پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بۆ کۆبوونەوەی لایەنە چەپ و سۆسیالیستەکان لە کۆڵنی ئاڵمان

یەکسانی
21-04-2023

 لە پێناو پەسندکردنی مەنشوورێکی گشتگیرانەی سۆسیالیستیی و یەکخستنی ڕیزەکانمان دژی کۆماری ئیسلامی

لە پێناو داڕشتنی مەنشوورێکی سۆسیالیستییانەی سەردەمییانەدا وێڕای بەشدارییمان لە کۆبوونەوەی گشتگیریی لایەنە چەپ و سۆسیالیستییەکانی کوردستان و ئێران، پشتگیریی خۆمان بۆ مەنشووری لانیکەمی داخوازییەکانی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییە سەربەخۆکان دووپات دەکەینەوە.

ئامادەبووانی بەڕێزی کۆبوونەوەی گشتگیری لایەنە چەپ و سۆسیالیستییەکان لە شاری کۆڵنی ئاڵمان

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای سڵاو و دەستخۆشیی و ماندونەبوونیی بۆ بەڕێوەبەران و ئامادەبووانی ئەم کۆبوونەوەیە کە ٢٢/٤/٢٠٢٣ لە شاری کۆڵنی ئاڵمان بەڕێوە دەچێت، پشتگیریی خۆی بۆ مەنشووری داخوازییە سەرەتاییەکانی ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییە سەربەخۆکان ، کە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە دەستپێشخەریی ٢٠ ڕێکخراوی جەماوەریی  وپیشەیی بڵاوکرایەوە دووپات دەکاتەوە.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان مەنشووری ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەییەکان وەک هەوڵێکی سەرەتاییانە بۆ داڕشتنی مەنشوورێکی هەمەلایەنەتری بزووتنەوەی چەپ بەرز دەنرخێنێت. جێی دڵخۆشیی و دەستخۆشییە کە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان لە دیدێکی سۆسیالیستییەوە دەڕواننە ئەمڕۆ و سبەی کۆمەڵگە و بە مەنشوورەکەیان سەرەتای مانیفێستێکی یەکسانییخوازانەیان خستۆتە ڕوو. لەم مەنشوورەدا ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکان پەنجەیان خستۆتە سەر زۆرێک لە برینەکانی کۆمەڵگەی ئێران و ئێمە هیوادارین لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆڵندا هەوڵ بدرێت لە درێژەی مەنشووری ڕێکخراوە جەماوەریی و پیشەییەکاندا مەنشوورێکی چەپ و یەکسانییخوازانەی ڕوونتر و وردتر و هەمەلایەنەتر ئامادە و پەسەند بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە داواکارین ئەم داخوازییانەی خوارەوە لە کۆبوونەوەی کۆڵندا بدرێنە بەر باس و لە مەنشوورەکەدا بگونجێندرێن:

١) ئێران وڵاتێکی فرە نەتەوەیە و مەنشووری چەپ و سۆسیالیستەکان لە دژی هەموو جۆرە ستەم و هەڵاواردنێکە بە ستەمی نەتەوایەتییشەوە.

٢) مەنشووری چەپ و سۆسیالیستەکان مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەموو نەتەوەکان لە ئێران بە مافێکی بێ ئەملاوئەولای سیاسیی دەزانێت و خوازیارە لە ئێرانی دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامییدا ئەو مافە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بە فەرمیی بناسرێت و لە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا ڕاشکاوانە دانی پێدا بنرێت.

٣) مەنشووری چەپ و سۆسیالیستەکان خوێندن بە زمانی زگماکیی بە مافێکی سرووشتیی و سەرەتایی مرۆڤ دەزانێت و خوازیارە خوێندن لە هەموو بوارەکانی زانستدا و لە هەموو ئاستەکانی پەروەردە و فێربووندا بە زمانی زگماکیی بەڕێوە بچێت.

٤) زمانی فەرمیی هەر کام لە هەرێمە نەتەوەییەکان لە ئێران ئەو زمانە بێت، کە زمانی دایکیی زۆرینەی دانیشتووانی ئەو هەرێمانەیە.

بەهیوای کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتووانە و نۆژەنکردنەوە و پەسەندکردنی مەنشوورێکی گشتگیرتر و پتەوتری بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستیی. بەو هیوایە کۆبوونەوەکەی کۆڵنی ئاڵمان دەستپێکێک بێت بۆ یەکێتیی و هاوکاریی هەرچی زیاتری لایەن و ڕێکخراوە چەپ و سۆسیالیتییەکان.

 

ڕووخان بۆ کۆماری ئیسلامیی و سەرکەوتن بۆ شۆڕشی ژینا!

بژی هاوخەباتیی کرێکاران،زەحمەتکێشان، ژنان و پیاوانی یەکسانییخواز و گەلانی بندەست بۆ ڕزگاری، ئازادی و یەکسانی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢١/٤/٢٠٢٣