کۆماری لەرزۆکی سێدارەی ئێران بۆ لەسەر پێ مانەوەی خۆی، پەنای بردۆتەوە بەر زەبروزەنگ و کوشتنی ڕەمەکییانەی زیندانیانی سیاسیی

Yeksani
01-07-2025

کۆماری برینداری سەری ماری ترۆریزمی ئیسلامیی ئێران کە بە لەدەسدانی دەیان کەس لە بەرپرسە هەرە پلە باڵاکانی سوپای پاسداران و وێرانبوونی ناوەندە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرایلدا کەوتۆتە گیانەڵا و گینگڵدان، بۆ خۆگرتنەوە و بەرگرتن بە شەپۆلی ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک، پەنای بردۆتەوە بەر توندترین شێوازەکانی سەرکوت و زەبروزەنگی خۆی.

لەگەڵ ڕاگەیندرانی ئاگربەسی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران، پەرلەمانی ڕژیمی ئیسلامیی لە یەکەم دانیشتنی خۆیدا و بە مەبەستی دەسئاوەڵاکردنی هەرچی زیاتری دەمودەزگا سەربازیی و دادوەرییەکانی لە سەرکوتی خوێناویی خەڵکدا، لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕ یاسایەکی نوێی زۆر توندی لە پەیوەند بە سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی نادۆست پەسند کرد. بەم جۆرە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا و  بە پشتبەستن بەم یاسایە و لە ڕەشبگیرییەکی بەربڵاودا، هەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنیی ڕەمەکییانە ڕاپێچی زیندان کران و ژمارەیەکیش زیندانیی سیاسیی لە شیراز و سمنان و یاسوج و گوناباد و کرماشان و و رمێ لەدار دران. تا ئێستا لە کوردستان سەدان کەس لە ژنان و پیاوان و کچانی کەمتەمەن لەم ڕەشبگیرییانەدا خراونەتە زیندانەوە و سێ زیندانیی سیاسیی کوردیش بە ناوەکانی ئیدریس عالیی و ئازاد شوجاعیی خەڵکی سەردەشت و ڕەسووڵ ئەحمەدی خەڵکی سلێمانی لە ٤ی پووشپەڕدا بە بیانووی سیخوڕیی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە دراون.

لە ئەنجامی چڕکردنەوەی زەبروزەنگەکان و میلیتاریزەکردنی هەرچی زیاتری شارەکانی ورمێ، مەهاباد، بۆکان، نەغەدە، پیرانشار، شۆنۆ، سنە، مەریوان، سەقز، دیواندەرە، قوروە، دێلوڕان، قوروە، دێلهوڕان، مایەشت، کۆیەشت و قەسری شیرین و کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕدا زیندانییەکی سیاسیی خەڵکی مایەشتی بەناوی فوئاد عەلیخانیی لەژێر شکنجەی هێزە ئاسییشیییەکانی ڕژیم لە کرماشان گیانی لەدەست داوە و کەسێکیش بەناوی ئازاد ڕەعنایی خەڵکی شارۆچکەی دووشانی سنە، لە ڕێکەوتی ۵ی پووشپەڕ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران لە وێستگەیەکی پشکنیندا گیانی لەدەست داوە.

ناوەندی رامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی  کۆماری سێدارە  و گرتن و شکنجە و لەداردانی زیندانیانی سیاسیی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و هەموو ڕێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ دەکات بۆ وەستاندنی دەمودەزگای کوشتاری کۆماری ئیسلامیی هەرچی لە دەستیان دێت درێغیی نەکەن.

 کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران هیچ ڕێگەیەکی تریان نیە جگە لە پەرەدان بە خەباتێکی یەکگرتووانەی هاوئاهەنگ بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە و بۆ لەگۆڕنانی ڕژیمی لەرزۆکی سێدارە. لەم دۆخە میلیتاریستییەدا سەرەتا باشترین شێوازی خەبات دەکرێ مانگرتنێکی گشتیی سەراسەیی بێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسیی و بۆ هەڵوەشاندنەوە یاسای کوشتن لە هەموو شێوازەکانی خۆیدا. بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی ئەم خەباتە، هاوکاریی لایەنە سیاسیەکان و پشتگیرییەکی بەربڵاوی خەڵک لە دەرەوەی وڵات گرنگییەکی تایبەتیی دەبێت.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاویی

٣٠/٦/٢٠٢٥ زایینیی