هاوکاریی کەموێنەی ئەمڕۆی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ مەریوان، هاوپشتییە دیرۆکییەکەی کۆچی مێژوویی مەریوانی بیر خستینەوە!
Yeksani
06-08-2023

ئەمڕۆ پۆل پۆل لە ژنان و پیاوانی ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆبەخشانە و لە هەڵمەتێکی پانوبەریدا بەهانای خەڵکی مەریوانەوە چوون بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی چەن ڕۆژێک بوو دوژمن بەریدابووە دارستانەکانی ناوچەکە و کوژاندیانەوە. دەستان خۆش و هەمیشە یەکگرتوو و سەرکەوتوو بن ژنان و پیاوانی کوردستانی ژن و ژیان و ژینگە و یەکسانیی!
ئەم هاوپشتییە پان و بەرین و شکۆدارەی ئەمڕۆی ئێوە، ئەمڕۆی ئێمە جێی شانازییەکی گەورەیە بۆ هەموو کوردستان. ئەمە دەیسەلمێنێت، کە شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ژینگە ــ ئازادی لە گوڕوتیندایە و ئاڵای شۆڕشمان هەرگیز نانەوێت!
ئەمڕۆکە ژنان و پیاوانی ڕۆژهەڵات سەلماندیان، کە کوردستان هەموو شار و گوندێکی مەریوانی دوانزە سوارەیە، بەڵام نەک وەکو ئەوجارە، تەنها پیاو و دوانزە سوارە، ئەمجارە هەزار هەزارە!
ئەمڕۆکە شۆڕەسوارانی شۆڕشوانی ژن و پیاوی یەکسانییخوازی دەڤەرە جیاجیاکانی کوردستانی لە شکستنەهاتوو، باجوەر ئاسا چوونە جەنگی دوژمن و کاک فوئادی هەژاران و کۆچی مێژوویی مەریوان و ئەو کچە قارەمانەی بیر خستینەوە، کە لە کۆچی مێژوویی مەریواندا و لە هۆنراوەکەی مامۆستا سالار (عەلی قوتبی)دا ڕوو بە ئایەتوڵڵا لاهووتی دەیگوت:
با ئەوەمان لەبیر نەچێ
چلۆن گەڵای ئەخوارد کچێ
هەتا بزانێ لاهوتی
بێقیمەتە هاتوهووتی
خەڵکی قارەمانی مەریوان و هەموو ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ئەمڕۆ ئێوە بۆ جارێکی تر سەلماندتان شۆڕشە فرە ڕەهەندیەکەتان لە شکست نایە، ئێمە یەکگرتوو بین هیچ دوژمنێک لە ڕۆستمان نایە.
پیرۆزە یەکێتییمان! پیرۆزە هاوپشتیی و هاودڵییمان! سڵاو لە وشیاریی و گیانبازییتان!
بڕووخێت کۆماری ئیسلامیی!
سەرکەوێت شۆڕشی ژن ــ ژیان ــ ژینگە ــ ئازادی!
ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ی هەتاوی
٦/٨/٢٠٢٣ی زایینی