لەسێدارەدرانی چالاکڤانی سیاسیی عەرەب،حەبیب ئەسیود، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە شەرمەزار دەکەین!

یەکسانی
06-05-2023


بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٦/٥/٢٠٢٣ دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە چالاکڤانی عەرەبی ئەهوازی، حەبیب ئەسیوودی بە تۆمەتی "فەساد لەسەر زەوی و دژایەتیی ئەمنیەتی نەتەوەیی ئێران" لەسێدارە داوە.

فەرەجوڵڵا چاب ناسراو بە حەبیب ئەسیود، چالاکڤانێکی سیاسیی عەرەبی ئەهوازیی و بەڕێوەبەری گشتیی پێشووی "بزووتنەوەی عەرەبی بۆ ڕزگاریی ئەهواز" ناسراو بە "حرکە النضال" بوو کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن دەزگای سیخوڕیی کۆماری ئیسلامی لە تورکیا ڕفێندرا و بە نهێنی گواسترایەوە بۆ ئێران. ناوبراو دوای ئەشکەنجەیەکی زۆر لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییدا لە ڕەشەمەی ئەمساڵ حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەسێدارە درا.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم جینایەتەی کۆماری ئیسلامی، خۆی بە هاوخەمی بنەماڵە و کەسوکاری نەمر حەبیب ئەسیود و هەموو ئازادیخوازانی عەرەبی ئەهواز دەزانێ و داواش لە ئازادیخوازان و هەموو لایەنگرانی مافی مرۆڤ دەکات تا لە ئاست جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لەئاست لەسێدارەدانی ئازادییخوازان بێدەنگ نەبن.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٦/٥/٢٠٢٣