چالاکڤانی یەکسانییخواز هاوڕی عەلی موحموود ئازاد بکەن!

ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی یەکسانی
25-04-2023

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 25-4-2023، هاوڕێ عەلی مەحموود، نووسەر و چالاکڤانی سیاسیی باشووری کوردستان لە لایەن هێزێکی ئاسایشەوە لە ماڵەکەی خۆی لە هەولێر دەسبەسەر کرا.
چالاکی و ڕەخنەکانی کاک عەلی مەحموود لە پێوەندی بە جینۆسایدەکانی سەردەمی بەعس و پرسی گەندەڵیی و پێشێلکرانی ئازدی و یەکسانی لە باشووری کوردستان، بەرپرسانی پێوەندییداری لە باشوور هەراسان کردووە و هەر ماوەی جارێک بە بیانووی جۆراوجۆرەوە هێرش دەکەنە سەر ئەم چالاڤانە یەکسانییخوازە و تۆمەتی بێبنەمای دەدەنە پاڵ و بۆ ماوەیەک ژیان و ئاسایشی دەشێوێنن.
دەستگیرکردنی ئەم جارەی هاوڕێ عەلی پێ دەچێت پێوەندیی هەبێت بە ڕەخنەکانی ئەم هاوڕێیە لە داڵدەدرانی ئەنفالچی و جاش و موستەشارەکانی سەردەمی بەعس.
لێرەوە داوا لە هەموو ئازادیخوازن و یەکسانییخوازانی باشوور دەکەین کە بە هەر شێوەیەک لەدەستیان دێت، بۆ ئازادیی چالاکڤانی یەکسانییخواز عەلی مەحموود هەوڵ بدەن. پێویستە فشار بخرێتە سەر بەرپرسانی ئەمنیی باشوور و ئاگادار بکرێنەوە کە لە پاراستنی گیانی هاوڕێ عەلی مەحموود بەرپرسیارن کە یەکێکە لە ویژدانە زیندووەکانی باشووری کوردستان.
ئێمە دەستبەسەرکردنی هاوڕێ عەلی شەرمەزار دەکەین و بێگومانیین لەوەی کە دەسبەسەرکردن و گرتنی هەڕەمەکیی یەکسانییخوازان و پاراستنی ئەنفالچی و جاش و موستەشار و گەندەڵەکان لە باشوور، تەنیا ڕووی حکوومەتی بەرپرسەکانی ئەم بەشەی کوردستان ناشیریینتر دەکات و هیچ ئاکامێکی ئەرێنیی بۆیان نابێت.
هیوای ئازادی بۆ چالاکڤان عەلی مەحموود و هەموو بەناهەق زیندانییکراوانی باشوور!
بژی کۆمەڵگەی ئازاد، دادپەروەر و یەکسان!
ناوەندی هەواڵ و ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٥/٠٤/٢٠٢٣