هاوڕێ ئیبراهیم حەسەنپوور، کادری دێرین و شێلگیریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان لە مەهاباد کۆچی دوایی کرد
Yeksani
23-08-2025

بەداخێکی گرانەوە هەواڵمان پێ گەیشت کە هاوڕێی تێکۆشەر ئیبراهیم حەسەنپوور، کادری دێرینی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، دوێنێ ڕێکەوتی٣١ی گەلاوێژی ١٤٠٤ هەتاویی لە شاری مەهاباد، بە هۆی نەخۆشییەوە و لە تەمەنی ٦٤ ساڵییدا ژیانئاوایی لێ کردین.
هاوڕێی ئیبراهیم لە هەڕەتی گەنجێتییەوە و لە سەرەتای دامەزرانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستانەوە ئەندامی یەکسانیی بووە و لە کۆنفرانسی یەکەمی یەکسانیدا کە پایزی ١٣٥٩ی هەتاویی لە ئاوایی بادیناوێی پیرانانی دەڤەری پیرانشار بەڕێوە چوو، نوێنەری ڕێکخستنی مەهاباد بوو .
هاوڕێ ئیبراهیم کادرێکی وشیار و خۆڕاگر و هیوابەخش و ڕێبوارێکی مادوویینەناسی ڕێبازی یەکسانیی و ڕزگاری کوردستان بوو لە نایەکسانیی و ژێرچەپۆکەیی داگیرکەران. هاوڕێ ئیبراهیم حەسەنپوور، ساڵانێک بەرپرسی ڕێکخستنی مەهابادی کۆمەڵەی یەکسانیی بوو و تا دوا هەناسەکانی ژیانیشی بە ڕێباز و ئامانجەکانی یەکسانی وەفادار مایەوە.
کۆچی هاوڕێ ئیبراهیم حەسەنپوور زیانێکی گەورەیە بۆ ڕێکخراوەکەمان و شۆڕشی یەکسانییخوازانەی ڕزگاری نیشتمانیی کوردستان. بەم بۆنە بە ئازار و خەمناکەوە، سەرەخۆشیی دەکەین لە هاوسەر و جگەرگۆشەکانی هاوڕێ ئیبراهیم و کەسوکاری و خەڵکی تێکۆشەری مەهابادی شۆڕش و سەرجەم ڕیزەکانی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و سەری ڕێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ تەمەنێک تێکۆشانی شۆڕشگێرانە و سەربەرزانەی هاوڕێ ئیبراهیمی ئازیز و هەردەم زیندوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١ی خەرمانانی ١٤٠٤ هەتاویی / ٢٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینیی