ئەمڕۆ لە مێژوودا! ٢٤مین ساڵڕۆژی دەسبەسەرکرانی بەڕێز ئۆجالانە

ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی یەکسانی
17-02-2023

ئەمڕۆ ٢٤ ساڵ بەسەر دەسبەسەرکرانی بەڕێز ئۆجالاندا تێدەپەڕێت

٢٤ ساڵ لەمەوبەر بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، بە پیلانگێڕییەکی ناودەوڵەتیی داگیرکەرانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتیی دەسبەسەر کرا. کورتەیەک لەم پیلانگێڕییە: 

لە 9/10/1998 دەوڵەتی تورکیا زۆریی لە دەوڵەتی سووریا کرد، دەبێ ئۆجالان ئەو وڵاتە بەجێ هێڵێت. دوای ئەوە بەڕێز ئۆجەلان ڕووی لە وڵاتی یۆنان کرد و لە 4/11/1998 بەهۆی ئەوەی مافی پەنابەرێتی لە یۆنان پێ نەدرا، رووی لە رووسیا کرد. لە 12/11/1998 حکومەتی رووسیا رایگەیاند ئەگەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەو وڵاتەش رێگا بە مانەوەی بدەن، ئەوان رێگە بە مانەوەی لەم وڵاتە نادەن، هەر بۆیەش بەڕێز ئۆجالان ڕووی لە شاری ڕۆمی پایتەختی ئیتالیا کرد. پاشان دەوڵەتی تورکیا فشاری بۆ دەوڵەتی ئیتالیا هێنا تا ڕادەستی تورکیای بکاتەوە. هەر بۆیەش بەڕێز ئۆجالان لە 16/1/1999 بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕایەوە یۆنان و لە 1/2/1999 ویستی لە یۆنانەوە بچێتە بیلارووس کە ئەم هەوڵەش سەر نەکەوت و گەڕایەوە ئاتێن. پاشان لە 2/2/1999 ویستی بچێتە کینیا، بۆ ئەم مەبەستەش کونسوڵخانەی کینیا لە یۆنان مافی مانەوەی پێدا. پاشان سیخوڕەکانی دەوڵەتی تورکیا کە پێک هاتبوون لە گرووپێکی 7 کەسی چوونە نایرۆبی پایتەختی کێنیا و لە 15/2/1999 لە کاتێکدا کە ڕێزدار ئۆجالان پێی وابوو دەچێتە هۆلەند، لە لایەن ئەم سیخوڕانەوە دەسبەسەر کراو گەڕێندرایەوە تورکیا و بۆ بەیانیی 16-2-1999 گواسترایەوە بۆ گرتووخانەی دوڕگەی ئێمڕالی و هەتا ئێستاش لەم گرتووخانەیە دەسبەسەرە. 

ئەم پیلانگێڕییە کە بە هاوکاریی دەوڵەتی تورکیا، دەوڵەتی کلینتۆن سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و چەندین وڵاتی تر بەڕێوە چوو، لە کاتێکدا بوو کە بەڕێز ئۆجالان بێجگەلە بەرگریی لە مافی نەتەوەیەکی ستەملێکراو و داخوازیی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان، هیچ تاوانێکی نەکردبوو.  

ئاشکرایە کەسێکی وەک ئۆجالان دوای ئەم هەموو خەباتە بۆ ئازادی، ئەگەر لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوایی بەناو لایەنگری مافی مرۆڤەوە خەڵات نەکرابا، هەرگیز شایانی ئەم گەلەکۆمە ناودەوڵەتییە نەبوو و جیگاکەشی گرتووخانەی ئیمراڵیی نەبوو و نییە.  

هیوای ئازادیی بۆ بەڕێز ئۆجالان و گەیشتنی گەلەکەمان بە مافە ڕەواکانی لە باکوور و هەموو بەشەکانی کوردستان. 

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی 

2023-02-16