مێژووی دوو سەرکردەی لۆڕ، بیبی مەریەم و سەردار ئەسعەدی بەختیاری

وەرگێڕ: عەبدولواحید خەندەڕەش
12-02-2023

بیبی مەریەمی بەختیاری یا سەردار مەریەم

بیبی مەریەمی بەختیاری، لە ساڵی ١٨٧٣ لە ناوچەی بەختیاری لەدایک بووە - لە ساڵی ١٩٣٧ لە ئیسفەهان کۆچی دوایی کردووە، ناسراو بە سەردار مریەمی بەختیاری، نووسەرێکی مەزنی لوڕ بووە و یەکێک بووە لە ژنانی چالاکی شۆڕشی مەرجداری. بنەماڵەی بیبی مەریەم لە سەردەمی قاجاردا بە یەکێک لە بنەماڵە خاوەن نفووزەکانی ئێران دادەنرا. باوکی ئەو، حسێن قولی خان ئێلخانی بوو؛ و براکانی، عەلی قولی خان - سەردار ئەسعەد - (یەکێک لە سەرکردەکانی شۆڕشی مەرجداری) و نەجەف قولی - سەمسامو لسەڵتەنە (دوو خول سەروەزیری ئێران)؛ و هەروەها ئامۆزاکانی گەورەپیاوی سەردەمی قاجار و پەهلەوی هەژمار دەکران . بیبی مەریەم دایکی عەلیمەردان خانی بەختیاری بوو؛ کە دەیویست بزووتنەوەی چەکداری لە چیاکانی لوڕستان بخاتە رێ. بیبی مەریەم وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی خەبات بۆ مافی ژنان و یەکێک لە داکۆکیکارانی نەتەوەیی ئێران دادەنرا لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەمدا. 

بیبی مەریەم بە یەکێک لە هاندەرە سەرەکییەکانی سەردار ئەسعەد بەختیاری بۆ داگیرکردنی تاران دادەنرا. لە ڕێگەی نامە و تەلەگرامی جۆراوجۆر لە نێوان سەرۆکەکانی ئێڵی بەختیاری و وتاری ورووژێنەر، ئێڵی بەختیاریی ئامادە کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ستەمکارییەکانی محەممەد عەلی شای قاجار؛ و هەمیشە وەک یەکێک لە کەسایەتییە دژە ئیستیعماری و دژە ملهوڕییەکانی سەردەمی قاجار. سەیر دەکرا. 

بیبی مەریەمی بەختیاری پێش داگیرکردنی تاران، بە نهێنی لەگەڵ هەندێک سوار دەچێتە ناو تاران و لە ماڵی باوکی حوسێن سەقەفی نیشتەجێ دەبێت. هەر کە سوارەی بەختیاری بە فەرماندەیی عەلی قولی خان، سەردار ئەسعەد هێرشیان کردە سەر تاران، سەربانی ماڵەکەی سەنگەربەندی کرد کە زاڵ بوو بەسەر مەیدانی بەهارستاندا؛ و لە پشتەوە لەگەڵ بەشێک لە سوارەی بەختیاری لەگەڵ قەزاقەکانی لایەنگری محەمەد عەلی شا خەریکی شەڕ بوو. ڕۆڵی لە رزگارکردنی تاران، ناوبانگ و جەماوەرییەکەی لە نێو ئێڵی بەختیاری و لایەنگرانی مەرجداریدا زیاتر کرد و هەوادارێکی زۆری پەیدا کرد، بەجۆرێک کە ناسناوی سەرداری پێ بەخشرا. 

ماڵی بیبی مەریەم لە سەردەمی مەرجداریدا پەناگەیەک بوو بۆ زۆرێک لە ئازادیخوازان؛ بەجۆرێک کە کاتێک ئیسفەهان لە جەنگی جیهانی یەکەمدا لەلایەن ڕووسەکانەوە داگیرکرا، فەن کاردەف؛ بەرپرسی کاروباری باڵوێزخانەی ئەڵمانیا پەنای بۆ ماڵی بیبی مەریەمی بەختیاری برد و بۆ ماوەی ٣ مانگ و نیو لە پەنای ئەودا مایەوە. دوای شکستی بەختیارییەکان لەلایەن ڕووسەکانەوە و گیانلەدەستدانی ٥٨ کەس لە سوارەکانی بەختیارییەکان، کاردیف چووە کرماشان و لەوێشەوە بەرەو بەرلین ڕۆیشت. 

وەک پاداشێک بۆ پاڵپشتیی بیبی مەریەم لە ئەرکی کاروباری باڵوێزخانەی ئەڵمانیا لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، ویلهێلمی دووەم (ئیمپراتۆری ئەڵمانیا) گرنگترین خەڵاتی ئەو سەردەمەی ئەڵمانی بۆ دەنێرێت کە بریتی بوو لە کەوانێکی رازاوە بە مینا و ئەڵماس، و هەروەها خاچێکی ئاسن. ئەو سەردەمە لۆگۆی ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیا بوو. ململانێکانی سەردار مەریەمی بەختیاری لەگەڵ ئینگلیسەکان لە کاتی ڕێککەوتنی ساڵی ١٩١٩ و کودەتاکەی 1920بەردەوام بوو، بە جۆرێک محەمەد موسەددیق، فەرمانڕەوای فارس لە کاتی کودەتاکەی ١٩٢٠، دوای دژایەتی و... لە ئیسفەهان دەرکرا، چووە ناوچەی بەختیاری و بۆ ماوەیەکی زۆر میوانی بیبی مریەم بوو. زۆر لە پیاوانی سیاسی و نووسەرانی ئازادیخوازی ئێرانی وەک عەلی ئەکبەری دێهخودا، مەلیکولشوعەرای بەهار و وەحید دەسگردی لەگەڵ خانەواەی بیبی مەریەم و خودی خۆی پەیوەندی و ئامشۆیان هەبوو. 

بیبی مەریەم ژنێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوو؛ و یەکێک بوو لەو ژنە دەگمەنانەی سەردەمی خۆی کە لەبارەی ڕووداوەکانی سەردەمی خۆیەوە نووسیویەتی. پەرتووکی بیرەوەرییەکانی بیبی مەریەم ساڵانێک دوای کۆچی دوایی بڵاوکرایەوە، کە تیایدا باسی منداڵی و هەرزەکاری و وەسفی ژیان و ڕووداوە سیاسییەکانی تا کۆتایی قۆناغی مەرجدایری نووسیوە. ئەو بیرەوەرییەکانی لە ساڵی١٩١٧ی کۆچییەوە بە شێوازێکی سادە و رەوان تۆماری کردوون. 

محەممەد ئیبراهیمی باستانی پاریزی؛ یەکێک لە مێژوونووسانی هاوچەرخ سەبارەت بە بیبی مریەم دەنووسێت: 

لەم کوێستانەدا ژنێک دەژیا کە هێندەی ١٠٠ پیاو دەستی لە چارەنووسی مێژووی هاوچەرخی ئێراندا هەبووە. مەبەستم بیبی مەریەمی بەختیارییە، کە لە سەردەمی یەکەمین جەنگی نێودەوڵەتیدا، کاتێک ئێرانییە نیشتمانپەروەرەکان بەهۆی ئۆلتیماتۆمی ڕووسیا و پاشان لەشکرکێشیی ئینگلیسەوە ناچاربوون بەرەو شاخ کۆچ بکەن، ئەم ژنە بەناوبانگە هەموویانی داڵدە دا. 

سەردار مەریەمی بەختیاری، ساڵی ١٩٣٧، سێ ساڵ دوای لەسێدارەدانی کوڕە گەورەکەی؛ عەلیمەردان خان، لە شاری ئیسفەهان کۆچی دوایی کرد و لە تەکییەی میرفێندەرسکی لە تەخت فولاد لە ئیسفەهان بە خاک سپێردرا. لە دوای بیبی مەریەم و براکانیشی تا سەردەمی پەهلەوییەکانیش کەسایەتیی گرنگی ئەم بنەماڵەیە لە دەسەڵاتی ئێراندا کاریگەر بوون و جێگە و پێگەی گرنگیان هەبوو. تەیموور بەختیاری دامەزرێنەری دەزگای ساواک بوو کە دوواتر رایکرد بۆ ئێڕاق و رۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٩٧٠ لە ناوچەی باقووبە لەلایەن بەکرێگیراوانی شای ئێرانەوە تیرۆر کرا. هەروەها شاپوور بەختیار کەسایەتییەکی گرنگی تر بوو کە لایەنگری دوکتۆر موسەددیق و دژبەری سیاسەتەکانی شا بوو؛ کە لە دووا رۆژەکانی دەسەڵاتی حەمەڕەزا شادا بوو بە سەروەزیر و پاشان رایکرد بۆ ئەوروپا؛ و سەرەنجام ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامییەوە لە پاریس تیرۆر کرا. 

دروود بۆ گیانی شێرەژن و رۆشنبیری لوڕ، سەردار مەریەمی بەختیاری. 

ـــــــــــــــــــــــــــ 

بیبی = خانم، خاتوون 

سەرچاوەی وەرگێڕان: ویکیپێدیا

وەرگێڕانی عەبدولواحید خەندەڕەش 

............................................................................................................................................

عەلی قوڵی خان ناسراو بە سەردار ئەسعەدی بەختیاری یا سەردار ئەسعەدی دووەم 

ساڵی ١٨٥٨ی زایینی لە ناوچەی گەرمەسێری بەختیاری لەدایک بووە. ئەو ناوچەیە بە چغاخۆر (چیای خۆر) ناسراوە. لە گەورەپیاوە سیاسییە ناسراوەکانی سەردەمی قاجار بوو؛ و یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ئێڵی بەختیاری. لە سەردەمی ژیانی ئەودا چوار پادشا لە ئێران هاتن و رۆیشتن. باوکی، واتە حسێن قوڵی خانی ئێلخانی لە گەورەپیاوەکانی سەردەمی قاجار و گەورەترین ئێڵخانی بەختیاری بوو، کە توانیی بە یەکخستنی تیرە و خێڵەکانی بەختیاری، هێز و پێگەیەکی بەرز بۆ خۆی لە و سەردەمەدا بەدەست بهێنێت. دایکی سەردار ئەسعەد، بیبی مێری جان نەوەی ئەلیاس خانی بەختیاری و کچی نەجەف خانی بەختیاری بوو. حسێن قوڵی خانی بەختیاری ماوەی سی ساڵ فەرمانداری ئێڵی بەختیاری بوو کە ئەوسا هەرکەس ئەم پلەیەی هەبووایە پێیان دەگوت ئێڵخان. 

ئەو کوڕی چوارەمی حسێن قوڵی خانی ئێلخانی بوو کە لە دووای تۆپباران کردنی ئەنجومەنی شۆرای میللی بە فەرمانی محەممەد عەلی شا، بە پشتیوانی لە براکەی، نەجەف قوڵی خان سەمسامو لسەڵتەنە و ئامۆزاکەی ئیبراهیم خان زەرغامولسەڵتەنە، رووبەڕووی ئەم کردەیە بوویەوە و پاش رزگارکردنی ئیسفەهان بە دەستی سوارەی بەختیاری، لە رێگەی ئەراکەوە خۆی گەیاندە ناوچەی بەختیاری و خودی خۆی لە رزگارکردنی تاران و زیندووکردنەوەی سیستەمی مەرجداریدا فەرماندەیی سوارەکانی بەختیاریی کرد.  

عەلی قوڵی خان لە سەردەمی گەنجی دا رووی کردە فێربوونی زمانی عەرەبی و فرانسی و مامۆستای تایبەتی بۆ تەرخان کرا. زمانی فارسی و سەرف و نەحو و مەنتق و بەدیع و بەیانی و سەربوردەکانی عەرەبی فێربوو… دوواتر لەگەڵ کچی یەکێ لە گەورەپیاوانی ئێڵی بەختیاری زەماوەندی کرد و سێ کوڕی لێی هەبوو کە یەکیان لە دووای مەرگی خۆی لەداییک بوو کە ناوی نرا سەردار ئەسعەدی سێیەم. 

عەلی قوڵی خان دوای ئەوەی کە باوکی بە رەزامەندیی شای قاجار لەلایەن فەرمانڕەوای ئیسفەهانەوە دەرمانداو دەکرێ، خۆی و برایەکی ماوەی ساڵێک بەند دەکرێن؛ بەڵام بەندێکی وا کە لە تەواوی ماوەی ئەم یەک ساڵەدا رێگەی نەدراوە بچێتە حەمام یا سەر و ریشی بتاشێت. دوای ساڵێک کە ئازاد دەکرێت، مام و ئامۆزاکانی دەستیان بە سەر هەموو موڵک و ماڵەکاندا گرتووە و رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە. هەربۆیە دەچێتە ئیسفەهان و سەدری ئەعزەم دەیکات بە سەرۆکی فەوجی سوارە. 

دووای کوژرانی ناسرەددین شا، دەکرێتە بەرپرسی ئاسایشی تاران و لەسەردەمی موزەفەرەددین شایشدا فەرماندەی سوارەی بەختیاری دەبێ بە ناسناوی سەرتیپی. ساڵی ١٩٠٠ی زایینی سەفەرێکی کورتی کرد بۆ هیندوستان و پاشان بۆ میسر و دوای چەند هەفتەیەک چوو بۆ مەککە و حیجاز و پاشان بۆ پاریس. دوو ساڵ لە شارە گرنگەکانی ئەوروپا ژیا. رەنگە یەکەم بڵاچەکانی چالاکییە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی لەم ڕێگەیە لە ژیانیدا لێیدرابێتن. 

ساڵی ١٩٠٢ گەڕایەوە بۆ تاران و ماوەی ساڵێک لەوێ مایەوە. دوای مردنی برا گەورەکەی، ئەسفەندیار خان گەڕایەوە ناوچەی بەختیاری. لەم سەروبەندەدا کێشەی نێوان براکانی و ئامۆزاکانی پەرەی سەندبوو، هەربۆیە نێوبژایەتیی کرد و کێشەکەیانی یەکلا کردەوە و ئاشتی کردنەوە. ساڵی ١٩٠٣ بە پێشنیازی عەینوددەولە لەلایەن موزەفەرەددین شاوە ناسناوی (سەردار ئەسعەد)ی پێ بەخشرا و هاوکات بەرپرسی ئاسایشی لوڕستان بوو. 

پاییزی ساڵی١٩٠٦ بۆ چارەسەری نەخۆشیی چاوی چووە فرانسە و لە پاریس بنەجێ بوو. دووای چارەسەری نەخۆشییەکەی، دەستی کرد بە وەرگێڕانی پەرتووکگەلی فرانسی و ئینگلیسی. لەوێوە سەفەرێکی کرد بۆ لەندەن و لەگەڵ کاربەدەستانی بریتانیا چاوپێکەوتنی هەبوو. لەم کاتەدا ئەنجومەنی شۆرای میللی لە تاران بۆمباران کرا. سەردار ئەسعەد لەبەرئەوەی باوکی لەلایەن قاجارەکانەوە کوژرابوو، بوو بە هاودەنگ و پشتیوانی لایەنگرانی سیستمەمی مەرجدرای. پاش ئەوەی گفتی هاوکاری و پشتیوانی لە ئینگلیسەکان وەردەگرێ لە رێگەی خووزستان و خوڕەمشارەوە و دەگەڕێتەوە ئێران.  

پاشان لەگەڵ خانەکانی قەشقایی و شێخ خەزعەل وەک نوێنەری عەرەبەکان سوێندنامەیەک واژۆ دەکات. ئەو بۆ ئەوەی بەرەو تاران بڕوات، پێویستیی بەوە بوو کە پشتی خۆی قایم بکات و لەوە ئارخەیان بێ کە لە دوواوە زەبری لێ نادرێت. سوپایەکی سوارەی ٧٠٠ کەسیی لە بەختیارییەکان پێکهێنا؛ و بەرەو تاران کەوتە ڕێ. پێش ئەوەی بەرەو تاران بجووڵێت، نامەیەکی بۆ باڵوێزی ئۆتریش\نەمسا نووسی و تیایدا ئامانجی ئەم جووڵەیەی خۆی بەرەو تاران شرۆڤە کرد؛ و داوای لە دەوڵەتە گەورەکان کرد بەشێوەی لەشکری دەس نەکێشنە نێو ئێرانەوە. بەم جۆرە رۆژی ١٦\٧\١٩٠٩ شاری تاران کەوتە دەست بەختیارییان و شەڕ کۆتایی هات و کاتژمێر ٨:٣٠ی بەیانی، شا بە ٥٠٠ سەرباز و دار و دەستەی خۆیەوە پەنای بۆ باڵوێزخانەی رووسیا برد. 

سەردار ئەسعەدی بەختیاری چەندین پەرتووکی بۆ سەر زووانی فارسی وەرگێڕاوە وەک: کچی فیرعەون، مێژووی حەمیدی - سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی، دیل گابریێل، روکامبول، ئەویندارانی پاریس، مادموازێل مارگرێت و تاد …. هەروەها پەرتووکێکی تایبەتی بە ناوی مێژووی بەختیاری نووسیوە کە بیرەوەرییەکانی خۆیشی تێدا نووسیوە و لەوێدا باسی ریشە و رەچەڵەکی خۆی دەکات. لە لاپەڕە ١٣٦ی ئەم پەرتووکەدا لەژێر سەردێری (رەچەڵەکی کوردان) دا نووسیوێتی: کورد پێکهاتووە لە چوار گرۆی سەرەکی؛ کە باشترینەکانیان بریتین لە: یەکەم کورمانج، دوویەم لوڕ، سێیەم کەڵهوڕ، چوارەم گۆران. 

سەرەنجام ٢٣ ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ ئیسفەهان و لەوێ لە گۆڕستانی خانەوادەیی بەخاک سپێردرا. 

یادی بەرز و شکۆدار بێ  

لە ویکیپێدیام وەرگرتووە و وەرمگێڕاوە 

عەبدولواحید خەندەڕەش