کۆماری ئیسلامی سێ زیندانیی سیاسی تریشی لەسێدارەدا!

ناوەندی ڕامیاریی یەکسانی
19-05-2023


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ، ٢٩ی گوڵانی ١٤٠٢ هەتاویی، (١٩ی مای ٢٠٢٣)، سێ زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی ساڵح میرهاشمی، ماجید کازمی و سەعید یەعقووبی کە لە دەسبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا لە ئیسفەهان بوون، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لەسێدارە دران.
ئەم سێ زیندانییە سیاسییە لە ماوەی شۆڕشی ژینادا لە ٠٨/٢٥/ ٤٠١ی هەتاوی لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی سێ چەکداری سەرکوتکەری ڕێژیم لە ئیسفەهان کە دوو کەسیان بەسیجی و یەکێکیان سەرهەنگێکی "یەگانی ویژەی"ی ڕێژیم بوون، لەگۆڕەپانی ئەمنیی گەڕەکی "ماڵی ئیسفەهان" دەسبەسەر کران. ئەم سێ زیندانییە کە لەژێر ئەشکەنجەدا دانیان بە کوشتنی سێ سەرکوتکەرەکەی ڕێژیم نابوو، لە ١٩ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی "موحاربە لەگەڵ خودا"، سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی لە یەکساڵی ڕبردوودا و بەتایبەت دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ژینا بە سەدان زیندانی لەسێدارە داوە کە ژمارەیەکی زۆریان سیاسی بوونە. هەر لەم پێوەندییەشدا بە دەیان هەزار کەسیش لە ساڵی ڕابردوودا لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر و شکەنجە کراون کە ڕێژیم تا ئێستاش لەم جینایەتە بەردەوامە. ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامیی لەژێر گوشاری شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادیدا و بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی خۆی ڕێژەی لەسێدارەدانی هەڵسووڕاوانی سیاسیی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردۆتەوە و چاوەڕوانیی دەکرێت ئەم ڕێژەیە لە ڕۆژانی ئایندەدا بەرزتریش بکرێتەوە .
ژمارەیەک لەم لاوانەی کە لە ئێستادا زیندانیی سیاسین و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپاوە و نیگەرانیی ئەوە هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەسێدارەیان بدەن بریتیین لە شوعەیب میربلوچزێهی ریگی، نیزامەددین حوت، کامبیز خروت، مەنسوور دێهمورده ، ئیبراهیم نارویی، مەنسوور حوت، عەلی مەجدەم، محەممەدڕەزا موقەددەم، موعین خەنفەری، حەبیب دەریس، عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، موجاهید کور کور، سەعید ئەرجومەندی و کیومەرث مەنبەری. هاوکات گیانی چەندین زیندانیی سیاسیی کورد لەوانەش سامان یاسین و ڕەفیق سەلیمی بەردەوام لە مەترسی دان.
پێویستە خەڵکی کوردستان و ئێران درووشمی هەڵوەشاندنەوەی سزای کوشتن، لەسێدارەدان و قەساس بکەنە یەکێک لە سەرەکییترین درووشمەکانی شۆڕشی ژینا و ڕێگە نەدەن چیتر ڕێژیم بە بیانووی جۆراوجۆر خەڵک لەسێدارە بدات.
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان وێڕای شەرمەزارکردنی لەسێدارەدانی ئەم سێ چالاکڤانە سیاسییە، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاریان دەکا و داواش لە هەموو ئازادیخوازان و لایەنگرانی مافی مرۆڤ دەکات تا لە حاند لەسێدارەدانی زیندانییانی سیاسی لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بێدەنگ نەبن!

یادیان بەرز و بەڕێز بێ!
نەمان بۆ کۆماری سێدارەی ئیسلامیی ئێران!
ناوەندی ڕامیاریی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
٢٠٢٣/٠٥/١٩