هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر بنکەی کولتووریی ئەحمەد کایا لە پاریس شەرمەزار دەکەین!

یەکسانی
24-12-2022

ڕۆژی هەینی، ٢٣ی دێسامبری ٢٠٢٢ لە ئاکامی هێرشێکی تیرۆریستیی بۆ سەر ناوەندی کولتووریی ئەحمەد کایا لە پاریس، سێ چالاکڤانی کورد بە ناوەکانی میر پەروەر، ئامیینە کارا ناسراو بە ئەڤیین و عەبدوڕەحمان کزل گیانیان بەخت کرد و چەندیین کەسییش بە سەختیی بریندار بوون. ئەم کردەوە تیرۆریستییە و گیانبەختکردنی ئەم هەڤاڵانە بیرهێنەرەوەی کردەوەیەکی تیرۆریستیی هاوشێوەیە کە چەند ساڵ لەمەوبەر سێ چالاکڤانی تری باکووری کوردستان لە پاریس کرانە ئامانج و پاشان دەر کەوت کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە پشت ئەم پیلانە تیرۆریستییە بووە.

جێی داخە کە وڵاتانی ئەورووپایی لە چەند دەیەی ڕابردوودا بوونەتە مۆڵگەی ئەمنی داگیرکەران، تیرۆریستان، ڕەگەزپەرەستان و بە گشتیی ناحەزانی کورد و تا ئێستا داگیرکەران لە چەندیین کردەوەی تیرۆریستیی هاوشێوە، کوردانی دەرەوەی وڵاتیان لەم بەناو وڵاتانی دێموکراتیک و لایەنگری مافی مرۆڤدا کردۆتە ئامانج و بە دەیان هاونیشتمانیی کورد تا ئێستا لەم کردەوە تیرۆریستییانەدا گیانیان بەخت کردووە.

ئێمە وەک کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، ئەم هیرشە تیرۆریستییە بە توندیی شەرمەزار دەکەین و هیواخوازین کە دەوڵەتی فەڕانسە و بەرپرسە ئەمنییەتییەکانی شاری پاریس وەک ڕابردوو لەسەر ئەم جینایەتانە سازش نەکەن و بکەرانی ئەم جینایەتە بدەنە دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن. هاوکات هیواخوازین کە لایەنگرانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕاپۆرت و وردەکارییەکانی ئەم جینایەتە و جینایەتەکانی هاوشێوەی پێشووش لە دادگایەکی ناونەتەوەیی بخەنە ڕوو تا داگیرکەران و تیرۆریستان نەتوانن لەوە زیاتر بە فێڵ و سێناریۆی جیا جیا چالاکوانای کورد بکەنە ئامانج و لەوە زیاتر نەتوانن پڵانە فاشیستیی و تیرۆریستییەکانیان جێبەجێ بکەن.

لە کۆتاییدا وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەڤاڵانی گیانبەختکردووی ئەم جینایەتە لە پاریس، هیوای زوو جاکبوونەوەی بریندارەکان دەخوازیین.

شەرمەزاریی بۆ داگیرکەران و تیرۆریستەکانیان!

سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستانی داگیرکراودا!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٤/١١/٢٠٢٢