شاڵاوی دەرکردنی پەنابەرانی بێپەنای ئەفغانستانیی دانیشتووی ئێران بە توندی شەرمەزار دەکەین

Yeksani
06-07-2025

کۆماری ئیسلامیی بەدوای شکستی سەرشۆرانەی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل ــ ئێراندا و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕیسواییە ئاسایشیی و سەربازیی و سیاسیەکانی خۆی و بە بیانووی بوونی کەسانی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل لەنێو ئەفغانستانییەکانی دانیشتووی ئێراندا، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا سەدان هەزار پەنابەری بێپەنای ئەفغانستانیی، کەسانێک کە گیانیان لە ئەفغانستان لەژێر هەڕەشەدایە لەوپەڕی توندوتیژییدا ڕەوانەی دۆزەخی حکوومەتی تاڵەبان کردۆتەوە. ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامیی و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە ئەم دواییانە ڕۆژانە زیاتر لە ٣٠ هەزار پەنابەری ئەفغانستانیی ڕادەستی تاڵەبان کراونەتەوە.

وەزیری ناوخۆی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستووری بە فەرماندەکانی پۆلیسی ئێران داوە تا ١٥ی پووشپەڕ هەموو پەنابەرانی ئەفغانستانیی بێناسنامە کە زیاتر لە سەتا ٧٠ی پەنابەرانی ئەفغانستانیی دەگرێتەوە بنێرنەوە ئەفغانستان. کاربەدەستانی ئێرانی بە فەرمیی ڕایانگەیاندووە کە لەم ڕێکەوتە بەدواوە بەکرێدانی ماڵ و شوێنی کارکردن بە ئەفغانستانییەکان قەدەغەیە و سزای توندی بەدواوە دەبێت.  ڕۆژنامەی مێهر باس لەوە دەکات کە تەنها لە ماوەیەی یەکەمین هەفتەی دەرچوونی بڕیاری وەزیری ناوخۆدا زیاتر  لە ٢٥٠ هەزار ئەفغانستانیی لە ئێران دەر کراون. ئەو ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە نیشان دەدەن کە چۆن پۆلیسی کۆماری فاشیستی ئیسلامیی لەوپەڕی توندوتیژیی و دڵڕەقییدا پەنابەرانی بێ نان و ئاو و پێخەوی ئەفغانستانیی کە زۆربەیان خانەوادەی منداڵدارن پاش تاڵانکردن ئاودیوی ئەفغانستان دەکەنەوە.

ئاشکرایە کە ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا دۆزەخێکی دەبڵ ڕاستەقینە بووە بۆ  پەنابەران و کۆچبەرانی ئەفغانستانیی. ئەو خەڵکە لەو وڵاتە لە بچووکترین مافەکانی مرۆڤ کە خوێندن و کار و ئازادی ژیان و بەشداریی کۆمەڵایەتیی بێت بێبەهرە کراون. پەنابەرانی ئەفغانستانیی لە هەموو ماوەی تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامییدا وەک پەنابەریش هەڵسوکەوتیان لەگەڵ نەکراوە و پشتگیرییەیکی ماددیش نەکراون، بەڵکو ئەو یارمەتییە داراییانەش کە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ پەنابەرانی ئەفغانستانیی نێردرابێت، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە حەپەلووش کراوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە کۆماری فاشیستی ئیسلامیی، ڕژیمێک کە خۆی سەرچاوەی هەموو کێشەکانی خەڵکی ئێرانە، لەڕێگەی ڕاگەیاندنە چەواشەکارەکانیەوە هەمیشە بوونی پەنابەرانی ئەفغانستانیی بە بارگرانییەکی ئابووریی و بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی نەهامەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێران لەقەڵەم داوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دونیا دەزانێت کۆماری ئیسلامیی خۆی سەرچاوەی سەرەکیی هەموو کێشە و شەڕ و ئاژاوەکانە لە ئێران و دەڤەرەکە. ئەم ڕژیمە بە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خۆی و بە هەڕەشەی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان و بە چەکدارکردن و پشتگیریی ئابووریی سەدان ملیۆن دۆلاریی ڕێکخراوە ترۆرسیستییە ئیسلامییەکانی ناوچەکە و بە پڕۆژە ئەتۆمییە چەن ترلیۆنیە بێسوودەکەی و بە گەندەڵییە بەربڵاوە دارایی و ئابوورییەکانی، بە سکانداڵە ئابوورییەکانی وەک (چای دەبش) کە زیاتر لە سێ ملیارد دۆلاری تێدا شوێنەون  کرا و بە تەرخانکردنی دارایی و ئابووریی ئێران بۆ هاژەک و درۆنسازییەکەی، ئابووریی ئێرانی وێران کردووە و ئەو وڵاتەی تووشی گەمارۆیەکی ئابووریی جیهانیی کردووە و بە سیاسیەتە شەڕفرۆشییە ئیسلامییەکانی سەرەنجام شەڕی گەیاندە شەقامەکانی تارانیش. شەڕێک کە لەپاڵ تەکنۆلۆژیای مۆدێرنی جەنگیی ئیسرائیل و باڵادەستیی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە لە ئاستی هەرە باڵای سەرکردایەتیی سوپای پاستاران و دەمودەزگا هەواڵگریی و ئاساییشییەکانی ئێران ڕۆڵێکی هەرە گرنگی بینی.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی پەلاماری دڕندانەی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر پەنابەرانی ئەفغانستانیی و ناردنەوەی بەلێشاوی ئەو خەڵکە بۆ ئەفغانستانی ژێر دەستی تاڵەبانی ترۆریست، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکات سنوورێک بۆ ئەم تاوانکارییانەی کۆماری ئیسلامیی دا بنێن.

هاوکات داوا لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین یەکگرتووانە و هاوهەنگاو بە هاواری زیندانیانی سیاسیی ئەم دواییە و پەنابەرانی ئەفغانستانییەوە بچن کە کۆماری ئیسلامیی بڕیاری داوە سەرجەم دوو ملیۆنیان ڕادەستی تاڵەبانی ئەفغانستان بکاتەوە. پێویستە ڕێگە نەدرێت چی دیکە کۆماری ئیسلامیی بۆ لێدانی شۆڕشی ژینا و بۆ لەسەرپێمانەوەی خۆی، تاوانەکانی خۆی بخاتە ئەستۆی خەڵکی ئاسایی و بەتایبەتیی پەنابەرانی زۆرلێکراوی ئەفغانستانیی دانیشتووی ئێران و بە بیانووی شەڕەوە کەشێکی جەنگیی و میلیتاریستیی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت.

ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٥ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاویی

٦ی جوڵای ٢٠٢٥