ئیسلامی دێموکراتیکی پژاک لەگەڵ سێکۆلاریزم و سۆسیالیزم و چەپ کوجا مەرحەبا؟

ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی
03-02-2023

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەندامێکی ئەنجومەنی پژاک بە ناوی ئامەد شاهۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا لە ژێر ناوی " ئێمە لەگەڵ پەیمانی مەدینەین" کۆمەڵێک پێهەڵاگوتن و تاریفی لە ئیسلام و پەیمانی مەدینە و ئیسلامی دێموکراتیک کردن کە بۆ چەندەمین جار ئەم پرسیارەی لای من و زۆر کەسی تریش وروژاند کە بەڕاستی پژاک چییە و بەرەو کوێ دەچێت؟ دیارە دوای ئەم لێدوانەش پژاک ڕوونکردەوەی تری دا بەڵام زۆر ناڕوون و وەک فارس دەڵێن "دوو پەهلوو" بوو و شتێکی تازەی لەوم هێڵە ناڕوونەی پژاک تێیدایە نەخستە ڕوو.

وتەکانی کاک ئامەد شاهۆ دووپاتەکردنەوەی بەشێک لەم وتانەن کە پێشتر لە زمانی بەڕێز ئۆجەلانەوە بڵاو کراونەتەوە و لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین جار لە زمانی پژاک و بەرپرسەکانی لێدوانی لەم شێوە دەر چووە کە بە گشتی لاگریی بووە لە هێڵی ئیسلامی ئیسلاحخواز و تا ڕادەیەکی دیاریش بە لای بەرەی شیعەدا بووە و پێهەڵاکوتنێکی چاوەڕواننەکراو بە حوسێن و فاتمە و زێنەبی تێدا ڕوون بووە! گەلۆ پژاک بەڕاستی پارتێکی چەپ و پێشڕەوە بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتیی لە ناوچەکە یا پارتێکی ئۆپۆرتۆنیست کە لە ڕێی پۆپۆلیزمەوە دەیهەوێت بە دەسەڵات بگات، تەنانەت بە گۆڕین و چەواشەی مێژووی پڕ لە کارەساتی ئیسلام؟

بۆ ئەوەی وەک کەسێکی لایەنگری هزری چەپ زۆر لێکدانەوە و شیکاری لەسەر قسەکانی ئەم ئەندامەی ئەنجومەنی پژاک نەکەم و لێکدانەوەکەی بە خوێنەر بسپێرم، لێرەدا بژاردەیەک لە وتەکانی بەڕێز ئامەد شاهۆ دا دەنێم بێ ئەوەی تەنانەت دەسکاریی کوردی نووسیینەکەشی بکەم.  بەڕێزیان لە سەرەتای قسەکانیدا دەڵێت "ئێمە باوەڕیمان بەپراكتیزەكردنی پەیماننامەی مەدەینە و ئیسلامی چاندییە و تاكە بزوتنەوەین؛ بەراشكاوانە باسمان لەبەستنی كۆنگرەی ئیسلامی دیموكراتی كردوە." پاشان لە شوێنێکی تردا دەڵێت: "ئامانجی بنەڕەتی ئیسلام، رزگاركردنی مرۆڤایەتیە! "

لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا دەڵێت: پەیامبەریش لەكاتی خۆیدا دەبێتە ئامانجی هێزە دەسەڵاتدارەكانی ئەو كاتەی وەكو ئەبوسۆفیان و ئەبوجەهیل. بەڵام كەسایەتی وەكو حەزرەتی خەدیجە، پەیامبەر حەمزە و عەلی خاوەنداری لەرێچکەی حەزرەت محەمەد دەكەن. ئەو كەسایەتیانەش ئەمڕۆكە شۆڕشی ژن ژیان ئازادییان بەرپا کردووە و بڵێسەکەی دەگەشێننەوە رووبەرووی جەهالەت و نەزانی و داگیركەری رژێم بوونەتەوە. بە وتنەوەی ئەو درووشمە یەکسانی، ئازادی، دادپەروەری و دیمۆکراسی دەخوێنن و رووناکی بە جیهان دەبەخشن".

هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت:"لەساڵی ٢٠١٣دا رێبەر ئاپۆ لەسەر یەكێتی مامۆستایانی ئاینی كورد و دامەزراندنی بزووتنەوەیەکی ئیسلامی دیمۆکراتیک ئاخاوت و وتی؛ با كۆنگرەی ئیسلامی دیموكراتیك ببەستن. بانگەوازی ئەوەی كرد كە لەسەر بنەمای ئیسلامی دیموكراتیك رێكخستنی تایبەت دابمەزرێت. كوردان تا ئێستاكە شتێكی وەهایان بۆ خۆیان بونیاد نەناوە و تەنیا بەشداری دام و دەزگای وەها بوونە و بوونەتە بەشێك لەو دام و دەزگایانە ئەوە لەكاتێكدا كە هەركامەیان نوێنەرایەتی زیهنیەتیەكی تایبەت بەخۆیان دەكەن. ئەو دین و باوەڕانەی لەئێراندا گرنگ و نرخێكی تایبەتیان هەیە. ئێمە باس لەیەكێتی ئۆمەتان دەكەین".

لێکدانەوەی ئەم قسانەی سەرەوەی کاک ئامەد، بەتایبەت گرێدانەوەی ئەم کەسایەتییانەی ئەمڕۆی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی لەگەڵ پێغەمبەری ئیسلام و خەیجە و حەمزە و عەلی تەنیا بە خەڵک دەسپێرم ،بەڵام وەک خۆم، وەک یەکسانییخوازێک و لایەنگرێکی ڕەوتی چەپ لە کوردستان زۆر بەکورتی داوایەکم لە هەڤاڵانی پژاک هەیە:

هەڤاڵانی پژاک!
با دەقەکانی ئیسلام هەر لەوێ دانێین کە بە گوێرەی ئەم دەقانە نەک بە تەفسیری دەسەڵاتخواز و ڕێفۆرمیستەکان، هەر کەس وەدوای فەرمانەکانی ئیسلام نەکەوێت ڕێک وەکو داعش لە ملی ئەدەن، بەڵام من کە ئاشناییەکی باشم لە مێژووی ئیسلامدا هەیە پێم خۆشە پژاک بە فاکت نە ک بە گۆڕینی مێژوو، یەک ڕەوت یا حیزب یا کەسی ئیسلامیی ڕێفۆرمیستی لایەنگری ئیسلام یا ئیسلامی دێموکراتیکمان نیشان بدات کە بە دەسەڵات گەیشتبێت و پاشان لە کردەوەشدا دێموکراتیک بووبێت؟ نموونەکەی ئەردۆغان و حیزبە ئیسلامییە رێفۆرمیست و ئیخوانییەکانن کە کەس بەقەد ئەوان تا ئەوڕۆ هەوڵی نەداوە ئیسلام بە ئیسلاحخواز و دێموکراتی بناسێنێت بەڵام کە بە دەسەڵات گەیشتوون دیتوومانە چ کارەساتێکیان ناوەتەوە!

بەڕێزان!
چەمکی ئیسلامی دێموکراتییک داهێنانی پژاک یا ڕێزدار ئۆجەلان نەبووە و زۆر پێشتر ئەحزابی تری وەک ئیخوانییەکان و موجاهیدینی خەڵق و زۆر کەسی تر وتوویانەتەوە. بۆیە ئەگەر پژاک لایەنگری لە "ئیسلامی دێموکراتیک" بکات، باشترە خۆی وەک حیزبێکی ئیسلامیی ڕێفۆرمخواز بناسێنێت و ماڵئاوایی لە سێکۆلاریزم و بەرەی چەپ بکات. ئیسلامی دێموکراتیک و ئەم وتانەی جار و بار لە لایەن بەشێک لە بەرپرسانی پژاکەوە دەوترێنەوە لەگەڵ چەپ و سۆسیالیزمدا هیچ پێوەندییەکانیان نییە و نابێت. ئێوە دەتانهەوێ لە هەر دوو بەرەی ئیسلامی و چەپ ئاو بخۆنەوە، ئەم کارەش لە هەر دووک بەرەتان دەکات دڵنیا بن!

لەگەڵ ڕێزمدا!
ئاسۆ ڕۆژهەڵاتی