چل و سێیەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی هاوڕێ تەوار، کادری تێکۆشەری کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، بەرز ڕادەگرین!

ناوەندی ڕاگەیاندن
25-05-2023

ئەمڕۆ ٤٣ ساڵ بەسەر تیربارانکردنی هاوڕێ مەستوورەی شاسواری (تەوار) لە لایەن ڕێژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامییەوە تێدەپەڕێت. هاوڕێ تەوار پەروەردەی بنەماڵەیەکی یەکسانیخواز و نیشتمانپەروەری شاری سەقز بوو کە لە دامەزراندنی کۆمەڵەی یەکسانییدا نەخشیی بەرچاویان هەبوو. چالاکیی سیاسیی هاوڕێ تەوار لە تەمەنی ١٦ ساڵییدا و لە سەردەمی ڕژیمی شادا بە پێکهێنانی چەند شانەیەکی نهێنیی، کە گرنگترین کاریان نووسین و بانگەشەی شۆڕشگێرانە دژی ڕژیمی شا و کاری ڕۆشنگەریی بوو دەستی پێ کرد.

هاوڕێ تەوار یەکێک لە چالاکترین هەڵسووڕاوانی خۆپیشاندانەکانی شاری سەقز بوو لە دژی ڕژیمی شا. هەروەها لە مانگرتنەکانی خوێندکارانی ئەو شارەدا ڕۆڵی ڕێکخەر و پێشەنگی دەبینی. پاش ڕووخانی ڕژیمی شا، هاوڕێ تەوار بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان و سەرەتا لە دانانی کتێبەخانە لە گوندەکان و پاشان لە ڕێکخستنی ژنانی چەوساوە و هەروەها بەشداریی و ڕێکخستنی خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی شارەکانی سەقز و سنە و بانەوە بۆ شاری مەریوان و بۆ پشتگیریی کۆچی مێژوویی خەڵکی مەریوان ڕۆڵی بەرچاوی بینی.

٤٣ ساڵ لەمەوپێش، کاتێک ڕژیمی ئیسلامی هێرشی خوێناوی کردبووە سەر کوردستان و شاری سنەی سووری تەوارەکان ٢٤ ڕۆژ لە بەرانبەر هێرشی زەوینیی و هەوایی ڕژیمی داگیرکەری ئیسلامییدا قارەمانێتیی دەنواند، هاوڕێ تەوار، کادری نموونەی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان، کە لە سەقزەوە بۆ خوێندن چووبووە شاری سنە، لە بەرەکانی جەنگدا هاوشانی خەڵک و هێزی پێشمەرگە قارەمانانە بەشداری ئەم شەڕە نابەرابەرە بوو.

لە میانەی داگیرکرانی شار و پاشەکشەی هێزی پێشمەرگەدا هاوڕێ تەوار لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی دەستگیر   کرا و بە مەبەستی پاشگەزکردنەوەی لە ڕێباز و ئامانجەکەی، کەوتە بەر ئازار و شکەنجەی زۆری بەکرێگیراوانی ڕێژیم لە پادگانی سنە. بەڵام هاوڕێ تەوار نەک هەر پاشەکشەی لە ئامانج و ڕێبازەکەی نەکرد، بەڵکو بە شانازییەوە دەیکوت کە " من پێشمەرگەی کۆمەڵەی یەکسانییم و شانازیی بە ڕێباز و ئامانجەکەمەوە دەکەم". خۆڕاگریی هاوڕێ تەوار لە بەرانبەر شکنجەگەراندا لە زیندانی پادگانی سنە ببووە وێردی سەر زمانی سەدان زیندانیی سیاسیی کە لەو پادگانەدا بەند کرابوون و بە قارەمانێتیی خۆی ورەی بەوانیش دەبەخشی.

مەخابن  دوای زیاتر لە مانگێک شکنجەی قورس, هاوڕێ تەوار لە شەوی ٤ی مانگی جۆزەردانی ١٣٥٩ی هەتاوی (٢٥ی مانگی مەی ١٩٨٠ زایینی) لەگەڵ چالاکێکی سیاسیی بانەیی بە ناوی نەسروڵڵای قوددوسی، لە مەیدانێکی گەورەی پادگانی سنە لە پێش چاوی زیاتر لە ٢٥٠ زیندانیی، کە لەوێ کۆکرابوونەوە گوللـەباران کرا. هاوڕی "تەوار" یەکەم ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە دەست جەللادانی کۆماری ئیسلامیی گولـلـەباران کرا. تەرمی هاوڕێ تەوار سەرەتا لە شاری بۆکان بە خاک سپێردرا و پاشان لەوێوە گوازرایەوە بۆ گۆڕستانی سەقزی ژینای هەمیشە زیندوو.

هاوڕی تەوار یەکێک لە شێلگیرترین و وشیارترین و یەکسانییخوازترینی ئەو شۆڕشڤانانە بوو کە وەک ڕابەر و ڕچەشکێنی شۆڕشی یەکسانییخوازی و پێشەنگی ئامانجی ژن ـ ژیان ـ ئازادی بۆ هەمیشە لە مێژووی کوردستاندا زیندوو دەمێنێتەوە.

سڵاو لە گیانی پاکی هاوڕێ تەواری نەمر و هەموو گیانبەختکردووانی ڕێبازی یەکسانیی و سەربەخۆیی کوردستان!

بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٣ی جۆزەردانی ١٤٠٢ ی هەتاوی، ٢٥/٥/٢٠٢٣ زایینی