کوژرانی کۆڵبەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بریندار بوونی یەکێکی تر بە تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانی سنووری عێراق (حرس حدود)!

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکسانی
23-01-2024

ڕۆژی دووشەممە، دووی ڕێبەندان (٢٣/٠١/٢٠٢٤) لە سنووری شوشمێی پاوە تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و بەم هۆیەوە گەنجێکی کۆڵبەر بە ناوی "هۆشیار مەحموودی" کوژرا و کۆڵبەری دیکەش بریندار بوو کە ناسنامەکەیان ئاشکرا نەکراوە.

"هۆشیار مەحمودی" خەڵکی گوندی "شەمشێر"ی پاوە، خێزاندار و باوکی سێ منداڵە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوو ڕۆژ پێشتر، واتە ڕۆژی شەممە ٣٠ی بەفرانبار، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق (حرس الحدود) لە سنووری بیارە سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، هەشت کۆڵبەریان دەسبەسەر کرد و دوای لێدان و سەرتاشین و پێنەدانی نان و ئاو بۆ ماوەی ڕۆژێک و هەروەها لێسەندنی مۆبایله کانیان، لە سنووری باشوور و ڕۆژهەڵآت، ئازاد کران.

شایانی باسە کە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی دوای ڕێفراندۆمی باشوور جێی هێزەکانی پاراستنی سنووری هەرێمی کوردستانیان گرتۆتەوە و پێدەچی بیانهەوێت ڕۆڵی سپای پاسداران لە دیوی باشووری کوردستان لە دژی کۆڵبەران و خەڵکی ئەم دیو و ئەودیوی باشوور و ڕۆژهەڵات ببیینن.

ئێمە وێڕای شەرمەزارکردنی ئەم کردەوە نامرۆڤانەی هێزە بەکرێگیراوەکانی "حرس الحدود"ی عێراقیی داوامان ئەوەیە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەم جینایەت و ڕسواییە پەسند نەکەن و وێڕای بەدواداچوون و لێکۆڵیینەوە بۆ ئەم جینایەتە، بکەرانی بە سزای یاسایی بگەیەنن و ڕێگەش لە دووپاتەبوونەوەی بگرن. لە هەمان کاتدا داوا لە خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین یەکگرتووانە لە دژی کۆڵبەرکوژیی عێراق و ئێران دەنگ هەڵبڕن.

هیچ دوور نیە کوشتنی کۆڵبەران لەلایەن هێزە عێراقیەکانەوە هەوڵێکی هاوبەشی هەردوو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی و عێراق بێت بۆ نانەوەی دووبەرەکیی لە نێوان خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

نا بۆ کوشتنی کۆڵبەرانی کوردستان کە لە پێناو ژیانێکی سەربەرزانەدا پەنایان بۆ کاری ترسناکی کۆڵبەریی بردووە!

کوشتن و ڕاونان و گرتن و ئازاردانی کۆڵبەران دەبێ دەسبەجێ کۆتایی پێ بێت!

بژی هاوکاریی و هاوخەباتیی خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە دژی داگیرکەران و ستەمکاران!

ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

٢٣/٠١/٢٠٢٤