دوو هۆنراوەی پڕهەست و سۆزی جوانیی هاوڕێ حسەینی شافێعی

حسەین شافێعی
27-11-2023

دوو هۆنراوەی پڕهەست و سۆزی جوانیی هاوڕێ حسەینی شافێعی

 

نەمدەناسیت!

نەمدیتبووی!

بەڵام کوا ئەوە گرینگە؟

مرۆڤەکان، هەموویان لێک ترنجاون

بەڵام بە قەد دووری هەموو ئاسمانەکان لە یەک دوورن

هەموو نیگای پڕ گومانیان،

لە ژێر چاویلکەی ڕەشەوە حەشار داوە،

دەرگای دڵیان،

یەک لە دوای یەک ، داخراوە

گوێیان چاوەڕێی فرمانە

هەناسەیان شایەت حاڵی ماراتۆنی

دونیایەکی بێ ئەنجامە،

هەڵاتنێ بێ کۆتایی،

بۆ گەیشتن بە خاڵی سفر،

نەمدەناسیت!

نەمدیتبووی!

بەڵام کوا ئەوە گرینگە؟

ئەوانەی وا دڵیان بڵێسەی ئاگرە و ،

چاویان دەریایەکی ئارام،

گوێیان پڕە لە مۆسیقای خۆشەویستی،

هەناسەیان بە بۆنی بەیانیی بەهار ئاخنراوە،

بە دەستێکیان کتێبی حەزرەتی ئەشق و دەستێکیشیان پڕ لە دیاری،

کۆڵان بە کۆڵان ئەگەڕێن،

بە بێدەنگی هاوار ئەکەن،

شار بە تابلۆ دادەپۆشن،

لیباسی شێعر ئەکەنە بەر دار و بەرد و گەڵا و گوڵ و کوێستان و چۆم،

ئەوانەی وا لە کۆتایی،

خۆیان ئەبن بە قەسیدەی چیرۆکێک پڕ لە تەنیایی،

ئاشنان و لە هەموو شوێنێک دیارن

هەر وەک گارا

شارەزای دڵی بەهارن

 

...........................................................

 

چ ئەسرارێکی شاراوەت لە نێو دڵدایە شاری شەو؟

کە یەک دەم نایەڵی چاوم بە لایا بێ بە ئاستەم خەو!

دەمێ گێژی خەیاڵات و هەناسەی پڕ لە ناسۆری

دەمێ واقی وڕم، بێ خۆ، ئەکێشم ئاهی مەهجووری

هەموو شەو ئەم بەیە کۆڵانەکانی نێو دڵی تارت

بەجێم دێڵی بەتەنیایی، وەڕەز بووم من لە کردارت

لە زیندانی هەزاران یادی پڕ ئازاری جارانم

لە نێو بەحری زەلالەتدا غەریقی دەرد و حێرمانم

ترووسکە من بەدی ناکەم لە بەر لافاوی تاریکی

وەکوو خوم خانەیەکی سارد و پڕ هەڵدێر وباریکی

تەواوی چرکەکانی تێپەڕیوی خۆش و ناخۆشم

ئەکەیتە جامێ ئەفسوون و وەکوو دێوانە ئەینۆشم

خەوێکی پڕ لەئارامی نەبوو هەرگیز بە میوانم

ەویندارێکی دڵ ماندووی بە جێ ماوی لە جێژوانم

لە گەڵ ئەم گشتە دەرد و مەینەت و ئازار و ئەفغانە

بەڵام هەر خۆشەویستی شەو، ئەبەد نابیتە بێگانە

کە ڕۆژ دادێ سەری کاسم وەکوو گۆیە لە نێو مەیدان

ئەبێتە مەغڵەتەی بازاڕ و پڕ هاوار و برک و ژان

تەواوی چرکەکانی ڕۆژ لە دوای یەک گشتی ئەبژێرم

کە کەی دیسان خەیال و خۆم بە تاریکی شەو ئەسپێرم؟

 

نووسینی حسەین شافێعی