پەیامی ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی سێیەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژیناوە
Yeksani
16-09-2025
سێ ساڵ لەمەوپێش لە ٢٥ی خەرماناندا و بە مەرگی دڵتەزێنی ژینا ئەمینی نەمر، شۆڕشێکی ڕێنسانس ئاسا بە ڕێبەرایەتیی ژنانی وشیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری سەقزی هەردەم پێشەنگەوە چەخماخەی لێ درا و پێگەکانی داگیرکەری ئێرانیی لە سەرتاسەری نیشتمانی داگیرکراومان هێنایە لەرزە. بڵێسەی ئەم شۆڕشە، برووسکە ئاسا زۆربەی ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە و تەنانەت لە ئاستی جیهانییشدا سەرنجی ژنان و خەڵکی یەکسانییخواز و ئالیگری مافی مرۆڤی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و پشگیریی لێ کرا.
شۆڕشی ژینا تەنها شۆڕشێکی ڕیفۆرمیستیی و سیاسیی دژی دیکتاتۆریی نیە، بەڵکو شۆڕشێکی فرە ڕەهەندییە کە لە ئاستێکی بەرینی کۆمەڵایەتییدا دژی هەموو شێوازەکانی چەوساندنەوەیە لە چەوساندنەوەی ڕەگەزییەوە بگرە تا چەوساندنەوەی نەتەوایەتیی و چینایەتییەکان و هەموو بزووتنەوەکانی ئەم بوارانەشی لە چوارچێوەیەکی گەورەتردا لە دەوری یەک کۆکردەوە و بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادیەوە چووەتە جەنگی ئەو ڕژیمە ئیسلامییەی کە دوژمنی قەسەتەسەری ژن و ژینگە و کوردستان و نەتەوە بندەستەکان و هەژاران و جیابیران و دوژمنی ئازادیی و یەکسانییخوازیی و هەر چەشنە دادپەروەرییەکە.
شۆڕشی ژینا لەو ڕاپەڕین و هەڵچوونە کۆمەڵایەتییانەی چەشنی بەهاری عەرەبیی نیە، کە بێ ئاسۆ و بێ ڕێباز و ستراتیژیی سەری هەڵدابێ. ئەم شۆڕشە، لە پلەی یەکەمدا بەرهەمی چەند دەیە لە گەشەی بەردەوامی سیاسیی و فەرهەنگیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم بەشە لە وڵاتی ئێمە، لە دوو دەیەی ڕابردوودا بەشێوەیەکی فرە ڕەهەندیی هەر هاتووە و گەشەی سەندووە و خەڵکی ئێمە سەرەڕای زەبروزەنگەکانی کۆماری داگیرکەری ئیسلامیی، توانیویەتی لە بواری ئاکادیمیی فەرهەنگیی و سیاسیەوە ئاستێکی باڵا لە ڕۆشنبیرییەکی یەکسانییخوازانە و سەردەمییانە بخاتە ڕوو.
ژن و پیاوی کوردستانیی سەرەڕای بەربەستە زۆرەکان توانیویانە، سیمایەکی پێشکەوتووانە لە خۆیان نیشان بدەن، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ کوردستان بووەتە مەکۆی زۆرێک لە ڕێکخراوە وێژەیی و هونەریی و کرێکاریی و ڕێکخراوەکانی ژنان و لاوان و ژینگەپارێزان و خەڵکی ئێمە، دەستیان بردووە بۆ کارگەلێکی چڕوپڕی هەرەوەزیی و خۆبەخشانە بۆ بەکۆمەڵایەتییکردن و بە کولتوورکردنی ڕۆشەنگەرییەکی یەکسانییخوازانە. پەروەردەکردنی خۆبەخشانەی منداڵان بە زمانی کوردی، پەرەپێدانی موزیک و گۆرانیی بەرخۆدەرانەی کوردستانیی لە ناو تازەلاوان و بوژاندنەوە و گەشاندنەوەی ناسنامەی یەکسانییخوازانەی رەگەزیی و مرۆیی کچانی کورد و پەرەپێدانی فەرهەنگی بەرزنرخاندنی ژینگە، مشتێکن لە خەرواریی ئەم بێداریی و ڕۆشەنگەرییە سەردەمییانەیە.
لە سەرهەڵدانی شۆڕشدا کە بە تووڕدان و سووتاندنی باڵاپۆشی ئیسلامیی و بە درووشمی ژن، ژیان ئازادی دەستی پێ کرد، شەقامەکانی هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زۆرێک لە شارەکانی ئێران بە خوێنی ژنان، لاوان و بەساڵاچوان خەڵتانی خوێن کران. هەزران پیر و لاوی ئەم وڵاتە بە تەقەی ڕاستەوخۆی دوژمن بریندار بوون و گیانیان لەدەس دا. بە هەزاران لە ئازادیخوازان ڕاپێچی زیندانە ترسناکەکان کران و ژمارەیەکی زۆریش بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک لەدار دران. کۆماری فاشیستی ئیسلامیی هەموو چەشنە زەبروزەنگێکی تاقی کردەوە بۆ دامرکاندنەوەی شۆڕش و تەنانەت هێرشی شیمیایی کردە سەر سەدان خوێندنگەی کچان. پاش چەند مانگ لە شەڕی دەستەویەخەی خەڵکی بێچەک و دوژمنێکی پڕچەک، کاتێک شۆڕشەکە نەیتوانی لە ئاستی ئێراندا کۆمەڵایەتیی بێتەوە، خەڵک تاکتیکی خەباتی خۆی گۆڕی لە شەڕی دەستەویەخەی سەر شەقامەوە بۆ شێوازەکانی تری خەبات.
بەداخەوە ئەمڕۆکە هەندێ کەس لە ڕوانگەی تەسکبینانەوە بۆ شۆڕش، ئەم تاکتیکگۆڕینەی شۆڕش بە شکست لێکدەدەنەوە و وەک شۆڕشێکی سەرنەکەوتوو و دیاردەیەکی بەسەرچوو لە شۆڕشی مەزنی ژینا دەدوێن. ئێمە پێمان وایە و کزبوونی دەنگی شەقام و نەڕووخانی تا ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی بە واتای شکست و تەواوبوونی شۆڕش نیە. ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا هێشتا لە جێی خۆیانن و ئەوەی لە ماوەی ئەم شۆڕشەدا پاشەکشەی پێ کراوە و لاواز و ڕیسوا کراوە تەنها و تەنها کۆماری ئاپارتایدەکان و بەرەی کۆنەپەرستییە. بە هۆی بەهێزیی شۆڕشەکەمانەوەیە کە دوژمن تا ئێستا نەیتوانیەوە یاسای حیجاب و عەفافەکەی بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەڵیانپەساردووە. لە بەهێزیی شۆڕشەکەمانەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی سێ ساڵی ڕەبەقە نەیتوانیوە لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران حیجاب، کە هێمایەکی گرنگی ناسنامەیی و ستراتیژیکیی ئەو ڕژیمەیە بەسەر ژناندا بسەپێنێت.
شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی لە کوردستان بەهێزە و لە جارانیش بە ئەزموونتر و بەرچاو ڕوونترە و کوردستان وەک چیاکانی لەبەردەم داگیرکەردا قارەمانانە وەستاوە و ئامادەی هەموو گیانبازییەکە. مەراسمە شکۆدارە سەتهەزارکەسییەکانی نەورۆزی دوومانگەی ئەمساڵی کوردستان نیشانیان دا کە شۆڕشی ژینا، شۆڕشی کوردستان لەسەر پێی خۆیەتیی و بەردەوامە. کۆماری ئیسلامیی پاش شکستە سەربازیی و ئاسایشیی و دیپلۆماتیکییەکانی لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا هەوڵی دا بە پشتبەستن بە یاسای وەستانەوە دژ بە سیخوڕانی ئیسرائیل کوردستان و ئێران بە بیانووی شەڕەوە تەوا میلیتاریزە بکات و هەموو دەنگێک لە گەروودا خەفە بکات، بەڵام نەتیوانی. ئەم ڕژیمە فاشیست و لەرزۆکە هەرچەندە لە نەورۆزەوە تا ئەمڕۆ نزیکەی هەزار کەسی لە سێدارە داوە و لە دەسپێکی ئاگربەسی شەڕی ١٢ ڕۆژەدا هەزران کەسی ڕاپێچی زیندانەکانی کردووە، بەڵام هێشتا شەقام دەنگی دەبیسرێ، قارەمانانی زیندان دەنگیان دەبیسرێ نەیتوانیوە چۆک بە خەڵکی ئێمە دا بدات و شۆڕشی ژینا وەک یادی ژینا زیندووە.
خەڵکی قارەمانی کوردستان، ژنانی پێشەنگی شۆڕش!
سەرکەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەندە بە کۆمەڵایەتییبوونەوەی هەرچی زیاتری شۆڕشەکە لە ئاستی هەموو ئێراندا. ئەم شۆڕشە هەرچەندە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمەگیرە و ژنان ڕۆڵێکی سەرەکیی تێدا دەبینن، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، هێشتا بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕش لە ئاستی ئێراندا ڕێگەمان لەبەرە. ئەمڕۆکە لە سایەی پێشڕەویی شۆڕش و لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شکستە بەردەوامەکانی ڕژیمی ئاپارتایدەکان، شۆڕش خەریکە پێ دەنێتە قۆناغێکی تر و بۆیە، خۆڕێکخستنی زیاتری ژنان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و گرێدانەوەی خەباتەکەمان بە تێکۆشانی ژنان و خەڵکی ئێران، بەتایبەتیی ئەو دەڤەرانەی کە وەک کوردستان چەندبارە ستەمیان لێ دەکرێت، گرنگییەکی تایبەتیی هەیە.
پێکهێنانی ڕێخراوەی جەماوەریی و پیشەیی زیاتر و لێکهەڵپێکانەوەی هەموو ئەم ڕێکخراوانە لە فدراسیۆنێکی سەرتاسەریی کوردستانییدا هێز و گوڕێکی زیاتر بە شۆڕشەکەمان دەبەخشێت. کۆماری ئیسلامیی لە ئەنجامی هەڵگیسانەوەی شەڕ بێت یان لە ئەنجامی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەمریکا، چارەنووسی هەر لاوازبوونی زیاتریەتی، چونکە نە لە گۆڕەپانی شەڕدا توانای بەرگریی دەبێت و نە لە گفتوگۆکانیشدا کارتێکی فشاری بەدەستەوە ماوە کە بتوانێت بۆ مانەوەی خۆی سوودی لێ وەر بگرێت. بۆیە کوردستان لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بگرە تا لایەنە سیاسیەکانی دەبێ ئامادەییان هەبێت بۆ ڕۆژانی داڕمانی ڕژیم یان بۆ پاشەکشەی لە کوردستان و دروست بوونی بۆشایی دەسەڵات. ئەوسا دەبێ بە بەرنامەوە کار بکرێت بۆ پاراستنی کوردستان و بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆ و دامەزراندنی دەسەڵاتێکی جەماوەریی و دێموکراتیک لە کوردستان.
لە سێیەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا و گیانلەدەستدانی ژینای نەمردا دروود دەنێرین بۆ گیانی پاکی گیانبەختکردووان و ڕێز دەگرین لە خەبات و خۆڕاگریی خانەوادە جگەرسووتاوەکانیان و قارەمانەتیی زیندانیانیی سیاسیی و هەموو ئەو ئازیزانەش کە لە جەرگەی بەرەنگارییەکانی سەر شەقامدا بریندار بوون.
بێگومان کۆماری برینداری سەری ماری ترۆریزمی ئیسلامیی ئێران ئیتر ناتوانێت بە کوشتن و زەبروزەنگ خۆی بپارێزێت و ناشتوانێت جارێکی تر کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران بگێڕێتەوە بۆ دۆخی پێش سەرهەڵدانی شۆڕش و پێش دەسپێکردنی شەڕی ١٢ ڕۆژەش. ئەم ڕژیمە لەرزۆکەلە هەموو تەمەنی نگریسی خۆیدا هیچ کات هێندەی ئێستا لاواز و شپرز نەبووە. پێویستە بە وریایی و بە ڕەچاوکردنی تاکتیکی گونجاو و بە لەبەرچاوگرتنی پارسەنگی هێز، هەوڵ بدرێت بۆ بەدەستەوەگرتنەوەی شەقامەکان و لەگۆڕنانی یەکجاریی ڕژیمی ئاپارتایدەکان.
بڕووخێ کۆماری ئیسلامیی ئاپارتایدەکان!
سەرکەوێ شۆڕشی ژینا، شۆڕشی لەشکاننەهاتووی کوردستان!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاویی / ١٥ی سپتامبری ٢٠٢٥