١٠٠ ساڵەی پەیمانی شوومی لۆزان چیمان پێ دەڵێت، ئێستا لە کوێین و دەبێ چی بکەین؟

Yeksani
22-07-2023

١٠٠ ساڵ لەمەوپێش لە ڕێکەوتی ٢٤/٧/١٩٢٣ کۆنفرانسی لۆزان بە بەشداریی وڵاتانی براوە و دۆڕاوی جەنگی جیهانیی یەکەم لە لۆزانی سوئیس بەڕێوە چوو. لەو کۆنفرانسەدا پەیماننامەیەک بە ناوی پەیمانی ئاشتیی لۆزان پەسەند کرا، کە بۆ کوردستان پەیمانی نەهامەتیی و شەڕ و داگیرکاریی و ژێردەستەیی بوو.

لەو کۆنفرانسەدا دەوڵەتانی براوەی جەنگی جیهانیی یەکەم و ئیمپراتۆری دۆڕاوی عوسمانیی بەندەکانی ٦٢، ٦٣ و ٦٤ی پەیمانی سیڤەریان خستە پشت گوێ، کە لە ڕێکەوتی ١٠/٨/١٩٢٠ دا بەڵێنیی دامەزرانی دەوڵەتی کوردستانیان لە بەشێکی باکووری کوردستان دابوو و تەنانەت ڕێگەیان دابوو باشووری کوردستانیش ئەگەر بیەوێت بۆی هەبێت بەو دەوڵەتەوە پەیوەست بێت.

لە سەتساڵەی پەیمانی لۆزاندا بە پێویستی دەزانین، وێڕای ئاماژەیەکی کورت بە هۆکارەکانی سەرنەگرتنی هەوڵەکانی خەڵکی کورد بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاریی لە کۆتوبەندی ستەمی نەتەوایەتیی، ئاوڕێک لە دۆخی ئێستا بدەینەوە و ڕێگاچارەیەک بخەینە ڕوو. بە بۆچوونی ئێمە، هۆکارە سەرەکییەکانی سەرنەکەوتنی خەباتی خەڵکی کوردستان دەکرێ بە سێ دەستە پۆلێن بکرێن:

هۆکاری یەکەم ئەوەیە، کە دەوڵەتە زلهێزەکان هەمیشە پرسی کوردستانیان وەک کارتێکی فشار لە بەرژەوەندی ئابووریی و سیاسیی خۆیاندا بەکار هێناوە. هۆکاری دووەم ئەوەیە، کە نەتەوە سەردەستەکانی عەرەب و تورک و فارس، وەک میراتگرانی ئیمپراتۆرییەکانی عەباسیی و ئەمەویی و عوسمانیی و سەفەویی، بە بەراورد بە گەلی کوردی بێ دەوڵەت و بێ پێگەی نێونەتەوەیی، باڵادەستییەکی ڕەهایان بووە. ئەزموونی دەوڵەتدارییان بووە و مێدیا و هێزی سەربازیی و دەوڵەتیان بەدەستەوە بووە.

هۆکاری سێیەمی ژێردەستەمانەوەی خەڵکی کوردستان، کە ڕەنگە گرنگترین هۆکاریش بێت، ناپێگەیشتوویی و ناپوختەیی کۆمەڵگەی کوردستان بووە بۆ پرسی بەدەوڵەتبوون. لە کۆتایی شەڕی جیهانیی یەکەمدا، کاتێک نەخشە و جوگرافیای سیاسیی جیهان داڕێژرایەوە و چەندین دەوڵەتی نوێ دامەزران، کوردستان کۆمەڵگەیەکی دەرەبەگایەتیی و دێنشین بوو و ڕێژەی خوێندەوارییش لە پلەیەکی ئێجگار نزمدا بوو. پیشەسازیی لە کوردستان دیاردەیەکی نامۆ بوو و جگە لە دەسەڵاتە میرنشینەکان، کە ئەوانیش ئەو سەردەمە نەمابوون، کوردستان لە بواری دەوڵەتدارییدا ئەزموونێکی وەهای نەبوو.

هەژاریی ڕۆشنبیریی و سیاسیی و لاوازبوونی فەرهەنگی شارستانیی کارێکی کرد، کە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی دنیا و ڕووخانی ئیمپراتۆری خەلیفەکان، بەناوی هاودینیی کورد و تورکەوە، باکووری کوردستان، دوو دەستەکی ڕادەستی ناسیۆنالیزمی تورکیی و دەوڵەتی تازە دامەزراوی تورکیە بکرێت، کە وەک میراتگری ئیمپراتۆریی عوسمانیی زیرەکانە توانی دەست بە سەر باکووری کوردستاندا بگرێت.

ئەم هەژارییە سیاسیەی کۆمەڵگەی کوردستان و زاڵبوونی فەرهەنگی خێڵەکییانە کارێکی کرد، نەتەوەی کورد لەو ئاستەدا نەبێت، کە بتوانێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ، لە کوردستان خودی دەرکەوێت. ئەمەش ئەوەی لێکەوتەوە، کە پاش پەیمانی سیڤەر لە دانیشتنە نێونەتەوەییەکاندا، لە ناوەندەکانی بڕیارداندا تا ئەمڕۆش کورد بە تەواوەتیی پەراوێز بخرێت، نۆرەی ئاخافتنی پێ نەدرێت و وەک خاوەنی کوردستانیش نەیەتە هەژمار. بانگنەکرانی نوێنەرانی ڕۆژاوای کوردستان بۆ کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکانی گرێدراوی پرسی سووریەی سەردەمی جەنگی داعش، گەواهیدەری ئەم ڕاستیە تاڵەن.

لە سەردەمی پەسەندکردنی پەیمانی سیڤەردا، کە لە ئەنجامی تێکۆشان و ماندووبوونی دیپلۆماتکاری وشیاری کورد شەریف پاشای خەندان توانرا سێ بەند لە بەرژەوەندی گەلی کورد لەو پەیمانەدا بگونجێندرێن، بەڵام زاڵبوونی فەرهەنگی خێڵەکیانە و دینیی کارێکی کرد، وەک پێویستە لە باکووری کوردستان پشتگیریی هەوڵەکانی شەریف پاشا نەکرێ و پەیمانی سیڤەر ئەوەندەی پەیوەندی بە کوردەوە هەبوو لەبار ببرێ و کوردستانی دوو پارچەکراو، چوار پارچە بکرێ و گەلی کورد لە وڵاتی خۆیدا دابڕدابڕ و بە کەمینە بکرێ و داگیرکەر لە کوردستان ببنە خاوەن ماڵ و مافی چارەنووسی گەلی کورد لەلایەن داگیرکەران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە هەتا ئەمڕۆش بکرێتە بڤە و پرسێکی ئاسایشیی.

لە پەیمانی لۆزان بەولاوە، گەلی کورد زیاتر و زیاتر لە جاران مافی نەتەوایەتیی پێشێلکراوە. هەر کاتێک داوای مافی خۆی کردبێت، لەلایەن فاشیزمی تورکیی و عەرەبیی و فارسییەوە وەک کافر و جیاوزیخواز و تێکدەری ئاسایشی نیشتیمانیی و وەک هەڕەشەی سەر خاک و سەروەریی تورکیە و عێراق و سووریە و ئێران چاوی لێ کراوە و بە توندترین شێوە و بە هێزی چوار دەوڵەت و بە پشگیریی زلهێزە ئیمپریالیستییەکان، بە هۆڤانەترین شێوە سەرکوت کراوە. بە واژۆکردنی پەیمانی لۆزان و لەباربردنی پەیمانی سیڤەر، مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان بووە قوربانیی ململانێی زلهێزەکان و کوردستان وەک وڵاتێکی “بێ خاوەن“ بووە گۆڕەپانی تەراتێنی داگیرکەران و سەرکوتی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا ڕەوایەتی قانوونیی پێ درا.

پاش ١٠٠ ساڵ ئەمڕۆکە لە کوێ وەستاوین و دەبێ چی بکەین؟

ئێستاش پاش تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر لۆزاندا، بە بەراورد بە نەتەوە سەردەستەکان، لە زۆر بواردا ئێمە لە پاشین. ئەوان دەوڵەتیان هەیە، ئێمەش حیزب، ئەویش زیاتر حیزبی جێگرەوەی خێڵەکانی ١٠٠ ساڵ لەمەوپێش. کۆمەڵێک حیزبمان هەن، کە بۆ پرسی نەتەوایەتیی کوردستان ستراتیژیی و دیسکۆرسێکی هاوبەشیان نیە و تەنانەت هەندێک لەو حیزبانە، سەر بە بنەماڵەگەلێکی دیاریکراون و ڕۆڵی کۆمپانیی ئەو بنەماڵانە دەبینن و هەشیانە بە ئاشکرا ئاو دەکاتە ئاسیاوی داگیرکەرانی کوردستان.

ئەگەر کوردستان پێش پەیمانی لۆزان لە بواری ئابووریی و پیشەسازییدا لەپاش بوو، ئەمڕۆکە بە پلان و بەرنامەی داگیرکەران لە ڕووی ئابووریی و پیشەسازییەوە لە دواکەوتووییدا ڕادەگیرێت و سامانە سرووشتییەکانشی لەلایەن داگیرکەرانەوە بەتاڵان دەبرێن. بۆیە کرێکاری کورد، بۆ دابینکردنی ژیانێکی نەمرنەژیی، ڕوو دەکەنە دەرەوەی کوردستان و کاری کۆیلەئاسای کۆڵبەریی بووەتە پیشەی هەزاران کورد و تەنانەت ئەو ژن و پیاوانەش، کە بڕوانامەی بەرزیان هەیە.

بێگومان ئەمڕۆکە کۆمەڵگەی کوردستان لە هەموو بەشەکان پێشکەوتنێکی ئاکادیمی باشی بەخۆیەوە بینیوە و دەستڕاگەیشتنی کورد بە کەناڵە ئاسمانییەکان و ئینتێرنێت دەستکەوتی گەورەن، بەڵام بەداخەوە لە گۆرەپانی سیاسەتدا، فەرمانی کەشتیی بزووتنەوەی ڕزگارییخوازانەی کوردستان لە دەستی کۆمەڵێک حیزبی دەستەڕاستییدایە، کە سەربەخۆیی و ڕزگاریی خەڵکی کوردستان خەم و ستراتیژیی ئەوان نیە. ئەمانە نەک بۆ پێشخستنی فەرهەنگیی کوردستان کارێکیان نەکردووە، بەڵکو هەوڵیان داوە فەرهەنگ و دابونەرییتە کۆنەپەرستانەکان بهێڵنەوە و لە باشوور تەنانەت هەوڵیان داوە فەرهەنگی خێڵایەتییش ببوژێننەوە.

بەداخەوە لایەنە چەپ و سۆسیالیستەکانی کوردستانیش بەهۆی زاڵبوونی ڕوانگەی ئێرانچێتیی و عێراقچیێتیی و ... وە نەیانتوانیوە وەک پێویستە ئەرکی خۆیان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستاندا جێبەجێ بکەن. هەندێک لەم لایەنانە، هەرچەندە لە بزووتنەوەی کوردستاندا مێژووێکی درەخشانیان تۆمار کردووە و لە پێشخستنی کولتووری سیاسیی کوردستاندا ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە، بەڵام مخابن سۆسیالیزمەکەیان هەمیشە گرێداوەتەوە بە پایتەختی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و پێیان وا بووە ئەنتەرناسیۆنالیزمی بێخەوش ئەوەیە، کە نکۆڵیی لە کوردستانییبوونی خۆت بکەیت و لەگەڵ خەڵکی تاران و بەغدا و ئانکارا خۆت بە خەڵکی وڵاتێک بزانیت.

ئەمڕۆکە لە سەدەی ٢١دا دۆخی کورد بەجۆرێکە، کە سەرەڕای بوونی دەسەڵاتی خۆجێی باشوور و دەسەڵاتی دیفاکتۆی ڕۆژاوای کوردستان، هێشتا خەڵکی کورد خاوەن کیانێکی سەربەخۆی پتەوی ناوچەییش نیە. دەسەڵاتی ڕۆژاوا لە ئاستی جیهانیی و لە ئاستی سووریەشدا فەرمییەتی نیە و دەسەڵاتی باشووریش سەرەڕای فەرمییەتە عێراقیی و جیهانییەکەی، لە سۆنگەی دەسەڵاتی بنەماڵەکان و ململانێی زۆنەکانی ئەمبەر و ئەوبەری دێگەڵە و گەندەڵییەکانیان، لە بناغەیەکی پتەو بەهرەمەند نیە و لەژێر هەڕەشەدایە.

باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەژێر چەکمەی ڕژیمە داگیرکەرەکانی تورکیە و ئێراندان و گەلی کورد لەو بەشانەی کوردستان لە هیچ مافێکی نەتەوایەتیی بەهرەمەند نیە و لەپاڵ جینۆسایدە بەردەوامەکان، بەشێوەیەکی سیستتماتیک زمان و فەرهەنگ و مێژووشی جینۆساید کراوە و سامانە سرووشتیەکانیشی بەتاڵان براوە.

بەداخەوە ئەمڕۆش یەکێک لە هۆکارەکانی ژێردەستەمانەوەمان هەر خۆمانین. ئەوەتا زیاتر لە ٢٠ ساڵە حیزبەکانی بەشەکانی کوردستان باسی گرنگیی دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان دەکەن و هەر خۆشیان لەمپەرن لە بەردەم پێکهاتنی وەها کۆنگرەیەکدا. بێگومان دامەزراندنی وەها کۆنگرەیەک بە بەشداریی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دەتوانێت تا ڕادەیەک پارسەنگی هێز لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی کوردستاندا بگۆڕێت، بەڵام بەداخەوە، ئەگەر ڕیالیست بین دەبێ بڵێین لەمڕۆدا ڕووناکاییەک نابینین بۆ دامەزراندنی وەها کۆنگرەیەک، کە هێژمۆنی هیچ حیزبێکی بەسەرەوە نەبێت، خاوەن میدیا و نوێنەرایەتیی تایبەت بەخۆی بێت و لە ئاستی نێونەتەوەییدا نوێنەرایەتی هەمووخەڵکی کوردستان بکات. بێگومان ئەم دۆخە ناهەموارە نابێ بێهیوامان بکات و لە هەوڵی پێکهێنانی وەها کۆنگرەیەک ساردمان بکاتەوە.

پێکهێنانی ئەو کۆنگرە گشتگیرە فرە گرنگە، بەڵام بۆ بەسەرکەوتنگەیاندنی بزووتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان، تەنها هاودەنگیی و یەکێتیی گشتیی هەموو لایەنەکان بەس نیە، بەڵکو لایەنە سیاسیە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی کوردستانیش پێویستە لەپاڵ هەوڵدانیان بۆ دامەزراندنی کۆنگرەیەکی گشتگیر، هەوڵی دامەزراندنی بەرەیەکی تایبەت بە خۆشیان بدەن. لە سەردەمی درۆن و تەکنۆلۆژی پێشکەوتووی جەنگییدا، بە خەباتی چەکدارانەی کلاسیک و بە کڵاشینکۆف و ئارپیجی بەربەرەکانێی دەوڵەتانی داگیرکەر و فاشیستی پڕچەک ناکرێت. ئەمڕۆکە پێویستە ڕیزەکانی گەلی کورد لە شەقام و شاران، لە کوردستان و لە هەندەران ڕێک بخرێن.

لە دنیای تێلێکۆمۆنیکەیشندا گەلی کورد بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم بواری ئەوەی بۆ ڕەخساوە، کە لە ئاستێکی فراواندا خۆی ڕێک بخات و لە ڕوانگەیەکی چەپ و سۆسیالیستییانەوە بۆ چارەسەری پرسی کورد هەنگاو بنێت. ڕوانگەیەک کە شۆڕشی کوردستان بە شۆڕشێکی فرەڕەنەهدیی دەزانێت و لەم شۆڕشەدا خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافە چینایەتییەکانی کرێکاران و هەژاران و خەبات بۆ یەکسانیی ڕیشەیی ژن و پیاو و خەبات بۆ چەسپاندنی فەرهەنگێکی یەکسانییخوازانە، بەشێک دەبن لە خەبات بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمی نەتەوایەتیی و داگیرکاریی لە کوردستان.

ئەمڕۆکە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەڵکردنی ئاڵای شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ئازادی، ئاسۆی هیوابەخشی وەها شۆڕشێکی چەپی بەڕووی کوردستاندا کردۆتەوە. بەو هیوایە بەشەکانی تری کوردستانیش پشتگیریی بن و بە هەمان ئاڵاوە بچنە جەنگی دیکتاتۆر و داگیرکەر و نادادپەروەریی و نایەکسانیی.

نا بۆ پەیمانی شوومی لۆزان!

نا بۆ داگیرکاریی و نایەکسانیی نەتەوایەتیی!

سەرکەوێت شۆڕشی کوردستان بۆ چەسپاندنی سەربەخۆیی و یەکسانیی!

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٤/٧/٢٠٢٣