سەرشانی لایەنێکی دیکەوە.
لەوانەیە هێندێک لایەن ڕەوایەت بەخۆیان بدەن و پێیان وابێت پێشینەی خەباتیان زۆرە، یا ڕێژەی ئەندام و لایەنگریان زۆرترە، یا شەهیدی زیاتریان داوە، یا زیاتر ناسراون،....بۆیە دەبێ ئەوان هەمەکاری کوردستان بن و بەڕەوای نەزانن لە گەڵ لایەنی تازە و لایەنی لەخۆیان گچکەتر بچنە ناو دامەزراوەیەکی هاوبەش، بەڵکوو زیاتر لە هەوڵی خۆسەپاندن و پەراوێزخستنی لایەنی دیکەدابن. بەڵام چگەرەنتیەک هەیە کە لە دەرئەنجامی پێڕەو کردنی سیاسەتی پەراوێز خستنی هێندیک لایەنی سیاسیدا کاردانەوەی خەراپی لێنەکەوێتەوە. هەر لەیەکەم کاردانەوەدا وێنەی ئەولایەنانەی کە ئێستا لە بەرگی شۆڕشگێریدا لایەنی دیکە پەراوێز دەخەن و دەیانهەوێت دەسەڵات بۆ خۆیان قۆرغبکەن وەک نەیاری دێموکڕاسی و دیکتاتۆری دواڕۆژ دێتەبەرچاو. لێکەوتەیەکیتر ئەوەیە کە لایەنی پەراوێزخراو لەوانەیە بۆ مانەوەی خۆی لەگەڵ لایەنی دژە شۆڕش پەیوەندی دروست بکات و زیان بە ئاشتی و بەیەکەوە ژیان و بەرژەوەندی گشتی بگەیەنی. لەکاتێکدا داگیرکەرانی کوردستان بەتایبەتی بەدوای درزێکی مابەینی لایەنە سیاسیەکاندا دەگەڕێن تا لەوێوە ئاژاوە لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا دروست بکەن. بۆیە نابێ بەتەنیا چەندایەتی ڕێژەی ئەندام ببێتە پێوەر بۆ ڕەوایەتدان بەحیزب، بەڵکو پێویستە هزروبیر و ئامانجی دواڕۆژی لایەنی سیاسی و پابەندبوون بە یاسا و پەرەنسیپی حیزبی مۆدێرن و چۆنیەتی هەڵوێستی حیزب بۆ لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیان و شێوەی هەوڵدانی حیزب بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی و لەسەرووی هەموو ئەوانەش لێڕازی بوونی خەڵک لەبەرچاو بگیرێن بۆ ڕەوایەتدان بە حیزبی سیاسی.
کۆسپەکانی سەر ڕێگا
لەکاتێکدا چەندجار هەوڵدان بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی هاوبەش لەڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕۆژەڤ کراوە، بەڵام زۆربەی جارەکان هەوڵدانەکە کاتی بووە یا بەهۆی درووست بوونی کێشەیەکەوە هەوڵدانەکە ڕآگیراوە و چارەسەرەکان بەداهاتوو سپێردران. بابزانین ئاخۆ ئەو ناکۆکی و بەربەستانە چین کە بوونە کۆسپ لەسەڕێگای پێکهێنانی دامەزراوەیەکی هاوبەش لەڕۆژهەڵاتی کوردستان، با بزانین گرێ کوێرەکە لەکوێیە. ئایا هەر بەڕاستی ناکۆکیەکان ئەوەندە قوڵ و گەورەن کە چارەسەریان نەبێت، یا چارەسەریان هەیە و پێویستیان بەکاتە، یا بە ئەنقەست هەوڵی چارەسەر کردنیان نادرێت، یا لایەنی دەرەکی ڕۆڵی هەیە لە یەکنەگرتنی لایەنەکان. تاکی کورد مافی خۆیەتی چەند پرسیارێکی لەو شێوەی لەلا درووست بێت و بەدوای وەڵامەکاندا بگەڕێت. بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کۆتایی هێنان بەو لەیەک دابڕاوییەی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەربازبوون لەو بارودۆخە چەقبەستوەی ئێستا و کۆتایی هێنان بەو چاوەڕوانیە زۆری کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە سەرەڕای ژیانی سەخت و پڕلە ئازاری خۆیان، بەردەوام غەم لەناتەبایی لایەنە سیاسیەکان دەخۆن و خوازیاری یەکێتی و یەکهەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن. لەسەر ئەو بنەمایە و لەسۆنگەی هەستکردن بەبەرپرسیاریەتی بۆ بەرچاوروونی ئەو لایەن و کەسایەتیە بەڕێزانەی کە هەوڵدەدەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەسەرێکی گونجاو کە بەکردەوە جێبەجێ بکرێت و لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببنە خاوەنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش و بتوانن بەسەر کۆسپەکاندا زاڵبن، ئاماژەکردن بەوهۆکار و کۆسپانەی کە بوونە بەربەست لەسەر ڕێگای پێکهێنانی دامەزراوەیەکی هاوبەش لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، پێداویستیەکی هەنووکەییە.
١-سەرەتا لەیەک دوور کەوتنەوەی لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆماوەی چل ساڵ، وایکردووە کە لایەنە سیاسیەکان لەدنیای تەئۆریکدا بژین و سیاسەتێکی ووشکی ئیدئولۆژیکی و تاکحیزبی پێڕەوە بکەن کە لەپراتیکدا جێبەجێکردنی کارێکی ئاسان نەبیت و تەنانەت زۆرجار گوێ لە داخوازی خەڵکیش نەگرن. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاهیدن تا لایەنە سیاسیەکان لەناو خەڵکدابوون نەیانتوانی بڕیاری شەڕی ناوخۆیی بدەن. بەڵام کە لەدەرئەنجامی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان لایەنە سیاسیەکان لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابڕان و لەخەڵک دوور کەوتنەوە، چەند جار بە کردەوە شەڕی چەکداریان لەگەڵ یەکترکرد و چەندین پێشمەرگەیان لەیەکتر کوشت و بریندارکرد و زیانی زۆریان بەیەکتر گەیاند. تائێستاش لایەنە بەشەر هاتوەکان ڕەخنەیەکی جدیان لەخۆنەگرتووە، کە باسی ئەو شەڕانە دێتەگۆڕی، لایەنەکان یەکتر بە هەڵگریساندنی شەڕی ناوخۆ تاوانبار دەکەن. بەداخەوە دوای وەستانی شەڕرەناوخۆییەکان لایەنەکان ئاوڕێکی خەسارناسانەیان لەوشەڕە ناوخۆییە کوردکوژیانە نەداوەتەوە و داوای لێبوردنیان نەک لە خەڵکی کوردستان بە گشتی، تەنانەت لەکەس و کاری ئەو پێشمەرگانەش کە لە شەڕەناوخۆییەکاندا بوونە قوربانی نەکردووە. لەئاکامدا تائێستاش زامی ئەوشەڕە ماڵ وێرانکەرانە ساڕێژ نەبوونەوە و بێمتمانەییەکی زۆریان لەدوای خۆیان بەجێهێشتوە، ئێستاش ترسی چەندبارە بوونەوەی ئەو شەرە کوردکووژیانە لەدڵی خەڵکدا هەر زیندووە. بۆیە بۆ ئەو لایەنانەی کە شەڕیان لەگەڵ یەکتر کردووە، ئاسان نیە بڕیاربدەن بەیەکەوە دامەزراوەیەکی هاوبەش پێکبێنن و لەیەک سەنگەردا بەرەورووی دووژمن ببنەوە. بۆیە پێویستە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان فشار بۆ لایەنە سیاسیەکان بێنن کە بیر لەتۆڵە سەندنەوە لەیەکتر نەکەنەوە و بەڵێنامەیەک واژۆبکەن و شەڕی ناوخۆیی کوردکوژی بە هەموو شێوەیەک یاساغ بکرێت و هەر لایەنێک بە هەر بیانووێیەک دەستپێشخەری لە هەڵگریساندنی شەڕی ناوخۆییدا بکات، لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە سەرکۆنە بکرێت و سزابدرێت، خەڵکی کوردستانیش بەگشتی ڕۆلەکانی خۆیان ووشیار بکەنەوە کە شەڕی کوردکوژی بۆ لایەنەکان سیاسیەکان نەکەن.
٢-دوای سەرکەوتنی شۆڕشی خەڵکی چەوساوە بەسەر ڕژیمی پاشایەتیدا لە ١٣٥٧ی هەتاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا حیزبی دێموکڕات، کۆمەڵە، ڕێکخراوی خەبات، کۆمەڵەی یەکسانیی، دەفتەری مامۆستا شێخ عێزەدین و ڕەوتێکی ئیسلامی بەڕێبەرایەتی احمد موفتی زادە و شاخەی کوردستانی لایەنە سەرتاسەریەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبوون. بەداخەوە لە دەرئەنجامی کێشە ناوخۆییەکان حیزبی دێموکڕات و کۆمەڵە و خەبات تووشی لەیەکجیابوونەوە و دژایەتی یەکتر کردن و تەنانەت شەڕی چەکداری خۆبەخۆ بوون. بەهۆی ئەو لەیەکجیابوونەوانە وبەگژیەکترداچوونی لایەنەکان ناکۆکیەکان زیاتر و ئاڵوزتر بوون و چارەسەرکردنی کێشەکانیش قورستر بوون. ئێستا ئەو لایەنانەی کە لەیەک جیا بوونەوە ڕآستە بە ناوی حیزبی جیاجیا خەبات دەکەن، بەڵام هەموویان یەکتر تاوانبار دەکەن کە لایەنی بەرامبەر لەڕێبازە ڕاستەقینەکە لایداوە خۆیان بەگرێ دراو درێژەدەری ڕاستەقینەی ئەوپاشخانە سیاسیە دەزانن کە ساڵانێکی زۆر لە پێناویدا تێکۆشاون و بۆی ماندوو بوون. بۆیە لەوانەیە ئەو لایەنانە کۆنە قینیان لەیەکتر هەر هەبێت و متمانەیان بەیەکتر نەبێت و لەباری سایکلۆژییەوە بۆیان قوڕس بێت لەگەڵ یەکتر لە دامەزراوەیەکی هاوبەشدا کۆبنەوە و لەژێر بەڕێوەبەرایەتی یەکتردا شان بدەنە بەر خەباتێکی هاوبەش. ئەرکی سەر شانی کۆمەڵانی خەڵک و ڕەوشنبیرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لایەنە بە یەکەوە ناکۆکەکان ناچار بکەن بیر لە تۆلەسەندنەوە لەیەکتر نەکەنەوە و ڕابردوو بە ڕابردوو بسپێرن و لاپەڕەیەکی تازە هەڵدەنەوە و بە ڕێڕەوی ڕابردوودا نەڕۆنەوە و بیر لە تەبایی و بەرژەوەندی هاوبەشی خۆیان و خەڵکی کوردستان بکەنەوە.
٣-ئێستا لەڕۆژهەڵاتی کوردستان جیا لەو لایەنانەی کە بەنەهێنی خەبات دەکەن، زیاتر لەپازدە حیزب و ڕێکخراوی سیاسی ئاشکرا هەن، کە هەموویان خۆیان پێ شۆڕشگێڕی ڕاستەقینە و دڵسۆزی خەڵکی کوردستانە و پێانوایە تەنیا ئەو بەرنامە و پڕۆژە باشە کە ئەوان پێشنیاریان کردووە و ئەو چارەسەرە باش و گونجاوە کە ئەوان هەڵیانبژاردووە. بەکورتی هەموو لایەنەکان تەنیا بەرنامە و پڕۆژەی خۆیان لاپەسندە و بەبەرنامە و پڕۆژەی یەکتر ڕازینین. بۆیە لەدەوری یەکتر کۆبوونەوەیان لە دامەزراوەیەکی هاوبەشدا ئاسان نیە. چارەسەر ئەویە هەموو لایەنەکان پڕۆژەی خۆیان بەنووسرا بدەن بە لیژنەیەکی شارەزا و لەکۆی پڕۆژەکان پڕۆژەیەکی هاوبەشیان لێپێکبەهێندرێت کە ڕەنگدانەوەی بیروبۆچوونی هەموو لایەنەکان بێت و لەگەڵ باردۆخی کوردستان و ناوچەکە و جیهان بگونجێ و ویستوداخوازە ڕەواکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستەبەر بکات.
٤-هەرچەند لایەنە سیاسیەکان بەئاشکرا باسی ئەو بابەتە ناکەن، بەڵام لەڕاستیدا بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر چەند ڕەوتی ناکۆک و لەیەکجاواز لەسەر ئاستی کوردستاندا دابەشبوون. ناکۆکی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندی پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتمانی کوردستان کاریگەری نەرێنی لەسەر لەیەک نیزیک بوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داناوە. لەکاتێکدا پێویستە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەربەخۆیی سیاسی خۆیان بپارێزن و لەکێشەی نێوان ئەو سێ لایەنەوە تێوەنەگلێن، بەڵکو هەوڵبدەن ڕۆڵی میانجیگەریان هەبێت لەنێوان ئەو سێ لایەنەدا و هەوڵبدەن بزانن ئەو هۆکارانە کامانەن کە بوونە هۆی شکستخواردنی ئەو سێ لایەنە و خاڵە بەهێزەکانیان کامەن کەبوونە هۆکاری بەرەوپێشچوونیان. پێویستە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەڵک لە ئەزموونەکانی باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان وەرگرن، تا بتوانن گەشە بەدەسکەوتەکانی خۆیان بدەن و هاوکاری ئەوانیش بکەن کە لەداهاتوودا هەڵەکانیان چەندبارە نەکەنەوە، تا بەرژەوەندی هەموو لایەک پاریزراوبێت.
٥-سەرەڕای ئەوەی کە هێدێک لە لایەنە سیاسیەکان تەماحی ئەوەیان نیە کە ئەگەر دامەزراوەیەکی هاوبەش پێکهات و کار گەیشتە سەر دابەشکردنی پۆستەکان، پشکی هەموو لایەنەکان وەک یەک بێت. بەڵام هێندێک لە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بە گەورە و لایەنی دیکە بە گچکە دەزانن، بەڵایانەوە قورسە لە گەڵ لایەنێکی لە خۆیان گچکەتر بچنە تای یەک تەرازوو و دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەشیان لەگەڵ پێکبێنن و لەکات و جێگەی پێویستدا لەژێر فەرمانی ئەندامی لایەنە گچکەکان ئەرکی سەرشانیان جێبەجی بکەن. لەکاتێکدا یەکێک لە بنەماکانی دێموکڕاسی ئەوەیە کە ڕاستە "ڕای زۆرینە پەسند دەکرێت، بەڵام کەمینەش مافی ڕادەربڕینی هەیە و ڕێزی لێدەگیرێت و پێویستە مافی پارێزراوبێت"
٦-لەسەردەمی شۆڕشی ژینادا هێندێک لە لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا گرنگیان بەو لایەنانە دەدا کە هێزی چەکداریان هەبوو، لەکاتێکدا شۆڕشی ژینا خۆڕسکانە سەریهەڵدا و کونوقوژبنی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گشت ناوچەکانی دیکەی ژیر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی گرتەوە، هەموو لایەنە سیاسیەکان بە چەکدار و بێچەک، گەورە و بچووک پشتیوانیان لە شۆڕشی ژینا دەکرد و بەپێی توانای خۆیان بۆ سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە تێدەکۆشان. بەڵام لە ماوەی شۆڕشی ژینادا تاکە گوللەیەک لە تفەنگی هێزە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەئاڕاستەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی نەتەقێندرا. دەی کەوابوو ڕۆڵی هێزی چەکدار و بێچەک چ جیاوازیەکی هەبوو لە شۆڕشی ژینادا. پێویستە ئەو لایەنانەی هێزی چەکداریان هەیە ڕێزی ئەو لایەنە سیاسیانە بگرن کە هێزی چەکدار پێکناهێنن، نەک هانیان بدەن بۆ پێکهێنانی هێزی چەکدار. چوون تاهێزی چەکدار زۆرتربن کێشەکان ئاڵۆزتر دەبن. پێویستە بەهەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک هێزی پێشمەرگەی هاوبەشمان هەبێت، ئەو هێزە ئەرکی پارێزگاری کردن بێت لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی کوردستان. پێویستە بەهیچ شێوەیەک لە شکۆی پێشمەرگە کەم نەکریتەوە، پێشمەرگە لە یەکلایی کردنەوەی کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکاندا بەکار نەهێندرێت. هەوڵبدرێت هێزی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی بەشێوەیەکی بێلایەن ئەرکی سەر شانی خۆی جێبەجێ بکات و لەکاتی دەنگداندا ئازاد بێت دەنگ بە لایەنی دڵخوازی خۆی بدات.
٧-لەڕابردوودا لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بەجیاجیا کۆمەڵێک چالاکیان کردووەو بەتەنیا هاوپەیمانیان لەگەڵ لایەنی سیاسی دیکەی دەرەوەی کوردستان پێکهێناوە، دوای ماوەیەک ئەوهاوپەیمانیانە هەڵوەشاونەتەوە. یالایەنێک بەتەنیا وتوێژی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان کردوە. لەئاکامدا بێمتمانەی لەناو لایەنەکان سەریهەڵداوە. مەترسی ئەوە لەئارادایە دیسان لایەنەکان لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی بەتەنیا پەیوەندی بە ووڵاتێکی دەرەکییەوە بکەن، یا لەگەڵ ئەپزسیۆنی دیکەی ئێرانی هاوپەیمانی پێکبێنن، یا بەبێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕای هەموو لایەنەکان لایەنێک بەتەنیا وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات. ئەو پاشخانە سیاسیە وایکردووە کە لایەنەکان متمانەیان بە یەکتر نەبێت و نەتوانن هەروابەئاسانی بڕیار بدەن بە یەکەوە بچنە ناو دامەزراوەیەکی هاوبەش. بەداخەوە ئەو بابەتە لە ڕابردوودا لێکەوتەی خەراپی هەبووە و هیچ دەسکەوتێکیشی بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە. بەڵام دیسان ترسی چەندبارە بوونەوەی لەبیر و هزری زۆر کەس و لایەندا زیندووە. لەکاتێکدا پێویست بوو ئەگەر دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەشیش نەبێت، لایەنەکان بۆ هێندێک بابەت کە پەیوەندیان بەچارەنووسی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەلاتی کوردستانەوە هەیە پرسیان بەیەکتر کردبا و هەڵوێستێکی هاوبەشیان نیشان دۆست ونەیار دابا، نەک تاک لایەنە بڕیارلەسەر چارەنووسی کۆی خەڵکی کوردستان بدەن.
٨-زاڵبوونی کەلتووری " ئەگەر لەگەڵم نەبی نەیارمی " ئەوکەلتوورە وایکردووە کە لایەنە سیاسیەکان بەسەرکەوتن و دەسکەوتی یەکتر دڵخۆشنەبن و لەهەرشوێنێک بۆیانکرابێت دژی بەرژەوەندی یەکتر هەڵوێستیان گرتووە و زیانیان بەیەکتر گەیاندووە، ئەگەر مەجالی شەڕکردنیشیان نەبووبێت لەپڕوپاگەندی خەراپ لەدژی یەکتر دریغیان نەکردووە و لەهەر شوێنێک بۆیانکرابێت یەکتریان پەراوێزخستووە. بۆیە لەژێر کاریگەری ئەوکەلتوورەدا جۆرێک شەری سارد لەناو لایەنە سیاسیەکاندا درێژەی پێدراوە و لەئاکامدا بێمتمانەیی لەناو لایەنەکاندا درووست بووە. لە کاتێکدا ئەوکەلتوورە سەقەتە خزمەت بەسیستمگەلی دیکتاتۆرانە دەکا و لەگەڵ بەرژەووەندی خەڵکی ووڵات داگیرکراوی کوردستاندا ناتەبایە. هەرچەند تا ئێستا دژایەتی یەکترکردنی لایەنەکان دەستکەوتێکی پایەداری بۆهیچ لایەک نەبووە و هیچلایەک نەیتوانیوە کۆتایی بەلایەنی بەرامبەر بێنی. بەڵام زیانی زۆری بە لایەنە سیاسیەکان و تەواوی خەڵکی کوردستان گەیاندووە و ڕەوتی روولەگەشەی شۆرشی کوردستانی دواخستوە، زۆرجار کەهەلی باشیش ڕەخساوە بەهۆی دژایەتی یەکترکردنی لایەنەکان دەرفەتەکە لەدەستچووە. بەداخەوە سەرەڕای ئەو ڕاستیە تاڵانەش تا ئێستا لەگۆڕەپانی سیاسی کار حیزبایەتیدا تولیڕانس جێگەی ئەو کەلتوورە نەگەتیڤەی ڕابردووی نەگرتۆتەوە و بەردەوام رووداوە تراژیدیاکان چەندبارە دەبنەوە. لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە زەروورە لایەنە سیاسیەکان بەسەر ئەوکەلتورە سەقەتەدا زاڵبن و نوێگەری لە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ یەکتربکەن، بەشێوەیەک بچنەپێشەوە کە لایەنەکان لە ئاست خۆیانەوە کاری سیاسی خۆیان بکەن و یەکتر قەبوڵ بکەن و ڕێز لە بیر و ڕای سیاسی یەکتر بگرن و دژایەتی لایەنی دیکە نەکەن، هەوڵبدەن بەشێوەیەکی شارستانیانە لە ڕێگەی زیاتر خزمەتکردن بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و داهێنانی تازەوە کێبەرکێی یەکتر بکەن.
٩-زۆربەی لایەنەکان دەزانن کە بەتەنیا کۆماری ئیسلامیان پێنارووخێت، تەنانەت پێیان لە کوردستانیش دەرناکرێت. بەڵام لەوانەیە هێندێک لایەن هەبن چاوەڕوان بن کە لەدەرەوەی ئیرادەی ئەوان هێزێکی دەرەکی پەلاماری کۆماری ئیسلامی بدا، یا بەهۆی دارمانێکی ناوخۆیی ئاڵوگۆڕێک لە ئێران درووست بێت. لەوکاتەدا ئەوانیش دەست بەسەر هێندێک چەک و کەلوپەل و خاڵی گومرگی و ناوچەیەکی دیاری کراودا بگرن ودەسەڵاتی خۆیانی تێدا بەهێز بکەن. ئەوکات لەباشترین حالەتدا لەکاتی وتووێژ لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەپێی باڵانسی هێز و ناوچەی ژێردەسەڵاتیان قسەبکەن و ئیمتیازی زیاتر بۆحیزبی خۆیان دەستەبەر بکەن. بۆیە هەرلایەک خاوەنی ئەو بۆچوونە بێت لە ئێستادا هەوڵنادا بچیتە ناو دامەزراوەیەکی هاوبەش لەگەڵ لایەنەکانی دیکە. بەڵام خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر لەوە وشیارترن کە جارێکی دیکە ملکەچی دەسەڵاتێکی تاکڕەو و هەلپەرست و قۆڕخچی بن ئەگەر ئەو لایەنە کوردیش بێت.
١٠-ئەگەر قەرار بێت دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکبێت، بەدڵنیاییەوە ئەو دامەزراوە هاوبەشە خاوەن بەرنامە و یاسا و پەرەنسیپی تایبەت بەخۆی دەبێت، ڕێکاری دروستیش ئەوەیە کە لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا بڕیار بدرێت کە کۆی لایەنە سیاسیەکان واز لەهێندێک بەرژەوەندی حیزبی و دەسەڵاتی بێسنوور و ئیمتیازی تایبەت بێنن. واتا ئەگەر دامەزراویەکی هاوبەش پێکهات لایەنەکان ناتوانن وەک ڕابردوو بەئارەزووی خۆیان هەرکارێک ویستیان بیکەن و بەپێی بەرژەوەندی حیزبی پەیوەندی بەهەر شووێنێکەوە بکەن کە مەبەستیان بێت. بۆیە ئەو لایەنانەی کە بەرژەوەندی حیزبیان بۆگرنگترە لەبەرژەوەندی گشتی ڕاستەوخۆ دژایەتی پێکهێنانی دامەزراوەیەکی هاوبەش لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ناکەن، بەڵام چەندین بیانوو دەدۆزنەوە و شتی گچکە گەورە دەکەن و کایکۆن بەبادەکەن و ناڕاستەوخۆ کێشە بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی هاوبەش درووست دەکەن و بەرژەوەندی گشتی دەکەنە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی. جێگای خۆیەتی لەوەها بارودۆخێکدا خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەرجی ناڕەوا لەهیچ لایەنێک قەبووڵ نەکەن و ئەو لایەنانەی بەبیانووی جۆراوجۆر خۆیان لە پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش دەدزیتەوە سەرکۆنە بکەن و سزای پێویستیان بدەن .
١١-دوورنییە هێندێک لایەن بۆچوونیان وابێت کە دامەزراوەیەکی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهات دەست بەسەر ناوەندە گرنگەکانی ئەو دامەزراوەیەدابگرن، یا تەماحی کۆنتڕۆڵ کردنی دامەزراوەکەیان هەبێت، یا بیانەوێت پشکی زۆرتر بۆخۆیان بەرن. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو لایەنانە لەئێستادا لەتوانا و ئیمکانات و ڕێژەی ئەندام و لایەنگری خۆیان ڕازی نین و ناتوانن بەئامانجە حیزبیەکانیان بگەن، نایانەوێت لە ئێستادا دامەزراوەیەکی هاوبەش پێکبێت. بۆیە وەک پێویست هەوڵنادەن بۆ پێكهێنانی دامەزراوەیەکی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام بۆئەوی وەک هێزێکی تاکڕەو و تێکدەر نەناسرێن لە کەناڵی ڕاگەیاندنی خۆیان بەردەوام باس لەزەروریەتی یەکێتی و یەکهەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەن. بۆیە لەقۆناغی ئێستادا هەلومەرجەکە وادەخوازیت کە هوشیاری ڕامیاری تاکی کورد بەگشتی و ئەندام و لایەنگری لایەنەکان بەتایبەتی لەو ئاستەدا بێت کە پارێزگاری لەبڕیاری هەڵە و هەڵوێستی تاکڕەوانەی لایەنە سیاسیەکان نەکەن، بەڵکوداکۆکی لەو داخوازیە ڕەوایە بکەن کە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و سەقامگیربوونی ئاشتیدا خوازیاری یەكێتی و یەکهەڵوێستیە لە کوردستان.
١٢-لەوانەیە لەناو لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستاندا ئەوبۆچوونە هەبێت کە بیهەوێت ئەزموونی پەنجابەپەنجای باشووری کوردستان بەشێوەیەک لەشێوەکان بگوازنەووە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە هەر لایەنێک بیر لە دووبارە کردنەوی ئەو سیناریۆ شکستخواردوە بکاتەوە وەک پێویست هەوڵنادا بۆ پێکهێنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەهەموو لایەنە سیاسیەکان تێیدا بەشداربن و لەدوا ڕۆژدا ڕۆل و کەریگەریان لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبێت. بۆیە پێویستە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەوڵی دووبارەکردنەوەی ئەزموونێکدابن کە لەڕابردوودا نەتیجەی باشی بەدەستەوە دابێت.
١٣- بەربەستێکیتری سەر ڕێگای پێکنەهاتنی دامەزراوەیەکی هاوبەش لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ترسە، ترس لەوەی کە دامەزراندنی دامەزراوە نیشتمانیەکە بەدڵی ووڵاتانی دەوروبەر نەبێت و پەلاماری بدەن. ترس لەوەی کە بەرژەوەندی زلهێزەکان و ووڵاتە خاوەن هۆژمۆنەکان لە گەڵ بەرژەوەندی دامەزراوە هاوبەشەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێک نەکاتەوە و پشتیوانی نەکەن ولەپێناو درێژەدان بە بەرژەوەندیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دژایەتی دامەزراوەکە بکەن. ترس لەوەی کە لایەنەکان خۆبەخۆ لەگەڵ یەکتر ڕاست نەبن و لەبەڵێنی خۆیان پەشێمان ببنەوە و بەبیانووی جۆراوجۆر لە دامەزراوەکە بکشێنەوە و لەپێناو بەرژەوەندی حیزبی و کەسی بەتەنیا هاوپەیمانی یا ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنی دیکە بکەن. ترس لەو لایەنانەی کەگوایە کاریگەرنین یا پێگەی جەماوەریان نیە یا گۆماندەکرێت لایەنێکی دەرەکیان لەپشت بێت. چوون لەو حاڵەتەدا والێکدەدرێتەوە ئەو لایەنانە کە لەدامەزراندنی دامەزراوەکەدا بەشداریان پێبکرێت ئەگەر هیچیش نەبن لەسەر حیسابی لایەنی دیکە ببن بەشت، یا مەترسی ئەوەبکرێت کە لایەنی دەرکی نفوسی لەناو دامەزراوەکەدا هەبێت. بەڵام ئەگەر بڕیاربێت دامەزراوەیەکی هاوبەش پێکبهێندرێت، دەکرێ هەموو ئەو مەترسیانەی کە لەئارادان، ڕێگاچارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە و بە داڕشتنی یاسایەکی دادپەروەرانە کار و چالاکی دامەزراوەکە بە شێوەیەک ڕێکبخرێن کە هەموو لایەنەکان گرێدراوی یاسا و پەرەنسیپەکانی دامەزراوەکە بن و بڕیارەکانی وەکخۆی جێبەجێبکرێن هەموو لایەنە بەشداربوەکانیش هەست بە بوونی خۆیان بکەن و شکۆ و مافیان پارێزراو بێت.
١٤-هۆکارێکیتری پێکنەهاتنی دامەزراوەیەکی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ڕەوەندی کوردی لە هەندەران هەرچەند زۆر داوای یەكێتی و یەکهەڵوێستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن، بەڵام بەجدی و بەکردەوە فشار بۆ لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناهێنن کە ناچاریان بکەن واز لە دژایەتی یەکتربێنن و شانبدەنە بەرخەباتێکی هاوبەش. دەکرێ ئەو لایەنەش خوێندنەوەی جیاوازی بۆبکرێت. دیارە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر ئەولەیەک دابراویە لە لایەنە سیاسیەکان تووڕەن، بەڵام ئێستا بۆیان نالوێ وێڕای دەربڕینی ناڕزایەتی لەکۆماری ئیسلامی، بەرەورووی لایەنە سیاسیەکانیش ببنەوە. دووریش نیە کەخەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و رەوەندی کوردی لە تاراوگە لە لایەنە سیاسیەکان نائومێد ببن و بیانەوێت بەسەریاندا تێپەڕن و بیر لەڕێگا چارەسەرێکیتر بکەنەوە. باشە ئەگەر خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی بە لایەنە سیاسیەکان بڵێن ئێمە یەک بڕیاری ئێوە جێبەجێ ناکەین و ئێوە بە نوێنەری خۆمان نازانین و بۆتان نیە بە ناوی ئێمەوە قسە بکەن تا خۆبەخۆ ڕێکنەکەون، ئایە لەوها بارودۆخێکدا لایەنە سیاسیەکان ناچار نابن بەقسەی خەڵک بکەن، ئایە ئەگەر ئەندام و لایەنگری حیزبەکان بەگشتی پەستان بخەنە سەر سەرکردەکانی خۆیان و پێیانبڵێن واز لەدژایەتی لایەنە سیاسیەکانی دیکە بێنن، بەڵکوو هەوڵبدەن دامەزراوەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ پێکبێنن، هیچشتێک لەدەستدەدەن، یا بەپێچەوانە کۆمەڵێک دەستکەوت بەدەست دەهێنن. بۆیە پێویستە خەڵک و ئەندام و لایەنگری لایەنەکان سەرکردایەتی حیزبەکان ناچاربکەن کە ئەوقۆناغە چەقبەستوەی ئێستا تێپەڕینن و بەپێکهێنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش دەرگای چوونە ناوقۆناغێکی باشتر بکەنەوە، کە لەبەرژەوەندی هەموو لایەکدا دەبێت.
١٥-هۆکارێکی دیکەی پێکنەهاتنی دامەزراوەیەکی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەروەردەی سەقەتی حیزبەکانە. هەموو ئەو کەسانەی کە ئێستا وەک ئەندام لەناو لایەنە سیاسیەکاندا کاری حیزبایەتی دەکەن، ئەوانەش کە لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا گیانیان بەختکردووە، لە دەرئەنجامی زوڵموزۆری لەڕادەبەدەری داگیرکەران و دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان ماڵ و ژیانی ئاسایی خۆیان بەجێهێشتووە و بەمەبەستی ڕاماڵینی داگیرکەران و ڕزگاری ووڵات و گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد بەدڵێکی پرلە هیواوە هاوتوونە ناوکۆڕی خەبات، لەسەرەتای تێکەڵاو بوونیان بەکاری ڕامیاری کەسیان بیریان لەدژایەتی لایەنی سیاسی دیکەی کوردستان نەکردۆتەوە، تەنیا داگیرکەرانی کوردستانیان بەدووژمنی سەرەکی خۆیان زانیوە. بۆیە بەمەبەستی بەگژداچوونەوەی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرەی کە مافەکانی ئەوانی پێشێلکردووە بەدڵێکی پاکەوە بوون بە ئەندامی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، کە خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی دیکەش لەو ژیانە تاڵ و پڕلە کێشەیە ڕزگار بکەن. بەڵام دوای ئەوەی کە ڕۆڵەکانی خەڵکی کوردستان دێنە ناوریزی لایەنە سیاسیەکان و بەردەوام خەریکی جێبەجێ کردنی کاری حیزبی دەبن، بەداخەوە لایەنە سیاسیەکان بە پەروەردەیەکی سەقەت ئەندامە تازە هاتوەکانیان فێردەکەن کە دژایەتی ئەندامانی لایەنە سیاسیەکانی دیکەی کوردستان بکەن، کە ئەوانیش هەمان ئێشوئازار و هیواوئاواتی ئەوانیان هەیە، بەڵام ناوی حیزبەکەیان جیایە. بەڕاستی تراژیدیایە ئەندامانی یەکخێزان کاتێک بەهەر هۆکارێک دەبنە ئەندامی چەند حیزبێکی لەیەکجیاواز، بێئەوەی هیچ کێشەیەکیان بە یەکەوە هەبێت بەگژیەکتردا بکرێن، تەنانەت یەکتریش بکوژن. لە حاڵێکدا کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان زیاتر بەرژەوەندی حیزبی و تەنگ نەزەری و دەسەڵاتی زیاتر و بەکەمزانینی لایەنی دیکەیە نەک کێشەی نێوان دوو چین یا دوو نەتەوە و یا دووئاین یا دوو پێکهاتەی لە یەکجیاواز. لەکاتێکدا کە مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی خێرا پێشدەکەوێ و تەکنۆلۆژیا بە شێوەیەکی سەر سووڕهێنەر گەشەی پێدەدەرێت و داگیرکەران وردە وردە بەهۆی ئەو تکنۆلۆژیایەی لە بەردەستیانە پەستانمان دەخەنەسەر و یەک یەک و دوودوو و بەکۆمەڵ جینۆسایدمان دەکەن و لەشار و ناوچە جیاجیاکاندا دێموگڕافیای کوردستان دەگۆڕن،... لە وەها بارودۆخێکدا حەل نەکردنی کێشە ناوخۆییەکان و درێژەدان بە دژایەتی یەکتر کردن لەناو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان جیا لەوەی کە عەیبەیەکی گەورەیە، ناڕاستەوخۆ پارێزگاری کردنە لە کەلتوورێکی دواکەوتووی کۆنەپەرستانە کە دەچێتە خزمەت بەرژەوەندی داگیرکەران و لە زیان زیاتر هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵکی کوردستان و تەنانەت بۆ ئەو کەسانەش نیە کە وەک کارەکتەر درێژە بە ناکۆکی و چەند بەرەکی لەناو لایەنە سیاسیەکان دەدەن. بەڕاستی ناخ هەژێنە لایەنێکی سیاسی لاڤی کوردایەتی لێبدات و سەرکەوتنی خۆی لە شکستخواردنی لایەنێکی دیکەی کوردستاندا ببینی و ئەندامەکانی خۆی فێربکات دژایەتی ئەندامانی لایەنێکی سیاسی دیکەی کوردستان بکەن، کە ئەوانیش خۆیان بە خەباتکار و شۆڕشگێڕ دەزانن و لەپێناو بەدەستهێنانەوەی مافە پێشێلکراوەکانی خەڵکی کوردستان تێدەکۆشن و ڕۆژانە لەگەل کۆمەڵێک ئێشوئازار رووبەروودەبن. یا لایەنێک هەڵگری چەند دروشمێکی جوان و شۆڕشگێڕانە بێت و سەری زمانی و بنی زمانی باسکردن بێت لە پارێزگاری کردن لەماف و بەرژەوەندی کرێکار و خەڵکی هەژار و ژنان،... بەڵام ئەندامەکانی خۆی بە ئیدۆئۆلۆژیەکی وشکی حیزبی ڕابێنی و فێریان بکات دژایەتی کوروکچی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش و هەژاری کوردستان بکەن، بەس لەبەر ئەوەی ئەندامی حیزبی ئەوان نین و ئەندامی لایەنێکی سیاسی دیکەی کوردستانن. بۆیە پێویستە دان بەو ڕاستیە تاڵەدا بنێین کە یەکێک لە هۆکارەکانی کێشەی نێوان لایەنە سیاسیەکان و بەیەکەوە نەگونجانیان ئەو پەروەردە سەقەتەیە کە لایەنە سیاسیەکان ئەندامەکانی خۆیانی پێ پەروەردە دەکەن، کە لەکۆتاییدا زیان بەخۆیان و بەرژەوەندی گشتی دەگەیەنی و ئەندام و لایەنگری حیزبەکان و کۆمەڵگای کوردستان بە پەرتەوازەیی و لەیەکدابڕاوی دێڵێتەوە و کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی دەخوڵقێنی و بەجێگای پێگەیاندن و بردنەسەری ئاستی هوشیاری ڕامیاری و نیشتمانی کۆمەڵگای کوردستان بەرەو لەبەرێک هەڵوەشان و بۆدواوە دەگێڕێتەوە.
شێوەکانی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی
دوای چلوچوار ساڵ تێپەڕین بەسەر دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی کۆماری ئیسلامیدا، کە لە ناوەرۆکدا دەسەڵاتی پێکهاتەیەکی دیاریکراوی هۆژمۆنگەرایە و حەزبەگونجان لەگەڵ پێکهاتەکانیتری ناوکۆمەڵگا ناکا ولەگەڵ ماف و ئازادیەکانی کرێکاران، ژنان، کۆمەڵانی خەڵکی هەژار و چەوساوە، نەتەوە ژێردەستەکان، ئاینەجیاوازەکان و مافی مرۆڤ و دێموکڕاسی، ئاشتی و شارستانیەت ناتەبایە و چاوەڕوانی هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەرێنی لەودەسەڵاتە ناکرێت کە لەبەرژەوەندی چەوساوەکان و زۆرینەی خەڵکدابێت. بۆیە دەبێ ئێستا هەموو لایەنەکان بەو ئاکامە گەیشتبن کە ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرە ئەمڕۆ بێت یا سبەی مەحکوم بە لەسەرکار لابردنە. بەڵام لایەنە سیاسیەکان لەسەر چۆنیەتی لەسەر کارلابردنی کۆماری ئیسلامیش هاورا نین و بەپێی بەرژەوەندی حیزبی بۆچوونی جیاوزیان هەیە.
١-ئەو لایەنانەی کە پێیان وایە ڕێژەی ئەندام و لایەنگریان لە لایەنەکانی دیکە زیاترە و ئیمکاناتی زیاتریان لەبەردەستە، یا لەلایەن ووڵاتێکی دیکە پشتگیری دەکرێن، لە ئێستادا پێشمەرج بەگرنگ نازانن بۆ دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی، بەباشی دەزانن هەوڵبدرێت هەرچۆنێک بێت کۆماری ئیسلامی لە کۆڵ بکرێتەوە و دوایی ئەوان بۆشایی دەسەڵاتی بەرێوەبەری پڕ بکەنەوە.
٢-بۆچوونێک هەیە هەرچەند زۆر لاوازە کە پێیوایە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە دەکرێ کۆماری ئیسلامی لە دەسەڵات دوور بخرێتەوە و دەسەڵاتێکی دیکەی کۆماری جێگای کۆماری ئیسلامی بگرێتەوە.
٣-بۆچوونێک هەیە پێیوایە کۆماری ئیسلامی دەسڵاتێکی توندڕەوی لاسارە و گەڵ دنیای ئێستا ناتەبایە و بۆیە لە ئاکامی فشاری دەرکی و ناکۆکی ناوخۆیی و نافەرمانی خەڵک لاوازدەبێت و لەکۆتاییدا دەروخێت. ئەوکات هەر لایەنێک ئازابێت و پشکی خۆی بپچڕێت و دوای ئەوە نوێنەرانی خەڵکی ئێران بەیەکەوە دانیشن و لەسەر چۆنیەتی دەسەلاتی بەڕێوەبەری و ماف و ئازادیەکانیان ڕێکبکەون.
٤-بۆچوونێکیتر پێوایە هەموو ئەپزسیۆنی ئێرانی لە فارس و تورک و ئازەری و عەرب و بەلوچ و کورد لە دەوری یەک کۆببنەوە هەوڵبدەن خۆیان ڕێکبخەن و پشتیوانی دەرەکی پیدا بکەن و بەشێوەی نیزامی و ڕاپەڕینی گشتی فشار بۆ کۆماری ئیسلامی بێنن و لە سەرکاری لابدەن. دوای ئەوە لەسەر شێوەی بە یەکەوە ژیان و سیستەمی سیاسی دواڕۆژ قسە بکەن.
٥-بۆچوونێکیتر ئەوەیە کە هەر نەتەوەیەک خۆی ڕێکبخات و پشتیوانی بۆخۆی پەیدا بکات و لە ئاست خۆیەوە بە هاوکاری نەتەوەکانیتر لەیەک کاتدا لەچەند لاوە پەستان بخرێتە سەرکۆماری ئیسلامی وهەوڵبدرێت نەتەوەکان هەرێمی خۆیان ڕزگار بکەن و دەسەڵاتی خۆیانی تێداسەقامگیر بکەن و دوایی وەک جیران لەگەڵ یەکتر هەڵسوکەوت بکەن.
٦-بۆچوونێکیتر ئەوەیە کە هەوڵبدرێت ڕەوتی چەپ بەهێز بکرێت، جۆڵانەوە ناڕازیە چینایەتیەکان، ڕێکخراوە ناڕازیە پیشەیەکان و سەرجەم خەڵکی وەزاڵە هاتوو ڕێکبخرێن و بە هەوڵوهیمەتی خۆیان شۆڕش گەشە پێبدەن و کۆماری ئیسلامی بە زبڵدانی مێژوو بسپێرن و دەسەڵاتێکی چەپی سوسیالیستی سیکۆلار جەڵەوی دەسەڵاتی هەموو ئێران بە دەستەوە بگرێت.
٧-بۆچوونێکیترئەوەیە کە هەوڵبدریت کۆی لایەنە سیاسیە ئازادیخوازەکان و نوێنەری هەموو پێکهاتەکان لە کۆبوونەوەیەکی گشتی هاوبەشدا کۆببنەوە و پێشەکی لەسەر شێوەی هەوڵدان بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی و شێوەی بەڕێوەبردنی دەورەی گوزەرو سیستەمی سیاسی و لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئیداری دواڕۆژ و مافی نەتەوە و پێکهاتە لەیەکجیاوازەکان ڕێککەون و بە ئاگاداری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان پەیماننامەیەک واژۆ بکەن کە ماف و ئازادیەکانی نەتەوە و پێکهاتەکانی ناوکۆمەڵگا بەگشتی گەرەنتی بکرێن و مکانیزمێک ڕەچاو بکرێت کە هیچ لایەک مافی پەشیمان بوونەوەی نەبێت و نەتوانی بڕیارەکانی ناو ڕێکەوتنەکە پێشێل بکات، ئینجا هەوڵو تێکۆشانی خەڵکی ناوخۆ و هەندەران و لایەنە سیاسیەکان ئاویتەی یەکتربکرێن و بە هاوکاری دۆستان هەوڵبدەن بۆ لەسەرکار لابردنی کۆماری ئیسلامی و دەستکردن بەجێبەجێکردنی ئەرکەکانی قۆناغەکانی دوایی تێپەرین لە کۆماری ئیسلامی.
بژاردەکانی دوای کۆماری ئیسلامی
ناکۆکیەکیتری نێوان لایەنە سیاسیەکان، کە ڕیککەوتن لەسەری هێندێک بەزەحمەتە، جیاوزی بیرکردنەوەی لایەنەکانە بۆ قۆناغی دوای رووخانی کۆماری ئیسلامی، کە چشێوە سیستەمێک جێگای کۆماری ئیسلامی بگرێتەوە و چۆن چارەسەری کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و چێنایەتیەکان و نەتەوە و ئاینە لەیەکجیاوازەکان بکرێت.
١-بژاردەیەک ئەوەیە کە سیستەمێکی دیکەی کۆماری جێگای کۆماری ئیسلامی بگریتەوە و فەرمان ڕەوایی هەموو ئێران بکات و کێشەی نەتەوەکان بەشێوەی خودموختاری چارەسەر بکات.
٢-بژاردەیەکیتر ئەوەیە کە دەسەڵاتی پاشایەتی بگەڕێتەوە و دەسەڵاتی سیاسی ئێران بەدەست بگریتەوە، دەسەڵاتی مەرکەز سەروەر بێت و تەمامیەتی ئەرزی ئێران بپارێزی و مافی شارۆمەندی بەخەڵکی نەتەوە جیاوازەکان بدات.
٣-بژاردەیەکیتر ئەوەیە سیستەمێکی کۆماری دێموکراتیک فەرمان ڕەوایی بەسەر هەموو ئیرانەوە بکات و چارەسەری کێشەی نەتەوەکان لە چوارچیوەی ئێراندا بە شێوەی فیدڕاڵی چارەسەر بکرێت.
٤-بژاردەیەکیتر ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران سیستەمێکی کۆمفیدڕاڵی بێت و کێشەی نەتەوەکان لە چوارچێوەی ئێراندا بە شێوەی کۆمفیدڕالی چارەسەربکرێن.
٥-بژاردەیەکیتر ئەوەیە کە دەسەڵاتێکی چەپی سوسیالیستی لە ئێراندا دەسەڵات بەدەستەوە بگریت، بەرهەم هێنانی ئابوری لەدەست کەرتی گشتی دابیت، ژیانێکی وەک یەک بۆهەموو کۆمەڵانی خەڵکی دابین بکات، نەتەوەکان لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا وەک یەک بەشدار بن وحکومەت مافی دیاری کردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکان بە ڕەسمی بناسێت.
٦- بژاردەیەکیتر ئەوەیە هەموو ئەو نەتەوانەی تا ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی ئێراندا بەزەبری هێز و بەزۆری پێکەوە لکێندراون و لە ناچاری بەیەکەوە دەژین، هەوڵبدرێت لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی پێشوەختە دوای نەمانی کۆماری ئیسلامی حکومەتێکی کاتی پێکبهێندرێت و ئەو حکومەتە کاتیە هەلومەرجێکی لەبار بڕخسێنیت کە هەموو نەتەوەکان لە ڕاپرسیەکی ئازاددا بتوانن بڕیار لەسەر شێوەی حوکمڕانی داهاتوو و چارەنووسی خۆیان بدەن. ئەو نەتەوانەی بە خواستی خۆیان خوازیارن بە یەکەوە بژین بەیەکەوە بمێننەوە، ئەو نەتەوانەش کە خوازیاری سەربەخۆیین بتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.
سەرەڕای هەموو ئەو ناکۆکی و جیاوازیانەش کە لەناو لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەلاتی کوردستاندا بوونیان هەیە، خاڵە هاوبەشەکانی نێوانیان زۆر لەوە زیاتر و گەورەترن کە لایەنە سیاسیەکان نەتوانن دەستبەرداری بەرژەوەندیە حیزبیەکان بن و بەتەنیا شانبدەنە بەر جێبەجێکردنی ئەرکی سەرخستنی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بۆیە لەگەڵ بوونی هەموو ئەو کۆسپانەش، پێکهێنانی دامەزراوەیەکی هاوبەش ئەوەندە کارێکی دژوار نیە کە بەکردەوە جێبەجێ نەکرێت، تەنیا پێویستی بە ئیرادەی لایەنە سیاسیەکان و پشتگیری خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە بەسەر هەموو کەندوکۆسپەکانی سەر ڕێگادا زاڵبن و بتوانن ببینە خاوەنی دامەزراوەیەکی نیشتمانی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەهیوای سەرکەوتن
٢١/٣/٢٠٢٥
ئازاد سەربەست