پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بە بۆنەی دەی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی لەسێدارەدرانی سەرۆککۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێکانی!

یەکسانی
29-03-2023


کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان, ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز!
نزیکەی ساڵێک پاش دامەزرانی کۆمارەکانی کوردستان و ئازەربایجان سوپای ئێرانی داگیرکەر پاش کۆکوژیی زیاتر لە ١٥ هەزار خەڵکی کۆماری ئازەربایجان لە زەوی و ئاسمانەوە هێرشێکی خوێناوی کردە سەر کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستانی داگیرکردنەوە. سەرەنجام لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاویدا (٣٠ مارسی ١٩٤٧) پێشه‌وا قازی محەممەد سه‌رۆک کۆماری کوردستان و حه‌مه‌حوسەینی سه‌یفی قازی وه‌زیری به‌رگریی کوردستان و سه‌دری قازی نوێنه‌ری کوردستان له‌ مه‌جلیسی ئێران پاش دادگاییەکی فەرمایشیی و داخراو بە فەرمانی حەمەڕەزا شای پەهلەوی لە‌ گۆڕەپانی چوارچرای مه‌هاباد، ئەو شوێنەی کە پێشتر کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیێندرابوو له‌ سێداره‌ دران.

حەمە ڕەزا شای دیکتاتۆر وەک باوکی و وەک دیکتاتۆرەکانی پێشوو و ئێستای ئێران پێی وابوو بە لەداردانی سەرکۆماری کوردستان و بە خوێنڕێژیی و بە هێزی سەربازیی دەتوانێت شۆڕشی ڕزگاری نیشتمانیی کوردستان، کە ڕەگ و ڕیشەی لە دڵی گەلی کوردستاندایە بۆ هەمیشە سەرکوت بکات. ئەمە لە کاتێکدایە، کە شۆڕشی کوردستان لە هەموو بەشەکانی کوردستانی داگیرکراو، سەرەڕای لەداردان و ترۆری ڕابەرانی و سەرەڕای کۆکوژییە نەبڕاوەکانی گەلی کورد، هەمیشە بەردەوام بووە و ئاڵای شۆڕشی ڕزگارییخوازیی کوردستان هەمیشە بەرز ڕاگیراوە.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئێمە لە کاتێکدا یادی گیانبەختکردنی یەکەم سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێکانی دەکەینەوە، کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن ــ ژیان ــ ئازادی، کە ڕەگێکی قووڵی لە شۆڕشی کوردستاندایە لە ئارادایە و ئەم شۆڕشە، کە ئازادی ژن و ئازادی نەتەوە بندەستەکان و یەکسانیی هەمەلایەنە ئامانجیەتی لە ئێران و لە ناو گەلانی بندەستی ئێراندا لەگەڵ پێشوازییەکی بەرین ڕووبەڕوو بووە و بنچینەکانی کۆماری سێدارەی خستۆتە لەرزە.

ئێمە لە کاتێکدا یادی لەداردرانی پێشەوا قازی و ڕووخانی کۆماری کوردستان دەکەینەوە، کە شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی لە سەروبەندی سەت ساڵەی پەیمانی لۆزاندا هیوای بە سەرکەوتنگەیاندنی شۆڕشی کوردستان و هیوای بنبڕکردنی ستەمی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بوژاندۆتەوە.
ئەمساڵ پێویستە و زۆر گرنگە، کە گەلی ئێمە لە ئاستێکی هەرە بەریندا و لە چالاکیگەلی بەربڵاودا شکۆدارانەتر لە جاران یادی ١٠ی خاکەلێوە بکاتەوە. بەو هیوایە بتوانین لە چوارچرای مەهابادی کۆماردا گەورەترین میتینگ بەڕێوەبەرین و جارێکی تر بە کۆماری سێدارە و بە هەموو داگیرکەران و بە پاشماوەکانی ڕژیمی پەهلەویش نیشان بدەین، کە ئامانج و خەونی پێشەوای نەمر و کۆمارەکەی لە دڵی کۆمەڵانی ملیۆنیی خەڵکی کوردستاندا بۆ هەمیشە زیندووە و چارەنووسی ئەوان هەر شکست و ڕیسواییە و سەرکەوتن بۆ کوردستانی شۆڕشە.

کوردستانیانی هێژا لە ناوەوە و لە دەرەوە وڵات!
٢٤/٧/٢٠٢٣ سەت ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیمانی شوومی لۆزاندا تێدەپەڕێت. بەم بۆنەوە کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان داوا لە خەڵکی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات، کە لە سەدەمین ساڵی واژۆکرانی پەیمانی لۆزاندا گەورەترین چالاکیی لە دژی داگیرکەران و ئەو زلهێزانە بەڕیوەبەرن، کە بە واژۆکردنی ئەو پەیمانە و بە سایکسپیکۆکانیان ڕۆڵی سەرەکییان بینوە لە داگیرکردنی کوردستاندا. با هەموومان بە گوێی داگیرکەرانی فاشیست و بەتایبەتییش بە گوێی سەڵتەنەتخوازەکانی بگەیەنیین کە: لە ١٠ی خاکەلێوەدا پێشەوای کوردستانی ئێمەتان لە چوارچرای مەهابادی پایتەخت لەدار دا، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز ناتوانن پێشەواو و کۆمار وەک هێمای خۆڕاگریی و سەربەخۆیی کوردستان لە دڵی گەلی کوردستاندا بکوژێننەوە!

ژنان و کوردستانی پێشەنگی شۆڕشی ژینا!
ئێمە لە ٧٦ مین ساڵڕۆژی لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانیدا ڕێز دەگرین لە خەبات و تێکۆشانی پێشەوا و هەموو ئەو مرۆڤانەی کە لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان و چەسپاندنی یەکسانییدا سەری سەربەرزییان ناوەتەوە و پەیمان تازە دەکەینەوە، کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان شێلگیرانە تێدەکۆشین و هەروەها ئاڵاکەیان بەرز ڕادەگرین.

سڵاو لە یادی پێشەوای نەمر و هەموو گیانبەختکردوانی شۆڕشی کوردستان!
نەمان بۆ داگیرکەر و داگیرکاریی و ستەم بە هەموو چەشنەکانیەوە!
سەرکەوێت شۆڕشی کوردستان، شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ی کوردی