شکستێکی ناونەتەوەیی بۆ کۆماری ئیسلامی: دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان!

ناوەندی هەوڵ و ڕاگەیاندنی یەکسانی
14-12-2022


دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی یەکسانییخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و کوشتنی سەدان کەس و بریندارکردن و دەسبەسەرکردنی دەیان هەزار کەس لە لایەن ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە زیاتر لە ٧٠ ڕۆژی ڕابردوودا، پێشنیاری دەرکردنی کۆماری ئیسلامی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی ڕێکخروای نەتەوە یەکگرتووەکان بە پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و چەند وڵاتێکی ئەورووپایی ڕەوانەی ئەم ڕێکخراوە کرا. لەم پێشنیارەدا ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دژی ژنان و کچان و مناڵان کرابوو و داوا کرابوو کە ئەم ڕێژیمە لەم ڕێکخراوە دەر بکرێت.
ئەوڕۆش دوای باسێکی دوور و درێژ لەم بابەتەوە لە لایەن وڵاتانی ئەندام و باسی جۆری پێشێلکارییەکان، دوای بەشداریی و دەنگدانی وڵاتی ئەندام لەم کۆمیسیۆنەدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ٢٩ دەنگی بەڵێ، ٨ دەنگی نەخێر و ١٦ دەنگی بێلایەن، لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنانی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەر کرا. ئەمەش شکستێکی گەورەی ناونەتەوەیی بوو بۆ ئەم ڕێژیمە دوای ئەوەی کە هەوڵێکی زۆری دا بەتایبەت بە یارمەتیی ڕووسییە و چیین و چەند وڵاتێکی وەک خۆی تا لەم کۆمیسیۆنەدا بمێنێتەوە بەڵام شکستی هێنا.

چەند خاڵێکی گرینگ کە لە پێشنیارەکەدا خرابوونە ڕوو بریتیی بوون لە:
"
ــ بە وەبیرهێنانەوەی بڕیارنامەی ٧٦/١٧٨ی مەجلیسی گشتی لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ و سەرجەم بڕیارنامەکانی پێشووی مەجلیسی گشتی سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران و بەداخەوە لە هاوکاری نەکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ داواکارییەکانی مەجلیس لەو بڕیارنامانەدا هاتووە.
ــ بە وەبیرهێنانەوەی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ژنان،
ــ بە دەربڕینی نیگەرانی زۆر لە بەردەوامی پێشێلکاریی توند و سیستماتیکی مافی مرۆڤی ژنان و کچان لە ئێران لە لایەن دەسەڵاتەوە،
ــ بە دەربڕینی نیگەرانییەکی زۆر هەروەها لە گیانلەدەستدان و برینداربوونی ئەم دواییەی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازانە، لەوانەش منداڵان و ژنان، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە،
ــ بە توندی شەرمەزارکردنی، لەم پێوەندییەدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی دەستبەسەر کردنی ناڕەوا، دەستبەسەر کردن و مامەڵەی ناشرینانەی مەحسا ئەمینی کە بووە هۆی مردنی، و جەخت کردنەوە لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی خێرای لێپرسینەوە،
ــ بە توندی شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی کوشندە لە دژی مەجلیسەکانی ئاشتیخوازانە، بەکارهێنانی بەربڵاو و سیستماتیکی دەستبەسەرکردن و دەستبەسەرکردنی ئارەزوومەندانە و پراکتیکەکانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دەستبەسەرکردنی ناپەیوەندیدار، لەوانەش دژی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، پارێزەران، هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان ;
ــ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پاراستنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت کارەکانیان بە ئازادی و بەبێ ترس لە هێرش و هەراسانکردنی هەر لایەنێک بەڕێوەببەن، هەروەها ڕەتکردنەوەی هەر هێرشێک بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی،
ــ هەروەها بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە لە هەموو پێشێلکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە بێ سزایی، دەستەبەرکردنی دادپەروەری، ڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکانی زیاتر و پاراستنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤی خەڵکی ئێران،
ــ بڕیار دەدات بە کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنان، دەستبەجێ کاریگەر دەبێت؛
ــ داوای ڕێوشوێنی بەپەلە دەکات بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی و پاراستنی ژنان و کچان لە ئێران"
شایانی باسە کە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەم شکستەی کۆماری ئیسلامیی ڕاستەوخۆ لە سەدان کاناڵی تەلەڤیزیۆنی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاو کرایەوە.

پیرۆزە ئەم شکستەی کۆماری ئیسلامی و هیوای ڕووخانی ئەم ڕێژیمە بە دەستی ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز!
ژن، ژیان، ئازادی!
ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی یەکسانی
٢٠٢٢/١٢/١٤