پەیامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان بەبۆنەی یەکی ئەیار ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکارەوە

یەکسانی
29-04-2023

سەرهەڵدانی ململانێیەکی چەند جەمسەرەی دوای ڕووخانی سۆڤیەت و کۆتاییهاتنی سەردەمی یەکەتازیی ئەمریکا و شەڕی وڵاتانی ڕۆژاوایی و دەوڵەتی ڕووسیە لە سەر خاکی ئوکراین و پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان چین و ئەمریکا، نیشان دەدەن کە کاپیتالیزم چ قەیرانێکی قووڵی ئەولەکاریی لە ئاستی جیهانییدا هێناوەتە ئاراوە.

ئەمڕۆکە سیستمی کاپیتالیستیی جیهانیی نەک هەر کەلێنە چینایەتییەکانی بەرینتر کردۆتەوە و خەڵکی تووشی بێکاریی و هەژارییەکی لە ڕادەبەدەر کردووە، بەڵکو لە ئەنجامی سەرهەڵدانی قەیرانێکی قووڵتر لە قەیرانەکانی سەردەمی دوو جەنگی جیهانیی، مرۆڤایەتیی و سەرجەم ژیانی لەگەڵ مەترسیی جەنگێکی ئەتۆمی ڕووبەڕوو کردۆتەوە.

بۆیە ئەمڕۆکە لە هەموو وڵاتان لەگۆڕنانی کاپیتالیزم و دامەزراندنی سیستمێکی یەکسانییخوازانە کە بەڕێوەبەرانی نوێنەرانی ڕاستەوخۆی خەڵک بن، پێداویستییەکی هەنووکەییە و ئەمەش بێگومان بە تەنها ئەرکی چینی کرێکار و خەڵکی هەژاری ئەم و ئەو وڵات  نیە، بەڵکو ئەرکی هەموو مرۆڤایەتییە. ئەرکی هەموو ئەوانەیە کە دەیانەوێت ژیان بەردەوام بێ. ئەرکی هەموو ئەوانەیە کە لایەنگری ئاشتیی و مرۆڤدستیی و ژینگەیەکی پاک و جیهانێکی دوور لە شەڕ و چەوسانەوە و نادادپەروەریین.

کرێکاران، کۆمەڵانی زەحمەتکێشی کوردستان و ئێران!

ئەمڕۆ ئێمە لە کاتێکدا بەپیر ڕۆژی جیهانیی چینی کرێکارەوە دەچین، کە لە کوردستانی داگیرکراوی ئێمەدا شەڕ و داگیرکاریی سەت ساڵە هەروا بەردەوامە و خەبات و خۆڕاگریش بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتیی لێبڕاوانەتر و سەردەمییانەتر لە جاران درێژەی هەیە. ئەمڕۆکە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێمە لە سۆنگەی وەستانەوەی دلێرانە و پێشکەوتووانەی بەرانبەر بە ڕژیمی پاشایەتیی و کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامییدا خەباتەکەی تا ڕادەیەکی زۆر لە ئاستی ئێراندا پشتیوانی لێ دەکرێت و درووشمەکانی دووبارە دەکرێنەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستانی شۆڕشگێڕ ئەمڕۆکە سەرەڕای برینە مێژووییەکەی خۆی، بووەتە مەرهەمی ساڕێژکەری برینی نایەکسانیی بۆ خۆی و دەوروبەریشی و زیاتر لە ٧ مانگە سەربەرزانە ئاڵای سووری ڕێنسانسی یەکسانیی و ئاڵای ئازادی گەلانی بندەست و ئاڵای دابینکردنی مافی چارەنووس بۆ گەلان و بەیداخی لەگۆڕنانی کۆماری ئاپارتایدی ڕەگەزیی بەرز و شەکاوە ڕاگرتووە. کوشتاری سەر شەقامەکان و سێدارە و ڕاپێچکردنی هەزارانیش بۆ زیندانەکان نەیتوانیوە خەڵک بێدەنگ بکات و شۆڕش سەرەڕای هەوراز و نشێوەکانی زۆر سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە.

هێرشە شیمیاییەکانی ڕژیم بۆ سەر خوێندنگەکانی کچان و پڕکردنی خوێندنگە و ناوەندەکانی کار لە بەسیجی و پاسدار نیشانەی بێهێزیی و ترس و داماویی ڕژیمە بەرامبەر بەو شۆڕشەی کە بەردەوام  لە پەرەسەندندا بووە. ئەوەتا ئەمڕۆکە  لە سەروبەندی یەکی ئەیاردا ناڕەزایەتییە کرێکارییەکانی کوردستان و ئێران شەپۆل دەدەن و نزیک بە ١٠٠ لە ناوەندە کرێکارییەکانی بەشی  نەفت، گاز، پێترۆشیمی، ئاسن و پۆڵا لە مانگرتنی گشتی دان و چینی کرێکار لە زۆربەی کەرتەکان خۆی بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی شۆڕش و لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامیی ئامادە دەکات. ئەمە ئەرکێکی هەنووکەیی چینی کرێکارە، چونکە کرێکاران و خەڵکی کوردستان و ئێران هیچ ڕێگایەکی تریان نییە جگە لە درێژەدان بە شۆڕش تا سەرکەوتن. بەرەی دوژمنیش هیچ ڕێگاچارەیەکی نییە بۆ لەسەر کار مانەوە، جگە لە سەرکوت کە سەرکوتیش دادی نادات.

کرێکارانی کوردستان و ئێران، خەڵکی ڕاپەڕیو!

کۆڵبەری و سوختبەری و داواکردنی مووچە نەدراوەکان ئیتر وەڵامدەرەوە و چارەساز نییە. گرانیی و بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری نرخی هەڵاوسان میلیۆنان خانەوادەی تا ئاستی داڕمان بردووە. ئەمڕۆ ڕۆژ ڕۆژی ڕاپەڕینی سپارتاکووسەکانە. ڕۆژی درێژەدان بە شۆڕشە تا سەرکەوتن. ئەمڕۆکە چەکی یەکلاکەرەوەی شۆڕش مانگرتنێکی گورچوبڕی سەرتاسەرییە کە هەموو کارخانەکان و ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان بە تەواوەتیی بخەوێنێت. کلیلی بەسەکەوتن گەیاندنی شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی لە دەستی ئێوەدایە. ئەو کلیلەی کە لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوییدا لوولەکانی نەوتی بەست و پشتی ڕێژیمی حەمە ڕەزا شای تێکشکاند. هاوڕێیان، ڕۆژیەتی پێشڕەو و ڕێکخراو بین، یەکگرین و چەرخی چارەنووس بەدەست خۆ گرین!

بەهیوای هاتنە مەیدانی میلیۆنیی چینی کرێکار و زەحمەتکێش و نەتەوە ستەملێکراوەکان بۆ لەگۆڕنانی سەرمایەداریی و دامەزراندنی سیستمێکی سۆسیالیستیی سەردەمیانە و یەکسانییانە. سۆسیالیزمێکی زانستیی کە ئاشتیی و یەکسانیی و دادپەروەریی ئامانجی بێت و دەست بەرێت بۆ لەگۆڕنانی سیستەمی سەرمایەداریی و دابینکردنی ژیانێکی شیاوی مرۆڤ بۆ هەمووان. ژیانێک، سیستەمێک کە تیایدا نان و دەرمان و شوێنی حەوانەوە و خوێندن و خزمەتگوزارییە تەندرووستیەکان کاڵایەک نەبن بە دەستی لە سەدا یەکەکانەوە بۆ چەوساندنەوە بەکۆیلەکردنی لە سەتا نەوەدو نۆیەکان.

بژی یەکی ئەیار ڕۆژی هاوپشتی جیهانیی کرێکاران!

سەرکەوێ شۆڕشی ژن ـ ژیان ـ ئازادی!

بڕووخێ کۆماری ئاپارتایدی ئیسلامیی ئێران!

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٤/٤/٢٠٢٣