هەستانەوەی تاران و شەپۆلی تووڕەیی خەڵک؛ زەنگی کۆتاییی ستەم دەبیسترێ!

Yeksani
29-12-2025

کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

لە کاتێکدا داڕمانی ئابووریی ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار و بێبایەخبوونی سەرسوڕهێنەرانەی ڕۆژانەی تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی پەک خستووە، جارێکی تر بڵێسەی تووڕەیی جەماوەر شەقامەکانی تارانەوە کڵپەی سەند. بەرزبوونەوەی بێپسانەوەی هەڵاوسان و لەکڕیننەهاتنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، دۆخێکی وەهای هێناوەتە ئاراوە کە ئیتر کرێکاران و کارمەندان و خەڵکی زەحمەتکێش و تەنانەت چینی مامناوەند توانای درێژەدانی ئەم دۆخە ئەستەمەیان نەماوە.

لە وەڵامی ئەم دۆخە کارەساتبارەدا کە ڕاستەوخۆ دەرئەنجامی سیاسەتە چەوت و تاڵانکارییەکانی ڕژیمی ئیسلامییە، دوێنێ یەکشەممە ٧ی بەفرانبار، کاسبکاران و بازاڕییانی تاران دەستیان دایە مانگرتن. ئەمڕۆ دووشەممە، ئەم شەپۆلە ناڕەزایەتییە سنوورەکانی بازاڕی تێپەڕاند و شەقامەکانی تاران بوونە گۆڕەپانی هاواری "بڕوخێ کۆماری ئیسلامی". ئاشکرایە کە ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت و دەبیسرێت تەنیا داواکاریی ئابووریی نیە، بەڵکوو تەقینەوەی تووڕەیی کەڵەکەبووی کۆمەڵانی خەڵکە بەرامبەر بە سیستەمێک کە وڵاتی کردۆتە زیندانێکی گەورە بۆیان.

هەستانەوەی شارەکان و لاوازیی هێزی سەرکوت

ئەمڕۆ جوگرافیای ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر بووەوە و شارەکانی کەرەج و مەلارد، هەمەدان و کرماشانیش و شاری دەرگەهان ڕژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانیی لێبڕاوانەی خۆیان بۆ ڕاپەڕینی تاران دەربڕی. هەرچەندە هێزە چەکدارەکانی ڕژێم وەک پیشەی هەمیشەییان بە گازی فرمێسکڕێژ و گولـلە وەڵامی دەنگی مافخوازانەی خەڵکیان دایەوە، بەڵام ئیرادەی گەل لە چەکی سەرکوتگەران بەهێزتر بوو، بە جۆرێک کە لە چەند شوێنێکی ناڕەزایەتییەکانی تاران، خەڵکی قارەمان توانیان هێزە داپڵۆسێنەرەکان ڕاو بنێن و کۆنتڕۆڵی شەقامەکان بگرنە دەست. لە درێژەی ناڕەزایەتییەکاندا ئەمڕۆ خوێندکارانی بوێری زانکۆی تاران و زانکۆی پیشەسازیی ئەمیرکەبیر، لە ڕاگەیاندنێکی فەرمییدا وێڕای پشتگیرییان لە مانگرتنی بازاڕییان و ناڕەزایەتییەکانی شەقام، ڕایانگەیاند کە سبەینێ سێشەممە ٩ی بەفرانبار خۆپیشاندان وەڕێ دەخەن.

هەوڵە بێسوودەکانی ڕژیم و فاشیستانی پاشاییخواز بۆ چەواشەکاریی و دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان

ڕژیمی سێدارە و هەژاریی و ستەم، بۆ دامرکاندنەوەی ئاگری ناڕەزایەتی خەڵک و بەلارێدابردنی ڕای گشتی، لە لایەکەوە شارەکانی پڕ کردووە لە هێزی چەکدار و لە لایەکی تریشەوە بە شانۆی گۆڕینی سەرۆکی بانکی ناوەندیی، هەوڵ دەدات خەڵک چەواشە بکات و بیاننێرێتە ماڵەوە. بێگومان خەڵک زۆر باش دەزانن کە سەرچاوەی هەموو ماڵوێرانییەکان خودی کۆماری ئیسلامییە، نەک تەنها  ئەم و ئەو کاربەدەستی کارتۆنیی ڕژیم.

لایەنگرانی دارودەستەی ڕەزا پەهلەوی بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتییەکان و دزینی شۆڕش لێرە و لەوێ کەوتوونەتەوە خۆ و لە ڕێگەی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانیانەوە گەورە دەکرێنەوە و کۆماری ئیسلامییش ئەمە بە هەلێک دەزانێت تا ئەم ناڕەزایەتییانەی خەڵک بە دەستتێوەردانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە قەڵەم بدات و بەم بیانووەوە ئاسانتر بتوانێت خەڵکی ڕاپەڕیو سەرکوت بکات. پێویستە کۆمەڵانی خەڵک  وریای ئەم هەوڵانەی ڕژیم و فاشیستانی پاشاییخواز بن و نیشانی بدەن کە ناڕەزایەتییەکانی ئەمڕۆ لە درێژەی شۆڕشی ژینادایە و دژی سەرتاپای ڕژیمە و خەونی لایەنگرانی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕی پەهلەویش هەرگیز نایەتە دی.

کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە، کرێکاران، ژنان و لاوانی تێکۆشەر!

ئێستا کات کاتی یەکگرتوویی و یەکدەنگییە! پێویستە هەموو شار و شارۆچکەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان  هاودەنگ و هاوهەنگاو لە دژی ڕژێمی ئاپارتایدەکان بێنە گۆڕەپانی خەباتەوە.  تەنیا بە یەکێتیی و هاوخەباتییە کە دەتوانین ئەم ڕژیمە ستەمکارە بخەینە زبڵدانی مێژووەوە.

بڕووخێ کۆماری ئیسلامیی!

سەرکەوێ ڕاپەڕینی خەڵکی وەگیانهاتوو!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٨ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی